كرێكاران، خه‌ڵكی خه‌باتكاری ئێران!
پڕ به دڵ پیرۆزبایی هاتنی به‌هار و نه‌ورۆز و ساڵی تازه له هه‌موو ئێوه‌ی ئازیز، ده‌كه‌ین. به هیوای ئه‌وه‌یكه له ساڵی تازه‌دا هه‌موو مۆسیبه‌ت و كێشه‌كانی داوێنگیری ئه‌م كۆمه‌ڵگایه له‌وانه ئافه‌تی ویرووسی كۆرۆنا به زوویی و به زیان و تهڵهفاتێكی كه‌متره‌وه وه‌پشت سه‌ر نێین. نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له باروودۆخێكدا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی سه‌رمایه‌دا، سفره‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه كرێكاران و بێبه‌شانی كۆمه‌ڵ، ئه‌مساڵ به‌تاڵتر و بێ ڕه‌ونه‌قتر له ساڵانی ڕابردوویه. توانای ماڵی ڕێگه‌ی پێنه‌داوین تا به دابین كردنی پێداویستیه سه‌ره‌كیی و ئاساییه‌كان، دڵگه‌رمی ببه‌خشێته بنه‌ماڵه‌كانمان.
هاتنی ساڵی نوێ به هه‌موو ئازیزانی به‌ندكراوی سیاسی كه به “تاوان“ی دیفاع له ئازادی و كه‌رامه‌تی ئینسان و موقاومه‌ت له به‌رامبه‌ر زۆره‌ملی و سته‌م و یاسای كۆنه‌په‌رستانه و دژه‌ئینسانیی كۆماری ئیسلامی، له زیندانه‌كان دان، پیرۆزبایی ده‌ڵێین. هیوادارین له داهاتوویه‌كی نزیكدا به ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، بارگه و بنه‌ی ئه‌م ڕژیمه جه‌نایه‌تكاره تێكهوهپێچرێ، ده‌رگای زیندانه‌كان بشكێت و ئه‌م ئازیزانه به سه‌ربه‌رزیه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه ناو باوه‌شی بنه‌ماڵه‌كانیان. هه‌روه‌ها به دڵێكی پڕ له ژانه‌وه، هاوخه‌می و په‌ژاره‌ی خۆمان ڕوو به هه‌موو ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی وا هه‌تا ئێستا ڕۆڵه‌كانیان به‌هۆی تووش بوون به نه‌خۆشیی كۆرۆناوه له‌ده‌ست داوه، ده‌رده‌بڕین. هه‌روه‌ها جێگای خۆیه‌تی كه یادی ئازیزی پتر له ١٥٠٠ كه‌س له‌و ئینسانانه به‌رز ڕاگرین كه له ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا به هۆی جه‌نایه‌تی دژه مرۆیی كۆماری ئیسلامیه‌وه په‌ڕپه‌ڕ بوون و ده‌رفه‌تیان پێنه‌درا تا به‌هارێكی دیكه‌ی ته‌مه‌نیان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه خۆشه‌ویسته‌كانیان تێپه‌ڕ كه‌ن. پڕبه‌دڵ هاوخه‌می و په‌ژاره‌ی خۆمان ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه جه‌رگ سووتاوه‌كانیان و بنه‌ماڵه‌ی ١٧٦ سه‌رنشینی فڕۆكه‌ی ئۆكراینی ده‌كه‌ین كه به‌هۆی هاویشتنی مووشه‌كه‌كانی سپای پاسداران به‌ربووه‌وه و گیانیان به‌خت كرد. بێ گومان، ئه‌م بنه‌ماڵانه‌ش به خه‌می ناخ هه‌ژێنی گیان له‌ده‌ست دانی ئازیزه‌كانیانه‌وه، به‌هارێكی پڕله په‌ژاره‌یان ده‌بێت.
خه‌ڵكی خه‌باتكار و ئازادیخوازی ئێران!
ئاخێزی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ی ئێوه ژنان و پیاوانی وه‌گیان هاتوو له هه‌ژاری و زوڵم و سته‌م و دیكتاتۆری و زه‌بروزه‌نگی كۆماری ئیسلامی كه به یه‌كجار پتر له ١٠٠ شاری ئێرانی ته‌نیه‌وه، په‌یامێكی ڕوون و ئاشكرای بۆ سه‌رانی كۆماری ئیسلامی پێ‌بوو و سه‌رتاپێی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی وه‌له‌رزه خست. په‌یامی خه‌زه‌ڵوه‌ر بۆ كۆماری ئیسلامی، ڕووخاندنی ئه‌م نیزامه بوو كه له نومایشی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دوایانه‌شدا، به به‌شداری نه‌كردنتان دووباره‌تان كرده‌وه و به “نا“یه‌كی به‌ته‌وژم، ڕێگه‌تان نه‌دا كۆماری ئیسلامی به ئامانجی فریوكارانه‌ی خۆی بگات. كوشتاری به به‌رنامه و داڕێژراو و وه‌حشیانه‌ی زیاتر له ١٥٠٠ كه‌س له خه‌ڵكی ئێران له جه‌ره‌یانی ئه‌م ئاخێزه‌دا، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ترسی سه‌رانی ئه‌م ڕژیمه بوو له كابووسی حه‌تمیی ڕووخانیان. هه‌ر بۆیه‌ش هه‌تا ئێستا نه‌یانوێراوه ئاماری قوربانیه‌كانی ئه‌م جه‌نایه‌ته ڕاگه‌یه‌نن و ته‌رمه‌كان ته‌حویلی بنه‌ماڵه‌كانیان بده‌نه‌وه. ئاخێزی شكۆداری خه‌زه‌ڵوه‌ر نیشانی دا كه په‌یوه‌ندیی نێوان ڕژیم و خه‌ڵك ڕۆیشتووه‌ته قۆناخێكه‌وه كه ئاشتی هه‌ڵنه‌گره. ئه‌و ئاخێزه هاوسه‌نگیی هێزی به قازانجی خه‌باتی خه‌ڵك و دژبه