لەم مانگانەی نزیکه‌و گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی دەورەی دوازده‌یەمی سەرۆک کۆماریدا، ڕوحانیی و ئەندامانی کابینەکەی، ئاستی ئاڕمانسازیی و درۆ و ده‌له‌سه‌كانیان فراوانتر کردووە. ڕاگەیەنەرەکانی باڵی بەرانبەریش به‌قه‌ولی مه‌عرووف، بە ئیستناد بە فاکتەکان ئەم درۆ و ده‌له‌سانه‌یان لێ له‌قاو ده‌ده‌ن. بۆ نموونە: ڕوحانیی ڕۆژی دووشەممە سێی مانگی ڕەزبەر لەمیانی کۆبوونەوەیەکی هه‌واڵنێراندا لە “خومەین”، وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە ئەمساڵ ساڵی ڕەونەقی ئابووریی دەبێت و هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە یەک ڕەقەمی بوونی ڕێژه‌ی ئاوسان، وتی :” ئێمە بەڵێنیمان بە خەڵک داوە کە بگەینە ئامانجی گەشەی ئابووریی ٥ لەسەدیی، کە بە هەوڵی دەوڵەت هه‌تا کۆتایی ئه‌مساڵ، ڕەنگە زیاتر لەم ڕەقەمەش دەستەبەر بێت.”
ماڵپه‌ڕی “نەسیم ئانلاین” کە لەژێر چاودێریی جێگری زانیاریگەیاندنی ناوەندی ئەسنادی به ئیستلاح ” ئینقلابی ئیسلامی”دا بەڕێوەدەبرێت، لە ڕێکەوتی ٥ مانگی ڕەزبەری ٩٥دا نووسیویه‌تی كه:” ئاوسانی یەک ڕەقەمیی و گەشەی ٥ و چوار دەهوم لەسەدیی ئابووریی ئێران، هیچ كارێكی نهكردووهتهسەر ژیان و کەسب و کاری خەڵک”. ئەم ماڵپه‌ڕه له درێژه‌دا وێڕای ئاماژەدان بە کۆمەڵێک فاکتی دیاریکراویش، ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه کە بارودۆخی ئابووریی ئێران لەو کاته‌وە کە ڕوحانی و کابینەکەی هاتوونەتە سەرکار، خراپتر بووە و هه‌تا دێ خراپتریش دەبێت. لە درێژەی نووسینەکەدا ئاماژە بە فاکتێكی به‌رچاویش کراوە و ده‌وترێت:” ئامارە ڕەسمییەکان دەریدەخەن کە مەسرەفی كۆی سووختی مایعی ئێران بریتی له ٥ بەرهەمی سەرەکیی، لە ماوه‌ی ٦ مانگی یەكه‌می ئەمساڵدا بە بەراورد له‌گه‌ڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا، زیاد لە ١٠ و دوو دەهومی لەسەد دابه‌زیوه. شیاوی باسكردنه كه ڕەوتی کەمبوونەوەی مەسرەفی گازۆئیلیش بە ئامارەکانی پێشترەوە زیاد دەکرێت.”
ئەم ماڵپه‌ڕه لە درێژەدا دەشپرسێ كه ”ڕهگوڕیشەی کەمبوونەوەی مەسرەفی سوختی پێویستی کارخانەکان ده‌بێ له چیدا بێ؟”، هه‌ر خۆشی ئاوه‌ها وڵامی پێ دەداتەوە:” لە گازۆئیل وەک سووختی گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ی سەنعەتیی کەڵک وەردەگیرێت و کەمبوونەوەی بەرچاوی مەسرەفی گازۆئیل لە ماوه‌ی ئه‌م ٣ و نیو ساڵه‌ی دواییدا و بەتایبەت لە ساڵی ٩٥، لە هەمووی زیاتر دەرخەری ڕاوەستانی چالاکیی یەکە پیشەسازییەکان و ڕۆژە نه‌هاته‌كانی بەشی بەرهەمهێنانە.” خاڵی جێی سه‌رنجیش ئەوەیە کە هەرتك باڵەکە بە پاڵپشتی هه‌ر ئه‌م ئامارە ڕەسمییانهیه كه درۆ دەکەن یاخود درۆ و ده‌له‌سه‌كانی یەکتر له‌قاو ده‌ده‌ن. بەڵام با بزانین ئه‌م ئامارانهچۆنچۆنی ئامادە دەکرێن؟
“حەیدەر حوسێنی” کە لە دەوڵەتی هەشتەمدا وەک جێگری پارلمانیی وەزیری ئوموری ئیقتساد و دارایی کاری دەکرد، ده‌رباره‌ی ئه‌م ئامارسازییانهوه دەڵێت :” خۆمان لەم ڕەوتەدا بووین و باش دەزانین کە ئامارەکان دەبێ تابع و هاوتەریبی بۆچوونی بەرپرسان بن. كه‌واته لەڕاستیدا ئامارەکان لەسەر بنەمای ئیرادەی خۆدی بەرپرسان داده‌ڕێژرێن. ئامارەکان بەشێوەی فەرمایشیی ئامادە دەکرێن و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه کە بە هیچ شێوەیەک بۆ ئه‌وه نابن كه پشتیان پێ ببه‌سترێت”. بەڵام ئەگەر کاربەدەستانی ڕژیم دێن و خۆیان باس لە ئامارسازیی و ئاماری فەرمایشیی دەکەن، خۆ خەڵکی ئیران و بەتایبەت هەڵسووڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بە تەجره‌بەش بووه، بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم ئامارانەی كه لە لایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە بڵاو ده‌كرێنه‌وه، هیچ جێی باوەڕ و متمانه نین. هەڵسووڕاوانی کرێکاریی باش دەزانن کە باڵە جۆراوجۆرەکانی ڕژیم کە زۆر نیگەرانن له ته‌قینه‌وه و هەڵچوونی نه‌فره‌ت و بێزاریی جەماوەری توڕە و وەگیانهاتوو، چۆن بە بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاماری هه‌ڵبه‌ستراو، هەوڵ دەدەن هه‌تا خەڵک لە چاوەڕوانیی باشتربوونی بارودۆخەکە لە لایەن ئەم یان ئەو باڵی ڕژیمدا ڕابگرن.
