کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شۆڕشی کرێکاریی ئۆکتۆبر

ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی مانگی نۆوامبر بەرابەره‌ لەگەل١٧ی خەزەڵوەر ساڵڕۆژی شۆڕشی کرێکاریی لە وڵاتی ڕووسییە. ٩٩ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چینی کرێکاری ڕووسییە به‌ ڕێبه‌ریی حیزبی بۆلشویك و لێنین لە وەها ڕۆژێکدا لە ڕاپەڕینێکی سەرکەوتووانەدا حکومەتێكی بوورژوایی ئەو وڵاتەی ڕووخاند و دەسەڵاتی سیاسیی بە دەستەوە گرت. کرێکارانی ڕووسیە دوای بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات ڕوو لە هاوزنجیرەکانیان لە سەرتاسەری جیهان لە ئاڵمان، فەڕانسە، ئینگلیس و باقی وڵاتان هاواریان کرد کە سەرکەوتنی ئۆکتۆبر سەرکەوتنی هەموومانە و وتیان كه‌ دەسەڵاتی چینی کرێکار لە ڕووسییە دەبێ سەرەتای دەستپێکردنی دەسەڵاتی ئەم چینە بێت لە باقی وڵاتانی سەرمایەداریدا.لە ڕاستشیدا شۆڕشی ئۆکتۆبر سەرکەوتنی نێونەتەوەیی چینی کرێکار بوو. ئەم شۆڕشە نەك هه‌ر سەرکەوتنی چینی کرێکار بەڵکوو مزگێنیدەری ڕزگاریی سەرجەم بێبەشان بوو. شۆڕشی کرێکاریی ڕووسییە لە هەمان ڕۆژی یەکەمدا بە فەرمان ئاشتیی خۆی، ڕێگه‌ی ڕزگاریی لە دۆزەخی شەڕی بەڕووی خەڵکی ڕووسییەدا کردەوە. حکومەتێكی کرێکاریی بەخێرایی موڵكایه‌تیی بەسەر زەویدا هەڵوەشاندەوە و موڵكایه‌تیی و دەوڵەت و کلیسای کردە مڵکی گشتیی و خستیە ئیختیار هەموو زەحمەتکێشانەوە. حاکمییەتی کرێکاران بەخێرایی یەکسانیی تەواوی مافەکانی ژنان و پیاوانی لە هەموو بوارە ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و بنەماڵەدا بەشێوەی یاسایی چەسپاند. مەزهەبی بەتەواوەتیی لە دەوڵەت جیاکردەوە و دەستی کلیسای لە کاروباری دەوڵەتیی و لەوانە دخاڵەتکردن لە ئاموزش و پەروەرشدا کورت کردەوە. حکومەتی کرێکاریی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی لە ڕووسیە دەستەبەر کرد. ئەم شۆڕشە و سیاسەتەکانی شۆڕشی چینی کرێکاری ڕووسیە کاریگەریی قووڵی لەسەر خەباتی ڕزگاریبەخشی گەلانی ژێر ستەم لە سەرتاسەری جیهان هەبوو.شۆڕشی کرێکاریی لە ساڵی ١٩١٧، چینی سەرمایەداری ڕووسییەی لەسه‌ر کورسی دەسەڵات کێشایە خوارێ و پایەکانی حکومەتی کرێکاریی لەم وڵاتە دامەزراند. پێشڕەویی چینی کرێکار و شۆڕشی کرێکاریی بەرەبەرە تەواوی ئێمپڕاتۆڕیی ڕووسیەی گرتەوە. بە کرانەوەی ئاسۆی سۆسیالیزم و دادپەروەریی ئابووریی، و دیمەنگای دابین بوونی یەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵوەشانەوەی ئیمتیازات و نایەکسانیە نەتەوەییەکان، یەکێتییەکی دڵخوازانە لە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی دانیشتووی نێو ئەم ئێمپڕاتۆڕییە شکڵی گرت و بەمجۆرە یەکێتیی سۆڤییەت پێکهات.844

دەوڵەتانی سەرمایەداریی و ئیمپڕیالیستیی جیهان لەو کاتەدا لەگەڵ ئەوەدا كه‌ هێشتا لەژێر باری لەتمە و سەدەمەکانی سەرچاوەگرتوو لە شەڕی یەکەمی جیهانیی پشتیان ڕاست نەکردبۆوە، ئەڕتەشەکانی خۆیان بۆ لەناوبردنی حکومەتی کرێکاریی بەکارهێنا. بەڵام هاوپشتیی نێونەتەوەیی چینی کرێکار لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەم وڵاتانەدا، هاوکات لەگەڵ خۆڕاگریی لێبڕاوانەی پارێزەرانی ڕاپەڕیوی شۆڕشی کرێکاریی لە شۆڕەوی، بەرەی کۆنەپەرستی ئه‌مپڕیالیستیی تێکشکا و بەمجۆرە حکومەتی کرێکاریی لە شۆڕەویی، لە نەبەردی ڕووبەڕوو لە گۆڕەپانی نیزامیی و سیاسیدا لەگەڵ سەرمایەداریی جیهانی سەربەرز و سەرکەوتوو هاتەدەر.

