به پێی ڕاپۆرتهكان، ڕۆژی یهكشهممه ٢٦ی مانگی خهزهڵوهر، سەندیکاى كرێكارانی نەوت و گازی عێراق، مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند.
جەعفەر جەواد سەرۆکى سەندیکا لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەى بەوەکردووە، بۆ پاڵپشتیکردنى خۆپیشاندەرانى گۆڕەپانى تەحریر و جێبەجێکردنى داواکارییەکانیان، بڕیاریانداوە تەواوى كارمهندان و كرێكارانی کەرتى نەوت و گاز، نەچنە سەر کارەکانیان و مانگرتن رابگەیەنن. لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەکراوە، هەڵویستەکەیان بەهۆى ناڕەزایەتى و خراپى دۆخى ژیانى هاوڵاتیانەوە بووە کە چەندین ساڵە دەناڵێنن بەو حاڵەتەوە و داواکارییەکانیش لەو چوارچێوەیە بۆ بەرجەستەکردنى ئازادییەکان و ماف و دادگەرى کۆمەڵایەتی دایە. بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوكراوەتەوە، ٣٣٥ کەس لە میانی خۆپیشاندانەكانی شاری بەغداد و شارەكانی دیكەی عێراق تا ئێستا کوژراون و ١٥ هەزارى دیکەش برینداربوون.