کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیجرای بەرجام و وەعدە و بەڵێنە بێ ناوەرۆکەکانی ئوستانداری کوردستان

دوای ڕاگەیەنرانی ئیجرای بەرجام لە رۆژی ٢٦ ی مانگی بەفرانباردا عەبدوالحەمید زاهدی ئوستانداری کوردستان رۆژی ٢٧ ی ئەو مانگە بەناو ” سەرکەوتنی” کۆماری ئیسلامی لە وتووێژە هەستەییەکاندا بە خەڵکی ئێران پیرۆزبایی وت. ئەو لە وتووێژ لەگەڵ خەبەر ئانلاینی کوردستان سەبارەت بە بەرنامەکانی دەوڵەت بۆ ئوستانی کوردستان لە دەورانی دوای تەحریمەکاندا ئەولەوەیەتەکانی باس کرد کە بریتی بوون لە:هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی زیاتری ئیعتیباراتی عومڕانی و تەکمیل کردنمی پرۆژە ناتەواوەکان، ئاوڕدانەوە لە ژێرخانی تەوسعە لەوانە گواستنەوە و گەیاندن، ئاو و ژینگە، گەشە پێدانی کەرتی کەشاوەرزی، پیشەسازی و سەنایعی مەعدەنی و گەردشگەری، ڕاکێشانی سەرمایە گوزار و ڕەخساندنی هەلی کار. ئەو لەم وتووێژەدا داوای لە خەڵکی کوردستان کرد تەوەقوعات و چاوەڕوانیەکانیان مەنتیقی بکەنەوە و ئیجازە بدەن دەوڵەت بەجێگای دەستەبەر کردنی نیازە کەم بەهاکان ئاوڕ لە بابەتی ئەساسی تر بداتەوە. زاهدی ڕوونی نەکردەوە کە مەبەستی لە مەنتقی کردنەوەی تەوەقوعات و چاوەڕوانی چیە و پێداویستیەکان کامانەن. بەڵام بە سرنجدان بە پێشینەی خزمەتەکانی ئەم مۆرەیەی ڕژیم لە دەزگا هەستیارە ئەمنیەتیەکاندا، ئەم ڕستەیە هەڕەشە لە کرێکارانی تێکۆشەر و خەڵکێکی مافخوازە کە بەرجام بە نیشانەی شکستی کۆماری ئیسلامی دەزانن و زیاتر لە سێ دەیەیە کە بۆ تێکەوەپێچانی بەساتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خەبات دەکەن. خەڵی کوردستان لە هەمان سەرەتاوە بە تەحریم کردنی گشت پرسی ” کۆماری ئیسلامی، ئەرێ یان نا” لە مانگی خاکەلێوەی ٥٨ دا بوونە پێشەنگی دەیان ملیۆن ژن و پیاو لە سەرتاسەری ئێران کە بە شێوەی جۆرا و جۆری ناڕەزایەتی و خەبات دروشمی داواکاری روخانی ڕژیمیان بە دەنگی بەرز دەوتەوە. ئەوان بە خەباتی کرێکاری، جەماوەری و چەکدارانە قەدەر قودرەتی ڕژیمیان تێکشکاند و ئیمکانیان بە سەرانی نەدا تا داکۆکیان لە کاخ نشینان و سەرمایەدارن وەک دیفاع لە چارداخ نشینەکان پیشان بدەن.636
ئەم خەڵکە بە باشیی دەزانن کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ترسی ئاخێزی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لەژێر گوشاری تەحریمەکاندا لە بەرانبەر دەوڵەتی ئامریکا و باقی زل هێزە ئیمپڕیالیستیەکاندا بەچۆکدا هات. ئەوان دەزانن کە قەبوڵ کردنی بەرجام تەسلیمی ڕژیمە لە بەرانبەر ئەو دەوڵەتانەدا کە ڕژیمی ئیسلامی لە هەمان سەرەتاوە هۆویەتی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی خۆی لە دژایەتی لەگەڵ ئەواندا پێناسە کردبوو.

