کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئێعدام و جەنایەتی زیاتر حکومەتی ئیسلامی لە ڕوخان ڕزگار ناکات

ئەو فایلە دەنگیەی ئاشکرا بووە سەبارەت بە یەکێک لە جەلەسەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی، دەرخەری ئەوەیە کە ڕژیم خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئێعدام کردنی ژمارەیەک لە دەستبەسەر کراوانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی سێ مانگی ڕابردو. لە پاڵ ئەم هەوڵانەدا کوشتن لەژێر ئەشکەنجەدا و لەنێو بردنی زیندانیش هەروا دریژەی هەیە. حکومەتی ئیسلامی لە قەیرانی مانەوەی خۆیدا پەلەقاژەیەتی. سەرجەم کارتەکانی یاری سیاسیئەمنیەتی ڕژیم بۆ شکست پێهێنانی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی سێ مانگی ڕابردو بەرەوڕووی شکست و ڕیسوایی بوونەتەوە.

درۆ کردن سەبارەت بە کوژرانی ژینا ئەمینی لە گرتوخانەی گەشتی ئیڕشاد دا و باقی ئەو قەتڵانەی ڕژیم لە زیندان و لەسەر شەقامەکان ئەنجامیداون چارەساز نەبوون و بارودۆخەکەی بۆ حکومەت قەیراناوی تر کردوە. ڕەد کردنەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و کەم کردنەوەی بۆ چەند کەسێکی ناچیز، لە کاتێکدا کە بەملیۆن کەس لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لەدژی حکومەت لەسەر شەقامەکان و لە ناوەندەکانی کار، لە قوتابخانە و زانکۆکاندا دروشمی مردن بۆ دیکتاتۆڕیان ئەوتەوە، بوو بە جێگای کاڵتە کردن بە دەسەڵاتداران تەنانەت لەنێو لایەنگرانی خۆشیاندا.

نیسبەتدانی ناڕەزایەتیەکان بە دەرەوەی وڵات و ناساندنی وەک پیلانێکی دەرەکیش جێی نەگرت و قەیرانی حکومەتیی رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر پەرەی سەندو و قوڵ بۆوە. ناو بردنی ئەحزابی سیاسی کوردستانی وەک جودایی خواز، هاویشتنی موشەک و بۆمباران کردنی ئەو ناوچانەی شوێنی نیشتەجێ بوونی خەڵکی ئاسایین لە هەرێمی کوردستان، پەرەدان بە شەڕی شیعە و سوننی و تەنانەت هیوادار بوون بو تێکهەڵچوونی کورد و تورک یش بەرەو رووی شکست بۆوە و ڕژیمی توشی ڕێسوایی کرد.

سوخەنڕانی چەندین جارەی عەلی خامنەیی نیشانیدا کە ناڕازیان هیچ گرنگیەک نادەن بە قسە و وڕێنەکانی وەلی فەقی. فەرماندەکانی سپا ڕۆژ و ساعەتیان بۆ کۆتایی هاتنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لەدژی حکومەت دیاری کرد ئەوەش بووبە جێگای گاڵتەجاڕی جەماوەر. سەرانی ڕژیم پەنایان بردەبەر ئیسلاح خوازانی دەرکراو لە دەسەڵات و پەڕاوێز خراو لە لایەن خەڵکەوە، و زۆر زووش هەستیان بەوە کرد کە کارتی ڕیفۆڕم خوازنی حکومەتیش زۆر لەمێژە سوتاوە و ئیعتیبارێکی لەنێو خەڵکدا نییە. ژمارەیەک لە کاربەدەستانی حکومەتی باسیان لە کۆکردنەوەی گەشتی ئیڕشاد کرد و خەڵک ئەم مانۆڕە سیاسی و تەبلیغاتیانەی حاکمانی ئیسلامی قەبوڵ نەکرد.

  حکومەتی ئیسلامی پیلانێکی تازەی وەک ئاگردانی زیندانی ئەوین، هێرش کردنەوەر شاه چڕاغ و کوژرانی چەند کەسی بێ تاوانی ڕێکخست و بەکردەوەی دەرهێنا. میلیتاریزە کردنی کوردستان، چاو سوور کردنەوە لە هەرێمی کوردستان، عەرەبستان، ئازەربایجان و باقی ماجەراجوییە ناوچەییەکانی بێ ئەسەر بوون و تەقریبەن کارتێک نەماوە یاری پێ نەکردبێت و دیسانیش بەرەوڕووی شکست و ڕیسوایی زیاتر بۆوە.

ئێستا حکومەت و ڕێبەریزیاتر لە ڕابردو داماو و پەڕاوێز خراو، بێجگە لە توندوتیژی، قەتڵی حکومەتی لە زیندان و لەسەر شەقامەکان ڕێگایەکی دیکە لەبەردەم خۆیدا نابینێ. بەڵام ئەوە ڕوونە کە هەر کوشتنێک لە زیندان و لە سەر شەقامەکان زیاتر دەبێتە هۆی بڵێسەدار بوونی قین و نەفرەتی خەڵکی ناڕازی.

حکومەت لە هەوڵدایە ژمارەیەکی زیاتر لە لاوان و ناڕازیانی دەستبەسەر کراو ئێعدام بکات، تا بەڵکو بتوانێ ترس و وەحشەتی زیاتر لە کۆمەڵدا پەرە پێبدات.

بە هەزاران ئێعدام کراوی سیاسی لە دەیەی شەست دا، چل و سێ ساڵ جەنایەت لە کوردستان، کوشتن لە نێوخۆ و تیرۆر لە دەرەوەی وڵات نەیتوانی حکومەتی ئیسلامی بیمە بکات. ئێعدامی زیاتریش ڕژیم لە دەستقین و توڕەیی خەڵک ڕزگار ناکات.

دەسەڵاتدارانی ئیسلامی پەروەندەی جەنایەتەکانیان قورس تر دەکەن و ڕۆژێکی نەک زۆر دووریش، دەبێ وڵامدەرەوەی جەنایەت و وەحشیگەریەکانیان بن. خەڵکی کوردستان، ژنان و لاوان، کرێکاران و زەحمەتکێشان، وەرزشکاران و هونەرمەندان، قوتابیان و خوێندکاران و سەرجەم خەڵکی شەریف و ئازادی خواز پێداگرن لەسەر ئەوەی کە ئەم ڕژیمە کۆنەپەرست و جەنایەتکارە بڕوخێنن. هیچ ڕادەیەک لە جەنایەتی حکومەتی ئیسلامی بەر بە ڕوخانی ڕژیم و گەیشتنی خەڵک بە ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی و مافە ئینسانیەکان ناگرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-