کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

به ره و به هاری ئازادی

 

به‌هار، وەرزی بووژانه‌وه‌ و بزووتنی دوباره‌ی سروشت بەرێوەیە. هاتنی به‌هار هێمایه‌كه بۆ ته‌واوبونی ته‌مه‌نی سه‌رما و توانه‌وه‌ی كۆشكی سه‌هوڵبه‌ندانی سته‌م و چه‌وسانه‌وه و هیوا به‌ساڵێكی باشتر له‌ پار له‌ ناخی دڵاندا دەبزوێنێت. هيواي دونیایه‌ك كه‌ تێیدا ئازادی و ریفاهی گشتی جێگای بێبه‌شی و بێ عه‌داله‌تی و نه‌بوونی بگرێتەوه‌ و ده‌رفه‌تی یه‌‌كسان بۆ گه‌شه‌ و خه‌مڵینی تواناییه‌كانی ئینسان بۆ هه‌مووان دابین ‌بێت.
ئیمرۆ لە سەردەمێكدا دەژین كە هێزی دەست و بازوو و بیر و مێشكی ئینسانی داهێنەر و خوڵقێنەر ئەو جیهانەی لێواولێوی ئیمكاناتی ئاسودە بۆ ژیان كردوە، بەڵام خولقێنەرانی ئەو سەروەت و ئیمكاناتە لە بەرهەمی ڕەنج و كاری خۆیان بێبەشن. بە سەدان میلیون ئینسان ، شەوانە بە برسیەتی سەر دەنێنەوە و یان لە سەرەتاییترین مافی ئینسانی بێبەشن. هەژاری و دژواریەكانی بەرێچوونی ژیانی خەڵكی زەحمەتكێش و دەست تەنگ، کەلێنی قووڵی چینایەتی نێوان سەروەت و هەژاری، بێ بەهرەبوونی جەماوەری خەڵك لە خزموتگوزارییە سەرەتاییەكان، بێكاری و بێ ئاسویی لاوان، نەبونی ئازادی و پێشێل كردنی سەرەتایی ترین مافی دێموكراتیكی خەڵك، پەرەسەندنی جۆرەها دیاردەی ناشیرنی كۆمەڵایەتی، هەمووی ئەوانە دەستیان داوەتە دەستی یەك و ئەو جیهانە جوان و ڕازاوەیان بۆ خولقێنەرانی كردۆتە دۆزەخ.
بەڕاستی بۆچی وایە؟ ئەساسی ترین وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە چونكە ئامانجی بەرهەم هێنان، ئامانجی بەرهەمی كار، نەك دابین كردنی پێداویستیەكانی ژیانی ئینسان، بەڵكوو كۆكردنەوەی قازانجە. هەر بۆیە دەبینین هەركات قازانجی سەرمایەدارێك لە بوارێك دا روو لە كزی دەكات یەكسەر بەرهەمهێنان و كاخانەكەی دادەخات و روو لە جێگەیەكی دیكە دەكات. تەولیدەكەی دەخەوینێ‌، تاكو بەرهەمی زۆرتر دەستی بەشەر نەكەوێ‌، هەم كومەلگا توشی گرانی و كەم بونی پێداویستیەكانی ژیان دەكات و هەم كرێكار بێكار دەبێ‌. ئەوەیە مەنتقی بەرێوەچونی نیزامێك كە بناغەكەی لە سەر قازانج پەرەستی و چەوساندنەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان دامەزراوە. كاتێك سود لە سەر یەك كەلەكە كردن دەبێتە ئامانجی كاری ئینسان و سود دەچێتە گیرفانی كەسێكی ترەوە، ئنسانەكان ئەوانەی كار دەكەن و لە سود بێ‌ بەهرەن لە بەرهەمی كاری خۆیان نامۆ بێگانە دەبن.
چاو لە سەفحەی تەلەویزیونەكانتان بكەن، بە كاناڵە جوراوجۆرەكاندا بگەرین، ئایا سیمای جیهانێك نابینن پڕ لە ئەزمە، پڕ لە كێشمەكێش ؟ ئایا نابینن كە چۆن ئەو نیزامە ئەمنیەتی لە ژیانی ئینسان هەلگرتوە، ئەمنیەتی گیانی، ئەمنیەتی رەوانی، ئەمنیەتی شوغلی؟ توند و تیژی بۆتە دیاردەیەكی ئاسایی، ڕەحم بە ئینسان كە سەهلە بە ژینگەی ئینسانیش ناكرێ‌؟ ئایا ئەوەی دەبینین شایستەی ئینسانی ئەمرۆیە ؟ ئایا بەڕاستی ئەكسەریەتی جەماوەری خەڵك لە چوارگۆشەی جیهان بەم بارودۆخە ڕازین؟ ئایا ئەم بارودۆخە بە چارەنوسی چارهەڵنەگری خۆیان دەزانن؟ بێگومان ڕازی نین، هەر بۆیە لە هەموو شوێنێكی جیهان شاهیدی بەرەنگاربونەوە و خۆڕاگری لە شكل و شێوەی جوراوجۆری داین. ئەگەر خەڵكێكیش هەبن كە نەزانن خەباتەكەیان بەرەو كوێ دەچێت، بێگومان ئەوە دەزانن كە ئەو وەزعە شایستەی ئەوان نییە و پێویستە بگورێ‌.
لە ئیرانی ژێر دەسەڵاتی رژیمی جمهوری ئیسلامیدا، هەرچی دیاردەی دزێو و ناشیرینی نیزامی سەرمایەداریە، بە چەند قات زیاتر ئەو وڵاتەیان داگرتوە. لەم ئیرانەدا رژیمێك لە سەركارە كە، ئاكار و كردەوەی، سیاسەت و هەڵوێستی، فەلسەفە و بیروبۆچونی، هەمووی مایەی شەرمەزاری بەشەریەتی سەردەمی ئێمەن. ئەو رژیمە لە گەڵ ئاستی بەرەوپێشچوون و پیشكەوتنی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئەكسەریەتی خەڵكی ئەو وڵاتە ناتەبایە و بە حوكمی ئەو ناتەباییە دەبێ‌ بڕوات و بێ‌گومان دەڕوات.
