شۆعبەی یەکی دادگای سنە، شەش هەڵسووڕاوی کرێکاریی و مەدەنیی بە زیندان مەحکووم کرد. لەم بێداگایەدا، مێهرداد سەبووریی بە یەکساڵ زیندان، شاهۆ سادقی بە ٣ مانگ، ئومید ئەحمەدی بە ساڵێک، ڕۆژین ئیبڕاهیمیی بە ساڵێک، ئارام محەممەدی بە ٣ مانگ و دڵنیا سەبوریش بە ساڵێک زیندان مەحکوم کراون.تۆمهتی ئەم کەسانە بەشداریکردن بووە لە مەڕاسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار. مەحکومکراوەکان لە دانیشتنی دادگادا ڕایانگەیاندبوو کە بەشداریی لە مەڕاسمی یەکی مەی “ڕۆژی جیهانیی کرێکار”، یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی چینی کرێکارە. ئەوان دیفاعیان لە بەشداریی خۆیان لە مەڕاسمی سەربەخۆی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە ساڵی ١٣٩٥دا کردبوو.لە هەواڵێکی دیکەدا، ڕۆژی ٢٤ ی مانگی ڕەزبەر، حوکمی شۆعبەی یەکی دادگای ئینقلابی ساوە سەبارەت بە جەعفەر عەزیمزادە و شاپور ئێحسانی ڕاد بە وەکیلەکانیان ڕاگەیەندراوە. بە پێی ئەم حوکمە، ئەم دوو ئەندامەی هەیئەت مودیرەی ئێتحادییهی ئازادی کرێکارانی ئێران، لەبەر پێکهێنانی ئەم یەکێتییە و بەڕێوەبردنی، بە ١٠ ساڵ زیندان و به تۆمهتی فەعالییەت لەدژی کۆماری ئیسلامیی بە ساڵێک و سهرجهم هەرکامەیان بە ١١ ساڵ زیندان مەحکوم کراون. هەروەها لە هەواڵی ڕۆژەکانی ڕابردوودا هاتووە کە: شۆعبەی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی ئۆستانی تاران، حوکمی ٦ ساڵ زیندانی ” ئیسماعیل عەبدی” دەبیری کانوونی سێنفی مۆعەلیمانی ئێرانی تەئید کردووە.ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەم نموونانە لەپاڵ دەیان حاڵەتی دیكهدا لە هەڵسوکەوتی سەرکوتگەرانەی ڕژیم پیشانی ئەدات کە کۆماری ئیسلامیی لە درێژهی ڕهوتی دژایەتیكردنی چینی کرێکاردا، ئهمجار به ئیستلاح شمشیری لە کالان دەرکێشاوە. گرتن و زیندانیکردنی کرێکارانی تێکۆشەر لە پاڵ هەوڵدان بۆ گۆڕینی یاسای کار كه ئهمجاریش ههر بە زیانی کرێکارانه، لەپاڵ هەوڵدان بۆ هاندانی سەرمایەگوزارانی نێوخۆیی و دەرەکیی بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی کاری هەرزان لە ئێراندایە کە وێنای سیاسەتە دژه کرێکارییەکانی ڕژیم کامڵ دەکات. بەڵام کرێکاران بە حوکمی بارودۆخی عەینی ژیانیانهوه هیچ ڕێگهیەکیان نییە بێجگە لەوەیکە لە ئاست ئەم سیاسەتانەی ڕژیمدا بوەستنەوە و سینگیان بکەنە سپەڕ. ئەگەر ڕژیم بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی چینی سەرمایەدار و مانەوەی خۆی، ئامرازی پێویستی بۆخۆی دابین کردووە، کرێکارانیش لەم نەبەردە حەیاتییەدا پێویستیان بە ئامرازەکانی تایبەت بە خۆیان هەیە. کرێکاران بە هاوپشتیی چێنایەتیی، بە وشیاریی سەبارەت بە بەرژەوەندهکانی ئەمڕۆ و سبەی خۆیان، پێویستیان بە تەشەکولی سێنفی و سیاسیی خۆیان، بە ڕێبەرانی جێ متمانە و کارلێهاتووی خۆیان، بە دەرس وەرگرتن لە ڕابردووی خۆیان و ئەزموونی خەباتی جیهانیی ئەم چینە هەیە. بەڵام چینی کرێکار لەم بوارەدا لە سەرەتای ڕێگهدا نییە و ههتا ئێستا بەشێک لەم مەسیرەی پێواوە. چینی کرێکاری ئێران لە ئاستێکی بەریندا ماف و داواکارییە سەرەتاییەکانی دەناسێت و لە مەیدانە جۆراوجۆرەکاندا بۆ دەستەبەرکردنیان خەبات دەکات. پێویستە تەشەکۆل و هاوپشتیی ببێتە هۆی وشیاربوونەوەی بەشێک لە چینی کرێکار و گەرا سەرەتاییەکانی تەشەکولە چینایەتییەکانی کرێکاران لە ناخی دیکتاتۆڕیی و سەرکوتی حاکمدا شکڵیان گرتووە. ئەو گەرایانەی کە لەگەڵ هەڵکردنی هەر شنەبایهكی ئازادیی و گۆڕانی هاوسەنگیی هێزدا، بە زیانی دوژمن، بە خێرایی گەشە دەکەن و پەرە دەستێنن. ژمارەیەک لە ڕێبەرانی کارامه، شێلگیر و جهسووری لە ڕیزی کرێکاراندا پەروەردە بوون. سۆسیالیزم بووهتە یەکێک لە گهرایشە واقعییەکانی نێو كۆڕ و كۆمهڵی کرێکارانی پێشڕەو. گشت ئەمانە توێشووی ڕێگهیەکن کە ئەم چینە دەستەبەری کردوون و بهم ئامرازانه، ڕێگهی پێشڕهوییهكانی داهاتووی خۆی پێ ههموار دەکات.
