کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیمپراتۆریی درۆ و ” سڵاو فەرماندە”

دوابەدوای داڕمانی ساختمانی میترۆپۆلی ئابادان، لەکاتێکدا کە ئێستا قوربانیانییەکان بەتەواوی لەژێر دار و پەردوو دەرنەهێنراون و شاری ئابادان نوقمی پەژارە و ناڕەزایەتییە، لە تاران بزووتنەوەیەکی گەورە پڕ هەزینە بۆ سروودی کۆنەپەرستانەیسڵاو فەرماندەلە ستادیۆمی وەرزشیی ئازادی تاران بەڕێوە دەچێت. هەرچی زیاتر لە ڕووداوی ئەو کارەساتە تێپەڕ دەبێت و زانیاری زیاتر سەبارەت بە دەور و نەخشی بەرپرسانی خۆجێیی و دەوڵەتی لەو گەندەڵییەدا کە ئەو ڕووداوەی لێکەوتەوە ئاشکرا دەبێت، تووڕەیی جەماوەریش پتر پەرە دەستێنێ.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی لە چەند شاری ئێران، بپ پشتیوانی و دەربڕینی هاوخەمی خۆیان لەگەڵ خەڵکی ئابادان، جارێکی تر بە بەڕێوەبردنی ڕێپێوانی ناڕەزایەتی لەسەر شەقامەکان درووشمی دژبە حوومەتیان بەرز کردەوە. بووشەهەر، ماهشەهر، شاهینشار، ئەهواز، ئومیدییە و ئابادان، لەزومرەی ئەو شارانەن کە شەوی هەینی کۆرەپانی ئەو ناڕەزایەتییانە بوون. ڕێک لە کاتێکدا کە شاری ئابادان نوقمی ماتەم بووە، بەرپرسانی ڕژیم لە وەرزشگای ئازادی تاران شانۆی گاڵتەجاڕی بەڕێوەبردنی سروودی کۆنەپەرستانەیسڵاو فەرماندەیان ڕێکخستبوو. ئەم حەرەکەتی ڕژیم و بێڕێزی ئاشکرای ڕژیم بەو ماتەمینە ڕاگەیاندراوە لە شاری ئابادان، شەوی پێنجشەممە بووە هۆی بڵێسەدارتر کردنی هەرچی زیاتری ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک. جەماوەری تووڕە و ناڕەزای درووشمیان دەدا: “فەرماندە فەرماندە، شار لەژێر داروپەروودا نوقم بووەولەتاران زەماوەندە و لە ئابادان خوێنڕشتنە“. ئێستا شاری ئابادان و شارەکانی تری خوزستان کەشێکی تووندی ئەمنییەتییان تێدا زاڵە و ژومارەکی زۆر لە جەماوەری ناڕازی دەستبەسەرکراون. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هەرلە یەکەم ساتەکانی ئەو ڕووداوەدا بەرلەوەی کە هاوکارییە سەرەتاییە دەوڵەتییەکان بگات بە هانای دانیشتووانی زیان دیتووی ساختمانە داڕماوەکە، هێزە سەرکوتگەرەکان و کەرەستەکانی سەرکوت گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لە چەندین خاڵی هەستیاری شاردا جێگیر کرابوون.

ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری تاران جەماوەرێکی دەیان هەزار کەسییان لە منداڵ و ژن و پیاو لە ستادیۆمی ئازادی بەمەبەستی بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی سروودی گاڵتەجاڕیسڵاو فەرماندە، کە خەڵک بەرووستی ناویان لێناوەسڵاو داماو، کۆکردبۆوە. ڕژێمێکی کە ئیزنی بە ژنان نەدەدا بۆ تەماشاکردنی یاری تۆپی پێ بچن بۆ ستادیۆم، بۆ نیشاندانی هێزی بەسیجەکەی نەتەنیا ئەوەی کە ژنانی لایەنگری ڕژیمی بردە ناو ستادیۆم، بەڵکوو ئیمکاناتی هاتووچۆ و هەموو پێداویستیەکانی تری بۆ دابین کردبوون. ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەم چەشنە نمایشانە، جگە لە ماهیتەتە کۆنەپەرستانەکەیان، ئەوەیە کە ڕژیم دەیهەوێت وا بنوێنێت کە گۆیا بارودۆخەکە ئاساییە و ئەوەی کە دەگوزەرێت شتێکی نۆرماڵە. بەڵام ئێستا چەند کاتژمێر لەبەرێوەچوونی شانۆی ناو وەرزشگای ئازادی تێپەڕنەببوو کە وڵامەکەیان لە خەڵکی ئابادان وەرگرت.

