کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاسۆی بزوتنەوەی خوێندکاری

لەم ساڵانەی دواییدا بە تێپەڕ بوونی بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان لەو چوارچێوە و قاڵبانەی ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە خەبات لەدژی بارودۆخی مەوجود دەیانخستە بەردەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و بە تایبەت لەگەڵ سەرهەڵدانی ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباری ١٣٩٦ و کۆتایی سوڵتەی گوفتمانی ڕیفوڕم خوازی حکومەتی، پێش بینی ده‌كرا کە ڕیزبەندیە سیاسیەکانی زاڵ بەسەر بزوتنەوەی خوێندکاریش گۆڕانی بەسەردا دێت. لەژێر کاریگەری ئەم ئالوگۆڕانەدا دەور و نەخشی ڕێبەریی تەشەکولە خوێندکاریەکانی سەر بە ئیسلاح خوازانی حکومەتی و ڕەوتێکی وەک ” سازمانی تەحکیمی وەحدەت”یش کۆتایی بێت و بوارێکی گونجاوتر بۆ گەشەی گرایشی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی لە بزوتنەوەی خوێندکاریدا فەراهەم بێت. بەرپا بوونی کۆبوونەوە خوێندکاریەکان لەم حەفتانەی دواییدا و هاوکات لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتی شکۆداری کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز، لە زانکۆکانی تاران، بابول، ئەهواز، و مازندەران و چەندین زانکۆی تر بۆ دیفاع لە داخوازی کرێکاران و مۆعه‌لیمان دەرخەری ئەم ڕاستیەیە. دانی دروشمەکانی” نان – کار- ئازادی، ئیدارەی شوڕایی”، ” منداڵانی کرێکارانین لەگەڵیانین”، ” کرێکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت”، ” حەوت تەپەی خوزستان ئۆلگوی زەحمەتکێشان”، ” خوێندکار، کرێکار، موعه‌لیم، یەکگرتن یەکگرتن”، ” خوێندکار وشیارە پشتیوانی کرێکارە”، ” نە هەڕەشە نە زیندان ئیتر کاریگەر نییە”، ” زانکۆی پوڵگەردان دژ به‌ زەحمەتکێشن”، بە روونی ئاڕاستەی چینایەتی ومه‌یلی سۆسیالیستی لە بزوتنەوەی خوێندکاریدا پیشان ئەدات. ئەم ڕاستیانە نیشانی ئەدات کە فەزای زاڵ بەسەر زانکۆکاندا و ڕیزبەندی سیاسی مەوجود لە بزوتنەوەی خوێندکاریدا تا ڕادەیەک لە بارودۆخی گشتی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا کاریگەری وەردەگرێت.

ئەم ئاڵوگۆڕانە لە شەو و ڕۆژیكدا روویان نەداوە. لە مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ دا کە ناڕەزایەتی خوێندکاری دژبە داخستنی رۆژنامەی” سەلام” دەستی پێکرد و بە هاودەستی ئیسلاح خوازانی حکومەتی لەگەڵ سپا و بەیتی ڕێبەریی لە هێرشێکدا بۆسەر خوێندکاران زەمینە سازی جیابوونەوەی بەشێک لە بەدەنەی بزوتنەوەی خوێندکاری لە ئیسلاح خوازانی حکومەتی و سازمانی تەحکیمی وەحدەت بوو، نزیکەی ٢٠ ساڵ تێپەڕێوە. لەم قۆناغەدا بزوتنەوەی خوێندکاری بە خێرایی داخوازی سیاسی و ڕادیکاڵی کردە ئاڵای خەباتی خۆی و دوای به‌ناوی شۆرشی فه‌رهه‌نگی زەمینە سازی کرد بۆ شکڵ گرتنی گرایشی چەپ و سۆسیالیستی لەنێو خوێنەکاراندا.

تەیفێکی تاڕادەیەک بەرینی خوێندکارانی چەپی ڕادیکاڵ پێکهاتو لە گرایشە جۆراو جۆرە سیاسیەکان لەم دەورەی چەند ساڵەدا چالاکیەکانیان زیاتر لە بڵاوکراوەی جۆراو جۆری خوێندکاریدا لەگەڵ بزوتنەوەکانی کرێکاران و ژنان و لەوانە بەڕێوەبردن و بەشداری لە مەڕاسمی ئەوەڵی مانگی مەی و ٨ ی ماڕسدا چڕ کردوە. بەڵام ئەم بزوتنەوە تازە پێگرتوە بەهۆی بێ ئەزمونی، شپرزەکاری و کۆمەڵێک هەڵەی تر، پێش وەخت و بەر لەوەی کە ببێته‌ خاوەنی پێگەیەکی جەماوەری لە بەدەنەی بزوتنەوەی خوێندکاریدا سەرکوت کرا. بزوتنەوەی خوێندکاری ئێران دوای سەرکوتی گرایشی چەپ و سۆسیالیستی لە نێوەڕاستی دەیەی ٨٠ دا، ئەساسەن قەناعەتی بە داخوازیە سینفیەکان کرد. ئەوە لە حاڵیکدا بوو کە بە هاتنە سەر کاری دەوڵەتی روحانی و درێژەی به‌رێوه‌بردنی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکان شەپۆلێکی نوێی لە خوسوسی سازیەکان و کالایی سازی ئاموزشی باڵا و کەم بوونەوەی بوجەی زانکۆ دەوڵەتیەکان و خزمەتگوزاری ڕیفاهی بۆ خوێندکاران دەستی پێکردبوو. چڕ بوونەوەی بزوتنەوەی خوێندکاری لەسەر داخوازیە سینفیەکان لە باردۆخێکدا بوو کە پێویستی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ خوسوسی سازی بە کالایی کردنی ئاموزشی باڵا، تێکشکاندنی فەزای ئەمنیەتی زاڵ بەسەر زانکۆکاندا، بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ سیاسەتی هەڵاواردنی جنسیەتی، پاشەکشە کردن بە سیاسەتی بە ئیسلامی کردنی زانکۆکان، بەگشتی لە گرەوی ئەوەدا بوو کە بزوتنەوەی خوێندکاری لە خەباتی سینفی واوەتر بچێت و تەرحی داخوازیە سیاسی و دیموکراتیکەکان بکاتە ئاڵای خەباتی خۆی. ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردو و حوزوری خوێندکاران لەم بزوتنەوەیەدا و ئاڵوگوڕەکانی دوای ئەو بە تایبەت حەرەکەتەکانی ئەم دواییەی بزوتنەوەی خوێندکاری نیشانی ئەدات کە ئەم بزوتنەوەیە کەم کەم خەریکە ئاسۆی ڕزگاری بەخشی خۆی ئەدۆزێتەوە و ئاگاداری دەور و نەخش و پێگەی مێژوویی خۆی دەبێت.