هەلومەرجی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەمڕۆی ئێران، ئەوەمان پێدەلێ كە لە لایەكەوە ئەو وەزعە قابیلی تەحەمول نییە و لە لایەیەكی دیكەوە بۆ گۆڕانكاری جیدی لە داهاتووی ئیران خەڵكی ئەو وڵاتە ناتوانن بە هیچ هێزێك جگە لە هێزی خۆیان پشت ببەستن. بۆ جەماوەری خەڵك هیوایەك بە گۆڕانكاری لە ناوخۆی رژیمەوە نەماوە. باڵەكانی ناوخوی رژیم، هەمووی تاقی كرانەوە و هەر هیوایەكیش كە كەسانێك بە گۆڕانكاری لە سەر دەستی ئەوان بوبێتیان، بۆتە بلقی سەرئاو. خۆشباوەڕی بە ڕزگار بوون لەڕێگای دەست تێوەردانی دەرەكی، ئەوەش ئەمرۆ نەماوە. رووخانی رژیم لە ڕێگای دەست تیوەردانی دەرەكی لە ئارا دایە نییە و ئەزمونی هەموو جیهانیش نیشانیداوە كە ئەگەریش لە ئارادابێ‌، ئامریكا و باقی زلهیزەكان پێیان ناوەتە هەر شوینێك نەك هەر ژیانێكی بەختەوەریان بۆخەڵكی ئەو وڵاتە بە دیاری نەهێناوە، بەڵكوو ئاسایشیان لە خەڵك هەڵگرتووە و شەڕ و نائەمنی و كێشە و ململانێی نەتەوەیی و مەزهەبی و چی دیاردەی كۆنە پەرەستانە كە زەمینە و ئیمكانی هەبووە بوژاندویانەتەوە و بە جێیان هێشتۆە.
كە وایە ئەگەر بمانەوێ داهاتووی سیاسی ئەو وڵاتە بە هێزی دەست و بازو و بیر و هۆشی خۆمان بونیات بنێینەوە ئەوا دەبێ خۆمان، هەموومان پێكەوە قۆلی هیمەتی لێ هەڵماڵین.
كرێكارانی ئەو وڵاتە كە قورسایی باری قەیرانی ئابووری ئێستای ئێران بە سەر شانی ئەواندا دەشكێتەوە و لە ژێر هێلی هەژاریدا ئەژین، تەسلیمی ئەو هەلومەرجە زاڵمانەیە نابن كە بە سەریاندا سەپێندراوە، بەڵكوو بەرەو رێكخراو بوون و یەكگرتوویی هەنگاو هەڵدەگرن. ئەو نەفرەتەی كە لە ناخی ژنانی ئەو وڵاتەدا بەرانبەر بە رژیمی ئیسلامی كە پارێزەری دزێوترین رواڵەتی ستەمكێشی ڕەگەزیە، پۆنگی خواردۆتەوە، هێزی یەكسانیخواز لەو كۆمەڵگایەدا بە گوڕوتین تر دەكات. لاوانی ئەو وڵاتە كە بە نرخترین ساڵەكانی تەمەنیان پڕە لە نیگەرانی بەرانبەر بە داهاتووی ناڕوونیان و لە خۆشیەكانی ئەم دەورەیەی ژیانیان بێبەشن، جەسورانە تر دێنە مەیدان تا مافی خوراوی سەرەتایی و ئینسانی خویان لە گەروی ئەو رژیمە دەربێنن و ئاسۆی ژیانی دوارۆژیان روون كەنەوە. كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی سی و پێنج ساڵەی خەباتی بێ پسانەوەیان زیاتر لە دەوری هیزی ڕادیكال و پێشڕەو كۆدەبنەوە، ئەوانە هەمووی چاوەڕوانی و هیوای ئێمە بۆ ساڵی نوێن.
ئەو هیوایە خۆسازدانێكی گورج و گۆڵ تر و تێكۆشانی وشیارانە و ماندوونەناسانەی، لە هەموو بەرەكانی ئەم نەبەردەدا لێمان دەوێت. تەنیا بە ستراتێژ و تاكتیك و سیاسەتی روون‌ و بە پشت بەستن بە هێزێكی كۆمەڵایەتی كە هیچ قازانجێكی لە پاراستنی ئەو نیزامەدا نییە، چارەنووسی قەیرانی سیاسی و ئابوری ئیستای كۆمەڵگای ئیران لە بەرژەوەندی زۆرینەی دانیشتوانی ئەم كۆمەڵگایە چارە سەر دەبێت و ئاسۆی سەركەوتنی یەكجاری بۆ ئینسانی مافخوراو و چەوساوە و ستەملێكراوی ئەو وڵاتە دەردەكەوێ.
رێپێوان لەو رێگایەدا بەرەو ئاسۆی روون، زەمانەتی دوارۆژی ڕزگاری و سەرچاوەی ژیانی پڕ لە هیوا و شادی هەر ئەمرۆشمانە. با لە سەرەتای ساڵی نوێدا پەیمان ببەستین هەمووان پێكەوە، دەست لە ناو دەستی یەك، ئەو رێگەیە ببڕین.

 

بابەتی پەیوەندیدار

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah

ووته‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ساڵیادى مانگرتنی گشتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌دژی ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر وهاوبه‌نده‌كانی

komalah