کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ خەبات لەدژی ئیعتیاد لە ئێران، دەبێ لەگەڵ هەژاری و بێکاریدا بەشەڕ بێیت

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی دەوڵەتی “ئیلنا” لە زمان فەرماندەیی هێزی ئینتیزامیەوە لە ئوستانی سیستان و بەلوچستان، دوێنێ نزیکەی ٧ تۆن مادەی هۆشبەر لە جۆری جیاواز لە سنورەکانی ئێران و پاکستان لە قاچاخچیەکان گیراوە. تەقریبەن رۆژ نییە کە هەواڵێکی لەم بابەتە لە ڕاگەیەنەرەکانی ئێراندا بڵاو نەبێتەوە. لەپاڵ بڵاو بوونەوەی ئەم جۆرە هەواڵەشدا رۆژ نییە کە شاهیدی بەڕێوەچوونی سمینار و جەلەساتی جۆراوجۆر نەبین کە تێیاندا مەعمولەن بەپرسانی ڕژیم باس لە پێشڕەفتە درەوشاوەکانیان لە بواری خەبات لەدژی مادەی هۆشبەر دەکەن. ئەو قسانەی کە لەم جۆرە جەلەسانەدا دەکرێن، جاری وایە بەبێ هیچ چەشنە روون کردنەوە و لێکدانەوەیەک خۆی لە خۆیدا لە قاو دەرانەن. وەک نمونە یەکێک لە فەرماندەکانی ڕژیم لە ئوستانی گیلان باسی لە کارنامەی ئەرێنی خۆی لەم بوارەدا دەکات و بەپێی ڕاپۆرتی ئیلنا لە جەلەسەی بەرپرسانی ئوستاندا وتویەتی کە: “لە دەورەی کاری ئەو لەم پۆستەدا مامناوەندی تەمەنی گیرۆدە بوون به مادەی هۆشبەر دابەزیوە بۆ تەمەنی ١٢ ساڵی.” بیهێننە پێش چاوی خۆتان کە چەند کەس لەمنداڵانی ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی ئەم ئاغای فەرماندارە دەبێ لە تەمەنی کەم تر لە ١٢ ساڵیدا گیرۆدە بووبێتن کە مامناوەندی تەمەنی گیرۆدە بوون گەیشتۆتە ١٢ ساڵی؟ ئەم ئاغای فەرماندە باس لە ئەزموونی خۆی لەم بوارەدا دەکات و دەڵێ، ئەم “دەستکەوتە”ی لە ڕێگای بەرز کردنەوەی ئاستی ئاموزشەوە بەدەستی هێناوە. هەر لەم بوارەدا ئوستانداری لوڕستان باس لە کەشفەکانی لە بواری “ڕەسەد کردنی ئاڵوگۆڕەکان” دەکات و دەڵێ: لەم ئوستانەدا کە لە ڕوانگەی ناوبراوەوە یەکێک لە ئوستانە مەسەلەدارەکانی وڵاتە و “بە پێی ئامارەکان لەباری گیرۆدە بوونەوە لە دۆخێکی باشدا نییە، گیرۆدە بوون لە مادەی هۆشبەری سوننەتیەوە بۆ سەنعەتی و لە کەسانی بە تەمەنەوە بۆ لاوان و لە پیاوانەوە بۆ ژنان، گوازراوەتەوە.”

نە ئەو ئامارانەی ئیدیعا دەکرێت سەبارەت بە دۆزینەوە و دەست بەسەرا گرتنی مادەی هۆشبەر و نە قسەی بەناو کارناسانەی لە چەشنی ئەوەی کە لە ڕاپۆرتەکانی دوێنێی ئیلنادا بڵاو بوونەتەوە، هیچکامیان ئاڵوگۆڕێک بەسەر ڕاستی پەرەسەندنی ئەم خەسارە پڕ ئازارە کۆمەڵایەتیەیان لە ئێراندا نەبووە. لەمرۆدا پەرەسەندی دیاردەی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر بۆتە یەکێک لە گرنگ ترین کێشەکانی کۆمەڵگە و بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە. بە پێی ڕاپۆرتێکی بەشی پزیشکی قانونی تاران رۆژانە ٨ کەس بە هۆی خراپ بەکار هێنانی مادەی هٶشبەر گیان لە دەست ئەدەن. سەرۆکی بەشی ژەهر شناسی پزیشکی قانونی تاران ماوەیەک لەوە پێش بە ئاماژە بەم گرفتە کۆمەڵایەتیە ڕایگەیاند: “لە توێژینەوەیەکدا کە لە ماوەی ئەم ٤ تا ٥ ساڵەی دواییدا ئەنجام دراوە، مەرگی سەرچاوە گرتوو لە بەکارهێنانی داروی موخەدر ٤٠ بەرابەر زیاتر بووە.”

