له دوای ئەوەیکە دەوڵەتی ڕووحانی به‌پێی به‌رنامه‌ی پێنجه‌می ناسراو به “ته‌وسه‌عه” ڕەشنووسی لایەحەی به‌ناو “ئیسلاحییەی قانون کار”ی دایە مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی، به‌نده‌كانی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه، ناڕه‌زایه‌تی و كاردانه‌وه‌ی كۆڕ و كۆمه‌ڵه پێشڕه‌وه‌كانی نێو بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی به‌دواوه بووه. دەوڵەتی ڕووحانی بە پێشکەشکردنی ئەم لایەحەیە بە مەجلیس کە زیاتر لە ٧٠ ماددەشی هه‌یه، لە هەوڵی ئه‌وه دایه تا سه‌رجه‌می ئه‌و كۆسپ و له‌مپه‌ره دەست وپێگرانه لابه‌رێت كه له‌سەر ڕێگه‌ی خاوەنکاران و خاوەن پیشەسازییەکاندایه بۆ داسەپاندنی بارودۆخێکی کۆیلەئاسا بەسەر کرێکاران.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە حاڵێکدا دەیەوێ لە ژێر ناوی ئیسلاحی قانونی کاردا ڕووی یاسایی بداتە شەپۆلێکی نوێی هێرش بۆسەر کار و ژیانی چینی کرێکار، کە کرێکارانی ئێران لە ئێستادا لە بارودۆخێکی گەلێک دژوار‌دا دەژین. لە کەس شاراوە نییە کە درێژەی بێکارسازییەکان و زیادبوونی ڕۆژانەی ڕیز و سه‌فی میلیۆنی کرێکارانی بێکار، هەقدەستی چەندین جار لەژێر هێڵی هەژاری و دواکەوتنی درانی ئەم هەقدەستە کەمانەش له لایه‌ك و بەهرەمەند نەبوون لە مەسکەنی گونجاو لە لایەکی دیکەوە، هێرشی هەوسارپچڕاوی شیرکەتە پەیمانکارییەکان و پەرەسەندنی قەراردادی کاتیی، چینی کرێکاری ئێرانی خستووه‌تە مەوقعیەتێکی دژوارەوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی ئەم ساڵانەدا نه‌ك هه‌ر باری قورسی قەیرانی سەرمایەداریی ئێران و گوشاری تەحریمە ئابووریەکان واتە قەیرانێكی چەند لایەنەی خستووه‌تە سەرشانی چینی کرێکاری ئێران، بەڵکوو بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکیی و ئەندامێتیی لە ڕێكخراوی بازه‌رگانی جیهانیدا، هەوڵی داوە كه بە گۆڕینی ئەم یاسا دژه کرێکارییەش، هه‌لومه‌رجێكی كۆیله‌ئاسایانه بەسەر چینی کرێکاردا بسەپێنێ. ئه‌مه به‌م واتایه دێت كه چینی کرێکار دەبێ هەم هەزینەی قورسی ئەم قەیرانە چەند لایەنەی ئێستا و هەمیش هەزینەی ” تەوسه‌عەی” سبەی ڕۆژی سەرمایەداریی ئێران یەکجێ بدات.
ئەمە یەکەمجار نییە کە دەوڵەتەکان لە ڕێگه‌ی گۆڕینی هەر ئەم قانون کارە دژه کرێکارییەشەوە هێرش بۆسەر سەرەتاییترین مافەکانی کرێکاران سازمان بدەن. ساڵی ١٣٧٨ و بە پێشنیاری دەوڵەتی خاتەمیی، مەجلیسی ئیسلامیی ڕژیم له‌ڕێی پەسه‌ند کراوێکه‌وه کرێکارانی کارگه‌کانی به کەمتر لە ٥ کرێکاری لەژێر چەتری قانونی کار دەرهاویشت. دیسان هەر لەم دەورەی دەسەڵاتی ئیسلاحخوازانی حکومەتیدا لە ساڵی ١٣٨١دا بوو کە کارگه‌کانی به کەمتر لە ١٠ کرێکاریشیان بە شێوەی کاتیی لەژێر چەتری ماددەی ٣٧ی یاسای کار دەرهاویشت. ئەم پەسند کراوە لە دەورەی ئەحمەدی نیژادیشدا نوێ کرایەوە و دوای ئەویش چۆتە بواری کرداریەوە.
