کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تاوانی کوشتنی خەڵکی زاهیدان فەرامۆش ناکرێت

پشتیوانیی خەڵکی ئوستانی سیستان و بەلوچستان لە بزووتنەوەی سەرتاسەری خەڵکی ئێران، لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە غەڵتانی خوێن کرا.  ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەزبەر، خەڵکی زاهیدان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی تەمەن ١٥ ساڵی بەلووچ لەلایەن بەرپرسی پۆلیسی چابەهارەوە، هاوکات لەگەڵ ڕاپەڕینی سەرتاسەری، هاتنە سەر شەقام. ڕێپێوانی ئەوان دادخوازانە و ئاشتیانە بوو.  بەڵام هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە بنکەی پۆلیسی ١٦ی زاهیدان ئەو ڕێپێوانە ناڕەزایەتییەیان غەڵتانی خوێن کرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە چالاکانی ئەم ناوچەیە بڵاویان کردووەتەوە، لەم هێرشە جینایەتکارانەیەدا ٥٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسیش برینداربوون.

ئێران بە ژان و برکەوە دەناڵێ و  ڕۆژ نییە لە گۆشەیەکی ئەم وڵاتە تاوانێک ئەنجام نەدرێت. راپۆرتە بڵاوکراوەکان و وێنەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی شارەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە نیزامییەکان و هێزە تایبەتەکان بۆ هێنان و بردنی هێزە سەربازییەکان و گواستنەوەی دەستبەسەرکراوان بۆ بەندیخانە، ئوتۆمبێلی فریاکەوتن بەکاردەهێنن. لە بەشێک لەو وێنانەدا ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی ئەمبوڵانسیان لەسەرە، تابلۆی سەربازییان لەسەر داناون، یان تابلۆکانیان لێکراوەتەوە. لە چەند حاڵەتێکدا هێزە ئەمنییەکان لە ناو ئەمبولانسەوە تەقە لە خەڵکی ناڕازی دەکەن. وەزیری تەندروستی ئێران چوار ڕۆژ لەمەوبەر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەم شێوازە نامرۆڤانەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە زیاتر لەحەفتائەمبولانس لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لەناوچوون و ئەگەری زۆرە ئەم ژمارەیە زیاد بکات. رەنگە كۆماری ئیسلامی یەكێك بێت لەو بەدەگمەن حكومەتانەی جیهان كە بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەران ئەمبولانس و ئوتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە بۆ بڵاوەپێكردنی جەماوەر بەکاردەهێنێ و هەروەها لە جەڕسەقیل بۆ لەسێدارەدانی خەڵك و لە ئامێری بڕینەوەی ئاسن بۆ پەڕاندنی پەنجەی زیندانیان کەڵک وەردەگرێت، خەڵکی ناڕازی لە هەرچوار گۆشەی ئێران خوازیاری گۆڕینی ڕژیم و دابینکردنی ئازادی و دادپەروەرین

وەڵامی ڕژیم وەک چوار دەیەی ڕابردوو بریتییە لە تاوانی بەربڵاو لە کوردستان و سیستان و بەلوچستان و هەروەها سەرکوت و تیرۆری تووند لە باقی ناوچەکانی ئێران.  هه‌زاران كه‌س ده‌ستبەسەر و زیندانی كراون. بەجۆرێک کە زیندانەکانی ڕێژیم توانایی قبوڵکردنی هەزاران ناڕازی سیاسییان نەماوە و هەواڵەکان باس لە ئازادکردنی چەقۆکێش و بکوژان و سزادراوانی دادگا ئاساییەکان لە بەندیخانە و جێگرەوەیان بە خۆپیشاندەرانی سیاسی دەکەن.

بەڵام دۆخەکە لەوە گوزەراوە کە ئەم جۆرە کردارانە بتوانن ڕژیمی ئیسلامی لەو چارەنووسە حەتمییە ڕزگار بکەن کە چاوەڕێی دەکات. ماوەی سێ هەفتەیە کە خامنەیی و نیو ملیۆن مەلا و  فەقێ خۆیان لە خەڵک دەشارنەوە. بەرگریکار و وتەبێژانی حکومەت دەرناکەون و چیتر باس لە هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی ناکەن. تەوەری سەرەکی وتووێژەکانیان هاندان و بەخشینی ورەیە بە هێزە سەرکوتگەرەکان و پێیاندەڵێن کەحکومەت ناڕوخێت“.ڕێژه‌ی وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە ڕیزی هێزه‌ سه‌رکوتگه‌ره‌کان زیادی کردووه‌ و ورەیان له‌ به‌رامبه‌ر ئیرادەی لێبڕاوانەی جەماوەری ملیۆنیدا تا دێت لاوازتر و تووشی ڕاڕایی زیاتر ده‌بن.  درێژەی یەکڕیزی و خەباتی خەڵک، فراوانبوونی مانگرتنەکان و بەتایبەتی تەشەنە سەندنی بۆ ناوەندە کرێکارییەکان، فەرمانگە حکومییەکان و ناوەندەکانی پەروەردە، زەمینە و ئیمکانی ڕووخان و کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی فەراهەمکردووە.خەریکە لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئێران هەڵدەدرێتەوە. ڕۆژ و مانگە چارەنووس سازەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی لە پێشە. عەزم و ئیرادەی بەهێزی جەماوەر مژدەبەخشی ڕۆژانێکی باشترە بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و ئەمنییەت و ئاسوودەیی لەم کۆمەڵگایەدا.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-