هەواڵی خۆکوشتنی یەکێک لە تێرۆریستەکانی داعش ڕۆژی شەممە ٢١ی مانگی ڕەزبەر لە زیندانێک لە ئاڵمان بوو بە سەردێڕی ڕاگەیەنەرەکانی سه‌رتاسه‌ری جیهان. “جابێره‌لبه‌كر” لاوێکی ٢٢ ساڵ ته‌مه‌نی خەڵکی سوورییە کە داعش بە ئامانجی ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستیی، ساڵی ٢٠١٥ ڕەوانەی ئاڵمانی کردبوو، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی مانگی ڕەزبەر لە لایەن ٣ کەس لە هاوڕێكانیه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و ڕاده‌ستی پۆلیسی ئەم وڵاتە كرا. ئەم کەسە کە گۆیا لە هەوڵی عەمەلیاتی تێرۆریستی‌دا بوو، سەرەڕای چاودێرییەکی تایبەت کە لە زینداندا لەسەری بووە، خۆی هەڵواسیو و پۆلیسی ئاڵمانیش نەیتوانی زانیارییەکی ئەوتۆی لێ بەدەست بێنێ.بەڵام ئەوە تەنها داعش نییە کە لە دیاردەی کۆچبەریی جەماوەریی به ئاراسته‌ی ئامانجە تێرۆریستییەکانیدا کەڵک وەردەگرێت. ڕژیمە ئیسلامییەکانی ئێران، تورکییە و عەڕەبستانی سعودیی کە لە ڕوانگەی ڕای گشتیی خەڵکی جیهاندا دزێو و بێزراون و وەک دەوڵەتانی پشتیوانی تێرۆریزم دەناسرێن، لە وڵاتانی ئۆروپاییشدا هەوڵ ئەدەن كه لە دیاردەی ئاوارەیی و هه‌بوونی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران به ئاراسته‌ی بەرەوپێشبردنی سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانیان کەڵک وەربگرن. ئەوان له‌ڕێگه‌ی ته‌رخانكردنی هەزینەی زۆر و زەوبه‌ند، لە هەوڵی پەرەدان بە تێرۆریزم و باج و ئیمتیاز ئەستاندن لەو ڕێگه‌یەوەن. هه‌ر بۆیه بە فەراهەم کردنی ئیمکانات و هه‌ناردنی ژمارەیەکی زۆر لە ده‌ستوپێوه‌نده‌كانیان بۆ نێو ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامیەکان، هەوڵ ئەدەن ئاوارەکان به‌ره‌ولای خۆیان ڕابکێشن. هەوڵی عەڕەبستانی سعودیی و ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ دروستکردنی مزگەوت و حوسەینییە، وەک پێگەیەک بۆ ڕەواجدانی خوڕافە و په‌روه‌رده‌كردنی سیخوڕ لە شارەکانی ئۆرووپا و ئامریکادا و وەڕێخستنی دەستەی عەزاداریش لە خزمەت ئەم سیاسەتەدایە. ئەمەش خۆی کێشە و ئاستەنگەکانی پەنابەرانی دوو هێندە زیاد کردووە و هه‌ستی بێزاربوون لە پەنابەرانی لە نێو خەڵکی ئاسایی ئەم وڵاتانەشدا پەرە پێداوە.کرداری ئەم ڕژیمه جەنایەتکارانە بە ڕەوتە ڕەگەزپەرست و ڕاسیستەکانی ئۆرووپا كه له‌سه‌ر به‌ستێنی قه‌یرانی سه‌رمایه‌داریی جموجۆڵێكی تازه‌شیان تێكه‌وتووه، ئیمكان و بواری ئه‌وه‌ی داوە، هه‌تا له‌ڕێگه‌ی وەڕێخستنی تەبلیغات لەدژی پەنابەران، بە بیانووی په‌ره‌سه‌ندنی نائەمنیی سەرچاوە گرتوو لە نفوز و په‌ره‌گرتنی ئیسلام و تیرۆریزمی ئیسلامیی، خه‌ڵكی ناوشیار زیاتر له جاران له‌دژی په‌نابه‌ران هه‌ڵخڕێنن. ڕه‌وت و جه‌ریاناتی ڕاست و ڕەگەزپەره‌ست هه‌تا ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی ئۆروپاییدا به‌رامبه‌ر بەم سیاسەتە دژه مرۆییه، بەشێک لە ئامانجەکانی خۆیان دەستەبەر کردووە و دەنگ و ڕای هه‌ندێ خەڵکیان بەقازانجی خۆیان گۆڕیوە. له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م بارودۆخه‌شدا، ئەحزابی ڕاست، فاشیست و ڕاسیسیت کە پێشتر ژمارەیان گەلێک کەم بوو، لە ئێستادا بە دەنگێکی زۆرەوە تەنانەت چوونەتە په‌رله‌مان و هەوڵ ئەدەن کە په‌رله‌مانیش له‌گه‌ڵ سیاسەتە دژه مرۆییه‌كانیان هاوڕا بكه‌ن. له‌وه‌ش واوه‌تر، لە چەندین هێرشی ڕاستەوخۆدا بۆسەر پەنابەران، بوونەتە هۆی کوشتن و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لەوان و خێوەت یاخود كه‌مپ و شوێنی نیشته‌جێ بوونیان لێ ئاگر داون.
