کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حەوت هەزار وردە فرۆشی مادە هۆشبەرەکان لە ئاستی تاراندا

ئیسنا، یەکێک لە هەواڵنێرییەکانی کۆماری ئیسلامی لەزمان حوسەین ڕەحیمی فەرماندەی هێزە ئینتیزامییەکانی تارانەوە ئاشکرایکرد کە لە تارانی گەورەدا حەوت هەزار وردە فرۆشی مادەهۆشبەرەکان بوونیان هەیە. ناوبراو لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێریی ئیسنا بەئانقەست لە حاڵێکدا بەشانازییەوە باس لە شناسایی کردنی وردەفرۆشان دەکات، لەهەمانکاتیشدا بە ئانقەست ئەوە فەرامۆش دەکات کە بڵێت ئەو دام و دەزگا پۆلیسەی کە حەوت هەزار وردە فرۆشی مادەهۆشبەرەکانی تەنیا لەیەک ڕۆژدا شناسایی کردووە، چۆنە وا لەئاست شناسایکردنی باندی بەرهەمهێنەران و جوملە فرۆشان و ئەو هێزانەی کە بازرگانی بە مادەهۆشبەرەکانەوە دەکەن دەستەوەستانە؟ ڕژێمێکی کە لەبەرامبەر ناڕەزایەتی جەماوەری برسی و کەم داهات لەدژی گرانبوونی نان و ماکارۆنی، ملیۆنان نامیلکەی هەڕەشە ئامێز بۆ ناڕازیان دەنێرێت و زۆریک لە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، موعەلیمان، خانەنشینکراوان و ژنان بەرلە ناڕەزایەتییەکان و پاش ناڕەزایەتییەکان شناسایی و دەستگیر دەکات، چۆنە وا لەئاست شناسایکردنی بەرهەمهێنەران و باندی بڵاوکردنەوەی بەجوملەی مادەهۆشبەرەکان بێتوانایە؟
حوسەین ڕحیمی و بەرپرسانی تری ڕژیم ناڵێن چۆن باندەکانی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی مادەهۆشبەرەکان کە دەتوانن تۆڕی دەیان هەزار کەسیی وردەفرۆشان بە پانتایی ئێران ڕێکبخەن، مادەی هۆشبەر بگەیەننە دەستی پتر لە پێنج ملیۆن بەکارهێنەری مادەهۆشبەرەکان لەناوخۆی وڵات و ملیۆنان کەسی تر لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا، لەچاوی پۆلیس و دەسەڵات شاراوەن؟.

واقعییەت ئەوەیە کە سپای پاسداران و دامەزراوە ئەمنییەتییەکان بە هاوکاری ناوەندە حکومییەکانی تر و لەوانە ئیمکاناتی وەزارەتی کاروباری دەرەوە، دام و دەزگای قەزایی، ڕێگاوبان و گواستنەوە و باندە لات و چەقۆکێشەکان و هیتر… بۆ پشتیوانیکردنی ڕژیم، لە هێنان و بردن و بازرگانیکردنی ئەم قەبارە گەورەیەی مادەهۆشبەرەکاندا بەشدارن و ئەم بازرگانییە کوشەندەیە یەکێکە لە سەرەکیترین سەرچاوە ماڵییەکان بۆ سەرکوت لەناوخۆ و پەروەردەی تێرۆریسم لە دەرەوەی وڵات و بەتایبەتی لەئاستی ناوچەکەدا.
سیاسەتی پەرەپێدانی ئیعتیاد چ لەناوخۆ و چ لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا بۆ ڕژیم قازانجێکی دوولایەنەی هەیە، واتا لەلایەکەوە خەڵکانێکی هەرچی زیاتر گیرۆدە دەبن و کێشە و گرفتی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی سەرچاوەگرتوو لە گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر، بەشێکی بەربڵاو لە جەماوەری خەڵک بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات و خەباتکردن لە دژی ڕژیم دەخاتە پەراوێزەوە.
