هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە ڕۆژی هەینی، ١٥ی خەزەڵوەر، درۆنێکی حووسییەکانی یەمەنی لە نزیک شاری مەککە و دوو مووشەکی بالیستیکی لە ناوچەی نەجران لە باشووری سعوودیە تێکشکاندووە و خستوونیەتە خوارەوە.
بە گوتەی وتەبێژی هاوپەیمانییەکە، پاش پێکان و تێکشکاندنی ئامانجەکان، پارچەکانیان لە ناوچەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە و لێکۆڵینەوە لەبارەی زیانە ئەگەرییەکان بەردەوامە. ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر ڕێکخراوی بەرگریی شارستانیی سعوودیە هۆشداریی لەبارەی ئەگەری هێرش لە نەجران بڵاو کردبووەوە، بەڵام دوای ڕەوینەوەی مەترسییەکە، هۆشدارییەکە هەڵوەشێندرایەوە.
