کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بارودۆخی کارەساتباری بێهداشت و دەرمان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی

 

لەم مانگانەی دواییدا کەسانێک لە کاربەدەستانی دەوڵەتی رۆحانی بۆ کەم کردنەوەی گوشاری ناڕەزایەتیەکانی خەڵک، کۆمەڵێک قسەی فریوکارانەیان سەبارەت بە هێندێک کەموکوڕی دیاریکراو لەم یان لەو بواردا بە زماندا هات و ئاماژەیان بە گۆشەگەلێک لە کێشە و گرفتەکانی خەڵک کرد. ئەوان لەم ڕێگایەوە لە ڕاستیدا هەوڵ ئەدەن سوپاپی دڵنیایی دروست بکەن، تا تەقینەوەی قینی خەڵک دوابخەن. قسە کردن سەبارەت بە بارودۆخی بێهداشت و دەرمان یەکێک لەم خاڵانەیە. هەڵبەت ئەگەر کەسێک بپرسێت ئێوە کە خۆتان دەسەڵاتتان بەدەستەوەیە، بۆچی ڕێگا چارەیەک نیشان نادەن، بۆچی بەشێکی کەم لەو پارە بێ ئەژمارانەی کە سەرفی دخاڵەتی کۆنەپەرستانە لە قەیرانە ناوچەییەکان دەکەن، بۆ بێهداشت و دەرمان و باقی خزمەتگوزاریە گشتیەکانی تەرخان ناکەن، وڵامێکیان نییە.بەم دواییانە جێگری وەزاڕرەتی بێهداشت، سەبارەت بە بارودۆخی بێهداشت و دەرمان لە ئێران وتویەتی ” لە ٨ ساڵی ڕابردودا بەشی پەرداختی خەڵک لە هەزینەی سڵامەت نەک هەر کەم نەبۆتەوە بەڵکوو بە پێچەوانە زیادیشی کردوە. لە سەرەتای بەرنامەی پێنجەمدا، بەشی خەڵک لە پەرداختی هەزینەکانی سڵامەت نزیکەی ٥٣ لەسەد بووە کە لە ئێستادا ئەم سەهمە گەیشتوەتە سەرو ٦٠ لەسەدەوە.” هەڵبەت بە سرنجدان بە ئالۆز بوون و جێی متمانە نەبوونی ئامارە دەوڵەتیەکان و بە لەبەرچاو گرتنی دیاردەکان لەم بوارەدا دەکرێ بڵێین کە ئەم ڕەقەمە لە سەروی ٧٠ لەسەدیشەوەیە.712

هەڵسەنگاندنەکان و ڕاپۆرتی ئامارەکان دەریدەخەن کە ئێران دووهەمین وڵاتی دنیایە کە خەڵکەکەی بانترین هەزینەی دەرمانیان لە ئەستۆی خۆیانە. لە ئێستادا زۆربەی دانیشتوانی کۆمەڵگا ئەگەر بێت و گیرۆدەی نەخۆشیەکی دژوار بن، یان دەبێ لە ماڵدا چاوەڕوانی مردن بن و یان دارونەداریان بفرۆشن تا بەڵکوو هەزینەی قورسی چارەسەریان دابین بکەن.

لە پاڵ ئەم بارودۆخەدا شاهیدی گەشە و پەرەسەندنی ناوەندە تایبەتە دەرمانیەکان و نەخۆشخانە خوسوسیەکانین. هاوکات دەوڵەتی رۆحانی لە هەوڵی پەرەپێدانی بیمەی تایبەتیشدایە. هەر ئەم کاربەدەستە حکومەتیە لە بۆنەیەکی تردا جەختی کردۆتەوە کە ” دەوڵەت گەڵاڵەی خوسوسی سازی ناوەندەکانی بیمەی لە دەستوری کاردایە. بەپێی ئەم تەرحە رۆڵی دەوڵەت لە کاروباری بیمەی خزمەتگوزاری دەرمانیدا دەبێ بگاتە نزم ترین ئاستی مومکین.”

ئەم تەرحە لە ڕاستیدا درێژەی هەمان سیاسەتی خودکەفا کردنی نەخۆشخانەکانە لە دەورەی ئەحمەدی نیژاد دا. سیاسەتێک کە بەپێی ئەو، بەخیەی برینی منداڵێکی کەم تەمەن دەردەکێشنەوە لەبەر ئەوەی دایکی منداڵەکە توانایی دانی هەزینەی دەرمانگاکەی نەبووە. پەیکەری مردویەک بە بارمتە دەگیرێ تا هەزینەی نەخۆشخانەیەک کە نەیتوانیوە لە مەرگ ڕزگاری بکات، بدەن. نەخۆشێکی بەستەریکراو کە کەس نەبووە هەزینەی دەرمانەکەی بدات، لە تەختی نەخۆشخانە دیننە خوارێ و لە بیابانێک فڕێی ئەدەن. ئەمانە مستێک لە خەروارێکن کە رۆژنامەکانی چاپی تارانیش بڵاویان کردۆتەوە. ئەم جۆرە رووداوانە لە ڕاستیدا ئاکامی بە کردەوەی دەرهێنانی” سیاسەتی خود کەفا کردنی نەخۆشخانە” کانە کە بەم دواییانە پەرەسەندنی بیمەی تایبەت و کەم بوونەوەی بیمە گشتیەکانیشی پێوە زیاد بووە.

