نزیکەی چوار مانگ بەسەر کودهتای سهرنهگرتوو لە تورکییە تێدەپەڕێت، بەڵام تەسفییە و پاکسازیی ئەڕتەش، ناوەند و ڕێكخراوه دەوڵەتییەکان هێشتا ههر درێژەی هەیە. دەوڵەتی ئهردۆغان بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پرۆژەی تەسفییەی هێزە چەکدارەکان و ناوەندە دەوڵەتییەکان لە نەیاران، بارودۆخی نائاسایی بۆ ٣ مانگی دیکە درێژ کردووەتهوه. دەوڵەتی پارتی داد و گەشەپێدان دەرفەتی کودهتا سهرنهگرتووهكهی بۆ سەرکوتکردنی نەیاران بە غەنیمەت زانی و زیاد لە ٣٠ هەزار کەسی گرت و ڕاپێچی زیندانی کردن. دەیان هەزار کەسی ههر لە قازییەکانی دادگا، دادستان، وەکیل و موعهلیمان دەرکردووه یان لە پۆستەکانیان دووری خستوونەتەوە. زیاد لە ٥ هەزار کەس لە سەربازانی ئەڕتەش و فەرماندەکانی هێزی دەریایی و هەوایی لە زومرەی بهندكراو یان دەرکراوەکانن. پارتی داد و گەشەپێدان نەك ههر لایەنگرانی “فەتحۆڵڵا گۆلەن”، بەڵکوو هەموو نەیارانی پارتی دەسەڵاتداری خستووهتە ژێر تیغی پاکسازییەوە. دەوڵەتی ئهردۆغان بۆ كپ كردنی دهنگی ڕاگەیاندنەکانیش، زیاتر لە سەد کەس لە ڕۆژنامەنووسانی خستووهتە ناو زیندان. پانتایی پاکسازیەکان بە ڕادەیەک بەرین بووە کە ئەڕتەشی ٦٠٠ هەزار کەسیی تورکیەی تووشی گرفتی جیددی هاتووه.دەوڵەتی تورکییە لە درێژەی ئەم کردارە سەرکوتگەرانەیدا، لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی ئوتی ڕابردووشدا، بە زیاتر له هەزار کەس لە هێزەکانی ئەڕتەش تهیار بە چهكوچۆڵی جەنگیی، بەشێک لە خاکی سورییەی داگیر کرد و ڕاستەخۆ دەستی کرد بە شەڕ لە دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل و، کانتۆنەکانی عەفرین و کۆبانێی دایەبەر هێرشی ئاگری چەکە قورسەکانی. دەوڵەتی تورکییە بەم عەمەلیاتە داگیرکارانەی کە لەژێر ناوی “قەڵغانی فورات” دا ئامادەکاریی بۆ کرابوو، دروست کردنی ” ناوچەی ئەمن” بە بەرینایی ٥ هەزار کیلۆمیتری دووجای لە خاکی سوریەی کردووهتە ئامانج. مەبەستی سهرهكیی دەوڵەتی تورکیە لە دروستکردنی “ناوچەی ئەمن” هەر ئەو جۆرەی کە تەجرهبەش سەلماندویەتی شکست پێهێنانی بزووتنەوەی کوردستانی سورییە و خستنەژیر گوشاری یەکینەکانی پاراستنی سیستمی خۆبەڕێوەبەرێتیی لە هەر سێ کانتۆنەکهی ڕۆژئاوایە. دەوڵەتی تورکییە لە درێژەی ئەم سیاسەتەیدا لەم ڕۆژانەی دواییدا لهڕێگهی جێگیركردنی دەیان دەزگا تانك و تۆپ و زرێپۆشهوه، هێزەکانی ئەڕتەشی لە خاکی سورییە و لە ناوچەیەکی سنوریی نزیک لە کانتۆنی عەفرین بەهێز کردووە. بە وتەی شایهتحاڵان ئەڕتەشی تورکییە لە نزیک سنوری عەفرین دەستیداوەتە هەڵکەندنی کاناڵێک بە قوڵایی ٦ میتر و پانایی ٤ میتر. جووڵەی ئەم دواییەی ئەڕتەشی تورکییە لە ناوچەی نزیک لە سنوری کانتۆنی عەفرین، دەرخەری ئەوەیە کە دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بۆ بەرگرتن لە سەقامگیربوونی حکومەتێکی خۆبەڕێوەبەر لە کوردستانی سورییە، لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکات. ئهردۆغان بههۆی ئهوهیکە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە کوردستانی سورییە، پشتیوانی ئەزمونی خۆبەڕێوەبەریی جەماوەریی خەڵکی زەحمەتکێشن و هێزەکانی داعشیان لە کۆبانی شکست پێهێنا، ئەوانی خستووهتە ڕێزهی دوژمنانی ههره سەرسەختی خۆیهوه.
تەقریبەن هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی هێزەکانی ئەڕتەش لە خاکی سوریەدا، هێزە ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتی تورکییە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی مانگی ئۆکتۆبر بە بیانووی ئەنجامدانی چالاکی لەدژی هێزەکانی پ. ک. ک لە ناوچە جۆراو جۆرەکانی سەربە ئوستانی شڕناخ بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بارودۆخی نائاسایی ڕاگەیاندوە. لە ماوەی ڕاگەیاندراودا هەموو جۆرە هاتوچۆیەک قەدەغە کراوە. ئەمانە لە حاڵێکدان کە حکومەت نیزامیی لە ناوچەکانی سەربە ئوستانی ” بهستا” بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژی دیكه درێژ کراوەتەوە.
