کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بژی بزوتنەوەی ڕزگاری ژنان بۆ ئازادی و بەرابەری

 

 

ژنانی ئێران لە ماوەی ئەم ٣ دەیەی دوایی لەپاڵ چینی کرێکاردا زۆرترین چەرمەسری و ئازاریان بەدەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە چەشتوە. یەکەم هێرشی دژی شۆڕشی لە ساڵی ١٣٥٧ بۆسەر ڕیزی ژنان سازمان درا. یەکەم گۆپاڵبەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی چوونە جەستەی ژنانی ناڕازی کە بوێرانە لە بەرانبەر بە خانەنشین کردنی ژنان و داسەپاندنی حیجابی ئیجباری شەقامەکانیان کردبووە گۆڕەپانی خەباتێکی پڕ شور. ئەگەر بۆ دژی شۆڕش هێرش بۆسەر ڕیزی ژنان سەرەتای دەسپێکی سیاسەتێکی کۆنەپەرستانە و داسەپاندنی سوڵتە بەسەر ژناندا و یەکەم خاکڕیز بۆ هێرش بۆسەر هەموو متالباتی خەڵک، پاشەکشە کردن بە شۆڕش و لە کۆتاییدا زاڵ بوون بەسەر هەموو کۆمەڵگادا بوو، بۆ ئۆردوی شۆڕش و بە تایبەت ژنان، دیفاع لە شۆڕشێک بوو کە هێشتا تازە نەفەس بوو وە لە هەمان هەنگاوی سەرەتادا لەگەڵ دژی شۆڕشێکی وەحشی و كۆنه‌ په‌ره‌ستانه‌ بەرەو روو دەبوو. لە ماوەی ٢ تا ٣ ساڵێک کە بڵێسەکانی شۆڕش هێشتا دانەمرکابوونەوە، خۆڕاگری ژنان یەکێک لە ئەرکانی شۆڕش بوو. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی سەرئەنجام توانی شۆڕشی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی و ژیانێکی باشتر سەرکوت بکات، بەڵام لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردودا بزوتنەوەی کرێکاران، بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی خوێندکاران و بزوتنەوەی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان، سه‌ره‌ڕای هەوراز و نشێوەکانی درێژەی بە حەرەکەتی خۆیدا. خەباتی ژنان بۆ ڕزگار بوونی هەتا ئێستا یەکێک لە كۆڵه‌كه‌كانی خۆڕاگری لەبەرانبەر حکومەتی ئیسلامی و یاساکانیدا بووە.

کۆماری ئیسلامی زۆری هەوڵ داوە تا بە پشت بەستەن بە باوەڕی مەزهەبی، ستەم لەسەر ژنان دەروونی بکاتەوە و ئەوان وادار بکات کە ڕازی بن بە جێگا و شوێنی ژێر دەستە بوونیان، بەڵام نە تەنیا لەم کارەیدا سەرکەوتو نەبوو، بەڵکو ئاگری قین و نەفرەتی ئەوانیشی داگیرساند. ئەگەر ئەمرۆ لە هەر جێگایەک حەرەکەت و خەباتێک لە ئارا دایە، ژنان لە ڕیزی پێشەوەیدا دەبینین، و ئەوەش تەنیا بەشێکی چکۆلە لەو شەپۆلە گەورە و خورۆشاوەیە کە لە ڕێدایە. وشیاریەکی کۆمەڵایەتی بەرز، باوەڕ بە خۆبونێکی بەهێز و سەرسەختی و لێبڕاویەکی کەم وێنە لە بزوتنەوەی ڕزگاری ژناندا لە ئێران لە حاڵی شکڵ گرتن دایە. ئەم بزوتنەوەیە لەپاڵ بزوتنەوەی کرێکاریدا دەبێتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرکیەکانی شۆڕشی داهاتو لە ئێران. شۆڕشێک کە لە هەر هەنگاوێک بەرەو پێش چوونی خۆیدا یەکێک لە پایەکانی ستەمکێشی ژنانی ژێردەستە تێکدەڕمێنێ. ئەمرۆ ژنانی ئازادی خوازی ئێران لە ڕیزی چینی کرێکاردا، لە ڕیزی خوێندکارانی تێکۆشەردا، لە حەرەکەتە ناڕەزایەتیەکان لە گەڕەک و لە شوێنەکانی کار، لە چوارچێوەی خەباتی دایکانی گیانبەخت کردوان و زیندانیانی سیاسی، لە مەیدانە جۆراو جۆرەکانی بزوتنەوەی شۆڕسگێڕانەی کوردستان و لە هەر جێگایەک کە نیشانەیەک لە ناڕەزایەتی و خەبات و خۆڕاگری بوونی هەیە، لە هێڵی پێشەوەدان و نمونەی بوێری شۆڕشگێری و سەرسەختین بۆ بەدوادا چوونی مافە ڕەواکانیان. ستراتیژی ئێمە لە بزوتنەوەی ڕزگاری ژندا لەسەر ئەم هێڵانەی خوارەوە بینا کراوە:

یەكەم،
پەیوەست بوونی كۆمه‌ڵی ژنان بە بەرەی كار و زەحمەت:

ڕزگاری ژن لە كۆت و بەندی ستەم و هەڵاواردن بە هیمەتی ئەو كەسانە مەیسەر دەبێت كە هیچ قازانجێكیان لە بەردەوام مانەوەی ئەو نیزامە دا نییە. ئەوە بە مانای ئەوەیە كە هەم ژنانی پیشڕەو و رۆشنبیری ئیمە دەبێ روو بكەنە ئەو هیزە لە بن نەهاتوه و ئەولەویەتی كاری خۆیان بۆ ئەم مەیدانە دابنێن. و هەم كرێكارانی پێشڕەو و ووشیار دەبێ پێش هەموو كەس ئاڵاهەلگری خەبات بۆ یەكسانی و لە دژی پیاو مەزنی بن.

