لێكۆڵینه‌وه‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان نیشانی داوه كه له سه‌رده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنادا، به‌هۆی ئه‌و گوشارانه‌ی كه كه‌وتووه‌ته سه‌ر ژیانی بنه‌ماڵه هه‌ژاره‌كان، ئاستی كاری منداڵان یه‌كجار زیادی كردووه. به پێی ئه‌م لێكۆڵینه‌وانه، به‌ر له گشت گیر بوونی كۆرۆنا له ئاستی جیهاندا، نزیك ١٥٢ ملیۆن منداڵی كار بوونی هه‌بووه كه ٧٣ ملیۆنیان خه‌ریكی ئه‌نجام دانی كاری پڕمه‌ترسی بوون. به‌ڵام له ئێستادا باس له‌وه ده‌كرێ كه ژماره‌ی منداڵانی كار له ئاستی جیهاندا گه‌یشتبێته نزیك به ٣٠٠ ملیۆن كه‌س. ئاماره‌كانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌گه‌رچی دڵته‌زێن و تهكاندهرن، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له پانتایی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م كاره‌ساته، جێگای متمانه نین. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه لێكۆڵینه‌وه له‌م بوارانه‌دا، پشت به‌و ئامار و زانیاریانه ده‌به‌ستێ كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كانی ئه‌ندامی ئه‌م ڕێكخراوه‌وه ئاماده كراوه. ڕژیمی كۆماری ئیسلامی یه‌كێك له‌و ڕژیمانهیه كه ژماره‌ی منداڵانی كاری له ئێران، نزیك به ٣ ملیۆن منداڵ، ڕاگه‌یاندووه. ئه‌م ئاماره‌ش به پێی كارگه چكۆله‌كان ئاماده كراوه كه تێیاندا منداڵان به شێوه‌ی به‌رین كارییان پێده‌كرێ. به‌ڵام ئاماره ناڕه‌سمیه‌كان به له‌به‌رچاوگرتنی منداڵانی كاری سه‌رشه‌قامه‌كان، دێپۆكانی جیاكردنه‌وه‌ی زبڵ و هیتر، باس له بوونی پتر له ٧ ملیۆن منداڵی كار له ئێران ده‌كه‌ن. ئاماده‌كارانی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێن:
“ئه‌و نیگه‌رانییه له ئارادایه كه دژوارییه ئابوورییه‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا، گوشار بخاته سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌كان بۆ ئه‌وه‌یكه پێداچوونه‌وه به‌سه‌ر یاساكانی ڕێگری له كاری منداڵان بكه‌ن و یان وایان لێبكات كه له به‌كرده‌وه ده‌رهێنانی ئه‌م یاسایانه‌دا، كه‌مته‌رخه‌می بكه‌ن“. با سه‌ره‌نج بده‌ینه نموویهك له “ده‌ركی ئه‌م نیگه‌رانییه” و وڵامدانه‌وه‌ی له لایه‌ن ڕژیمی كۆماری ئیسلامییه‌وه:
“سه‌ید مالك حسێنی” سه‌رپه‌رستی ڕێكخراوی خزمه‌تگوزاریی شاره‌داریی تاران، وێڕای دان پێدانان به‌وه‌یكه له تاران ٥٠٠ چاڵ و گاڕاژی دێپۆی زبڵ بوونی هه‌یه كه تێیاندا منداڵان خه‌ریكی جیاكردنه‌وه‌ی زبڵن، باس له “دڵاواڵه‌یی” شاره‌داریی ده‌كات و به‌و په‌ری بێشه‌رمییه‌وه ده‌ڵێ: “به شێوه‌ی ڕهندۆم له چاڵه‌كانی زبڵگهڕیدا خوارده‌مه‌نی بڵاو ده‌كرێته‌وه، كه ڕۆژانه له ٢٠٠ ژهمهوه ده‌ست پێده‌كات و جاری واشه تا ٧٠٠ ژه‌م خۆراكی گه‌رم بڵاو ده‌كرێته‌وه. ئه‌م گاڵته‌جاڕییه‌ی كه ئه‌م به‌رپرسه‌ی شاره‌داریی تاران به “شانازی“یه‌وه باسی لێده‌كات، له حاڵێكدایه كه ته‌نانه‌ت ئاماره ده‌وڵه‌تییه‌كان باس له بوونی ١٤ هه‌زار منداڵ له تاران ده‌كه‌ن كه خه‌ریكی جیاكردنه‌وه‌ی زبڵن. زۆربه‌ی ئه‌م منداڵانه به جلی فۆرم و به شێوه‌ی ڕه‌سمی، به بێ بایه‌خ دان به ئیمزای په‌یماننامه جیهانییه‌كان له بواری ڕێگری له كاری منداڵان، له خزمه‌ت شیركه‌ته‌كانی ژێرلقی شاره‌داریی دان و خه‌ریكی كاری جیاكردنه‌وه‌ی زبڵن. هه‌ر ئه‌م به‌رپرسه‌ی شاره‌داریی تاران له درێژه‌دا ده‌ڵێ: “هه‌ڵبه‌ت پێڕاگه‌یشتن به هه‌موویان، به‌و بوودجه‌یه‌ی ئێستا، كارێكی دژواره، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه ئێمه بوودجه‌یه‌كی دیاریكراو و سنووردارمان هه‌یه كه بۆ به‌رنامه‌ی ده‌ستووریی وه‌ك دابین كردن و پاراستنی ژێرخان و كاری له‌مجۆره هه‌زینه ده‌كرێت“.
