کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

رۆژی جیهانی لاوان و بێکاری کارەساتباری جەماوەری خوێندەواران لە ئێران

  رۆژی ١٢ی مانگی ئوت ڕێكه‌وتی ٢١ی مانگی گەلاوێژ رۆژی جیهانی لاوانە. رۆژی ١٧ی دیسامبری ساڵی ١٩٩٩، کۆمەڵەی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەم رۆژەی وەک رۆژی جیهانی لاوان ڕاگەیاند. ئەگەرچی وەها بۆنەیەک تا ئێستا گرێیەکی لە کێشە و گرفتەکانی لاوان بە تایبەت لە وڵاتانی دواکەوتوی سەرمایەداری نەکردۆتەوە، بەڵام لانیکەم دەرفەتێکە بۆ ئاوڕدانەوە لە کێشەکانی لاوان لە وڵاتێکی وەک ئێران. ئەمرۆ لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، بێکاری لە سەروی گشت کێشەکانی دیکەوەیە کە لاوانی ده‌رچووی زانكۆكان لەگەڵی دەستەویەخەن. لە ڕاستیدا بێکاری لاوان سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانەیە کە لاوان و بە تایبەت لاوانی خوێندەواری سەربە چینە هەژارەکانی کۆمەڵ لەگەڵی بەرەو روون.

کۆمەڵگای ئێران بە شێوەیەک ڕێژەیی زۆرترین جەمعیەتی لاوی هەیە و دیسانیش بەم نیسبەتە زۆر ترین خەساری کۆمەڵایەتی بە نەسیبی ئەم بەشە لە کۆمەڵگای ئێران دەبێت. یەکێک لە ئەساسی ترین گرفتی لاوانی ئێران بێکارییە. یەكێک لە تایبەتمەندیەکانی بێکاری لە ئێران بوونی خێڵی گەورەی بێکارانی خوێندەواری زانکۆیی و دەبیرستانیە. لاوانب لە نێوان تەمەنی ١٥ تا ٣٠ ساڵیدا یەک لەسەر سێی جەمعیەت و ڕەقەمێکی نزیک بە ٣٠ ملیۆن کەسی لەخۆی دەگرێت. بەپێی ئامارە بڵاو کراوەکان لە لایەن ڕژیمەوە ئێستا زیاتر له‌ ١٢ ملیۆن لە جەمعیەتی ئێران مەدرەکی خوێندنی زانکۆیان هەیە. بێکاری لاوانی خوێندەوار لە ئێران گەیشتۆتە ٥٠ لەسەد. ئەگەر تا دوێنێ بنەماڵەکان پێیان وابوو کە منداڵەکانیان دەنێرنە زانکۆ تا لە داهاتودا دەستیان لە کارێکی باش گیربێت، لەمرۆدا دەبینن نە تەنیا ئەم ئامانجەیان دەستەبەر نەبووە بەڵکو خوێندنی زانکۆشیان بۆتە کێشە و گرفت بۆ دۆزینەوەی کار.

بەڵام بێکاری و پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان و لەوانە گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر بە تەواوی بە یەکەوە پەیوەستن. ئەو لاوانەی کە بە هەزار هیوا و ئاواتەوە دوای تێپەڕاندنی دەیان گرفت و کۆسپ کە ڕژیم و یان هەژاری زۆری مادی خستویەتە سەر ڕێیان، سەرئەنجام توانیوانە مەدرەکی خوێندنی دەبیرستان، هونەرستان و یان زانکۆ بە دەست بێنن، ٢ ساڵی تەمەنیشیان لە دەورەی سەربازی بۆ ڕژیمدا تێپەڕ بکەن، دیسانیش هیوایەکیان بە دۆزینەوەی کارێکی گونجاو لەگەڵ مەدرەکەکەیان نییە، هەموو ئاوات و ئارەزوەکانیان بە با چوون دەزانن. حاڵ و رۆژی ئەو لاوانەی هەر بەم هۆکارەی بێکاری و نەبوونی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆ خۆیان بە سەرباری بنەماڵە دەبینن و تەنانەت توانایی دابین کردنی خەرج و مخارێجی زەماوەند و پێکهێنانی بنەماڵەشیان نییە، دەبێ چۆن بێت؟ لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا لاوان نە لە شادی و نیشات و شور و شەوقی سه‌رده‌می لاوێتی بەهرەمەندن و نە ئەو دەرفەتەیان دەبێت تا توانایی و ئیستعدادەکانیان گەشە پێبدەن. لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە دەبینین، زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە گیرۆدە بوان بە مادەی هۆشبەر لەژێر تەمەنی ١٩ ساڵی دان و تەمەنی مامناوەندی ئیعتیاد لە ئێران دابەزیوە بۆ خوار تەمەنی ١٣ ساڵی. ڕێژەی تێکچوونی ڕەوانی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، لەنێو لاواندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە.