دووهەم،
خەبات بۆ بە دەست هێنانی سەربەخۆیی ئابووری:

سەربەخۆیی ئابووری واتە ڕزگاربوون لەیەخسیر بوون لە گۆشەی ماڵدا. سەربەخۆیی ئابووری بواری دابین كردنی بژیوی ژیان لەپاوانی پیاو دەردێنێ و ئەركەكانی بەیەكسان بەسەر هەردوو لا دابەش دەكات. سەربەخۆیی ئابووری، بڕوا بەخۆ لەناخی ژناندا پەروەردە دەكات و لە ترس و نیگەرانی بۆ بێ دەرەتانی ژیانی دوارۆژ رزگاریان دەكات.

سێهەم،
خەباتی سیاسی لە دژی دەسەڵات:

لە وڵاتانێكی وەكوو ئێران و عێراق كە ژنان ڕاستەوخۆ لە رێگای یاسا و بە پاڵپشتی پارلەمان و حكومەت و دام و دەزگاكانی قەزایی و حقوقی ژێردەستە رادەگێرێن، هەر حەرەكەتێكی ژنان بۆ بەدەست هێنانی بچوكترین مافێكیش راستەوخۆ بەرەو رووی دەسەڵات دەبێتەو رەنگ و بۆنی سیاسی بە خۆیەوە دەگرێ. لەو وڵاتانە دەسەڵات راستەوخۆ لە بەردەوام مانەوەی ستەم بۆ سەر ژنان بەهرەمەندە و بێ ماف كردنی ژنان ئامرازێكە بۆ زەبرو زەنگ نواندن بە سەر هەموو كۆمەلگادا. لە ڕژیمێكی وەكوو كۆماری ئیسلامی و یا هەر سیستمێك كە یاسای بنەرەتیەكەی لە سەر ئەساسی شەریعەت بینا كرابێت، هەر دەسكەوتێك تەنیا دەتوانێ بەرهەمی خەبات و خۆڕاگری راستەوخۆ بەرانبەر بە دەسەڵات بێت. هەر بۆیە خەباتی ژنان لێرە نەك خەباتێكی پیشەیی، بەڵكوو خەباتێكی سیاسیە. چوارەم، ووشیاری و رێكخرابوون: ووشیاری واتە خۆ ڕزگاركردن لە خەوش و خاڵی دواكەوتوویی و كۆنەپەرەستی، ڕزگاربوون لە كاریگەری فەرهەنگ و كلتوری پیاومەزنی. ئەو كلتورەی كە دەروونی ژنانیشی داگرتوە، ئاشنا بوون لەگەڵ ئەزمونی دەوڵەمەندی خەباتی یەكسانیخوازانەی هاوچارەنوسانمان لە هەموو جیهان. بەڵم ووشیاری لە رێگەی رێكخراوبونەوەیە كە ‌ دەبێتە هێزێكی مادی. پێویستە كۆمەڵی ژنان هێزی خۆیان لە رێگەی پێكهێنانی رێكخراوی جەماوەری خۆیانەوە بخەنە كار. پینجەم: خەبات لە پێناوی كۆمەڵگایەكی سوسیالیستی دا: سەرڕاست ترین رێگا بۆ گەیشتن بە یەكسانی پەیوەست بوونی ژنان بەخەباتی كومۆنیستەكانەوەیە. واتە خەباتە لەپێناوی دامەزراندنی كۆمەڵگایەكی ئازاد و یەكسان و خۆشگوزەران، كۆمەڵگایەكی سۆسیالیستی. لەوەها كۆمەڵگایەكدا، ئەوەی كە شایستەی ئینسانیی ژنە دابین دەبێت. ژن لەڕووی ئابووریەوە، موحتاجی دەستی كەس نابێت. كۆمەڵگا بەرانبەر بەژیانی ئینسانیی ژن، هەر لەمناڵیەوە هەتا لاوی، دووگیانی و منداڵداری، پیری و بەساڵاچوویی، بەرپرسیارە و ئیمكانی ژیانی سەربەست و ئاسوودەی وەكوو هەر ئینسانێكی دیكە بۆ دەڕەخسێنێت. ژن دەتوانێ ئیستعداد و تواناییەكانی لەخزمەت بە بەرەوپێش چوونی ژیانی خۆی و كۆمەڵگا گەشە پێ بدات. لەوەها كۆمەڵگایەكدا، ئینسانی ژن هیچ بەربەستێك لەسەر رێگەی شكڵ گرتنی خۆشەویستی واقیعی نابینێ. خۆشەویستی بۆ منداڵ، خۆشەویستی بۆ هاوسەر و شەریكی ژیان، خۆشەویستی بۆ دایك و باوك، هیچكام لەوانە بەهیچ چەشنە ئیحتیاجێكی مادیەوە گرێ نادرێت. لەوەها نیزامێكدایە كە ژن هەست بەئازادی دەكات. لەوەها نیزامێكدایە كە خۆشەویستی واقیعی گەشە دەكات

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-