کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

توندبوونەوەی کرداره‌ کوده‌تائاساكانی ئه‌ردۆغان

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی مانگی ئۆکتۆبر پۆلیسی تورکییە لە درێژەی کرداری سەرکوتگەرانەیدا، سەرنووسەری ڕۆژنامەی جۆمهورییەت و لانیکەم ١٢ کەس لە کارمەندانی ئەو ڕۆژنامە ڕۆژانەیەی گرت و ڕەوانەی زیندانی کردن. سەرنووسەری ڕۆژنامەکە مۆراد سابونجو، موسا کارت کاریکاتۆریستی ڕۆژنامەکە و چەندین گۆشەنووسی ڕۆژنامەکە لە زومرەی گیراوەکانن. ڕۆژنامەی جۆمهورییەت لە ماڵپه‌ڕه‌كه‌یدا نووسیویەتی کە پۆلیس حوکمی گرتنی ١٦ کەس لە کارمەندەکانی ڕۆژنامەکەی پێ بووە. لە بەیانییەی دادستانی ئیستانبووڵدا گیراوەکان بە ئەنجامدانی تاوان و هاوکاریی لەگەڵ ڕەوتی فەتحۆڵڵا گۆلەن کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەژی، تاوانبار کراون. لەم بەیانییەدا ئەگەرچی گیراوەکان بە ئەندامێتیی لە بزووتنەوەی گۆلەن و په‌که‌که‌ تاوانبار کراون، بەڵام هه‌ر هه‌موویان تۆمه‌تی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بابەت بۆ پشتیوانیی و ڕەواییدان بە کوده‌تاکەی ١٥ ی ژولایان دراوه‌ته‌پاڵ.دوای کوده‌تا سەرنەگرتووەکە، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی تورکییە ٣٧ هەزار کەسیان گرتووە و زیاد لە سەد هەزار کارمەندی دەوڵەتییان بەم ئامانجەی کە تۆڕی لایەنگرانی گۆلەن ڕیشەکێش بکەن، لە سەرکار دەرکردووە. لەم ماوەیەدا زیاد لە بیست تۆڕی ڕاگەیاندن کە بە زمانی کوردیی بەرنامەیان بڵاو دەکردەوە، داخراون. سێبیل گۆنز دەبیری گشتیی ئەنجومەنی ڕۆژنامەنووسانی تورکییە بە هەواڵنێری ئاسۆشێتدپرێسی وتووە کە لەدوای کوده‌تا نیزامییە سەرنەگرتووه‌کەوە هه‌تا ئێستا، ١٧٠ ڕۆژنامە داخراون و ١٠٥ ڕۆژنامەنووسیش گیراون. ئەو لە درێژەدا دەڵێ کە کاربەدەستانی ئەمنییەتی “مۆڵه‌تی کار”ی ٧٠٠ ڕۆژنامەنووسیان هەڵوەشاندووه‌تەوە، لە حاڵێکدا کە هەزاران ڕۆژنامەنووس بێکارن. بڵاوکراوەی حکومەتیی ” حۆڕرییەت” ی تورکییە ڕۆژی شەممە ٢٩ی ئۆکتۆبر بەرابه‌ر لەگەڵ “یەک”ی مانگی ڕەزبەر، هاوکات لەگەڵ جه‌ژنی نەتەوەیی تورکییەدا، ١٠ هەزار کەس لە کارمەندانی دەوڵەت و بەشی خزمه‌تگوزاریی کە دەرکرابوون، بڵاو کردەوە. چەند هەزار کەس لەوانه‌یکە بە تازەیی دەرکراون لە مامۆستای زانکۆکان، مۆعەلیمان، پەره‌ستاران و پزیشکانن.840-2

ئەمانە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ٤ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، هێزە ئەمنییەتییەکانی تورکییە، فوڕات ئانلی و گوڵتەن کێشاناک دوو شارەداری ناوەندی پارێزگای دیاربەکریان بە تۆمه‌تی هاوکاریی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیە ناسراو به‌ په‌که‌که‌ گرت و دوای مۆحاکه‌مە، بە زیندان مەحکووم کران و له‌ شه‌ودا ڕەوانەی یەکێک لە زیندانەکانی ئیستانبوول کران. هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی یەکی مانگی نۆوامبر هێزەکانی پۆلیسی تورکییەش هەڵیانکوتایەسەر ژمارەیەک ماڵی مەسکوونیی و نووسینگه‌ی پارتی کۆمەڵگای دیموكڕاتیک لە پارێزگای ماردین و لانیکەم ٣٠ کەس، لەوانە هاوسەرۆکی لقی پارێزگای ئەم پارته‌یان لە ماردین، لەم هێرشەدا ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. هێزەکانی پۆلیس هەروەها نووسینگه‌ی خۆجێیی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان لە شارستانی “ساوور”یان گەمارۆدا و تەفتیشیان کرد.

