کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دووهەمین مانگرتنی گشتی لە کوردستان سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ شەممە ٩ی ڕه‌زبه‌ر،دووهەمین مانگرتنی گشتی خەڵکی کوردستان لەماوەی دووهەفتەدا سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو. ئەو هەواڵانەی لە شارەکانی کوردستانەوە گەیشتوون، ئاماژەن بۆ سەرکەوتنی شکۆداری ئەم مانگرتنە.

بەڵام خەڵکی کوردستان لەم خەبات و بەرخۆدانە مەزنەدا تەنیا  نەبوون. له‌و ڕۆژه‌دا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئێران شایەتی پشتیوانی خه‌ڵك لە مانگرتنی گشتی له‌ كوردستان بووین. هاوکات زانکۆکان لە سەرانسەری ئێران هاوسۆزییان بۆ مانگرتنی خەڵکی کوردستان دەربڕی و لە چەند شارێکی ئێرانیش خۆپیشاندان بەردەوامە.

ئەم پشتگیری و هاوڕێیەتییە بەڕێکەوت نییە. کاتێک ئازارەکان هاوبەشن، بە شێوەیەکی سروشتی هاوارەکانیش هاوبەشن! هەروەها بینیمان کە چۆن بەشێک لە کۆمەڵگای ئازادیخواز لە ئاستی جیهانیدا دەنگی خۆی بەرز کردۆتەوە و هەڵوێستی خۆی لە دژی ڕێژیمی ئیسلامی ڕاگەیاند و پشتیوانی خۆی بۆ خەبات و تێکۆشانی خەڵکی  ئێران دەربڕی.

  ماوەی دوو هەفتەیە بە ملیۆنان ژن و پیاوی شەریف و ئازادیخواز، بەرامبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکوومەتەوە، دژبە تاوانەکانی حکوومەتی ئیسلامی لەدژی ژنان و سەرکوتکردن و نەبوونی ئازادییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە شەقامەکانی ئێراندا ناڕەزایی دەردەبڕن. عەلی خامنەیی خۆی لە خەوی کەروێشکە خستووە و لە پشت پەردەوە ڕێبەرایەتی سەرکوت و جینایەتەکان دەکات.

ئێمە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لە بوارە جیاجیاکانی خەبات و ناڕەزایەتییەکاندا گەلێک دەستکەوتمان بەدەستهێناو و جارێکی تر هێزی خەباتی یەکگرتووانەی خۆمان تاقی کردەوە. بەڵام هێشتا قۆناغی دیکەمان بۆ گەیشتن بە سەرکەوتنی کۆتایی لەپێشە، کە دەبێت بە هەمان ئیرادە و ڕۆحی خەباتکارانەی ئێستا و هەمان حیکمەتی سیاسییەوە خۆمان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغانە ئامادە بکەین. هێشتا توێژی بەرفراوانی چینی کرێکار، بۆ نموونە لە پیشەسازی نەوت و پتروشیمی، لە پیشەسازی ئاسن و پۆڵا و کرێکارانی خزمەتگوزاری شارەوانی کە خاوەنی نەریتی جێکەوتووی خەبات و بەرخۆدانن، بە هەموو هێز و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی خۆیانەوە نەهاتوونەتە مەیدان. مانگرتنی ڕێکخراو و هاوئاهەنگی ئەم بەشەی کۆمەڵگا چارەنووسی بزووتنەوەی ئێستا و چارەنووسی کۆماری ئیسلامیش دیاری دەکات.  نەرمی لە تاکتیکدا بە ئاراستەیەکی ستراتیژیک، بۆ سەرکەوتنمان زۆر گرنگە.

بە حیکمەتی سیاسی، مانگرتنی گشتی وەک یەکێک لەو تاکتیکانە، کاریگەری خۆی لە دژی کۆماری ئیسلامی نیشانداوە. خەڵکی کوردستان بە گرتنەبەری ئەم تاکتیکە خەباتکارانەیە، چەند جارێک پاشەکشەیان بە کۆماری ئیسلامیی کردووە و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمیان لە ئاست ئیرادەی یەکگرتووی خۆیان بەچۆکدا هێناوەتە و  ئەمڕۆ سەرلەنوێ نموونەیەکی شکۆداری دیکەیان لە بەکارهێنانی ئەم تاکتیکە خەباتکارانەیە تاقیکردەوە. ئەم مانگرتنەش هاوشێوەی مانگرتنی ٢٨ی خەرمانان، بە ڕوونی ڕووخساری جەماوەریی و کۆمەڵایەتی ڕاپەڕینی ئێستای دژ بە ڕێژیمی ئیسلامیی، بە خەڵکی جیهان نیشان دا.بەڵام گرینگیی ئەم خەباتە لە بەردوامبوونیدایە. بەم هۆیەوە ​​ئەرکی هەموومان چ لە کوردستان و چ لە ئێران بە گشتی ئەوەیە کە بە هێزێکی زیاترەوە درێژە بەم خەباتە بدەین. کات و شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەکان ئاگایانە دیاری بکەین. گومان لەوەدا نییە کە خەبات چ لە شێوەی ناڕەزایەتی لە شوێنی کار و ژیان، لە قوتابخانە و زانکۆکان، لەسەر شەقام و چ لە شێوەی مانگرتنی گشتی یان لە شێوەی مانگرتنی کرێکاری، بەردەوامدەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-