بەڵام وێنای ژیانی لاوان لە ئێران بەبێ جەخت کردنەوە لەسەر ڕاستیەکی هیوا بەخش، کامڵ نابێت. ڕژیمی ئیسلامی پرۆژەی جۆارو جۆرەی بۆ زاڵ بوون بەسەر جەستە و رۆحی لاواندا بە کردەوە دەرهێنا، بەڵام گشت ئەو پرۆژانە لە بەرانبەر شەپۆلی حەرەکەتی روو بە پێشی کۆمەڵگا بوونە بڵقی سەرئاو. لە ڕاستیدا هەموو سەرمایە گوزاریەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو لەم بوارەدا بە فیڕۆ چوون. لەم ڕوەوە ئەم ڕژیمە بەردەوام خەریکی ئامادەکاری تۆڵە سەندنەوە لەو لاوانە بووە کە لە دەورانی مەدرەسە و دەبیرستاندا نەیتوانیوە ئەوان بە پێی ئۆلگوی خۆی، کەللە ویشک و مل کەچ و بێ ئیرادە بار بێنێ.

لاوانی ئێران ئەگەر بێکارن و ئەگەر لە سەرەتایی ترین دەرفەتەکان بۆ بەهرەمەند بوون لە مەزایای سروشتی قۆناغی لاوی بێبەشن، بەڵام لە بەرانبەردا، تەسلیمی بارودۆخی مەوجود نەبوون و ڕێگای خەباتیان لە دژی ئەم ڕژیمە گرتۆتە بەر. ئەم ڕاستیە کاتێک ئاشکرا دەبێت کە ئەم لاوانە تا دەرفەتێکیان دەست کەوت بنه‌ماڵه‌كانی کۆماری ئیسلامی دەخەنە له‌رزین.

لێرەدا دەبێ لەسەر ئەم ڕاستیەش جەخت بکرێتەوە کە هەرچەند لاوانی ئێران بە هۆی حاکمیەتی ڕژمێکی کۆنەپەرست و دژی ئازادی، خاوەنی کێشە و گیروگرفتی هاوبەشن، بەڵام بەهۆی وابەستەگی چینایەتی جیاواز، ڕەنج و ئازارەکانیان وەک یەک و یەکسان نییە. ئاشکرایە کە گرفتی لاوانی سەربە چینی کرێکار لەگەڵ ئەو لاوانەی کە چەتری پشتیوانی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندیان لەسەرە جیاوازە، بەڵام پەرەسەندنی خەباتی چینی کرێکار بە ژن و پیاویەوە بە میان ساڵ و لاویەوە و ڕزگار بوونی ئەم چینە لە شەڕی ڕژیمی ئیسلامی و لە نیزامی چەوسێنەرانە مەوجوده‌، بێ گومان ڕزگار بوونی لاوانیشی لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەوە کە ئەم ڕژیمە بە سەریدا سەپاندون، به‌شوێنه‌وه‌ دەبێت. ئەو لاوانەی کە ئیستعدادەکانیان لە لایەن ڕژیمێکی کۆنه‌پەره‌ستەوە كوێر بووه‌ته‌وه‌، ئەو لاوانەی کە باشترین ساڵەکانی تەمەنیان لە مەدرەسە و دەبیرستان و زانکۆدا لەژێر گوشاری ئاموزشی دژە زانستی و کۆنەپەرستانەدا تێپەڕێوە، ئەو لاوانەی کە تەنانەت ئازادی پۆشینیان لێ زەوت کراوە، ئەو کچانەی کە تەنانەت مافی ته‌ماشا کردنی یارییە وەرزشیەکانیان نییە، ئەو لاوانەی کە لەبەر خاتری چکۆلە ترین ناڕەزایەتی بە موسیبەت و مەسایلە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەخرێنە زیندان و ئەشکەنجە دەکرێن، لاوێک کە لە مافی سەرەتایی هەڵسوکەت لەگەڵ ئینسانێک بە ڕەگەزی جیاوازی لێ زەوت کراوە، گشت ئەم لاوانە لەگەڵ لاوانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشدا خاوەنی دەرد و ئازاری هاوبەشن و ڕزگار بوونیان لەم دۆخە نا ئینسانیە لە ڕێگای هاوپشتی لەگەڵ خەباتی چینی کرێکارەوە مومکین دەبێت.

 

 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-