زاهدی لە حاڵێکدا داوا لە خەڵکی کەردستان دەکات کە لە چاوەڕوانی کردارەکانی ئەو و ڕەئیسەکانیدا بن و خۆیان بۆ دەستەبەر بوونی داواکاریەکانیان هیچ حەرەکەتێک نەکەن کە سیاسەتی سەرەکی ڕژیم لەسەر بنەمای ئەمنیەتی کردنی فەزای کوردستان، بەرگرتن لە گەشەی ئابووری و ئاوڕ نەدانەوە لە خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکانە. لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتە دژی بەشەریانەدا لە سەرۆک کۆمارەوە گرتویەتی تا مۆرە بێ کەڵکەکانی وەک ئوستانداری کوردستان چاویان لەدەستی سەرمایەدارانی کەرتی تایبەتە تا بێن و لە کوردستانی میلیتاریزە کراودا لەبن دەستی فەرماندەکانی سپادا سەرمایەگوزاری بکەن. تەنانەت ئەگەر سەرمادارانێک ئەم ڕیسکە قەبوڵ بکەن و تەعەهودی هاوکاری وەربگرن تا لە پیشەسازیە زوو بەهرەدەرەکاندا لە کوردستان سەرمایە گوزاری بکەن ئەوان ناتوانن جێگای ئەو سەرمایەدارانە پڕ بکەنەوە کە بارگەوبنەی خۆیان پێچاوەتەوە و هەڵاتنیان لە مانەوە بە باشتر زانیوە.زاهدی وەعدەی داوە کە لە بوجەی ساڵی ٩٥ دا ئیعتیباراتی زیاتر بۆ کوردستان بێنێ تا پرۆژە ناتەواوەکانی پێ تەواو بکات. ئەم مۆرە ئەمنیەتیە لە بارودۆخێکدا ئەم وەعدەیە ئەدات کە تەرحی بوجەی ساڵی ٩٥ لەسەر بنەمای نەوتی بۆشکەی ٤٣ دۆلار ئامادە کراوە، لە حاڵێکدا کە نەوتی ناوچەی ئوپێک بۆشکەی ٢٥ دۆلار و نەوتی کۆماری ئیسلامی بەرمیلی ٢٢ دۆلار لە بازاڕدا دەفرۆشرێت. بێجگە لە توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری و کەم بوونەوەی پێداویستی وڵاتانی وەک چین و ئوروپا بە نەوت، لە ئێستادا پاشماوەی زیاتر لە نیاز لە بازاڕدا زۆرە.
زاهدی لە وتووێژ لەگەڵ خەبەر ئانلاینی کوردستان بەڵێنی داوە کە ئاوڕی زیاتر لە ژێرخانی تەوسعە لەوانە گواستنەوە و گەیاندن، ئاو و ژینگە، تەوسعەی بەشی کەشاوەرزی، پیشەسازی و سەنایعی مەعدەنی و گەردشگەری بداتەوە. سەرلەنوێ دەبێ وەبیر بهێندرێتەوە کە لەپێش ئەویشدا سەرانی کۆمار و وەزیر و ئوستاندارەکان بەجێگای ” ئاوڕ دانەوەی” بێ سەمەر لەو بابەتانە کۆمەڵێک تەرح و پرۆژەی زۆریشیان نووسی، بەڵام بە جێگای ئیجرا کردنیان پوڵەکەیان خوارد. هەڵبەت لە هێندێک لە بوارەکاندا بە پێچەوانە جوڵانەوە و وێران کردنی بە بەرنامەی دارستانەکان و وشک کردنی روبار و دەریاچەی ناوچە جۆراو جۆرەکانی کوردستانیان خستە دەستوری کاریانەوە.
داواکاری سەرەکی زۆربەی خەڵکی کوردستان دخاڵەتی ڕاستەوخۆ لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و مافی دیاریکردنی چارەنوسیانە لە هەموو بوارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکاندا. بەڵام خەڵکی کوردستان بە تەجروبە بۆیان دەرکەوتوە کە ئەمە تەنیا بە ڕوخانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای خەباتی هاوبەشەوە لەگەڵ بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئێڕاندا مومکین دەبێت. بەڵام تا روخاندنی کۆماری ئیسلامی، خەڵك و لەوانە ژنان و پیاوانی کرێکار گەلێک داواکاریان هەیە کە بە پشت بەستن بە هێزی خۆیان بۆ دەستەبەر بوونیان رۆژانە خەبات دەکەن. داواکاری ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی وەک ئازادی تەشەکول، مانگرتن و قسە کردن، کۆتایی هاتن بە میلیتاریزم، بە کوشتاری کرێکارانی کۆڵبەر لەسەر سنورەکان، ڕاگیرانی سەرکوتی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، باشتر بوونی ژیان و بەڕێچونی کرێکاران تەنیا گۆشەیەکە لە داواکاری کرێکاران و خەڵکی کوردستان کە بە بۆنەی جۆراو جۆر تەرح و پەیگیری دەکرێن و کراون.
بوار بۆ داسەپاندنی ئەم داواکاریانە لە مەسیری لاواز بوونی زیاتری کۆماری ئیسلامیدا فەراهەم تر دەبێت. کوردستان کۆمەڵگایەکی حێزبیەت یافتەیە کە تێیدا گرایشی سوسیالیزم پێگەیەکی گرنگی هەیە. بونبەست و ناکامیەکانی ناسیونالیزم لە کوردستانی عێڕاق، ئەزمون، دەستکەوت و مەحدودیەتەکانی بزوتنەوەی مافخوازانەی خەڵک لە کوردستانی سوریە و تورکیە و ڕیسوا بوونی باڵە جۆراو جۆرەکانی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا، دەتوانێ ببێتە زەمینە خۆشکەری بەهێز بوونی گرایشی سوسیالیستی. پێشڕەوی بزوتنەوەی کوردستان لە گرەوی هەوڵ و تێکۆشانی بەرنامە بۆدارێژراو بۆ پەرەدان بە ئاسۆ و ئیستراتیژی ڕەوتی سوسیالیستی لە مەیدانە جۆراو جۆرەکانی خەبات دایە.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-