ڕۆژی ڕابردوو و پاش هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە و پێگە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچەی کەنداوی فارس و گورووی هورموز، سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانە، چەند بنکەیەکی سەربازی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج.
سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری داوە کە ئەگەر هەر جۆرە دەستدرێژییەکی دیکە دووبارە بکرێتەوە، وەڵامەکەیان زۆر فراوانتر و توندتر دەبێت. هەروەها جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئاگربەست، کۆنتڕۆڵی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورموز لە دەستی ئەواندایە. لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ئێرانی بە بەرپرسیاری هێرش بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی و پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی هەفتەی ڕابردوو تاوانبار کرد. لە هەمان کاتدا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێران هەر هێرشێکی نوێ ئەنجام بدات، ئەمریکا بە هێز و توندی وەڵامی دەداتەوە.