کێشمەکێش و ململانێی ئێستای نێوان باڵەکانی ڕژیمیش لە بارودۆخێكدا تووند ده‌بێته‌وه كه قەیرانی جیهانیی ئابووریی نیئۆلیبرالیستیی قووڵ و قووڵتر بووه‌ته‌وه و له‌م ناوه‌دا کابینەكه‌ی ڕوحانیش بۆ ڕزگاربوونی خۆی، هیوای پێ ده‌به‌ستێت. لەگەڵ شکستی نێئۆلیبڕالیسم، ئیدئۆلۆگەکانی بوورژوازیی له‌به‌ر نەبوونی بەدیلێکی ڕۆشن بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانێک کە سەرتاپای نیزامی سەرمایەداریی جیهانیی داگرتووە، تووشی بێ بەرنامەیی و سەرلێشێواوی هاتوون. ئەمە عەینی هه‌مان چارەنووسه کە کۆماری ئیسلامیی و لەوانە دەوڵەته‌كه‌ی ڕوحانی تووشی هاتووه. هەموو هیوای ڕووحانی و دەوڵەتەکەشی، به‌ند بوو به قۆناغی دوای ئیجرای بەرجام. بە پێی بەڵێنەکانی دەوڵەتی بەناو “تەدبیر و ئومید”، بڕیاروابوو كه سەرمایەیه‌کی کەڵان و تێکنولۆژیی نوێی بەلێشاو ڕوو له ئابووریی ئێران بكه‌ن. خۆ بڕیاروابوو كه سەرمایەگوزارانی دەرەکیی و ناوخۆیی لە کەرتی تایبەت له‌ڕێی سەرمایەگوزاریی لە بواری بەرهەمهێنان بۆ هەناردەکردن بۆ بازارەکانی جیهان، ده‌ستبه‌کار بن. دەوڵەتی ڕوحانی لە بارودۆخێکدا ئاراسته و ڕه‌هه‌ندی بەرهەمهێنان و ئابووریی بۆ هەناردەکردنه ناو بازارە جیهانییەکان گۆڕیوه كه، لەم ڕۆژانەدا هەموو ناوەندە گەورە داراییه‌كانی جیهان و لەوانە سندووقی دراوی نێونەتەوەییش، باس لە دابەزینی زۆری ڕێژەی مەسرەف و قەیرانی زیادبوونی بەرهەم لەسه‌ر ئاستی جیهان دەکەن. ڕوحانی لە وه‌ها بارودۆخێكدایه كه بە فریوکارییهكی ئاشکرا، له لایه‌كه‌وه وادەی ڕاکێشانی سەرمایەی کەڵان و سەرمایەگوزاریی و بەرهەمهێنان به مه‌به‌ستی هه‌ناردنه ناو بازاڕە جیهانییەکان و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه وادەی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ٧ میلیۆن کرێکاری بێکار دەدات.
دەوڵەتی ڕوحانی سه‌ره‌ڕای تێپەڕبوونی ٩ مانگ به‌سه‌ر ئیجرایی بوونی بەرجام، هێشتا نەیتوانیوە تەنانەت لە بواری نەوت و گازیشدا کە بواری زیاتری بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکیی هەیە، لە لانیکەمی ئامانجەکانی نزیک بێتەوە. ئیددیعای گەشەی ٥ لەسەدیی ئابووریی و ڕێژه‌ی ئاوسان واته تهوهڕرومی یەک ڕەقەمیش، تەنها بۆ فریوكارییه و ده‌چێته خانه‌ی كۆلۆكسیۆنی درۆ و دهلهسهكانیهوه. توندبوونەوەی کێشمەکێشی نێوان باڵە حکومەتییەکان، زیاتر لە ناکامییەکان و ئەو ئاسته‌نگه ئابوورییانەوە سەرچاوە ده‌گرێت کە ڕژیم گیرۆدەیانه و بۆ ده‌ربازبوون لێشیان، ڕێگایەک شک نابات.
درێژەی بێ پسانەوەی ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاریی له‌دوای تەوافوقاتی هەستەیی و بەکردەوەدەرهاتنی بەرجام، بەڕوونیی ئه‌وه نیشان دەدات کە کرێکاران فریوی وادە و وەعیدەکانی کاربەدەستانی باڵە جۆراوجۆرەکانی ڕژیم ناخۆن و بۆ ڕزگاربوون لە کارەساتی بێکاریی و هەژاریی و فەلاکەتێک کە لەئێستادا داوێنگیریان بووە، هیوایەکیان بە هیچکام لە باڵەکانی ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامیی نییە.