بەڵام حکومەتی ساوای شۆڕەوی میراتگری وێرانییەکانی شەڕێکی وێرانگەری ئه‌مپریالیستی، پیشەسازیی وێرانکراو، كشتوكاڵی خه‌ساردیتوو، قاتوقڕیی و برسێتیی سەرتاسەری و هەژاریی و فەلاکەتێکی غەیرە قابیلی وەسف بوو کە لە حکومەتی تێزاریی بۆی بەجێمابوو. ٣ ساڵی سەرەتای دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاریی، کرێکاران و زەحمەتکێشان بە تەحەمۆلکردنی گەلێک دژواریی کەموێنە، بە لەخۆبردوویی و هیوا بە ڕزگاریی، حکومەتی کرێکارییان لە قەیرانی مەرگ و ژیان ڕزگار کرد. خەبات بۆ بونیاتنانی ساختمانی سۆسیالیزم و بۆ بونیاتنانی ئابوورییەکی سۆسیالیستیی لە کۆمەڵگه‌ی شۆڕەویدا خرایە دەستوری کاری حێزبی بۆلشویک و دەوڵەتی کرێکارییەوە. قسەوباسێکی زۆر لەسەر ئۆلگووە ئابوورییەکانی سۆسیالیستی، شێوەی دەستوپەنجە نەرمکردن لەگەڵ خۆڕاگرییە شاراوەکانی دژه‌ شۆڕشی بوورژوازیی لە نێوخۆدا و گوشارە ئه‌مپریالیستییەکان لەسه‌ر ئاستی جیهانیدا هاتە ئاراوە. قسە و باسکردن لەسەر ڕێگه‌کانی بە سەنعەتیکردنی کۆمەڵگه‌ی ڕووسییە و چلۆنایەتی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لەکاتی پوچەڵکردنەوەی خۆڕاگریی جووتیارانی مۆڕەفەهدا، قسە و باسکردن له‌سه‌ر نەفسی ئیمکانپەزیربوونی بینای سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا، لە گرنگترین قسە و باسەکانی ئەو دەورەیە بوو.

لەم جەدەلانەدا بەداخەوە هیچکام لە باڵ و فڕاکسیۆنەکانی نێو حیزبی بۆلشویک نەیانتوانی تەکامۆلی شۆڕشی کرێکاریی و بونیاتنانی ئابوورییەکی سۆسیالیستیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار نوێنەرایەتیی بکەن و لە مەیدانی کرداری واقعیدا دەسەڵاتی سیاسیی بەدەستهاتوویان بە قیمەتی دووركه‌وتنه‌وه‌ لە ئاڕمانە سەرەتاییەکان پاراست. بەهۆی نەبوونی ئۆلگوی ڕیکخستنی ئابووریی سۆسیالیستیی ئەمجار، ئەوە بوورژوازیی برینداری ڕووسییە بوو کە ئیمکانی دەستەبەربوونی ئاواتە دێرینەکانی لە بەدەستەوەگرتنی سۆکانی حیزب و دەوڵەت و ناوەندەکانی شۆرشدا دەبینی. کاتێک دەوڵەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتوی کرێکاریی لە شۆڕەوی لە سازماندانی ئابووریی سۆسیالیستیی و شێوەی ڕێکخستنی ژیان لەم وڵاتە داما، ئەوە بوورژوازیی ڕووسییە بوو کە لە ناوەندە تازەکاندا ئەو زەرفییەتەی دۆزیبۆوە کە بەکارهێنانیان دەتوانێ بۆنبەستی خۆی بشکێنێ و ئاواتە دێرینەکانی واتە بونیاتنانی ڕووسییەیەکی پیشەسازیی و بەتوانا لە بەرانبەر زلهێزە سەرمایەدارییە ئیمپڕیالیستیەکانی ئەو سەردەمەدا بە ئه‌نجام بگەیەنێ. ناوبانگی سۆسیالیزم و ئیعتیبارە کۆمەڵایەتییەکەی، نفوزی حیزبی بۆلشویک کە بەرهەمی ڕێبەریی سەرکەوتووانەی شۆڕشێکی کرێکاریی بوو، بەگشتی بە لێهاتویی و لێزانییەوە خرایە خزمەت ناسیۆنالیزمی مەزنخوازی ڕووسییەوە.

