کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

جەنایەت لە زیندانەکاندا بە ئامانجی ترساندنی خەڵک لە دەرەوەی زیندان

ماشێنی کوشتاری کۆماری ئیسلامی جارێکی تر و لە سەرودەمی تەمەنی سێ ساڵەی حکومەتی بەناو میانەڕەوی رۆحانیدا خێراتر بووە. لەم رۆژانەی دواییدا جەنایەتکارانی ڕژیم بە بێ پەروایی و بەبێ گوێدانە کاردانەوەی ڕای گشتی دەیان زیندانی لە زیندانەکاندا بە پەتی داری ئێعدام سپاردوە و هاوکات گوشار بۆسەر زیندانیە سیاسیەکانیان لە نێو زینداکاندا توند تر کردۆتەوە. لە رۆژەکانی مانگی گەلاوێژ، واتە ساڵیادی ئێعدامی بە کۆمەڵی هەزاران زیندانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧، لە بەرەبەیانی رۆژی سێ شەممە ١٢ی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٥، ٢١ زیندانی سیاسی کە بە گشتی لە کوردستان گیرابوون و لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بەند کرابوون، ئێعدام کران. له‌ ڕاستیدا ئێعدام کراوەکان هەر بیرو باوەڕ و مه‌رامێكیان بووبێت، زیندانی سیاسی بوون. هەر کامەیان زیاتر لە ٦ ساڵیان لە زیندان و لەژێر تیغی ئێعدامدا بەسەر بردبوو. پرۆسەی بازجویی لێکردنیان لەژێر ئەشکەنجەدا بەڕێوەچوبو. گەلێکیان لە دەورەکانی دواییدا ئیعترافاتی خۆیان وەرگرتبۆوە. دادگایی کردنیان وەک هەموو دادگایەکی تر لە ڕژیمی ئیسلامیدا لە سەرەتایی ترین بارودۆخی محاکەمە کردنێکی دادپەروەرانە به‌ دوور بۆه. کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک ئێعدام کرانی ئەم زیندانیانەی بە توندی مەحکوم کرد و ئەوی وەک جەنایەتێک، کە لەم قۆناغە دیاریکراوەدا بە ئامانجی سیاسی بەڕێوەچوە ناو بردوە.کۆماری ئیسلامی بەردەوام ژمارەیەکی زۆر زیندانی سیاسی و مەحکومانی دادگا عادیەکان لە زیندانەکاندا لەژێر تیغی ئێعدامدا ڕادەگرێت، تا هەر کاتێک بۆ ترساندنی خەڵک و یان بەهرەبەرداری سیاسی تر پێویستی پێی بوو، ئەوان بەرێتە بەردەم داری ئێعدام. لەگەڵ ئەوەشدا، گیانی ١٨ زیندانی سیاسی تر کە بە تاوانی ئەندام بوون یان هاوکاری لەگەڵ ئەحزابی سیاسی کوردستان مەحکوم بە ئێعدام کراون، لە مەترسیدایە. بارودۆخی جەستەیی زیندانیانی سیاسی لەوانە زینەب جەلالیان، سەدیق کەبودوەند و گەلێکی تریشیان کە لە مانگرتن لە خواردندا بەسەر ئەبەن زۆر خراپە. مەترسی مردنیش هەڕەشە لە گیانی قاسم ئابستە، داود عەبدواللهی، کامەران شێخە، خوسرەو بەشارەت، ئەیوب کەریمی، ئەنوەر خزری و فەرهاد سەلیمی دەکات کە حوکمی ئێعدامیان هێشتا لە دیوانی باڵادا لە حاڵی بەرڕەسیدایە.779