ئەگەر کۆماری ئیسلامیی بهوردیی سەرچاوەکانی هەڵچوونی قین و توڕەیی خەڵکی دۆزیوەتەوە و هێرشەکانی بۆسەر ئەم سەرچاوانە چڕ کردووهتەوە، ئەم ڕاستییە هاوكات بۆ جەماوەری کرێکاران و ههروهها بۆ هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانیش جێی دەرس و ئهزموون لێوهرگرتنن. ئەوان لە سهر و سیمای تۆقیو و پڕ له ترسی ئەمڕۆی دوژمنیشهوه دەتوانن توانای بە ڕواڵەت شاراوەی هێزی ئاڵوگۆڕپێكهێنهری ب سبەی ڕۆژی خۆیان ببیننهوه. دوژمنێک کە ئەمڕۆ لە ئاکسیۆنی ژمارەیەکی کەم لە کرێکاران و ئهویش بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە شارێکی چکۆلە تۆقیوه و ئەحکامی زیندان لەدژیان دەردەکات، لەڕووی نەزانییەوە نییە، بەڵکوو بههۆی ناسینی زەرفییەتی بێلقووەی پەرەگرتنی خێرای ئەم جۆگه و ڕووبارانهیه کە ئهگهر ڕێی یهكگرتنیان لێ نهگیرێت، دەبنە ڕووبارێکی خرۆشاو و بناغەهەڵتەکێن. بەڵام سهرهڕای ئاگاداربوون لەم ڕاستییە، هەڵەی کۆماری ئیسلامیی هاوكات نەزان کارییەکی تێکرارییه بهدرێژایی مێژوو. ئەزموونی حەیاتی تێكڕای دیکتاتۆڕەکانی جیهان نیشانیداوە کە ئەم دێوه سەرئەنجام لە قەفەز دێتهدهر و ڕێگه نادات کە جیهان ههتاسەر بە ئارەزووی زۆروێژان و چەوسێنەران بگهڕێت.
بەڵام هەر لەمڕۆوە نابێ دەست لەسەر دەست دابنێین و هەڵسووڕاوانی کرێکاریی و تێکۆشەرانی چالاکییە مەدەنییە بەندکراوهكانی ناو زیندانهكانی ڕژیم بە تەنیا بهێڵینەوە. هێرش بۆسەر شەریفترینی ئەو مرۆڤه هەڵکەوتانەی کە ئەمنییەت و ئاسایش و تەنانەت گیانی خۆیان کردووهتە فیدای بەرژەوەند و ڕزگاریی چینەکەیان و ههروهها مافه سەرەتاییەکانی ههموو مرۆڤێكی ئهم کۆمەڵگهیه، نابێ بێ وڵام بمێنێتەوە. بەهەر وەسیلە و ئامرازێكی مومکین دەبێ ببینە پشتیوانی کرێکاران و هەڵسووڕاوانی سیاسیی و مەدەنیی بهندكراو. ئەوە تەنها بنەماڵەی بهندكراوانی سیاسیی و هەڵسووڕاوانی کرێکاریی و مەدەنیی بەندکراو نین کە دهبێ لەبەر دهرگای زیندانەکاندا کۆببنهوه و بانگی داکۆکیکردن لە ئازیزەکانیان بەرز بکەنەوە، بهڵكوو ئەم کۆبوونەوانە دەبێ هەرچی زیاتر بەرین بکرێنەوە. بنەماڵەی کرێکارانی بهندكراو لەم بارودۆخە دژوارەدا لە باری ڕهوانیی و ماددییەوە نابێ بەتەنیا بمێننەوە. خەباتکارانی سیاسیی دەرەوەی وڵات، ئەوانەیکە خوازیاری ئازادیی و دادپەروەریی و ژیانێکی باشترن بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە، بهدهر لە گهرایش و مهیلی سیاسییان، دەبێ لەم ڕۆژانەدا قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵن و بە ئاکسیۆنی پڕ شوور و پڕ ئهژمارەی خۆیان، تەپڵی ڕسوایی ڕژیمی ئیسلامیی لە هەموو جێگهیەک لێبدەن. سەندیکا و ناوەندە کرێکارییەکانی وڵاتانی جۆراوجۆر لەو چهرمهسهری و جهزرهبهیهی كه لە ئێران بەسەر ئەم بەندکراوانەدا دێت، ئاگادار بکرێنهوه و لەم ڕێگهیەوە بۆ ئازادکردنیان ڕژیمی ئیسلامیی بخەنە ژێر گوشارەوە.