پرسیار ئەوەیە کە بۆچی لە لایەکەوە توند بوونەوەی سزای قاچاخچیەکان، و ” دۆزینەوە و دەست بەسەردا گرتنه” کانی رۆژانە، نە تەنیا نەبوونەتە کەم بوونەوەی باندەکانی بەرهەمهێنان و بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر بەڵکوو رۆژ لەگەڵ رۆژیش بە ژمارەیانەوە زیاد دەبێت. لە لایەکی دیکەوە بۆچی چارەسەرەکانی بەرپرسانی ڕژیم لە بواری خەبات لەدژی گیرۆدەبوون بە هیچ کوێ ناگات و بەردەوام بە ئاماری گیرۆدە بوانەوە زیاد ئەبێت؟ وڵامی هەردوو پرسیارەکە روونە. لەبەر ئەوەی، لە لایەکەوە سەری گەلێک لە باندەکانی قاچاخی مادەی هۆشبەر بە دەزگا ئەمنیەتی و نیزامیەکان واتە بە سپای پاسداران و وەزاڕەتی ئیتلاعاتەوە بەستراونەتەوە و لە لایەکی دیکەوە پەرەسەندنی ئیعتیاد لەو موسیبەتانەیە کە ڕیشەی لە نا ئەمنی پیشەیی، نا روون بوونی داهاتوو، هەژاری و بێکاری، سوکایەتی، لێک هەڵوەشانی بنەماڵەکان و دواهاتەکانی و ئەو ئاسەوارە ڕەوانیەی لەو هۆکارانەی سەرەوە دەکەوێتەوە دایە.

بە گشتی کرداری ڕژیم لە هەردوو بوارەکەدا، بۆتە هۆی ئەوەیکە ئێران بە نیسبەت جەمعیەتی، زۆر ترین ژمارەی گیرۆدەبوانی مادە هۆشبەرەکانی لە دنیادا هەبێت. دەوڵەتی روحانی بۆ داپۆشینی ئەم ڕیسواییە هەمیشە ئاماری ناڕاست لە قوربانیانی مادەی هۆشبەر ئەداتە گۆمەڵگا. لە حاڵێکدا کە وەزیری نێوخۆی دەوڵەتی روحانی باس لە دەرگیربوونی ٦ ملیۆن ئێرانی بە گرفتی ئیعتیادەوە دەکات، سەرچاوە نا حکومیەکان ئاماری گیرۆدەبوان گەلێک زیاتر لەو ڕەقەمە ڕاگەیاندووە. بەڵام درۆکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تەنیا تایبەت بە دانی ئاماری نا ڕاست نییە. ئەوان سەبارەت بە هۆکار و عەواملی گیرۆدە بوونیش بابەتی بێ نرخ و نا زانستی تەحویلی خەڵک ئەدەن. ڕەوابتی عومومی ستادی خەبات لەدژی مادەی هۆشبەر “کونجکاوی لاوان، چیژ، نەخۆشییە ڕەوانیەکان و ئارەزوی تەفریح و سەرگەرمییان” وەک سەرەکی ترین هۆکاری مەسرەفی مادەی هۆشبەر ناو بردووە، تا ڕای گشتی لە ناسینی هۆکارە سەرەکیەکانی پەرە گرتنی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر بە لاڕێدا بەرێ.

گیرۆدە بوون موسیبەتێکە کە زیاتر بەرۆکی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی گرتووە. کەوایە خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاری ئەم چینە دەبێ زۆر ترین دەوریان لە خەبات لەگەڵ ئەم موسیبەتەدا هەبێت. خەبات لەگەڵ گیرۆدە بوون ڕێگا چارەی تاکەکەسی نییە و بۆ بەرەنگار بوونەوەی دەبێ شەڕ لەگەڵ ڕیشە کۆمەڵایەتیەکانی واتە هەژاری و بێکاریدا بکرێت. شان بەشانی ئەم خەباتە دەکرێ گەلێک شێوازی کاریگەر بۆ کەم کردنەوەی ئەم گرفتە کۆمەڵایەتیەش بخرێتە دەستوری کارەوە. پێکهێنانی ستاد و ناوەندە خەڵکی و جەماوەری و مەدەنیەکانی خەبات لەدژی مادەی هۆشبەر لە گەڕەکی شارەکان یەکێک لەم شێوازانەیە. هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ئینسانە تێکۆشەر و ئازادی خوازەکان دەتوانن بە هەوڵدان بۆ دروست کردنی ناوەند و ڕێکخراوی جەماوەری لە خەبات لەدژی مەترسی پەرە گرتنی مادەی هۆشبەردا، دەور و نەخشی گرنگ و بەرچاویان هەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-