کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

جەماوەرێکی کە ئەزموونی دوو ڕژیمی پەهلەوی و ئیسلامییان هەیە، ناچنە ژێرباری دەسەڵاتی موجاهیدینی و ڕزا شایی

پاش ٤٣ ساڵ گەندەڵی و سەرەڕۆیی ئیسلامی کە ملیۆنان کەسیان لەگەڵ هەژاری، بێکاری، هەڵاواردن، بێ مافی و خەفەقان بەرەوڕوو کردەوە، ئێستا زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران نە تەنیا خوازیاری گۆڕینی ڕژیمی ئێسلامین، بەڵکوو ملیۆنان کەس لە کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینکراوان، خەڵکی کوردستان و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان و ژنان و لاوان، شێلگیرانە خەبات دەکەن بۆ ئەوەی ئەم نیزامە وەیشوومە ئیسلامییە لە کۆڕەپانی سیاسی ئیران بسڕنەوە و خەڵک بە ئازادی و عەداڵەت و مافی ئینسانی خۆیان بگەن.

لە ئاوا هەلومەرجێکدا ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵک بە ڕاکێشانی کۆمەڵێکی بەکرێگیراو بۆ ئاڵبانی و بانگهێشت کردنی سیاسەتوانانی ڕۆژئاوا بەهەزینەی ملیۆن دۆلاری، هەوڵدەدات خۆی وەک جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی نیشان بدات و ئەو جەماوەری کە پتر لە چواردەیە لەدژی یاسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی خەباتیان کردووە، بکێشنەژێر باری دەسەڵاتێکی ئیسلامیی، ئەمجار بە خوێندنەوە و پێناسەی تائیفی مەزهەبی موجاهیدین.

ئەمە بەواتای لە چاڵێک هاتنەدەر و کەوتنە ناو چاڵێکی تر و دووپاتبوونەوەی هەمان کارەساتی مەترسیداری چل و سێ ساڵەی حکوومەتی ئیسلامییە. دیوەکەی تری موجاهیدین، پاشماوە تووندڕەوەکانی سەڵتەنەتی ڕووخاوی پەلەوین کە بەئاشکرا و بەبێ تەعاروف چەکەکانیان دەمەزەرد کردۆتەوە و سەرجەم دژبەران و نەیارانی گەڕانەوەی نیزامی سەڵتەنەتی، وەک کۆمۆنیست، جیاییخواز، ئیسلامگەرا و فاشیست پێناسە دەکەن و خوازیاری بەشداری پێنەکردنی ئەوان لە پڕۆسەی سیاسی سەبەی ڕۆژی پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامین.

بەرپرسان و وتەبێژانی ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستە بە ئاشکرا دەڵێن کە لە دەورەیەکی دەساڵەی گواستنەوەی دەسەڵاتدا نابێت هیچ هەڵبژاردنێک بەڕێوە بچێت و لەسەدەی بیست و یەکدا تاقم و گروپێک وڵات بەپێی یاساکانی سەرەتای سەدەی ڕابردوو بەڕێوە ببەن.

ئەم دوو بەشە ئوپۆزیسیۆنەی حکوومەتی ئیسلامی، واتا موجاهیدین و سەڵتەنەتخوازان خاڵی هاوبەش و تایبەتمەندیی وەک یەکیان هەیە. بوونی پووڵ و سەرمایەیەکی زۆر و زەوەندی ماڵیی کە سەرچاوەکەیان بۆ هیچ کەس ڕوون نییە و بۆخۆشیان هیچکات حازرنین ئاشکرای بکەن. کۆکردنەوەی سیاسەتوانانی ڕۆژئاوایی لە میتینگ و کۆبوونەوەکانیاندا بە پشتیوانی ڕاگەیاندنەکان و  سەرفی هەزینەیەکی لەڕادەبەدەر و نیشاندانی شانۆگەرییەکی لەم چەشنە بە خەڵک کە گۆیا پاڵپشتی دەرەکییان هەیە.