ئیلنا، هه‌واڵنێریی كاری ئێران، له‌م دوایانه‌دا، ڕاپۆرتێكی له شاری زاهێدان، سه‌باره‌ت به كاری منداڵان ئاماده كردووه. له‌م ڕاپۆرته‌دا هاتووه: “شاری زاهێدان پڕه له‌و منداڵانه‌ی كه له‌سه‌ر چواڕڕاكان فاڵ ده‌فرۆشن، یان شووشه‌ی ماشێنه‌كان خاوێن ده‌كه‌نه‌وه، له په‌نا ئه‌و به‌ناو پیشانهوه، بێنزین فرۆشیش هه‌یه. هێندێك له منداڵان بێنزین له ده‌به‌ی چكۆله ده‌كه‌ن و له ده‌كه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كان به مشته‌ریه‌كانی ده‌فرۆشن و یان هێندێكیان له‌گه‌ڵ ماشێنه “بێنزین كێش“ه‌كان ده‌ڕۆن و له نزیكیی سنووره‌كان، داده‌بزن و له گواستنه‌وه‌ی گاڵۆنهكانی بێنزین بۆ ئه‌وبه‌ری سنوور، یارمه‌تییان ده‌ده‌ن. “منداڵێك كه چه‌ند ده‌به‌ی بێنزین پێیه و دانیشتووه و چاوه‌ڕوانی مشته‌رییه، به ئاماده‌كاری ڕاپۆرته‌كه ده‌ڵێ: “باوكی كرێكاری ده‌مێكه بێكار بووه و خانه‌نشینه. دایكی بۆ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی باباییانی زاهێدان خه‌یاتی ده‌كات. شه‌نبه ده‌ڵێ: كۆرۆنا زۆر خراپه، هه‌موو شتێكی تێك داوه، ته‌نانه‌ت كاری خهیاتیهكهی دایكیشم“.
به‌سه‌رهاتی منداڵانی كۆڵبه‌ری كوردستان، له‌وه‌ش دڵته‌زێنتره. با سه‌ره‌نج بده‌ینه ڕاپۆرتێكی هه‌واڵنێریی هێرانا كه خۆی مشتی نموونه‌ی خه‌رواره و ده‌رخه‌ری باروودۆخی ڕاسته‌قینه‌ی زاڵه. “كۆڕێك به قژی كاڵه‌وه كه بۆ لایه‌ك لایداوه، بار له‌سه‌ر شان، له نێو به‌فره‌كه‌دا لاخێز دانیشتووه و ده‌ستی به ده‌وری ئه‌ژنۆیه‌وه گرێ داوه و شه‌رمێونانه چاو له كامێراكه ده‌كات. شاڵێكی نه‌زۆر ئه‌ستووری له ده‌وری گه‌ردنی هاڵاندووه و هه‌تاوی كزی زستانیش لایه‌كی ڕوخساری ڕووناك كردووه. ناوت چییه؟ عه‌لی. ده‌رس ده‌خوێنی؟ نا. بۆچی كۆڵبه‌ری ده‌كه‌ی؟ بۆ خه‌رجی. ئاماژه‌ی به باره‌كه‌ی سه‌رشانی كرد. ژیان و ده‌رس و كار بۆ عه‌لی، له‌و كۆڵه قورسه ته‌لیس پێچه‌دا، كۆ بووه‌ته‌وه. ئه‌و ته‌مه‌نی ته‌نیا ١٥ ساڵه”.
منداڵان نابێ له خوێندن بێبه‌ری بكرێن. ژیان و ڕێفاهی منداڵان، به بێ له‌به‌رچاوگرتنی باروودۆخی بنه‌ماڵه، پێویسته له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه زه‌مانه‌ت بكرێ. ده‌وڵه‌ت، ئه‌ركی سه‌ر شانییه‌تی كه ستانداردێكی دیاریكراو له خۆشبژێوی و كه‌ره‌سته‌ی گه‌شه‌ی ماددی و مه‌عنه‌ویی منداڵان و تازه‌لاوان، له باڵاترین ئاستی خۆیدا، زه‌مانه‌ت بكات. یارمه‌تیی ماڵیی پێویست و خزمه‌تگوزاریی بێبه‌رامبه‌ری پزیشكی و فێركاری و كلتووری، بۆ دابین كردنی ستانداردی ژیانی منداڵان و تازه‌لاوان، به بێ سه‌ره‌نجدان به وه‌زعییه‌تی بنه‌ماڵه، پێویسته بخرێته گه‌ڕ و بابه‌تی فێركردنی بێبه‌رامبه‌ر و ئیجباری تا ته‌مه‌نی ١٨ ساڵ دابین بكرێ. كاری پیشه‌یی بۆ منداڵان و تازه‌لاوانی ژێر ته‌مه‌نی ١٨ ساڵ، پێویسته ڕابگیرێ و نابێ ڕێگه بدرێ كه جه‌سته و ده‌روونی منداڵان له‌ژێر كاری پیشه‌ییدا زایه بێت. ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌مجۆره خواستانه، ته‌نیا ده‌توانێ به‌رهه‌می خه‌باتی یه‌كگرتووانه، سه‌رتاسه‌ری و ڕێكخراوی كرێكاران و بزووتنه‌وه پێشڕه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێت.