کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئێعدام، ڕێگا چارەی حکومەتی ئیسلامی بۆ بەرگرتن لە بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز

بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز لە ئێران یەکێک لە شاخسەکانی قەیرانی ئابووری لە وڵات دایە. دابەزینی بە خێرایی ئەرزشی پوڵی رەسمی بۆ کۆماری ئیسلامی بۆتە گرفتێکی گەورە. ئەگەرچی دابەزینی ئەرزشی تمەن لە بەرانبەر ئەرزە جیهانیەکاندا لە ماوەی حەیاتی کۆماری ئیسلامیدا درێژەی هەبووە. بەڵام لە چەند مانگی ڕابردودا ئەم خێرایی دابەزینە، بەشێوەیەکە پێشتر وێنەی نەبووە.

لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردودا لەگەڵ درێژەی قەیرانی ئابووری، نرخی ئەرزە خاریجیەکان لە بەرانبەر تمەندا ڕەوتێکی روو لە بەرز بوونەوەی بە خۆیەوە گرتوە. بەشوێن ناڕەزایەتیە سەرتاسەریە جەماوریەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردودا لەدژی حاکمیەتی ئیسلامی، و بێتوانایی ڕژیم لە وڵام دانەوە بە داخوازیەکانیان بارودۆخەکە رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرەو خراپتر چووە. قەیرانی ئابووری سەرمایەداری لە ئێران، لەپاڵ زەوت کرانی ٨٠ لەسەدی ئابووری ئێران لە لایەن سپای پاسدارانەوە و گەندەڵی نیهادینە بوو لە سەرجەم ئەرکان و ناوەندەکانی ڕژیمدا و ئیختیلاس و دزی لە بانکەکاندا و ئەو هەزینە کەڵانانەی دخاڵەت لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا، لە هۆکارە سەرەکیەکانی خراپتر بوونی ئابووری لە ئێران دایە. ئێستا بێکاری، هەژاری و برسیەتی بارودۆخی بەڕێچوونی خەڵکی ئێران بە تایبەت کرێکاران و جەماوەری خەڵکی کەم داهاتی بەرەو رووی مەترسی جیدی کردۆتەوە. بەپێی ئاماری ناوەندەکانی ڕژیم هەشت ملیۆن کەس لە خەڵک لە ئاستی برسیتیەتیدان و ٧٠ لەسەدی خەڵکیش لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

لە وەها بارودۆخێكدا داماوی و بێتوانایی ڕژیم لە ئیرایە دانی ڕێگا چارە بۆ ڕزگار کردنی ئابووری روو لە وەرشکست بوونی ئێران لە لایەکەوە و نیگەرانی لە هەڕەشەی ئەمریکا و ئوروپا سەبارەت بە تێکچوونی بەرجام و سەرلەنوێ هاتنەوەی تەحریمەکان، وەحشەتی خەڵکی سەبارەت بە پەرەسەندنی هەژاری و برسیەتی زیاتر کردوە. ئەم بارودۆخە ئیعتیبارێکی بۆ ناوەندە ماڵیەکانی ڕژیم لەبەرچاوی خەڵک نەهێشتۆتەوە و خەڵکی سەبارەت بە دەوڵەت و بانکەکان و ناوەندە ماڵیەکان بە تەواوی بێ ئیعتیبار کردوە. بەم هۆیەوە لە مانگی ڕێبەندانی ڕابردوەوە تا ئێستا خەڵک بە خێرایی لە بیری دەرکێشانی پوڵەکانیانن لە بانکەکان و کردنی بە ئەرزی موعتەبەردان. وەعدە و وەعیدە بێ بنەماکانی بەرپرسانی ڕژیم بە تەواوی بێ ناوەرۆک بوون. نە وەعدەی روحانی بە ئاسایی بوونی بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز لە مانگی ڕێبەندان و ڕەشەمەدا و نە گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی ڕاست دەرچوون و نە قەولی خستنە بازاڕی بە قیمەتێکی هاوسەنگ بەکردەوە دەرهاتوە و نە سیاسەتی یەک نرخی کردنی ئەرز لە لایەن بانکی ناوەندیەوە جوابدەرەوە بووە و نە دخاڵەتی هێزە ئەمنیەتی و نیزامیەکان و هەڕەشە و سەرکوت توانیویەتی خەڵک لە وەرگرتنەوەی پارەکانیان و کردنیان بە نەقدینەگی ئەرزێکی موعتەبەر سارد بکاتەوە. ڕەوتی بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار لە حەفتەی ڕابردو لە بازاڕدا بەم شێوەیە بووە کە رۆژی دوو شەممە ٢٠ ی مانگی خاکەلێوە گەێشتە سنوری ٦ هەزار تمەن. رۆژی سێ شەممە بە بەکردەوە دەرنەهاتنی وەعدەکانی دەوڵەت و بانکی ناوەندی بۆ خستنە بازاڕی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی، معامەلاتی ئەرز چووە حاڵەتی ڕکودەوە. ئەم ڕکودە رۆژی چوارشەممەش درێژەی هەبوو بەڵام معامەلاتی کڕین و فرۆشتنی دۆلار بە نرخی ٥٥٠٠ تمەن بە شێوەی پڕژوبڵاو بەڕێوەچوو.

