ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٠ی مانگی سه‌رماوه‌ز، ١٣ ناوه‌ندی مافی مرۆڤ له به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایان له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد كه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به‌هۆی پێشێلكارییه‌كانی له بواری مافی ژناندا، له كۆمیسیۆنی مافی ژنی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه بكرێته ده‌ره‌وه.
كۆمه‌ڵێك له‌و ڕێكخراوانه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یان واژۆ كردووه بریتین له: “بۆنیادی عه‌بدۆلره‌حمان بروومه‌ند”، “ناوه‌ندی ئه‌سنادی مافی مرۆڤی ئێران”، “كه‌مپه‌ینی چالاكانی به‌لووچ”، “ئه‌نجۆمه‌نی مافی مرۆڤی كوردستان”، “ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردپا”، “بۆنیادی سیامه‌ك پوورزه‌ند” و “هاوپه‌یمانی (ئیمپهكتی ئێران)”. ئه‌و ڕێكخراوانه له به‌یاننامه‌كه‌ی خۆیاندا كه بۆ شۆرای ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هه‌ناردوویانه، ڕایانگه‌یاندووه كه هه‌بوونی كۆماری ئیسلامی له‌و ڕێكخراوه‌یه دژبه ئامانج و بیر و باوه‌ڕه‌كانی ئه‌و كۆمیسیۆنهیه. شایانی باسه كه ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو بڕیاره ده‌ركردنی كۆماری ئیسلامی له‌و كۆمیسیۆنه بخرێته به‌ر ده‌نگدان.