بەپێی ئەم سیاسەتە خەڵک دەبێ هەزینەی دەرمان و بێهداشت لە سفرەی بێ ڕەونەقی خۆیان دابین بکەن، تا ڕژیمی ئیسلامی دەرفەتی هەبێت بوجەی سیاسەت و کردارە دژی خەڵکیەکانی لەنێخۆ و دەرەوە دابین بکات تا دەزگای گەندەڵی حکومەتەکەی پێ تەیار بکات.

بوجەی وەزاڕەتی بێهداشتی کۆماری ئیسلامی لە ئەولەویەتدا نییە و بەردەوام پاشماوەی بوجە بۆ ئەم مەیدانە تەرخان دەکرێت. هەر کاتێکیش دەوڵەت بەرەو رووی کەسری بوجە دەبێتەوە بەر لە هەموو شتێک دەچێت بەپێوشوێنی بوجەی بێهزیستی و دەرمانی خەڵکەوە.

بەم جۆرە ڕژیمی ئیسلامی بەکردەوە مافی حەیات و مافی تەندروستی زۆربەی خەڵکی کردوەتە ئامانج.

ڕاستیەکەی ئەوەیە لە کۆمەڵگایەکدا کە لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانیەوە گیانی ئیسانەکان بێ بایەخە و پێگەی ناوەندەکانی پەرەدان بە جەهل و خورافە و هێزە سەرکوتگەرەکان بانترە لە هەموو ناوەندێکی خزمەتگوزاری گشتی، دەبێ ئێران دووهەم وڵاتێک بێت کە خەڵکەکەی بانترین هەزینەی سڵامەتییان لە گیرفانی خۆیان ئەدەن.

لە ئاکامی هەژاری و بەد خۆراکیدا، هەموو جۆرە نەخۆشینێک سەر هەڵئەدات و ڕێژەی مەرگ و میرە نابەوەختەکان، بە خێرایی زیاد دەکەن. کەم و کوڕیە پزیشکی و دەرمانیەکان، زیاد بوونی نرخی دەرمانەکان خێرایی ئەم پرۆسەیەی زیاتر و زیاتر کردوە.

هەزینەی کەڵانی خزمەتگوزاری پزیشکی، گرانی زۆری دەرمانەکان لە پاڵ گرانی سەرسوڕ هێنەری باقی شتەکانی تری پێداویستی رۆژانەی ژیان، بێهداشت و دەرمان و سڵامەتی گشتی کۆمەڵگەی دابەزاندۆتە نزم ترین ئاستی مومکین و بەستێنی زیاد بوونی تەلەفاتی ئینسانی و دابەزینی تەمەنی خۆش کردوە. بێهداشت و دەرمانی بەخۆڕایی مافی سەلمێندراوی هەموو شارۆمەندێکە. هیچ کەس نابێ لەبەر دەست ڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی لە ڕەنج و ئازاردا بژیت. روون وئاشکرایە رژیمی کۆماری ئیسلامی دڵخوازانە دەست ناداتە ئیسلاح کردنی بارودۆخی بێهداشت و دەرمان. گشت داواکاریەکان لەم بوارەدا دەبێ بە زەبری خەباتێکی لێبڕاوانە بەسەر ڕژیمدا بسەپێندرێت. خەبات لەدژی نیزامی سەرمایەداری، خەبات لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک پارێزەری ئەم نیزامە لە ئێران، بەردەوام لەگەڵ خەبات بۆ داسەپاندنی ئیسلاحات بەسەر ئەم ڕژیمەدا، بەگشتی ئاڵقەکانی زنجیری خەباتێکن. دەستەبەر بوونی ئەم ئامانجانە گرێدراوە بە وشیاری و هاوپشتی و ڕێکخراو بوونی خەڵکی چەوساوە و بێبەشەوە. بەو هیوایەی کە زۆری پێنەچێت، کرێکاران و خەڵکی ڕاپەڕیو سەرئەنجام دەستی ئەم جەنایەتکارانە لەسەر ژیانی خۆیان کورت بکەنەوە و کۆمەڵگایەک بنیات بنێن کە نەک دەستەبەر کردنی سود و قازانج، بەڵکو دابین بوونی نیازە ئینسانیەکان خەم و ئەولەویەتی کارەکانی بێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-