لەم بارودۆخەدا هەڵسوڕاوانی رادیکاڵ و سۆسیالیستی بزوتنەوەی خوێندکاری پێویستە هەرچی زیاتر هەوڵ بدەن، پێگەی خۆیان لە بەدەنەی بزوتنەوەی خوێندکاریدا پەرەپێبدەن. بزوتنەوەی خوێندکاری ئێران هێشتا بەشێکی بچوک لە هێزی زیاتر لە ٤ میلۆنی خۆی هێناوەتە مەیدان و بە واتایەک هێشتا جەماوەری و سەرتاسەری نەبۆتەوە.

کۆمونیستەکانی نێو بزوتنەوەی خوێندکاری لە باروۆخێکدا کە کۆمەڵگای ئێران هەنگاو بە هەنگاو لە دەورەی شۆڕشگێڕانە نزیک دەبێتەوە و گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگای ئێران بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە مەیدانی کێشمە کێشی ئاڵترناتیوەکان، پێویستە بزوتنەوەیەکی سیاسی و فکری بەهێز لە دەوری دیفاع لە ئاڕمان و ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی بخاتە دەستوری کارەوە. پیویسته‌ یارمەتی دەری بەهێز بوونی گوفتمانی سۆسیالیستی لە ئاستی کۆمەڵگادا بێت. هاوكات بەربەرەکانی لەگەڵ لیبڕالیزمی بۆرژوایی ئێران کە یەکێک لە ئەرکە گرینگەکانی ماڕکسیستەکانە لە کێشمە کێشی ئیدئۆلۆژیک لە قۆناغی ئێستادا ئەرکی خۆی بە جێبگەیەنێ. بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی لە ڕەخنەی بنچینەیی لیبرالیزم دا دەتوانێ گەورە ترین خزمەتی هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزوتنەوەی خوێندکاری لە پەڕواێز خستن و لادانی کۆسپە زەینیەکانی بەرەو پێش چوونی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکاندا بێت.

لە بارودۆخێکدا کە لە لایەکەوە بەشێکی زۆر لە بەدەنە و پێگەی بزوتنەوەی خوێندکاری لە کچان و ژنان پێکدێت بە شێوەی سروشتی مەسایلی بزوتنەوەی ژنان خاوەنی گرنگیەکی بەرزە بۆ بزوتنەوەی خوێندکاری و پێویستە پوتانسیەلێکی ناڕەزایەتی کە قاعیدەتەن حوزوری کۆمەڵێکی زۆر لە کچان و ژنان لە زانکۆکاندا پێکدێنێ لە خزمەت قوڵ بوونەوە و بەهێز کردنی ئەم بزوتنەوەیەدا بێت. لەم روەوە پێویستە کە بەشی ڕادیکاڵی بزوتنەوەی خوێندکاری بەشێک لە هێزەکەی بە شێوەی تەخەسوسی و سیستماتیک بۆ بزوتنەوەی ژنان تەرخان بکات و یارمەتی دەری بەهێز بوونی جەمسەری چەپ و ڕادیکاڵی بزوتنەوەی ژنان، هێنانە مەیدانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و ئاڕاستە گرتنی یەکگرتن لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ گرایشی راست و لیبڕاڵیدا بێت.

ڕەخنەی بنەمایی ناسیۆنالیزم و شۆوینیزمی ئێرانی و گرایشی ناسۆنالیستی لەنێو خوێندکارانی ناسراو بە نەتەوە ستەم لێکراوەکان یەکێکی تر لە ئەرکە مێحوەریەکانی سۆسیالیستەکانی بزوتنەوەی خوێندکارییە. نابێ ئیجازە بدرێت گەشەی ئەم گرایشاتە زیان بە هاوپشتی و خەباتی سیاسی و دیموکراتیکی بزوتنەوەی خوێندکاری بگەیەنێت. لەم ڕاستایەدا دیفاع لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و تەرح و تەبلیغی شێلگیرانەی ئاڵتر ناتیو و ڕێگا چارەی سۆسیالیستی بۆ سڕێنەوەی ستەمی نەتەوایەتی خاوەنی گرنگیەکی زۆرە.

بابەتی پەیوەندیدار

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-