ئەم دوو بەشە ئوپۆزیسیۆنەی حکوومەتی ئیسلامی هەردووکیان جێگە و پێگەیەکی ڕەش و پڕلە ڕسواییان لە مئژووی هاوچەرخی ئێراندا هەیە. یەکیان لە پاشماوەکانی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و سەرەڕۆیە و دەستیان بەخوێنی لاوانی ئێران سوورە و ئەویتریان بۆ ماوەی چەند ساڵی سەرەتای ڕژیمی ئێسلامی، کاسەلێس و لایەنگرانی ئەو ڕژیمە بوون و بە بەشی خۆیان لە بەدەسەڵات گەیشتنی دا دەوری بەرچاویان گێڕا. ئەم ڕەوتە پاش ئەوەی کە نەیتوانی لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هاوپەیمان بن، بوون بە ئامرازی دەستی سەدام حوسێن و حکوومەتی بەعسی عێراق. لەو ساڵانەدا کە ئوپۆزیسیۆن بوون، کۆپییەک لە حکوومەتی ئیسلامییان ئەویش لەشکڵێکی زۆر زیادەڕۆیی و پێکەنیناویدا لەخۆیان نیشان داوە.

هەردوو بەشی ئەم ئوپۆزیسیۆنانە حکوومەتێکی ئیسلامی تاسەر ئێسقان نادێموکراتیکن. هەردووکیان دوژمنی سەرسەختی ئازادی بێ شەرت و مەرجی سیاسین. لەگەڵ سۆسیالیستەکان، کرێکارانی پێشڕەو، بزووتنەوەی کرێکاریی و لەگەڵ مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران دوژمنایەتییەکی ئاشکرا و جێکەوتوویان هەیە.

بێگومان جەماوەری خەڵکی کوردستان و ئێران کە خاوەنی ئەزموونێکی سەد ساڵەی ژیان و خەبات لە دوو نیزامی سەڵتەنەتی پەهلەوییەکان و دەسەڵاتی ئیسلامیدان، نە چیتر حکوومەتی ئیسلامییان دەوێ و نە گەڕانەوە بۆ نیزامی ڕووخاوی سەڵتەنەتی قەبووڵ دەکەن.

دیاریکردنی نیزامێکی دەسەڵاتدارییەتی جێگرەوەی ڕژیمی ئێسلامی لە کەشێکی ئەمن و ڕیفراندۆمێکی ئازاددا، مافی بێ ئەملاو و ئەولای جەماوەرێکە کە سەدەیەک خەباتیان کردووە بۆ ئەوەی لە ستەمی شێخ و شا ڕزگاریان بێت. ئازادی و بەرابەری و خۆشگوزەرانی بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگا، بەرابەری ژن و پیاو لە هەر بوارێکدا و  لەناو بنەماڵە و لە ئاستی کۆمەڵگا، مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ هەموو نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران و دابینکردنی هەلومەرجێکی ئینسانی بۆ یەکێتی و یەکگرتوویی دڵخوازانەی ئەوان و بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتدارییەتی شۆڕاکانی خەڵک، هەمووی ئەمانە لانیکەمێکن کە حکوومەتەکانی جێگەی مەبەستی موجاهیدین و سەڵتەنەتخوازان نە دەیانهەوێ و نە دەتوانن دابینیان بکەن.

جەماوەرێکی کە خاوەنی ئەزموونی تاڵ و کارەساتباری  خومەینی و وەعدە و بەڵێنییە پووچ و بێ ناوەڕۆکەکانی ئەون، کە دواتر بە ڕاشکاوی و بێشەرمانە ڕایگەیاند لە ئیسلامدا درۆ حەرام نییە و ئەویش بۆ گەیشتن بە دەسەڵات گزی و فریوکاری کردووە، ئەمڕۆ ئیتر چاوکراوەن و فریوی درۆ و دەلەسەی لەو چەشنە ناخۆن.

جەماوەرێکیکەئەزموونیجینایەتیڕژیمیپەهلەویوئیسلامییانهەیە،ناچنەژێرباریدەسەڵاتێکیموجاهیدینیوڕزاشایی.

بابەتی پەیوەندیدار

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-