کەمتر لە سێ مانگ لەوەپێش ژینا ئەمینی کچێکی گەنجی سەقزی لە تاران لە لایەن حکومەتەوە دەکوژرێت. مەرگی مەهسا لە گرتوخانەی حکومەتیدا قین و توڕەیی پۆنگ خوازردوی خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێرانی تەقاندەوە. ناڕەزایەتی و مانگرتن، و بەرەوروو بوونەوەی خەڵکی توڕە لەگەڵ بەکرێگیراوانی ڕژیم لە سەرشەقامەکان، گەورە ترین و درێژ ماوە ترین دەورەی خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی تۆمار کرد. خەڵکی کوردستان، ژنان، لاوان، خەڵکی بەلوچستان، کرێکاران و زیاتر لە ١٧٠ شاری گەورە و بچوک بە مانگرتنی سەرتاسەری خەڵکەوە لەدژی ڕژیمی ئیسلامی پەیوەست بوون. دروشمی ژن. ژیان. ئازادی بە خێرایی لە کوردستانەوە گەیشتە سەرتاسەری ئێران، و دواتر بە خێرایی لە وڵاتانی ناوچەکە و دنیادا دەنگی دایەوە.
زیاتر لە دوو مانگە حکومەت هەرچییەکی لە توانایدا بووە بەسیجی کردوە بەڵام نەیتوانیوە خەڵک سەرکوت بکات و بارودۆخەکە بەگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی دوو مانگ لەوە پێش. لەم دوو مانگەدا بەشێکی زۆر لە خەڵک لە کورستانەوە تا بەلوچستان، لە مازندەرانەوە تا دوور ترین شارەکانی ئێران بە دەنگی بەرز و لە ڕۆژی ڕۆشندا ڕایدەگەیەنن کە خوازیاری ڕوخانی کۆماری ئیسلامی و محاکمەی سەرانی ڕژیمن بە تاوانی جەنایەت لەدژی بەشەرییەت.
لەم دوو مانگەدا گەشتی لاتولوتەکانی گەشتی ئیڕشاد بەرەورووی شکست بوونەتەوە و بە کردەوە پۆشینی ئیسلامی ئیجباری لە لایەن خەڵکەوە و سەرەڕای داخوازی و مەیلی حکومەت هەڵوەشاوەتەوە.
ئاخوندەکان کە ٤٣ ساڵە سوکانی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و دەستیان بەسەر هەموو کاروبارەکانی وڵاتدا گرتوە و نوقم و شەریکی گەندەڵی و جەنایەتەکانی ڕژیمن بەرەورووی قین و نەفرەتی قوڵی خەڵک بوونەتەوە. مێزەری مەلاکان کە سیمبول و هێمای گەندەڵی و کۆنەپەرستی ئیسلامیە بۆتە تۆپی فوتباڵ و لەبەرپێی کچان و کوڕانی لاودا بەرەشەق کەوتوە.
کوردستان لە دروشمەکانی خەڵکدا وەک چاو و چرای ئێران وەسف کراوە و چوار دەیە درۆ و تەبلیغاتی ڕژیم دژبە خەڵکی کوردستان هیچ کاریگەریەکی نەماوە. سیاسەتی دوو بەرەکی نانەوەی ڕژیم بەرەورووی ڕێسوایی و شکست بۆتەوە و خەڵک بەهەر ئاین و مەزهەبێکەوە، لە هەر نەتەوە و زمانێک، ژن و پیاو یەکێتی و یەکگرتوویی خۆیان جێژن دەگرن. دوو مانگە ئەوەی لە زومڕەی ئەرزش و پیرۆزیەکانی ڕژیم بووە لە شەخسی وەلی فەقیەوە، تا سیستمی ویلایەتی فەقی و بەیتی ڕێبەری کەوتۆتە بەر جنێو و گاڵتەی خەڵک. وێنەکانی خومەینی و خامنەیی، تابڵۆکانی یادبوودی تیرۆریستەکانی وەک قاسم سولەیمانی ئاگر تێبەردەدرێن، یان دەخرێنە ژێر پێوە.
لە دوومانگدا زەوی لەژیر پێی کاربەدەستانی ڕژیمدا گەرم داهاتووە و خەڵکی دنیا و ناوەندە نێونەتەوەییەکان هەستیان کردوە کە حکومەتی ئیسلامی نوێنەری خەڵکی ئێران نییە. لە دەیان پاڕلمان و کۆنفڕاسی جیهانیدا جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دژبە خەڵکی ئێران مەحکوم کراون.
حاکمانی ئیسلامی کە توانایی چارەسەری هیچ کێشە و گرفتێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ژینگەییان نییە دەیانەوێ ناڕەزایەتیەکانی ئەم قۆناغە بە ڕەد کردنەوە و سەرکوت، بە قەولی خۆیان، دەیانەوێ کۆبکەنەوە و دیزە بە دەرخۆنەی بکەن. کۆکردنەوە لە ڕوانگەی ئەوانەوە یانی سەرکوتی ناڕازیان و هەموان دەزانن زیاتر لە دوو مانگە لەم ڕاستایەشدا بەرەورووی شکست و ڕیسوایی بونەتەوە.
کۆمەڵگای کوردستان یەکێتی نێوخۆیی پتەو کردوە. بەشە جۆراوجۆرەکانی بزوتنەوەی کرێکاری مانگرتنی خۆیان دەست پێکردوە و بەرەو ئەوە دەچێت تا بگاتە ئاستی مانگرتنێکی ڕێکخراوی سەرتاسەری. لەم دوو مانگەدا کەلێنی نێوانح اکمیەتی دز و گەندەڵ لەگەڵ جەماوەری خەڵکدا زیاتر لە پێشوو ئاشکرا و قوڵ بۆتەوە. خەڵک زەربەپەزیری و شکستی حکومەت و نیزامی ئیسلامییان بەچاوی خۆیان بینیوە و هیوا و ئاواتی روخانی کۆماری کۆنەپەرست و جەنایەتکاری ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو گشتی و زەروری بۆتەوە. لە حەفتە و مانگەکانی داهاتودا ئێمە شاهیدی شکست و ناکامی زیاتری حکومەت دەبین و لە کاتی ڕوخان و لەنێوچوونی ڕژیمی ئیسلامی پتر نزیک دەبینەوە.