هەڵبەت دەبێ ئه‌وه‌ش وه‌بیر بهێنینه‌وه کە ویژدانە زیندوو و مرۆڤه شەریف و ئازادیخوازەکانی لایەنگر و پشتیوانی مافەکانی مرۆڤ و گەلێک ڕه‌وت و لایه‌نی یارمەتیدەریش هەن کە بە ئامێزی کراوە، خوازیاری وه‌رگیرانی پەنابەرانن و یارمەتییان دەدەن. بەڵام ئه‌وه تەنها دەوڵەتانی کۆنەپەره‌ستی ناوچەکە و تاقم و ده‌سته تێرۆریستە ئیسلامییەکان نین کە هەڕەشە لە ژیانی ئاوارەکان_ تەنانەت لە ئۆرووپاش_ دەکەن. دەوڵەتانی سەرمایەداریی ڕۆژئاواییش بە داخستنی سنوورەکانیان بەڕووی ئاوارەکانی شەڕ و بەرگرتن لە ڕۆیشتنیان بۆ وڵاتانی ئۆرووپایی، ژانەسەرێکی زۆریان بۆ درووست ده‌كه‌ن. ئەم دەوڵەتانە ئاوارەکان ناچار دەکەن هه‌تا سه‌ره‌ڕای نەبوونی ئیمکانات و شارەزانەبوونی مەسیرەکان، ماوەیەکی زۆر لە پشت سنووری ئه‌م وڵاتانه‌دا بمێننەوە،یان ئەگەر ئیمکان و بواری داراییان مابێت، بۆ ڕزگاربوونیان دەستەوداوێنی باندەکانی مافیای ئینسان ده‌بن.
ئەم ئینسانە ئازارچەشتووانە تەنانەت ئەگەر بچنە نێو وڵاتێکی ئۆرووپایی ڕۆژئاواییشەوە، بەرەوڕووی بەرخورد و هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌شیاو و نامرۆڤانەی ئەوان دەبنەوە. دەوڵەتانی ئۆرووپایی وەک فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، دانمارک و گەلێک وڵاتی دیكه، ئەگەر په‌نابه‌رێكی زۆریش قەبوڵ بکەن، کەمترین ئیمکاناتی ژیان و بێهداشتیان دەنێنە ئیختیار، زۆر درەنگ بە پەروەندەکانیان ڕادەگەن و بەردەوام لەگەڵ هەڕەشەی دەرکران و لە باشترین حاڵەتدا له‌گه‌ڵ دانی ئیقامەتی کاتیی بەرەوڕوو دەبنەوە. هەڵبەت هه‌تا ئێستا هەرکام لە وڵاتانی ئۆرووپایی، ژمارەیەک لە پەنابەرانیان دەرکردووە و لە هەوڵدان هه‌تا بەسەدان هەزار کەسی دیكه‌ش دەربکەن و بە توندیی خەریکی پەسندکردنی کۆمەڵێک یاسان کە دەرکردنی پەنابەران هاسانتر ده‌كاته‌وه. ماوه‌ی شەش ساڵە کە ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بە هۆی ئەو شه‌ڕ و ململانێیه‌وه کە دەوڵەتانی سەرمایەداریی لەم ناوچه‌یه بۆ دەستەبەرکردنی به‌رژه‌وه‌ند و قازانجی زیاتر و پەرەدان بە ناوچەی ژێر نفوزیان، بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتانەیاندا سەپاندووە، لە ئاگردا دەسووتێ. زلهێزە سەرمایەدارییەکان و دەوڵەتانی دیكتاتۆر و کۆنەپەرستی ناوچەکەش، بە یارمەتیی ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی دەستپەروەردەی خۆیان، ئاگری ئەم شەڕانەیان بڵێسەدارتر کردووە. ئەم دەوڵەته‌دژه مرۆیانه،بۆ سەرکوت و بەلاڕێدابردنی ئاخێز و خەباتی جەماوەریی خەڵک و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتییان لەدژی بێکاریی، هەژاریی و برسێتیی، هەرکامە و لەگەڵ چەند تاقم و ده‌سته‌ی تێرۆریستی ئیسلامی‌دا، لە لیستی یەکێک لە هاوپه‌یمانێتییه نێونەتەوەییەکاندان و به‌ربوونه‌ته گیانی خەڵک.
حاسڵ و بەرهەمی ئەم شەڕ و ململانێیانه، هه‌تا ئێستا، به‌کوشتدانی سەدان هەزار کەس، وێرانیی بە تەواوەتی زۆربەی شار و گونده‌كان و ئاوارە بوونی بە میلیۆن ئینسان بووە. ئەو ئاوارانەی کە لەبەر پاراستنی گیانی خۆیان و منداڵەکانیان و ڕزگاربوون لە دۆزەخێک کە دەوڵەتانی سەرمایەداریی و تاقم و ده‌سته تیرۆریستە ئیسلامییەکان بۆیان بەدیهێناون، ماڵ و حاڵیان جێهێشتوە و خۆیان به ئاو و ئاگر داداوه، هه‌تا به‌شكوو بگەنە وڵاتێکی ئۆرووپایی و لەوێ شوێنێکی ئەمن و ئارام بۆ درێژه‌ی ژیان بدۆزنەوە. بەڵام ڕەنج و ئازاری ئەم ئینسانە ئازارچەشتووانە، تەنانەت ئەگەر شانسیان هەبێت و نەبنە خۆراکی قاچاغچی و ئاوی دەریاکان، لە وڵاتانی ئۆرووپاییشدا کۆتایی بۆ نییە.
لانیکەم لە ماوه‌ی سەد ساڵی ڕابردوودا نەوەکانی ئەم دەورەیە خۆیان شایه‌تی بەرپا بوونی شەڕ، خوێنڕشتن، کوشتار و ئەو وێرانییانە بوون کە دەوڵەتانی ئه‌مپریالیستیی، ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ لە جیهاندا خستوویانەتەڕێ. لە ویێتنام و وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە هه‌تا وڵاتانی ئامریکای لاتین، لە باڵکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هه‌تا وڵاتانی ئافریقایی، لەمرۆدا ئەم ڕاستییە لە هەمیشە ئاشکراترە کە نیزامی سەرمایەداریی، سەبەبکاری هەموو ئەو شه‌ڕ و ئاڵۆزی و نائەمنییانە و وەڕێخستنی شەڕ و کوشتارەکان بووە. هه‌ر بۆیه هه‌تا ئەم نیزامە به‌سه‌ر جیهاندا حاکم بێت، چارەنووسی ئینسانەکانیش لەوە باشتر نابێت، كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیی و لە سەرووشیانەوە چینی کرێکار، تەنها بە خەباتی وشیارانە و ڕێکخراویانه كه دەتوانن ئەم نیزامە زاڵمانەیە لە دەستبەسەرداگرتنی گیان و ماڵی خەڵکدا ناچار بە پاشەکشە بکەن و سەرئەنجام له‌گۆڕی بنێن.