ئەندامانی گرووپی شاخەوانی چیاکۆ بەسەر چیای “نیلکوی گالیکەشی” ئوستانی گۆڵستان سەرکەوتن و درووشمی “کۆڵبەر تاوانبار نییە، بۆ بژێوی ژیانی ناچارە کۆڵبەری بکات“یان لەسەر لووتکەی ئەو چیایە بەرز کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەندامانی ئەم گروپە شاخەوانییە ڕۆژی هەینی ٢٠ی مانگی جۆزەردان، بەسەر لووتکەی ئەو چیایەدا کە هەزار و ٣١٠ مەتر بەرزایی هەیە سەرکەوتن و وەک پاڵپشتیەک بۆ کۆڵبەران کۆمەڵێک پلاکاردیان بەرز کردەوە و وێنەکانیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردەوە. بە گوێرەی ئاماری ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز، تەنیا لە مانگی ڕابردوودا ٤ کۆڵبەر گیانی لە دەست داوە و ٢٥ کەسی دیکەیان بەهۆکاری جۆراوجۆر و بەتایبەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون.