خامنەیی هێما و سیبولی جەنایەت و ڕەزالەتی کۆماری ئئیسلامی ئێرانە. بە ملیۆن خەڵکی وەگیانهاتوو لە سەر شەقامەکانن و ئەو و باقی ئاخوندەکان و کاربەدەستانی دەوڵەتی ئەم خەڵکە بێزارە نابینن، حوزور و بوونی ئەوان ڕەد دەکەنەوە، و ئاگاهانە خوێ دەکەن بە برینی خەڵکدا.
ڕەئیسی و هەیئەتی حاکمە بەبێ هیچ شەرم و شکۆیەک دەڵێن ناڕازیەکان چەند کەسێکن، و ئەوانیش فریویان خواردوە، یان کەسانی سەربە نەیارانی دەرەوەن.
ئاخوندە ورد و درشتەکان یەک لە دوای یەک، هەڕەشەی سەرکوتی زیاتر لە خەڵک دەکەن و باس لە بێ زەرفیەتی نیزام سەبارەت بە تەحەمول نەکردنی دەژایەتی لە لایەن خەڵکەوە دەکەن. خامنەیی و هاوبەشەکانی دەرسیان لە ڕوخانی ئیستبدادی سەڵتەنەتی و شا، ئەزمونێکیان لە دەرکێشانی سەدام حسێن لە کونێكدا، و هیچ وانەیەکیشیان لە ڕوخانی دیکتاتۆڕەکانی لیبی، یەمەن، میسر، تونێس و باقی شوێنەکانی دنیا وەرنەگرتوە.
لۆژیکی دیکتاتۆڕەکان و ستەمکاران زۆر هاو شێوەیە و کەم هەڵدەکەوێ زۆردارێک بدۆزیتەوە کە بەر لە ئەگەری روخانی، بیرێکی جیددی بۆ ڕزگار بوونی بکاتەوە و یان هەوڵێکی پێویست بدات بۆ دەرکی واقیعی و ڕاستەقینەی بارەدۆخەکە و ناسینی ئاڕاستەی ڕەوتی ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان.
ڕژیمی ئیسلامی بێجگە لە توانایی سەرکوت، ماشینی درۆ، و دەزگای ئاوەژو کردنەوەی داخوازی و هیوا و ئاواتەکانی خەڵک، هیچی دیکەی نییە.
قرچەی تێکشکانی ئیسک و بڕبڕەی پشتی ڕژیمی ئیسلامی دەگاتە بەرگوێ و دەبێ ئامادەی لە گۆڕنانی ئەم حکومەتە و نیزامی کۆنەپەرستی ئیسلامی و دامەزراندنی نیزامێکی ئینسانی و ئازاد بین بۆ خەڵکی ئێڕان.
شۆڕشی ئێڕان تا ئێرەش بە هیممەتی لاوانی جەسوری ژن و پیاو کۆمەڵێک دەستەکەوتی بەدەست هێناوە کە بەهیچ شێوەیەک ناسەنددرێنەوە. کاریگەری ئەم شۆڕشە تا ئێستا سنورەکانی ئێرانی بڕیوە و پایە سیاسی و ئیدئۆلۆژیەکانی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەی خستۆتە لەرزە. لەنێو خۆی ئێراندا ئەم شۆڕشە مەحکومە بە سەرکەوتن و لە دەرەوەش پایەکانی هێژمون و دەسەڵاتی ڕژیم تێکڕماوە. ئەگەر تا دوێنێ مانگرتنێکی سیاسی کە چەخماخەکەی لە کوردستانی شۆڕشگێڕەوە لێدرا، ئاواتێک، پێشبینیەک و هیوایەک بوو، لە ڕۆژەکانی٢٤، ٢٥ و ٢٦ ی خەزەڵوەردا واقعی بوونی خۆی سەلماند. بزوتنەوەی کرێکاری لە داهاتویەکی نە زۆر دووردا بە قامەتی ئەفراشتە و بەتواناییەوە بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی شۆڕشی ئێران دێتە مەیدان و ئاخرین بزمارەکان لە تابوتی حکومەتی ئیسلامی ئەدات.
ژنان، لاوان و خەڵکی کوردستان کە پێشەنگ و بزوێنەری ئەم بزوتنەوە گەورە جەماوەریەن، گەلێک دەرس و وانەیان لە ٤٣ ساڵ خەبات لەدژی حکومەتی مەزهەبی وەرگرتوە. بزوتنەوەی ئەمڕۆی خەڵکی ئێران لە جەوهەر و زاتی خۆیدا ئازادی خوازانە، بەرابەری تەڵەب، دادپەروەر و سیکۆلارە و ئەم پێشکەوتن خوازیەش زامنی دەستەبەر کردنی پشتیوانی زۆرینە لە نێو خۆ و دەرەوەی وڵات و شانسی سەرکەوتنیەتی.
ڕزگار بوونی چینی کرێكار لە چەوسانەوەی سەرمایەداری و بنیاتنانی کۆمەڵگایەک کە تێیدا چەوسانەوەی ئینسان بەدەستی ئینسان کۆتایی بێت و خەبەرێک لە ستەم، هەڵاواردن و هەژاری بوونی نەبێت لە درێژەی ئەم سەرکەوتنەدا دەستەبەر دەبێت.