ڕەوتی دابەزینی ئەرزشی پوڵی ڕایجی کۆماری کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر باقی ئەرزەکانی تریشدا لە میکانیزمی بازاڕی سەرمایە و یاسای عەرزە و تەقازا پەیڕەوی دەکات و لە بارودۆخی ئێستادا و بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی ئابووری شپرزەی ڕژیم، ئەم ڕەوتە سروشتییە. بەڵام خۆ لە نەزانی دانی کاربەدەستانی ڕژیم لەوێوە کە دەڵێن ” هۆکاری بەرز بوونەوەی ئەرزی خاریجی هۆکاری ئابووری نییە” و ئەو بە زانیاری گەیاندنی فەزای مەجازی یان پیلانی دوژمنی دەرەکی و هیترەوە گرێ ئەدەنەوە، فریوکارانە و ناڕاستە.

بارودۆخی شپرزەی ئابووری، سەرانی ڕژیمی لە درێژەی حاکمیەتی پڕ لە نەهامەتیان نیگەران کردوە و دەنگی ناقوسی مەرگیانیان بیستوە. ناڕەزایەتی رۆژانەی جەماوەری خەڵک لە ناڕەزایەتی بە باوردۆخی نابەسامانی ئابووری، مەڕاجعی تەقلید و روحانیەتی مشەخۆری کاخ نشین و شەریکە دزیشی خستۆتە بیری پێشکەش کردنی ڕێگا چارەوە. روون و ئاشکرایە وڵام و ڕێگاچارەی ئەوان بەم گرفتە ئابووری- کۆمەڵایەتیە وەک جاران هیچ شتێک نییە بێجگە لە پشت بەستن بە توندوتیژی و ئێعدام. مەکارمی شیرازی یەکێک لە مەرجەعە تەقلیدەکانی کۆماری ئیسلامی رۆژی چوار شەممە بە ئاشکراکردنی ترس و وەحشەتی خۆی لە داهاتوی حاکمیەتی ئیسلامی و دانانی دەڵاڵانی ئەرز بە کەسانی سەر بە دوژمن وتی:” بە تێڕادیوی دەیڵێم لەم بارودۆخەدا دەبێ بە قاتعیەت لەگەڵ موفسیدانی ئابووری بەرخورد بکرێت، بەبێ قاتعیەت لەم بارودۆخە تایبەتەدا هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت. ئەگەر دەست پێشخەری نەکەین، دواتر دەبێ هەزینەی زیاتر بدەین”. ئەم قاتڵە مێشک پڕتوکاوە پێشنیاری کرد:” یەکێک لە کارەکان بۆ بەرخوردی قاتع ئەوەیە کە چەند مۆرەی سەرەکی دەڵاڵانی ئەرزی کە لە هەوڵدان لەم ڕێگایەوە وڵات توشی بشێوی بکەن وەک موفسد فی الارز محاکەمە و بە ڕیعایەت کردنی مەوازینی ئیسلامی بەخێرایی ئێعدام بکەن تا ئەوانیتر حیسابی کاریان بێتە دەست.” ئەو بەم جۆرە دانی نا بە ڕەوتی بێ دادگاکانی ڕژیمدا کە لەواندا ئەحکام بەرلە محاکەمە دەردەکرێن و بەکردەوە دەردێت.

ئێعدام و توند تیژی لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە یەکێک لە ئامرازە سەرەکیەکانی درێژەی حاکمیەتی بووە. لە ڕوانگەی حاکمانی ئیسلامی قوەی قەزاییەی ڕژیمەوە، هەر کەسێک لە حاکمیەتی کۆنەپەرستانەی سەرمایەی ئیسلامیەکەیان ناڕازی بێت، وەک دوژمنی ئیسلام چاوی لیدەکرێت و سزاکەی ئێعدامە. ئەو کەسەی کە ئازادیە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەلایەتی و مافە ئینسانیەکانی خۆی داوا بکات، ” موفسیدی فی الارز”ە و دەبێ ئێعدام بکرێت. سزای پێوەندی جنسی دوو ئینسان، مردنە لە ڕێگای ” بەرد باران” کردنیانەوە. سزای لابردنی حیجاب کە هێمای کۆیلەتی ئینسانە، زیندان و ئەشکەنجەیە. سزای ئەو دزانەی کە لەبەر هەژاری و برسیەتیەک کە ڕژیمی ئیسلامی بەسەریدا سەپاندون، و دەست ئەدەنە ئەم کارە، دەست و لاق پەڕاندنیانە. کەوایە لەم نیزامە دیکتاتۆڕی کۆنەپەرستانەدا سروشتیە کە سزای کڕینی ئەرزیش بۆ پارێزراو بوونی سەروەت و سامانە شەخسیەکانی کاربەدەستانی سەرمایە و مەڕاجعی تەقلید ئێعدام بێت.

ڕەوتی روو لە دابەزین و بێ ئەرزش بوونی پوڵی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر ئەرزەکانی تردا درێژەی دەبێت. بەداخەوە بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز، قیمەتی کالا ئەساسیە هاوردە کراوەکانی جێی پێداویستی خەڵک وەک گەنم و برنج و هیتر بەرز دەکاتەوە بەر لە هەموانیش دوکەڵەکەی دەچێتە چاوی کرێکاران و جەماوەری کەم داهاتی کۆمەڵگاوە.

بابەتی پەیوەندیدار

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-