دەوڵەتی ئەحمەدی نه‌ژادیش لە ساڵی ١٣٨٥ و لە درێژەی هه‌مان سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەتەکانی ڕەفسەنجانیی و خاتەمیدا، بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکیی و دابینکردنی پێشمەرجەکانی ئەندامێتیی لە ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانیی و هاندانی سەرمایەداراندا، پێویستیی گۆڕین و به‌قه‌ولی خۆیان ئیسلاحی ئەم قانونە کۆنەپەرستانەیەی هێنایە گۆڕێ، بەڵام بە هۆی ترس و وەحشەت لە کاردانەوەی بزووتنەوەی کرێکاریی، خۆیان لە بڵاوکردنەوەی چەمک و واتاکانی بوارد. سەرئەنجام لە مانگی گەلاوێژی پارەکەدا ڕەشنووسی ئیسلاحییەی قانونی کار دوای ٥ ساڵ بە شێوەی ئاشکرا بڵاو کرایەوە. ڕەشنووسی ئەم لایەحەیە دوای ئەوەیکە بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی و کاردانەوەی بەرینی ڕێکخراو و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاریی بۆوە، لە لایەن دەوڵەتەوە وەرگیرایەوە.
لە ئێستادا دەوڵەتی ڕووحانی دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک، هه‌ر هەمان ڕەشنووسی گەڵاڵەی به‌ناو “ئیسلاحییەی قانون کار”ی لە بایەگانیی دەوڵەتی ئەحمەدی نه‌ژاد دەركێشاوه‌ته‌ده‌رێ و بۆ پەسندکران، ناردوویه‌ته مەجلیس. تەنها ئاماژە بە چەند خاڵ لەم گۆڕانکارییانە، ماهییەتی سەرمایەدارانە و دژه کرێکاریی ئەم به‌ناو ئیسلاحییانە بە ڕوونیی دەردەخات.
یەکێک لە خاڵەکانی ئەم به‌ناو ئیسلاحییەی کە ناڕەزایەتیی هەڵسووڕاوانی کرێکاریشی بەشوێنەوە بووە، “مادەی ٢١ ی قانون کار”ه كه سەبارەته بە کۆتایی هاتنی قەراردادی کاریی نێوان کرێکار و خاوەنکاران. دوای گۆڕانكارییه‌ك کە لەم ماددەیەدا كراوه، نه‌ك هه‌ر دەستی خاوەنکار بۆ دەرکردنی کرێکاران ئاواڵا‌تر دەبێت، بەڵکوو دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکارانیش دەکاتە یاسایی. لەم به‌ناو ئیسلاحییەدا جگه‌له شەش خاڵه‌كه‌ی پێشوو بۆ کۆتایی هێنان بە قەراردادی کار، سێ به‌ند یان با بڵێین “خاڵ”ی دیكه‌شی پێوە زیاد کراوە کە باس لە گۆڕانی پێهاتەیی بەهۆی پێداویستییەکانی بارودۆخی ئابووریی و سیاسیی، تەوافوقی نێوان کرێکار و خاوەنکار و هەڵوەشاندنەوەی قەرارداد بە بڕیاری کۆمیتەی ئینزیباتی دەکات.
لەسەر بنەمای ئەم بەندە تازانە دەرکردنی کرێکاران دەبێتە پڕۆسه‌یه‌كی یاسایی. بەپێی ئەم بەند و ته‌بسه‌رانه، خاوەنکاران و دەوڵەت له‌مه‌ودوا دەتوانن بە بیانووی سودئاوەر نەبوونی کارخانە، بە بیانووی ئامادەكاریی بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکیی، بە بیانووی خسوسی سازیی و بەکارهێنانی تێکنۆلۆژی نوێ و هەزار و یەک بیانووی دیكه‌ش،کرێکاران بە شێوەی بەکۆمەڵ لەسەر کار دەربکەن. بەپێی ئەم بەندانە، “بازخەرید”ی کریکاران هێنده‌ی دیكه پەرەدەستێنێ و ئیختیاری دەرکردنی کرێکاران دەدرێتە کۆمیتەیەکی پێكهاتوو له دەوڵەت و خاوەنکاران. كه‌واته ئه‌وه ڕوون و ئاشکرایە کە له‌گه‌ڵ ئیجرایی كرانی ئەم تەنیا خاڵە لەم قانون کارە دژه کرێکاریەی ئێستا كه به‌واتای بەیاسایی کردنه‌وه‌ی دەرکرانی بە کۆمەڵی کرێکاران و بێکار سازییەکانه، چ بارودۆخێکی دژوار بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنن.
لە به‌ناو ئیسلاحییەی ماددەی ٤١ ی پێوه‌ندیدار بە دیاریکرانی ڕێژەی هەقدەستەکانەوە هەیە، نه‌ك هه‌ر جیاوازیی لانیکەمی هەقدەستەکان لەبەر خراپیی ئاو و هەوا یان کارکردن لە پیشەسازییه سه‌خته‌كان لابراوە، بەڵکوو فاكته‌ری” بارودۆخی ئابووریی” وڵاتیش لە دیاریکردنی لانیکەمی هەقدەسته‌كاندا له‌به‌رچاو گیراوه. بە شێوەیەک کە شوڕایعالی کار بتوانێ بەبێ بەربەست و لەمپەری یاسایی، به بیانووی بارودۆخی قەیراناویی ئابووریی وڵات، هەقدەستەکان سابت ڕابگرێت یان ده‌نا لانیکەمی هەقدەستەکان لە خوار ڕێژه‌ی ئاوسان یاخود تەوەڕرۆمی ڕاگەیەندراو لە لایەن بانکی ناوەندی یەوە دیاریی بکات.