دوابه‌دوای ئەم سەرکوتگەرییانەدا و له‌دوای ئەوەشکە ناوەندەکانی پشتیوانیی مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەیان لە سەرکوتی نەیارانی دوای کوده‌تا و کرداری توندوتیژانه‌ی تورکییە سەبارەت بە هەڵسوکەوت لەگەڵ گومانلێکراوان و تاوانباران گرت، ئه‌ردۆغان وتی کە گرنگ نییە ڕۆژئاوا لەبارەی تورکییەوە چی دەڵێت و ڕایگەیاند کە به‌مزووانه‌ گه‌ڵاڵه‌یه‌ك بۆ دەستپێکردنەوەی سزای ئێعدام ده‌نێرێته‌ په‌رله‌مان. بینالی یەڵدریم سەرۆک وەزیری تورکییەش ڕایگەیاند کە پارتی داد و گەشەپێدان هەوڵ دەدات بۆ گه‌ڕاندنه‌وەی سزای ئێعدام.

بەڵام دەوڵەتی ئاکپارتی بەم زنجیرە عەمەلیاتە سەرکوتگەرانەیکە دواییشی نایه‌ت، نەیتوانیوە کۆمەڵگه‌ی چاپه‌مه‌نییه‌كانی تورکییە و خەڵکی ئەم وڵاتە چاوترسێن بکات، خەڵک تەسلیمی ئەم زۆروێژییە ئاشکرایە نابن. دوای گرتنی سەرنووسەری ڕۆژنامەی جۆمهورییەت و کارمەندەکانی، سەدان کەس لە خەڵکی ناڕازیی بە نیشانەی هاوپشتیی لەگەڵ گیراوەکان لەبەرامبه‌ر نووسینگه‌ی ئەم ڕۆژنامەدا کۆبوونەوە و درووشمی دژی دەوڵەتیان وتەوە. هەروەها لە ماوه‌ی هەفتەی ڕابردوودا و به‌ دوای گیرانی فوڕات ئانلی و گوڵتەن کیشاناک هەر دوو هاوسەرۆکی شارەوانیی ناوەندی پارێزگای دیاربەکر خەڵکی تێکۆشەری ئەمشارە لە ناڕەزایەتیی بەم گرتنانە لەدژی سیاسەتە فاشیستییەکانی پارتی داد و گەشە درووشمیان وتەوە. ئەوەیكه‌ ڕوون و ئاشکرایە، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دەوڵەتی تورکییە لە دەرفەتێک کە کوده‌تا بێ ئاکامەکە بۆی درووست کردووە، بۆ بێدەنگ کردنی چاپه‌مه‌نییه‌كان و کوده‌تا لەدژی نەیاران کەڵک وەرده‌گرێت. هێرشی دەوڵەتی ئاکپارتی بۆسەر ڕاگەیاندنەکان هەموو سنوورێکی بەزاندووە. دەوڵەتی ئه‌ردۆغان بە بیانووی بەرامبه‌ركێ كردنی بەڕێوەبەرانی کوده‌تا سه‌رنه‌گرتووه‌كه‌، لەدژی چاپه‌مه‌نییه‌كان و خەڵکی تورکییە دەستیداوەتە ئەنجامدانی کوده‌تا.

ده‌ستبه‌سه‌ركرانی دوو شارەداری ناوەندی پارێزگای دیاربەکر و مۆحاکه‌مە و به‌ندكرانی سەرنووسەری ڕۆژنامەی جۆمهوورییەت، یەکێک لە كۆنترین ڕۆژنامەکانی تورکییە و گرتنی به‌دەیان کەس لە ئەندامانی پارتی کۆمەڵگه‌ی دێمۆکراتیک لە پارێزگای ماردین، درێژەی پاكتاوكردنی ئیدارە و ناوەندە دەوڵەتییەکان لە بوونی نەیارانی سیاسیی و گرتنی ڕۆژنامەنووسان، هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی دەرکردنی سزای ئێعدام، دەرخەری ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکییە بە کەڵکوەرگرتن لە باری نائاسایی ڕاگەیەندراو، نەك هه‌ر ئەو کەسانەیکە تاوانبارن بە هاوکاریی لەگەڵ کوده‌تا سه‌رنه‌گرتووه‌كه‌ی مانگی ژولای، بەڵکوو هەموو ڕەخنەگرانی سەرکوت بکات.