دەوڵەتی تورکییە لە درێژەی ئەم کردارە سەرکوتگەرانەیدا نزیکەی دوو هەفتە لهمهوبهر دەستوری داخستنی ٢٠ كهناڵی ڕادیۆیی و تێلێویزیۆنی دهركردووه کە زۆربەیان بە زمانی کوردی بەرنامەیان بڵاو دەکردەوە، ئهویش به تۆمهت یان باشتروایه بڵێین به بیانووی تەبلیغی تێرۆریزم و توندوتیژیی و ههر لهو ماوهیهشدا زۆربهیانی داخستووه.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانهدا پهرلهمانی تورکییە ڕۆژی یەکی ئۆکتۆبر بڕیاریدا کە مانهوه و ئەنجامدانی عەمەلیاتی نیزامیی ئەڕتەشی ئەم وڵاتە بۆ ساڵێکی دیکەش لە عێڕاق و سورییە درێژ بکاتەوە. دەوڵەتی تورکییە ئەگەرچی بە بیانووی ئامادەسازیی بۆ بەشداریکردن لە سەندنەوەی موسڵ لە داعش، مانهوهی هێزەکانی لە خاکی عێڕاقدا درێژ کردووهتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا نیگەرانی چارەنووسی موسڵی دوای داعشە. دەوڵەتی ئاکپارتی بۆ پەرەدان بە حەوزەی نفوزی لە عێڕاقدا، لە ڕقابەت لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامیی ئێراندا بەرنامەی داناوە. ئەگەر ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای نفوز بەسەر دەوڵەتی ناوەندیی عێڕاق و بە ڕێکخستن و چەکدارکردنی حەشدی شەعبی و پەرەدان و قوڵکردنەوەی موناسباتی خۆی لەگەڵ بەشێک لە هێزە سیاسییەکان لە کوردستان لە حەوزەی سیاسیی و نیزامیدا تا ڕادەیەک دەستێکی باڵای هەیە، دەوڵەتی تورکییەش لهڕێگهی چەکدارکردن و ئاموزشدانی حەشدی وەتەنی و هێزە سوننهکان، درێژە و پەرەدان بە پێوەندیی ئابووریی و خستنەژێر نفوزی پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عێڕاقهوه بهنیازه نفوزی خۆی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەم هێزانەدا پەرە پێبدات. دەوڵەتی تورکیە به دژایەتیکردنی لەگەڵ بەشداریی میلیشیا شیعەکان لە عەمەلیاتی سەندنەوەی موسڵ لە داعش، بهنیازه کۆنترۆڵی ئەمشارە ههر لە دەست هێزە سوننەکانی هاوپەیمانیدا بێت. گومانیش لهوهدا نییە کە ئەستاندنەوەی شاری موسڵ لە داعش لەسەر داهاتووی هاوسەنگی هێز لە عێڕاقدا گاریگەریی دەبێت. ڕقابەت و ململانێی دەوڵەتی تورکیە و ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لەسەر داهاتووی موسڵ دەتوانێ زەمینە و بوارخۆشکەری قۆناغ و فازێکی نوێی شەڕ و خوێنڕشتنی فیرقەیی و مەزهەبیی بێت.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئهردۆغان چ لە نێوخۆی سنوورەکانی تورکیە وچ لە سورییە و عێراقیش، بێجگە لە سەرکوت و کوشتار و شەڕ و خوێنڕشتن نهبێ، هیچ پەیامێکی دیکەی پێ نییە. سیاسەتەکانی ئهردۆغان لە نێوخۆی تورکیەدا بێجگەلە ڕسوایی و سەرشۆڕیی، هیچی دیكهی بەشوێنەوە نابێت. ئەگەر پشتیوانیکردن لە داعش بوو بە ڕسواییەکی نێونەتەوەیی بۆ ئهردۆغان، سازانی لەگەڵ دیکتاتۆڕیی خوێنڕێژی سورییە واته بەشار ئەسەد و جەختکردنەوە لەسەر لهناوبردنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرێتیی خەڵکی کوردستانی سورییە، داغی شەرمەزارییەکی دیکە دەبێت بە ناوچاوانی ئهردۆغانهوه. ههموو نیشانهكان و ڕهوتی ڕووداوهكان ئەوەمان پێ دهڵێن كه درێژەی پەیڕەوکردنی حکومەت نیزامیی لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی تورکییە، بەردەوامبوونی سەرکوتگەرییەکان لە ئاستێکی سەرتاسەری و ههروهها درێژەی لەشکرکێشی بۆسەر کوردستانی سورییە، دەرئەنجامێکیان بێجگە لە شکست و پاشەکشەیەکی سەرشۆڕانە بەشوێنەوە نابێت. دەوڵەتی تورکیە لە بەرانبەر ئیرادە و هاوپشتیی خەباتکارانەی خەڵکێکدا کە بڕیاریانداوە دیفاع لە ئازادیی و دەستەکەوتە ئینسانییەکانیان بکەن بەچۆکدا دێت.