یان ئەگەر بەپێی ماددەی ٣٢ی “قانون کار”ی ئێستا و دوای تێپەڕ بوون لە ” حەوت خانی رۆستەم”، حقوقی بێکاریی درا بە توێژێکی به‌رته‌سك له کرێکاران، بەڵام به‌پێی “ئیسلاحییە” تۆ بڵێ گۆڕانكاریی لەم قانون کارەدا، خاوەنکار دوای بێکارکردنی کرێکار دەبێ لەسەر بنەمای ئاخرین هەقدەستی کرێکار بە نیسبەت کارکرد لەبری هەر ساڵ پێشینەی کاردا هه‌قی سەنەوات بە ڕێژەی ٣٠ ڕۆژ هەقدەست بدات بە کرێکار.
بەپێی “قانون کار”ی ئێستای ئێران، منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ تەمەن نابێ کاری قورس و حێرفەیی پێبکرێت. ئەوان تەنها ڕێگه‌یان پێدراوه كه وەک کارئاموز و ئه‌ویش بۆ ماوەی ٣ ساڵ كاریان پێ بكرێت. بەڵام ڕەشنووسی لایەحەی به‌ناو “ئیسلاحییەی قانون کار”، سنووری تەمەنی ژێر ١٥ ساڵی سڕێوەتەوە و بەپێی ئەو ڕەشنووسە بە ئاشکرای مۆری تەئیدی له چه‌وساندنه‌وه و به‌هره‌كێشیی کاری منداڵان داوه و ڕووی یاسایی پێ به‌خشیوه. ئەم کارئاموزانە دەبنە بیانوویەک هه‌تا منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ ته‌مه‌ن بەبێ مەحدودییەتی زەمانیی لە کارخانە، مەعدەن و کارگه‌کاندا، بەشێوەیەکی بەرینتر و قوورستر بچەوسێنەوە و ڕه‌وان و جەستەیان بەرەو له‌ناوچوون بچێت.
ئەم ئاماژە کورتە بە چەند بەندێکی ڕەشنووسی به‌ناو “ئیسلاحیەی قانون کار”، نیشانی ئەدات کە ئەم ڕژیمە تا چ ڕادەیەک بە بەرنامە و سیستماتیک، لەدژی بزووتنەوەی کرێکاریی ده‌جووڵێته‌وه و خەریکی کارە. بەڵام کاردانەوە و هەڵوێست گرتنی بەرین و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هەڵسووڕاوان، كۆڕ و كۆمه‌ڵ و مه‌حفیل و تەشەکولە سەربەخۆ کرێکارییەکان و بۆچوونی هاوبەشیان لە ئاست گەڵاڵەكه‌ی ڕژیم بۆ گۆڕینی”قانون کار” و هێرشێکی ئاشکرا و پلانداڕێژراو کە لەدژی چینی کرێکار ڕێکیخستووە، بوارە عەینییەکانی هاوکاریی و ئێتتیحادی عەمەلی بەرینی ئەم ڕێکخراو و مەحفێەلە کرێکارییانەی هه‌موارتر کردووە. ئێستا کە دەوڵەتی ڕووحانی لایەحەی به‌ناو “ئیسلاحییەی قانون کار”ی ناردووه‌ته مەجلیس، یه‌كهەڵوێستیی و هەنگاوی هاوبەش لە لایەن ئەم تەشەکول و کۆڕ و کۆمەڵە سەربەخۆ کرێکارییانەوە، بووه‌تە پێویستییەکی چینایەتیی. ناوەند، کۆمیتە و تەشەکكولە سەربەخۆ کرێکارییەکان و تێكڕای هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی، پێویستە بە هەست بە بەرپرسیاریەتییەوە وڵامی ئەم زه‌رووره‌ت و پێویستییه چینایەتییە بدەنەوە. هێرشی هەمەلایەنەی ڕژیم لەژێر ناوی ” ئیسلاحی قانون کار” نیشانه‌ی له سەرجەم بەشەکانی چینی کرێکاری ئێران گرتووه. هه‌ربۆیه پێویستە ناوەند، تەشەکول و هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی بە هەوڵی هاوئاهەنگیان، هه‌نگاوه‌كان بۆ پێكهێنانی ئیتتیحاد عەمەلێکی بەرینی کڕیکاریی لە دژی ئەم هێرشە ئاشکرایەی ڕژیم خێراتر بكه‌ن و له به‌رامبه‌رید ڕاوه‌ستن و به‌ره‌نگاری ببنه‌وه.
تاریخ 02.10.2016
نویسنده payaam.org
هەواڵەكان
جیهان
ژنان
ئێران
كرێكاری
مندالان
زانستی
بە