ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٧ی مانگی ڕه‌شه‌مه و هاوكات له‌گه‌ڵ ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز له سه‌رانسه‌ری ئێران دژبه ڕژیمی سه‌ركوتگه‌ر چالاكیان ئه‌نجام دا و ئه‌و ڕۆژه‌یان له ته‌واوی كچان و ژنانی ئێرانی پیرۆزبایی كرد.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی سنه له چه‌ند چالاكی جیاجیا دا گوڵی سوور و تراكتیان له نێو كچان و ژنان دا بڵاو كردۆته‌وه و له ئاویه‌ر و ده‌ره‌وه‌ی شار و له نێو شارۆچكه سه‌نعه‌تیه‌كانی ١ و ٣ ڕێوڕه‌سمێكیان به‌ڕێوه‌بردووه و بریارنامە و به‌یاننامه‌یان به مه‌به‌ستی ئیدانه كردنی جه‌نایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی خوێندۆته‌وه. هه‌روه‌ها له شاره‌كانی كامیاران و مه‌ریوان وێڕای بڵاوكردنه‌وه‌ی تراكت، لاوانی شۆڕشگیڕ سه‌ردانی گڵكۆی گیانبه‌ختكردووانی ڕێگای ئازادی و به‌رابه‌ریان كرد و په‌یمانیان له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانیان نوێ كرده‌وه. له شاره‌كانی بۆكان و سه‌قز چه‌ند چالاكی و مه‌راسم به‌ڕێوه‌چوو و ژنانی ئازادیخواز به شایی و هه‌ڵپه‌ڕكی، هاتنی ئه‌و ڕۆژه‌یان پیرۆز كرد و به بڵاوكردنه‌وه‌ی تراكت و كۆبوونه‌وه سه‌ركوتگه‌ری و جه‌نایه‌ته‌كانی ڕژیمیان شه‌رمه‌زار كرد. له شاری تاران چه‌ندین چالاكی جیاواز به‌ڕێوه‌چوو و ژنان و كچانی یه‌كسانیخواز به بڵاوكردنه‌وه‌ی تراكت و كۆبوونه‌وه دژبه ڕژیمی سه‌ركوتگه‌ر دروشمیان وته‌وه. سەرلە ئێوارە تا دەڕنگانی شه‌و ژنانی شۆڕشگێڕ له سه‌تارخان،نارمه‌ك،مونیرییه،حه‌فت حه‌وز و له گه‌وهه‌رده‌شتی كه‌ره‌ج و شاری ڕه‌شت دژبه جه‌نایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی خۆپێشاندانیان كرد. هه‌روه‌ها له “ئیسماعیل ئابادی” خاش ژنان و كچانی یه‌كسانیخوازی به‌لووچ به به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی پلاكارد و وتنه‌وه‌ی دروشم ژاراویكردنی قوتابیان و ئێعدامی به‌ندكراوانیان به توندی مه‌حكووم كرد.