لە ماوەی ئەم هەفتە و مانگانەی دواییدا، کارخانە و ناوەندە بەرهەهێنه‌ره جۆراوجۆره‌كانی ئێران شایه‌تی ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاریی لەدژی دەرکردنەکان، نه‌درانی سه‌روه‌ختی هەقدەستی ژێر هێڵی هەژاریی بوون. ڕۆژ نییه كه چه‌ندین ناڕه‌زایه‌تیی و مانگرتنی كرێكاریی ڕوو نه‌دات. ئێستا و لە ناخی ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابوورییە و لە هه‌لومه‌رجێكدا کە ڕۆژانە شایه‌تی خەباتی کرێکارانین بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، یەکێک لە کێشە و گرفتەکانی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی، وڵامدانەوە بەم پرسیارەیە کە چۆن دەکرێ خەباتی کرێکاران لە پرژوبڵاویی دەربهێندرێت؟ چۆن دەکرێ خەباتی کرێکارانی کارخانەیەک بە خەباتی کرێکارانی کارخانەیەکی دیکەوە گرێ بدرێت و یەکبخرێن؟ چاوگێڕانێک بەسەر ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاران لە ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه و چەند مانگی دواییدا، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه کە کرێکاران تەسلیمی بارودۆخی فەلاکەتباری ئابووریی و بێمافیی کۆمەڵایەتیی و داسەپاندنی ئیختیناقی سیاسیی لە ئێران نەبوون. هەموو دیاردەکان گوزارشت له‌وه ده‌ده‌ن کە کرێکاران بەردەوام لە حاڵی خەباتدا بوون. بەڵام گرفت و ئاستەنگیی کارەکە زیاتر لەسەر پرژوبڵاویی و تەفرەقە لە خەباتی کرێکاراندایە. ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاریی لە کارخانەیەکدا دادەمرکێت، به‌ڵام لە کارخانەیەکی دیكه‌دا سەر هەڵدەداتەوە. جاریواشە داواکاریی کرێکارانیش جیاوازە. خەباتێکی جۆراوجۆر و بەرین بەڵام پرژوبڵاو و سنووردار لە چوارچێوەی کارخانە و ناوەندێکی بەرهەمهێناندا. لە ماوەی ئەم خەباتەدا کرێکارانی هەر کارخانەیەک بەبێ ده‌خاڵەت و ئاگاهیی تەنانەت بەبێ ئاگاداریی بەشە كرێكارییه‌كانی دیكه، هەر كامه‌و بەتەنیایی لە بەرانبەر سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلاکەتی ئابووریی و ئەم بێمافیانە دەبێ کۆتایی بەم پرژوبڵاوییە بێت، دەبێ ئەم خەباته یەکگرتووانە و هاوئاهەنگ بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەمە پێوستیی هەر جۆرە گەشە و پەرەسەندنێکی بزووتنەوەی کرێکاریی و دەستڕاگەیشتن بە ویست و داواکارییەکانی کرێکارانە. ئەمە مەرجی پێویستی دەرکەوتنی چینی کرێکارە وەک ڕێبەر و پێشڕەو لە خەباتی جەماوەریدا. ئه‌و چینه‌ی کە سەرچاوەی هێزی ئاڵوگوڕپێكهێنه‌ری، لە یەکێتیی و هاوپشتیدایە، ناکرێ ڕازیبێت بە بەردەوام بوونی ئەم پرژوبڵاوییه له كاری ڕێكستندا.