باڵی حاکم لە حیزبی کۆمۆنیست، لە ساڵەکانی ناوەڕاستی سەدەی ٢٠دا، ئەو سیاسەتانەی کە دەورەیەک بۆ پاراستنی دەسەڵات لە دەستی چینی کرێکاردا وەک پاشەکشەیەکی کاتیی و ئاگاهانە بۆ ئامادەکاریی بۆ هێرشی دواتر باس دەکرا، تا ئاستی بنەماکان بەرز کردەوە، لەمه‌ فەزیلەتێکی هەتاهەتایی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات دروستکرد، بە جێگه‌ی بەدواداچوونی ئاڕمانی ڕزگاریبەخشی سۆسیالیستیی، هەڵوەشاندنەوەی موڵكایه‌تیی تایبه‌ت، هەڵوەشاندنەوەی کاری موزدی، پێکهێنانی ڕیفاهی ماددیی لە ژیانی خەڵکدا، بونیاتنانی کۆمەڵگه‌یەکی پێهاتوو لە ئینسانە ئازاد و یەکسان و دوور لە بێمافییەکان، سووکایەتیی و ستەم، بەکردەوە ژیاندنەوەی ڕواڵەتی نەتەوەی ڕووسیان لەسه‌ر ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی کردە ئامانجی خۆیان. هێزی کار و توانایی داهێنانی بە میلیۆن ئینسان، لەژێر ده‌سه‌ڵاتی سیستمێکی چڕكراوه‌ی دەوڵەتیدا بۆ پەیگیریی ئەم ڕسالەتە مێژووییەی بوورژوازیی ڕووسیە خرایەکار و لە ماوه‌ی ساڵەکانی دەیەی ٣٠دا لە حاڵێکدا کە دنیای سەرمایەداریی لە ڕۆژئاوا لە قۆزاخەی قەیرانێکی ئابووریی دژواردا گیری خواردبوو، یەکێتی سۆڤییەت خاوەنی بانترین ڕێژه‌ی گەشەی ئابووریی بوو، وە دێوه‌زمه‌یه‌كی بەهێزی پیشەسازیی نوێ لە سەروبه‌ندی شەڕی جیهانیی دووهەمدا بە گۆشت و پێست و خوێن و ئارەقی کرێکاران و زەحمەتکێشانی یەکێتی سۆڤیەته‌وه‌ پێی نایە گۆڕەپانی ڕقابەتە نێونەتەوەییەکانی سەرمایەدارییەوە.

بەڵام زەمانەتکردنی بەرەوپێشچوونی ئەم ڕەوتە زاڵمانە و سەرمایەدارانەیە، پێویستی بە شێوازێكی حکومەتیی و پێکهاتەیه‌كی سیاسیی جیاوز لەوە هه‌بوو كه‌ کرێکاران لە شۆڕشەکەیاندا چاوەڕوانی بوون. دیکتاتۆڕیی حیزب جێگای دیکتاتۆڕیی ته‌به‌قه‌ی گرتەوە و لە ناوخۆی حیزبیشدا ئەو باڵەی کە توانیبووی ڕەقیبەکانی لە حیزبدا سەرکوت بکات و لە مەیدان وەدەریان بنێ، وەک نوێنەری چینی کرێکار، خۆی لە کرداری دیکتاتۆڕیی بەسەر هەموو کۆمەڵگه‌دا‌ بە خاوەن ماف دەزانی و بەمجۆرە بۆ کپکردنی ده‌نگی ناڕەزایەتیی کرێکاران و خەڵکی ناڕازیی لە شۆڕەویی و لەئه‌نجامدا دابین بوونی ئەمنییەتی سەرمایەداریی دەوڵەتی لە بەدواداچوونی ئامانج و ئارەزوەکانیدا سیستمێکی دیکتاتۆڕیی و سەرکوتێکی بێڕەحمانەیان دامەزراند.

ئەگەرچی حکومەتی کرێکاریی لە یەکێتی سۆڤییەت سەرئەنجام شکستی خوارد، بەڵام ئەمڕۆ ٩٩ ساڵ دوای ئەم ڕووداوە، ئاڕمانەکانی ئەم شۆڕشە لە سەرتاسەری جیهاندا هێشتا هه‌ر زیندوون و دڵی جیهان بۆ شۆڕشێكی دیكه‌ی وه‌ك ئۆکتۆبر لێدەدات. بەو هیوایەی کە تەجره‌بەی ڕێكخستنی شوڕایی کرێکاران، وەک حەڕەکەتێکی ڕوولەگەشە و گشتگیر لەناو بزووتنەوەی کرێکاریدا بەردەوام بێت و چینی کرێکار بە پشت بەستن بە تەشەکولەکانی خۆی و لەبەرچاوگرتن و بەکارهێنانی دەرسەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبر، لە خەبات و هەوراز و نشێوەکانی بەردەمی، داخوازیی و مافە پێشێلکراوەکانی بە دەست بێنێت و سەرکەوتووانە و سەربەرز، ئامانجی ئینسانیی و ڕزگاریبەخشەکانی دەستەبەر بکات. ئێستا جێگه‌ و پێگه‌ی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و ڕادەی گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان نیشانی دەدەن کە بوار و بارودۆخی عەینی بۆ ڕوودانی شۆڕشی سۆسیالیستی و ڕزگاربوون لە دەست نیزامی ستەمگەری سەرمایەداریی، لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەیە. ئەو شته‌یکە فەراهەم نەبووە، بارودۆخی زەینییە. واتە نەبوونی ئامادەیی چینی کرێکار لەباری وشیاریی، تەشەکولیابی چینایەتیی و کۆنەبوونەوە لەده‌وری حیزبی سیاسیی خۆیاندا، واتە بارودۆخێک کە فەراهەمکردنه‌كه‌ی، لە گرەوی بەرەوپێشچوونی ئێستراتێژی سۆسیالیستیدایە.

بابەتی پەیوەندیدار

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

-

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-