لە لایەکی دیکە و هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی فەزای سەرکوت لە نێو تورکییەدا، فڕۆکە و تۆپخانەکانی ئەڕتەشی تورکییە کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا عەمەلیاتی ناسراو به‌ “قەڵغانی فوڕات”یان له‌ژێرناوی درووستکردنی ” ناوچەیەکی بۆشایی” و له‌ڕاستیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە تێکۆشەرەکانی کوردستانی سورییە بردووه‌تە پێشێ، لە ڕۆژی دووشەممەی ئەم هه‌فته‌یه‌دا، ١٦ پێگەی یەکینەکانی پاراستنی گەلیان بۆمباران کردووه‌. بۆمبارانەکانی دەوڵەتی تورکییە ڕێگه‌ی بۆ هێزەکانی جێی پشتیوانی خۆی خۆش كرد هه‌تا کۆنتڕۆڵی ٣ ناوچە لە ” ئەختەرین” هه‌ڵكه‌وتوو لە باکووری سورییە بگرنە دەست. بە پێی ڕاپۆرتەکانی چاودێری مافی مرۆڤ له‌ سورییە، لە ئه‌نجامی ئۆپڕاسیۆنی نیزامیی دەوڵەتی تورکییە لە باکووری سورییەدا هه‌تا ئێستا بە سەدان کەس خەڵکی مەدەنیی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. دەوڵەتی تورکییە هاوکات لەگەڵ ده‌ستوه‌ردانه‌ نیزامییەکانی لە سورییە، بە بیانووی ئامادەكاریی بۆ بەشداریکردن لە گرتنەوەی شاری مووسڵ، ژماره‌ی هێزە نیزامییەکانی لە خاکی عێراقیش زیاتر کردووە. دەوڵەتی تورکییە بێجگەلە ئامانجی پاوانخوازانه‌ی، دەیهەوێ لەو بنكانه‌ی كه‌ لە کوردستانی عێڕاقدا درووستی كردووه‌، لەدژی گه‌ریلاكانی “په‌که‌که”ش‌ کەڵک وەربگرێت.

ئەوەیکە ڕوون و ئاشکرایە، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دەوڵەتی تورکییە له‌سایه‌ی ڕێبەریی پارتی “داد و گەشە”دا، بەرەوڕووی قەیرانی هەمەلایەنەی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی بووه‌تەوە. قەیران و ئاستەنگه‌كانی پارتی ئیسلامیی “داد و گەشە”، زۆر زیاتر له‌وه‌ قووڵ بوونەتەوە کە دەوڵەتی ” ئه‌ردۆغان” بتوانێ بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی میلیتاریستیی لەدژی خەڵکی کوردستان و توندکردنەوەی گوشاری سەرکوت لەم وڵاتەدا و دخاڵەتگەریی نیزامیی لە سوورییە و عێڕاقدا بتوانێ کۆنتڕۆڵی بکات. دەوڵەتی ئه‌ردۆغان ناتوانێ له‌ڕێگه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی بەرین و تەسفییەی ناوەندە دەوڵەتییەکان لە نەیارانی سیاسیی، قەیرانی چەند لایەنەی ناو حکومەتییەکەشی کۆنتڕۆڵ بکات و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی کێشمەکێشە دەرونییەکانیش هەروا هەڕەشە لە دەوڵەت و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار دەکات.

یەکێتییە کرێکارییەکان، ڕووناکبیران، هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسانی پێشڕەو، کانونە جۆراوجۆرە سێنفی و سیاسییە پێشکەتووەکانی سەرتاسەری تورکییە، بە شێوەی جۆراوجۆر دەستیان داوەتە دەربڕینی ناڕەزایەتیی. دەوڵەتی ئه‌ردۆغان ناتوانێ له‌ڕێگه‌ی داخستنی ڕۆژنامەکان و توندکردنەوەی به‌نده‌كانی سانسۆڕ و گوشارخستنەسەر ڕوژنامەنووسان و گرتنی هەڵسووڕاوانی سیاسیی و مەدەنییه‌وه‌، دەنگی ناڕازییان کپ بکات. بەڵام تورکییە بەهۆی پێشینه‌یه‌كی بەهێزی خەباتی کرێکاریی و دێمۆکڕاتیکیه‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌تی و به‌ هۆی ئه‌و سووننه‌ته‌ خه‌باتكارانه‌یه‌ی كه‌ تێیدا جێكه‌وتووه‌، ولاتێک نییە کە بەم هاسانییه‌، تەسلیمی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و فاشیستیی پارتی داد و گەشەپێدان بێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

-

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-