دوابەدوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بازاڕیانی شاری ئیلام لە بەرانبەر سیاسەتی ئابووری ڕژیم و بەتایبەتی بەرزبوونەوەی نرخی سەرانە و گران بوونی نرخی دۆلار، هێزە ئەمنییەکان چەند کەس لە بازاڕاڕییەکانیان دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هەتا ئێستا ناسنامەی یەکێک لەو دەستبەسەر کراوانەی ئیلام بە ناوی “یوونس بەختی” بۆ ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشکرا بووە کە یەکێک بووە لەو کەسانەی کە لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ڕابردوودا لێدوانی داوە. شایانی باسە هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم” لانیکەم پێنج کەسی دیکە لە بازاڕیانی ناڕازییان دەستبەسەر کردووە کە هەتا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.
بەپێی هەواڵێکی دیکە له شاری مهابادەوە، لاوێکی خەڵکی گوندی “بەرەجۆ” سەر بە ناوچەی خەلیفانی ئەو شارە بە ناوی “دیار عەباسی” ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.