بۆ نموونە لە ئێران کە بەگوێرەی ئامارەکانی ڕژیم پتر لە پێنج ملیۆن گیرۆدەبووی مادەهۆشبەرەکان بوونی هەیە و ئەگەر بنەماڵەی هەر گیرۆدەبوویەک لەچوار کەس پێک بێت، نزیکەی یەک لەسەر چواری دانیشتووانی وڵات وێڕای کادری دەرمانی، لەگەڵ بابەتی ئیعتیاد دەرگیر دەبن.
لەلایەکی ترەوە پەرەسەندنی ئیعتیاد، دەبێتەهۆی لاوازبوونی نەیارەکانی ڕژیم لەناوچەکەدا و سەرقاڵبوونیان بە کێشە و گرفتی ئیعتیادەوە و لە هەمانکاتدا دابینکردنی هەزینەی ماڵیی گەندەڵی بەربڵاو لە دام و دەزگا دەوڵەتییەکان و هەروەها بەدەستهێنانی هەزینەی تیرۆریسم و باندە مافیاییە ئیسلامییەکان.
بەگوێرەی زۆرێک لە ڕاپۆرتەکان باندە تیرۆریستە ئیسلامییەکان و لەوانە گرووپەکانی سەربە کۆمای ئیسلامی بەشێوەیەکی جیددی، بەربڵاو و سازماندارو ، لە قاچاغی مادەهۆشبەرەکاندا دەخالەتیان هەیە و تەنانەت بۆ ئەم مەبەستە لە تەکنۆلۆژیای نوێی وەک پێهپاد یان دڕۆن بۆ گواستنەوەی مادەهۆشبەرەکان کەڵکوەردەگرن و لەیەن گرووپە چەکدارەکانی سووریە و لوبنانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.
لەلایەکی ترەوە سەرهەنگ “موستەفا ئەلهیاری”، مودیری ئیتلاعاتی نیزامی ئەرتەشی ئوردۆنیش لەسەردانێکدا بۆلای هێزە سنوورپارێزەکانی ئەو وڵاتە، باسی لەوەکرد کە تەنیا لە دەستپێکی ئەمساڵەوە تا ئێستا، 30 قاچاغچییان کوشتووە و پێشیان لە بردنەناوەوەی 17348 بەستە حەشیش و پتر لە 16 هەزار ملیۆن حەبی ڕەوانگەردان لە ڕێگای سنوورەکانی سووریەوە گرتووە.
واقعییەت ئەوەیە کە بەردەوام مانەوەی دەسەڵاتی ئێسلامی، بەواتای گیرۆدەبوونی پتر لە میۆنان کەس لە خەڵکی ئێران و ناوچەکەیە. ئەم ڕژیمە کۆنەپەرستە بۆتە سەرەتانێکی کوشەندە بۆ تەندروستی خەڵک و کۆمەڵگای ئێران و وڵاتەکانی ناوچەکە.
بۆ مسۆگەرکردنی تەندروستی گشتی و هەروەها بۆ گەیشتن بە کۆمەلگایەکی کەتیایدا کەمترین ڕێژەی گیرۆدەبوو, بوونی هەبێت، یان بۆ ڕێشەکێشکردن و نەهێشتنی ئیعتیاد، بۆ چارەسەرکردن و هەڵسوکەوتی مرۆڤانە لەگەڵ گیرۆدەبووانی ئێستا و پێشگرتن لە مەرگی کارەساتباری ئەوان لە سەرشەقام و لەناو پارکەکان و هەروەها پێشگرتن لەوەیکە بکەونە داوی باندە مافیاییەکانی مادەهۆشبەرەکان، هیچ ڕێگاچارەیەک جگە لەڕووخاندنی کۆماری ئیعتیاد و بازرگانی مادەهۆشبەرەکان لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە بوونی نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-