بەڵام بۆ گۆڕینی ئەم خەباتە پرژوبڵاوە بە خەباتێکی سەرتاسەریی و لێكگرێدانی خەباتی کرێکارانی کارخانە جۆراوجۆرەکان دەبێ چی بکرێت؟ لەم بارودۆخه ئێستادا دەبێ بە دوو ئاراستەی سەرەکیدا هەنگاو بنرێت. یەکەم چەسپاندنی داخوازیی و درووشمی هاوشێوه له خەبات لە نێو کرێکاران و ئه‌ویتریشی، نزیكایه‌تیی و پێوه‌ندیی هەڵسوراوان و پێشڕەوانی کرێکاریی له بەشە جۆراوجۆرەکانی بزوتنەوەی کرێکاریی له‌گه‌ڵ یه‌كتره. بە واتایەکی دی، به‌هۆی نەبوونی تەشەکولی جەماوەریی کرێکاریی، نەبوونی داواکاریی و درووشمی هاوشێوه و سەرتاسەریی و هه‌روه‌ها نەبوونی پێوەندی زانستیی خەباتکارانەی نێوان هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاریی لە ئاستی سەرتاسەریی، دوو کۆسپی ئەساسیی سەر ڕێگه‌ی سەراسەری و هاوئاهەنگ كردنی خەباتی کرێکارانن. هه‌ربۆیه هه‌ڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاریی لەم دۆخەدا دەبێ هەوڵەکانیان بۆ لادانی ئەم کۆسپ و ته‌گه‌رانه، چڕبکەنەوە.
وەحدەت و یه‌كگرتوویی لە داواکاریی و دروشمەکاندا، هەنگاوی یەکەمی هەر جۆرە وەحدەتێکە لەخەباتیش. ئەمە سادەترین شێوەی وەحدەت و یه‌كگرتنه، ئه‌ویش لە ڕێگای داخوازیی و درووشمی هاوبه‌شه‌وه کە ئەو ئیمکانە بە هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاریی دەدات هه‌تا وره‌ی هاوپشتیی و وشیاریی چینایەتی، تەشەکول پەزیری و باوەڕبەخۆیی و بڕواپێبوون بە هێزی چینیی کرێکار، لە نێو کرێکاراندا بەرنە سەرێ. هەروەک وتمان درووشمی هاوشێوه و سەرتاسەریی، هاوكات له‌گه‌ڵ گشتیی و هەمەگیربوونیشیدا، کۆمەڵێک درووشمی دیاریکراو و كۆنكرێتن. کۆمەڵێک داخوازین کە لەدژی كێشه و گرفت و مه‌ینه‌تییه‌كانی تێكڕای کرێکاران گه‌ڵاڵه ده‌كرێن و چارەسەركردنه‌كه‌شی، پێویستیی بە هێزی هەموو کرێکاران هه‌یه.
لەئێستادا کە هه‌موو کرێکاران بەرەوڕووی کێشەی هەقدەستی کەمتر لە هێڵی هەژاریی، و دەرکران و بێکارسازیی بەرین بوونەتەوە، ئەگەر بکرێت لەم بوارانەدا کۆمەڵێک درووشمی هاوشێوه مسۆگه‌ر بكه‌ین، ئەگەر بێت‌و داخوازیی زیادكرانی هەقدەست به‌پێی ئاوسانی ڕاستەقینە و دابین بوونی ژیانێکی ئاسووده و مرۆیی و داواکاریی بیمەی بێکاریی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرکردنەکان بچێته نێو کرێکاران، ئەوکاتە ناڕەزایەتیی لە کارخانەیەک لەسەر ئەم داواکارییانە، دەتوانێ ببێتە داواکارییەکی گشتیی و چینایەتیی و بانگه‌وازی تێكڕای کرێکاران بكات بۆ ده‌خاڵەت لەسه‌ر دیاریکردنی چارەنووسی ئەم خەبات و هاوپشتییە و بیانكێشێته مەیدان.
لە هه‌لومه‌رجێكدا کە بەرپرسان و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی ڕژیم زۆرجار ئیعتیڕافیان به‌وه کردووە کە هەقدەستی کرێکاران لەژێر هێڵی هەژاریدایە، لە هه‌لومه‌رجێكدا کە ئاوسان و گرانیی به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشتووه، لە بارودۆخێكدا کە بێکاریی بووه به یەکێک لە ئه‌ساسی ترین کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ڕژیم خۆشی ئیعتیڕاف به‌وه دەکات کە زیاتر لە ٧٠ لەسەدی کرێکاران هیچ چەشنە بیمەیەکیان نییه، هێنانه‌گۆڕی داواکاریی زیادكردنی هەقدەستەکان و دابینكردنی بیمەی بێکاریی، زیاتر هەر کاتێکی دیکە له ئاستێكی به‌ریندا كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌بێته‌وه. پێداگریی لەسەر ئەم دوو داواکارییە خێرایه، هەنگاوێکی ئەساسییە به‌ئاراسته‌ی یەکگرتووکردنی خەباتی کرێکاراندا و به‌ستێن و بواری ئەوە ده‌ڕه‌خسێنێت كه لە دەوری ئەم درووشمە هاوشێوانه‌دا هێزی پرژوبڵاوی کرێکاران کە هەرکامەیان لە چوارچێوەی کارخانەیەکدا سەرفی خەباتێکی پڕژوبڵاو بۆ داواکاریی جۆراوجۆر ده‌کرێت، لە دەوری داخوازییەکانی گشت چینی کرێکاردا چڕ بێتەوە و بخرێته‌گه‌ڕ.