لە ماوەی ئەم حەفتانەی دواییدا دەیان زیندانی مەحکوم کراوی دادگا عادیەکانیش ئێعدام کران. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا بە سەدان کەس لە خەتاکارانی کۆمەلایەتی لە سلولەکانی مەرگدا لە چاوەڕوانی به‌ڕێوه‌چوونی حوکمی ئێعدامدا ڕاگرتوە. هەرچەند کە ئەم ڕژیمە ئێعدام کردنی ئەم زیندانیانەی بە پاساوی فریوکارانەی بردنەسەری ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و ئیجرای دادپەروەری ئەنجام ئەدات، بەڵام بە وەڕیخستنی شەپۆلی کوشتاری زیندانیانی سیاسی و عادی لە بارودۆخی ئێستادا بەشوێن ئامانجێکی سیاسی دیاریکراوی تریشەوەیە. لە بارودۆخێکدا کە ڕژیم بەرانبەر به‌سازشی لەگەڵ رۆژئاوادا له‌سه‌ر بە پرۆژە ئەتۆمی ئیمتیازێکی ئەتۆی بە دەست نەهێناوە و هیواكانی لە پێوەند لەگەڵ ئەم سازشەدا بوونەتە بڵقی سەرئاو، لە بارودۆخێکدا کە ڕژیم بۆ ئەوەیکە چەرخی سەرمایە و كۆكردنه‌وه‌ی قازانج بگەڕێت، باری قورسی ئەم قەیرانەی خستۆتە سەر شانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا و بێ مافیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرینی بەسەریاندا سەپاندوە، لە ئاوا بارودۆخێکدا بۆ بەرگرتن لە هەڵچونی توڕەیی پۆنگ خواردوی، جەماوەری خەڵکی بێبەش و چەوساوەیە کە شەپۆلێکی نوێی لە کوشتاری زیندانیان خستۆتە رێ. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەزانن، هەژاری و فەلاکەتێکی بێ وێنەی کە بەسەر خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگایاندا سەپاندوە، دەرکردن و بێکارسازی بەرین و هەموو رۆژەی کرێکاران، داسەپاندنی حەقدەستی چەند جار لەژێر هێڵی هەژاریدا بەسەر ئەو کرێکارانە دا کە خوڵقێنەری هەموو نێعمەت و ڕیفاهێکی کۆمەڵگان، وەدوا خستنی دانی ئەم حەقدەستە کەمانە، و هیتر، دواهاتێکی بێجگە لە ئاخێزی برسی و بێنەواکانی کۆمەڵگای بەشوێنەوە نابێت.

کۆماری ئیسلامی بە ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتیەوە، نەوێستاوە و دەیەوێ لە ئێعدام کردنی ” تاوانبارانی ئاسایی” بە بەرچاوی خەڵکەوە کە لە قوربانیەکانی ئەم نیزامی گەندەڵی سەرمایەداریەی کۆماری ئیسلامین، بۆ ترساندنی خەڵک و زاڵ کردنی فەزای ترس و نیگەرانی بەسەر کۆمەڵگادا بەهرەبەرداری بکات. بەڵام دیاردەکان نیشانی ئەدەن کە ئەم کردارە دژی ئینسانیانە لەم رۆژانەدا ئاکامی پێچەوانەی بووە. خەڵک لە کوردستان و لە باقی شوێنەکانی ئێران بە نەفرەت و بێزاریەوە باسی ئەم کردارە جەنایەتکارانەیە دەکەن. خەڵک هیچ حوکمێک کە لە بێدادگاکانی چەند دەقیقەیی ئەم ڕژیمەدا دەرکرا بێتن، بە ڕەسمی ناناسن. ئێعدامەکانی ئەم دواییە سەربەخۆ لەوەی کە ئێعدام کراوەکان چۆن کەسانێک بوون مەحکوم دەکەن. ساڵەکانی ترس و وەحشەت بەسەرچوە. نە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی توانایی دوپات کردنەوەی وەحشیگەری و جەنایەتەکانی دەیەی شەستی هەیە و نە خەڵکی وشیار و ماف خواز لە بەرانبەر ئەم جانایەتانەدا بێدەنگ ئەبن. ئێعدامەکانی ئەم دواییە بێزاری خەڵکی لەدژی ڕژیم زیاتر کردوە. کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران جارێکی تر ئەم ڕاستیە بە ڕژیم دەسەلمێنن کە هەوڵدان بۆ ئەمنیەتی کردنی فەزای زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدا و هێرشی جەللادەکانی بۆسەر زیندانیانی بەند کراو، بە توند بوونەوەی خەبات و خۆراگری وڵامی ئەدرێتەوە.

جەنایەت لە زیندانەکاندا بە ئامانجی ترساندنی خەڵک لەدەرەوەی زیندانەکاندا بەڕێوە ئەچێت. پێویستە ئامرازی ئینسان کوشتنی ڕژیم جا بەهەر بڕوبیانو پاساوێک بەڕێوە بچێت، لەدەست ئەم ڕژیمە دەربهێندرێت. ئەم ڕژیمە بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە هێشتنەوەی ماشێنی قەتڵ و کوشتار هەیە. ئەم ماشێنە دەبێ تێکبشکێندرێ و ڕابگیرێت. دیارە ئه‌مه‌ش تەنیا بە روخانی ئەم ڕژیمە ڕادەوەستێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-