ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی مانگی جۆزەردان” بەبۆنەی هاتنی ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە، ڕێوڕەسمێکی شکۆدار لە مەقەڕی ناوەندی کۆمەڵە له گوندی زڕگوێز و به بەشداری ژومارەیەک لە کەسایەتی و دۆستان و لایەنگرانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ههروهها کادر و ئەندامان و هاوڕێیانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە سەرەتا بە خوێندنەوەی سروودی ئەنترناسیۆناڵ، سروودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار لەلایەن کۆڕی سروودی بانگەوازی کۆمەڵەوە دەستیپێکرد و دواتر بۆ رێزگرتن لە یادی ئازیزی سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێبازی ئازادی و سۆسیالیزم و بەرزڕاگرتنی یادی هاوڕێ “فەرهاد شەعبانی”، دەقیقەیەک بێدەنگی ڕاگەیەندرا، پاشان هاوڕێ “ژیان زولفەقاری” ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەو بۆنەیەوە وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. لەبەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، کۆڕی سروودی بانگەواز بە سروودی “ڕێی خهبات” ڕێوڕەسمەکەیان گەرم و گوڕتر کرد. هەروەها لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا پۆلێکی دیکە لە کۆڕان و کچانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز لە پەلی ٣١ی جۆزەردان، پاش تەواوکردنی سەرکەوتووانەی دەورەی سیاسیی- نیزامیی، کارت و چەکی پێشمەرگایەتییان لە بەرپرسانی ئامووزشگای کۆمەڵە وەرگرت و ڕەسمەن بەڕیزی پڕلە شانازی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە پەیوەست بوون. ڕێوڕەسمەکە پاش چەند کاتژمێر لەناو شادی و خۆشی بەشداربوواندا کۆتایی پێهات. جێگای ئاماژەیە کە ئەو ڕێوڕەسمە ئەم ئێوارەیە لە تەلەویزیۆنی کۆمەڵەوە بڵاو دەبێتەوە