دەنگوڕەنگوسایتوڕۆژنامەکانیسەربەڕژیم،لەحاڵێکداهەواڵیشانۆیمەیدانیئازدییانبەگەرمیبڵاودەکەنەوە،لەئاستناڕەزایەتیبەربڵاویخەڵکلەدژیگرانیدا،بێدەنگییانهەڵبژاردووە. تەنانەت هەواڵگەلێکی وەک تیرۆرکردنی فەرماندە نیزامییەکان لە جەرگەی شاری تاران و لەناو دامەزراوەی نیزامی پارچین، هەڵوەشانەوەی یاری نێوان تیمی تۆپی پێی کانادا و کۆماری ئیسلامی کە شکستێکی نێونەتەوەیی بوو بۆ ڕژیم، دەرنەهاتنی سپا لە لیستی تیرۆر و شکستهێنانی وتووێژەکانی بەرجام، هەرکام لەوانە بەنۆبەی خۆیان دەرخەری ئەو جێگە و پێگە لاواز و دژوارەیە کە ڕژیم خۆی تێدا دەبینێتەوە، بەڵام دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی بە سانایی لەوانە تێپەڕ دەبێ و توڕەهاتی خامەنەیی و ئەمام جومعەکان دەرخواردی خەڵک دەدات.

پایەکانی کۆماری ئیسلامی هەرلە بنەڕەتەوە لەسەر درۆ دامەزراوە. ئەم ڕژیمە لەحاڵێکدا بۆخۆی دۆزەخێکی ڕاستەقینەی بۆ بەشێکی زۆر لە کۆمەڵانی خەڵک درووست کردووە، وادەی بەهەشت بەخەڵک دەدات. ئەمڕۆ ئیتر ئیمپڕاتۆری درۆی ڕژیم لەگەڵ شکستی جیددی بەرەوڕوو بۆتەوە. خەڵک نەتەنیا بڕوایان بە قسەی بەرپرسانی ڕژیم نییە، بەڵکوو نەفرەت و بێزاری لە حکوومەتی ئیسلامی و ئاخوندەکان سەرتاسەری ئیرانی داگرتووە. بازاڕی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ڕەونەقی نەماوە و ئیتر کەمتر کەسانێک هەن کە موتمانە و بڕوا بەم دەزگای درۆیە بکەن. قسەو وڕێنەکانی خامەنەیی و ڕەئیسی و دەسەڵاتدارانی تری ڕژیم کڕیاری نەماوە و ئیمپڕاتۆری درۆی ڕژیم زەمینگیر بووە و کارایی ڕابردووی نەماوە. بەڵام خەڵک ئەمڕۆکە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مێدیاکانی دەرەوەی وڵات و هەروەها پێوەندییە کەسییەکانی نێوان شار و وڵاتە جۆراوجۆرەکانەوە  زانیاری پێویست بەدەست دەهێنن و  هیچ پێویستیان بەوە نییە کە گوێ بۆ هەواڵی کلک و گوێ بڕاو و سانسۆرکراوی ئەم دەزگایەوە ڕابگرن.

هەرچی ئیمپڕاتۆری درۆی حکوومەت پتر بکەوێتە پەراوێزەوە، ڕژیم پتر ناچار دەبێ پەنا بباتەبەر سەرکوتی فیزیکی. بەڵام ئێستا ئیتر ماشێنی سەرکوتیش ناتوانێت بەربە پەرەسەندنی خەبات و ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران بگرێت. خەباتی یەکگرتووانەی خەڵکی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و بەشداری هەرچی بەرینتری کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، مژدەدەری دواڕۆژێکی باشتر بۆ خەڵک و شکست و ناکامی هەرچی زیاتر بۆ حکوومەت و هەروەها مژدەبەخشی نەبەردی کۆتایی و ڕوخانی ئەم ڕژیمە گەندەڵ و کۆنەپەرستە و لەناوچوونی ئیمپراتۆری درۆیە.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-