لە هه‌لومه‌رجێكدا کە ڕەوتی ڕوو لە پەرەسەندنی داخرانی کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و بێکارسازیی کرێکاران بووه به کێشەیەکی واقعیی، لە هه‌لومه‌رجێكدا کە بێکاریی میلیۆنیی، ئەمنییەتی پیشەیی کرێکارانی شاغڵیشی خستووه‌ته مەترسیی و لە هه‌لومه‌رجێكدا کە کرێکاران لەم هاوسەنگیی هێزه‌ی ئێستادا ناتوانن کۆنتڕۆڵی ئەم ناوەندانەی بەرهەمهێنان بەدەستەوە بگرن و بە هێزی یەکگرتووی چینایەتیی خۆیان چەرخی بەرهەمهێنان بخەنەگەڕ، لە وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدایه كه دەبێ لەسەر دابینكرانی بیمەی بێکاریی جه‌خت بكرێته‌وه.
هاوئاڕاستەکردن، هاوئاهەنگیی و هاوکاتبوونی خەباتی کرێکاران لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا و ڕاکێشانی سه‌روه‌ختی هاوپشتیی یەکە جۆراوجۆرەکان بۆ لای یەکتریی، بەبێ هه‌بوونی پێوەندییه‌كی جیددیی نێوان کرێکارانی پێشڕەو کە سەر ڕشتەی خەبات لە یەکە جۆراوجۆرەکانیان بە دەستەوەیە، مومکین نییە. لە نێوان خەباتی ئابووریی و سیاسیی چینی کرێکاردا، دیوارێكی چین بوونی نییە. لە نێوان ئەم دوو جۆرە لە خەباتدا، پێوەندی و کاریگەرییه‌كی دوو لایەنە هەیە. هەر سەرکەوتنێک لە خەباتی ئابووریی کرێکاراندا، کاریگەریی بەهێزی لەسەر خەباتی سیاسیی کرێکاران دەبێت. خەباتی ئابووریی کرێکاران هۆکارێکە کە بزووتنەوەی کرێکاریی بەرەو خەباتی سیاسیی پاڵ پێوە ده‌نێت. لە ناخی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا ئەم ڕەوتە خێراتر ڕوو دەدات. داخوازییە ئابووریی و سیاسییەکانی کرێکاران بە خێرایی ئاوێتەی یەکتر دەبن. داخوازیی ئازادیی کرێکارانی به‌ندكراو و زیندانییانی سیاسیی، دەتوانێ لە پاڵ داواکاریی زیادکرانی هەقدەستەکان و بیمەی بێکاریی، بێته به‌شێك له داواكارییه‌كانی چینی کرێکار و له‌سه‌ر ئاڵای خه‌باتی ئه‌م چینه‌شدا هه‌ڵبقه‌ندرێت.
هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاریی بەهەر ڕادەیەک کە بتوانن به‌كرده‌وه وەحدەت و هاوئاهەنگیی لە گه‌ڵاڵه‌كردنی داخوازییه‌كان و خەباتیاندا پێك بهێنن، بزووتنەوەی کرێکاریی هەنگاوێک لە گەشەکردنی خەباتەکەی و لە ڕێكخستنی ڕیزەکانی نزیکتر دەبێتەوە و بۆ ڕێبەریکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانیش ئاماده‌تر ده‌بێت.