ڕۆژی هه‌ینی ٢٩ی سه‌رماوه‌ز، به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی “فه‌رهاد خوسره‌وی” ١٤ ساڵ ته‌مه‌ن و دانیشتی ئاوایی “نێ” سه‌ر به شاری مه‌ریوان، دانیشتووانی ئه‌م ناوچه‌یه به به‌ده‌سته‌وه گرتنی نان و له ناڕه‌زایه‌تیی به‌م كاره‌ساته به پێشوازی ته‌رمی ناوبراو چوون.
ڕێوڕه‌سمی ئه‌سپه‌رده‌كردنی “فه‌رهاد خوسره‌وی” كه ته‌رمه‌كه‌ی دوای چوار ڕۆژ گه‌ڕان له ناوچه‌ی “گه‌ناو” له مله‌ی ته‌ته دۆزراوه‌ته‌وه، بووه مه‌یدانی ناڕه‌زایه‌تیی دژه ده‌وڵه‌تی. له ئه‌نجامی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه، خه‌ڵكی خه‌باتكاری شاری مه‌ریوان سه‌ره‌تا به به‌ده‌سته‌وه گرتنی چه‌ند تیكه نان به نیشانه‌ی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی به‌م جه‌نایه‌ته و وتنه‌وه‌ی درووشمی “ناخ و هه‌ناومان سووتاوه، ئه‌وه‌نده بۆ په‌یدا كردنی نان قوربانیمان داوه” ئێعترازی خۆیان ده‌ربڕی و پاشان جه‌ماوه‌ری تووڕه و ناڕازیی ده‌ستیان كرد به وتنه‌وه‌ی درووشمی دژه ده‌وڵه‌تی وه‌ك “مه‌رگ و نه‌مان بۆ دیكتاتۆر”. جێگه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی سەرماوەز، زیاتر لە ١٠ کۆڵبەر لە ملەی تەتە بە هۆی بەفر و بارانەوە ڕێیان ون كرد و هەر ئەو ڕۆژە تەرمی یەکێکیان بە ناوی “ئازاد خوسرەوی” تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شارەدێی نێ، دۆزیرایەوە و کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٥ ساڵیش بە ناوی “حسێن کەرەمی” دۆزرایەوە کە ئێستا لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە. شایانی باسه، له ماوه‌ی دوو حه‌فته‌ی ڕابردوودا، ٩ كۆڵبه‌ر له سنووره‌كانی ئۆستانی ئازه‌ربایجانی غه‌ربی، كوردستان و كرماشان، به‌هۆی ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌كانی ڕژیم یاخود سه‌رمابردوویی گیانیان له‌ده‌ستداوه و برینداربوون.