کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بە یادی گیانبەختکردوانی کۆمەڵکوژی شەنگال

ڕۆژەکانی سێهەم تا هەشتەمی مانگی ئاگۆست بەرامبەر لەگەڵ دوازدە و هەژدەی گەلاوێژ ساڵیادی هێرشی هێزەکانی داعش بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی شەنگالە. هەشت ساڵ لەمەوبەر لەساڵی ٢٠١٤ لە یەکێک لە گەرمترین ڕۆژەکانی هاوینی ئەو ساڵەدا، هێزەکانی داعش هێرشیانکردە سەر ناوچەی شەنگال و لە ماوەیەکی کورتدا شاری شەنگال و گوندەکانی دەوروبەریان داگیرکرد. لە ئاکامی ئەو هێرشەدا، پتر لە حەوت هەزار کەس کوژران و نزیکەی پێنج هەزار ژن و کچی ئیزەدییان وەک کۆیلەی جنسی بە دیل گرت. بەمجۆرە پاش جینایەتی ناسراو بە ئەنفال لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە، پاکتاوێکی تر لە مێژووی سەردەمی ڕۆژهەڵاتی ناویندا لەدژی خەڵکی کورد بەڕێوە چوو.

کۆمەلکوژی ئیزەدییەکانی شەنگال گەلێک لێکەوتەی تریشی هەبوو. لە ئاکامی ئەو توندوتیژییانەدا دوو هەزار و حەوت سەد و ٤٥ منداڵ بێ دایک و باوک کەوتن. هەزار و حەوت سەد و پەنجا و نۆ کەس لەو منداڵانە باوکیان لەدەستدا و ٤٠٧ منداڵیش لە بوونی دایکیان بێبەش کران. بەشێوەیەکی گشتی ٣٥٩ کەس لە دایکان و باوکان و ٢٢٠ منداڵیش سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەکەیان لەدەستداوە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانیشۆڕای ناوەندی ئیزەدییەکانبەشێک لە بەدیلگیراوەکانی ئیزەدی هەتا ئێستاش لە عێراق و سووریان و ژومارەیەکیشیان ڕاگوێزی وڵاتەکانی تورکیا، عەرەبستانی سعوودی، قەتەر، لیبی و پاکستان کراون. تا ئێستا چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی ئیزەدییەکان لە عێراق دۆزراوەتەوە. هێرشی داعش بۆسەر شەنگال لە درێژەی داگیرکردنی شاری مووسڵدا بەڕێوەچوو. ئەرتەشی ژێر فەرمانی نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، شاری مووسڵیان پاش شەڕ و خۆڕاگرییەکی کەم و  ڕواڵەتی، بە چەک و جبەخانە زۆر و زەوەندە نیزامییەکەیەوە ڕادەستی داعش کرد و بەشوێن ئەوەشدا داعش ئاستی چاوەڕوانییەکانی نووری مالیکی تێپەڕاند و تا دەروازەکانی بەغداش پێشڕەویی کرد و دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە خاکی عێراقدا گرت. داعش لە مووسڵ چوار هەڵبژاردەی خستبووە بەردەم مەسیحییەکان، چۆڵکردنی شار، دانی باج و بەرتیل، تۆبە کردن و قەبووڵکردنی ئایینی ئیسلام، یان مردن. بەڵام داعش لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بڵاوی کردەوە دوو هەڵبژاردەی بۆ کوردە ئیزەدییەکان دیاریکرد، مردن یان قەبووڵکردنی ئایینی ئیسلام! بۆ ئەو گرووپە جینایەتکارە، خەڵکی کورد لەزومرەی مەترسیدارترینی ئەو دوژمنانە بوون کە یان دەبوو سەریان لە لاشەیان جیا بکرێتەوە، یان ناچار به قەبووڵکردنی ئایینی ئیسلامی داعشی بکرێن.

دوژمنایەتی کوێر کوێرانەی داعش لەگەڵ خەڵکی کورد، تەنيا لە ڕوانگەی ئیدئۆلۆژیکییەوە نەبوو، بەڵکوو هاوکات سیاسەت و پەیامێکیش بوو لە ناوچەکە کە دەیتوانی کۆماری ئیسلامی ئێران، حکوومەتی عەرەب و شیعە لە عێراق، تورکیا، سووریا، ناسیونالیسزمی تووندڕەوی عەرەبی، بەعسییەکان و پاشماوەکانی ڕژیمی سەدام حوسێن و عەشایەری دواکەوتووی دراوسێی کوردستان هانبدات بۆ سازش و سات و سەودا لەگەڵ داعش .داعش بە سەربڕینی دیلە کوردەکان، ئەو پەیامە سیاسییەشی دا بە حکوومەت و ڕەوتە جینایەتکارەکانی ناوچەکە کە دەتوانن داعش وەک ئەرتەشێکی بەکرێگیراو بەکار بێنن، تا ئەوەی کە خودی ئەو ڕژیمانە نەیانتوانیوە لەدژی خەڵکی کورد بیکەن و بەرێوەی بەرن، داعش بەڕێوەی ببات.

جەماوەری خەڵکی کوردستان لە ڕۆژئاوا دەستیاندایە خۆڕاگرییەکی کەم وێنە لەدژی خەلافەتی کۆنەپەرستی ئیسلامی داعش. خۆڕاگری سەربەرزانە لەبەرامبەر داعشدا کە لەلایەن ئەرتەشی تورکیاوە پشتیوانی لێدەکرا، لاپەڕەیەکی زێڕین بوو لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی جەماوەریی لە دژی کۆنەپەرستی و بەڕبەڕییەتی حکوومەتی تورکیا و خەلافەتی ئیسلامی. ئەم خۆڕاگری و بەرخۆدانەی کە لە کۆبانییەوە دەستی پێکرد و شکست و تێکشکاندنی هێزەکانی داعشی لە ڕەقە لێکەوتەوە، بە بەهای خوێنی پتر لە دوازدە هەزار ژن و پیاوی قارەمانی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو. شکستەکانی دواتری داعش لە عێراق بەوەسیلەی هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و پشتیوانیی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانان پاش وەدەرنانی داعش لە سووریا لەلایەن هێزەکانی ڕۆژئاوا ڕوویدا.

درووستبوون و تێکشکانی خەلافەتی ئیسلامی شام و عێراق، ئەگەرچی زەمەنێکی زۆری نەخایاند، بەڵام لەباری وەحشیگەری و تووندوتیژییەوە مێژوویەکی نەنگینە کە پشتیوانان و لایەنگرانی داعش لەوانە ئۆردۆغان و دەوڵەتی تورکیا دەبێت ڕۆژێک وڵامدەرەوە بن. خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە سووریا، بەرخۆدانێکی کەم وێنەیان لەخۆیان نیشاندا کە وەک شانازییەک بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان و هێزە چەپ و دێموکراتیکەکان لە مێژوودا بە زیندوویی دەمێنێتەوە .ئاشکرا کردن و لەقاودانی بەڵگەکانی پێوەندی داعش لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و کۆنەپەرستەکانی تری ناوچەکە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی کە تراژیدیای جینۆسایدی خەڵکی کوردستان چیتر دووپات نەبێتەوە. لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی خەڵکی شەنگالدا، ڕێز دەگرین لەیاد و بیرەوەری گیانبەختکردوانی ئەو جینایەتە و نەفرەت و بێزاری خۆمان لە داعش و پشتیوانە ناوچەییەکانی و لەسەرەوەی هەموویان دەوڵەتی ئۆردۆغان دەردەبڕین.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-