دوژمن واته كۆماری ئیسلامی گۆڕی. ئێستا ئیتر سه‌رانی ڕژیم خۆیان باش ده‌زانن كه له‌سه‌ر چ ده‌ریایه‌ك له نه‌فره‌ت و بێزاریی گشتی ڕاوه‌ستاون و به‌رده‌وام ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاوه كه شه‌پۆله مه‌زنه‌كانی ڕاپه‌ڕین، نۆقمیان كات. له‌م باروودۆخه‌دا، پانتایی كارهستاتباری بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا و ژماره‌ی قوربانیانی له ئێران، بۆ جارێكی دیكه ئه‌وپه‌ڕی بێ كه‌فایه‌تی و لاوازبوونی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕژیمی به‌هه‌موان نیشان دا. ڕژیمی ئیسلامی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به ڕوانگه‌یه‌كی ئه‌منیه‌تی و به ئه‌نقه‌ست و به به‌رنامه و به ئامانجی داماوانه‌ی سیاسیی خۆیه‌وه، ڕاستیه‌كانی سه‌باره‌ت به هاتنی ئه‌م ویرووسه بۆ ئێران و پانتایی بڵاوبوونه‌وه‌كه‌ی له خه‌ڵك شارده‌وه. سه‌رانی ڕژیم به‌و ڕوانگه نه‌زانانه و كۆنهپهرستانهیهوه، له به‌رامبه‌ر بڵاوبوونه‌وه كۆرۆنادا هیچ هه‌وڵێكی جیدیان نه‌دا و دیارده‌ی بڵاوبوونه‌وه كۆرۆنایان كردبه قه‌یرانێكی هاوسار پساو. سه‌رانی ڕژیم به‌و كرده‌وه نامرۆڤانه و جهنایهتكارانهیهی خۆیان، كارێكیان كرد كه ئێران ببێته یه‌كێك له ناوه‌نده‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ویرووسه له ئاست ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهاندا. هه‌روه‌ها ڕژیمی ئیسلامی، زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران و به‌تایبه‌ت كرێكاران و توێژه بێبه‌شه‌كانی كۆمه‌ڵی له به‌رامبه‌ر دواهاته كاره‌ساتباره ئابووریه‌كانی كۆرۆنا، بێ دیفاع هێشتووه‌ته‌وه و ژیانی به‌ره‌وڕووی كێشه و گرفتی زیاتر كردووه‌ته‌وه. له وه‌ها باروودۆخێكدا، خواستی داخرانی كارخانه و یان هێنانه خوارێی سه‌عاتی كار وێڕای پێدانی حه‌قده‌سته‌كان و دابین كردنی كه‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆرۆنا، بووه‌ته یه‌كێك له خواسته سه‌ره‌كیه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و بێبه‌شانی ناو كۆمه‌ڵ.
له ئێستادا، ڕژیم زیاتر له هه‌موو كاتێك، له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی به‌رینی موتالباتیی كرێكاران و باقی توێژه هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵ به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه. ڕژیم نه ده‌توانێ خواسته‌كانیان وه‌دی بێنێت و نه ڕێگاچارهیهكیشی بێجگه له سه‌ركوت بۆ ماوه‌ته‌وه. درێژه‌ی مانگرتن وناڕهزایهتیی كرێكاران، خوێندكاران، موعه‌لیمان، خانه‌نشینان و باقیی توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا، پاش ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، به ڕژیمی نیشان دا كه سه‌ركوت و جه‌نایه‌ت نه ته‌نیا ناتوانێ خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو له هه‌ژاری و برسیه‌تی و زه‌بروزه‌نگ بێده‌نگ كات، به‌ڵكوو ئه‌وان بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كانی داهاتوو پێداگرتر و به‌ئه‌زموونتر داكات. له ئێستادا كۆماری ئیسلامی كه‌وتووه‌ته باروودۆخێكی ئه‌وه‌نده لاوازه‌وه كه له چل ساڵی ڕابردوودا وێنه‌ی نه‌بووه. ئابووریه‌كه‌ی به‌هۆی قه‌یرانی پێكهاته‌یی سه‌رمایه‌داریی ئێران، توندبوونه‌وه‌ی گه‌مارۆ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، دزی و گه‌نده‌ڵیه‌ك كه سه‌رتاپێی ده‌سه‌ڵاتی داگرتووه و هه‌ره‌وه‌ها به‌هۆی ته‌رخان كردنی سه‌دان ملیارد دۆڵار به هێزی ئه‌منی و سه‌ركوتگه‌ر و سه‌پاندنی هه‌زینه‌ی سیاسه‌تی ده‌ست تێوه‌ردانه‌كانی له وڵاتانی ناوچه‌كه، كه‌وتووه‌ته سه‌ر لێواری داڕمان. له ئاست نێوه‌نه‌ته‌وه‌ییشدا تا ڕاده‌یه‌ك كه‌وتوونه‌ته په‌راوێزه‌وه كه به ئیعترافی خۆیان ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی به‌ناو دۆستیش هیچ تهمایۆلیهكیان نییه كه لێیان نزیك ببنه‌وه. له عێراق و لۆبنان و سووریه‌ش، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی سته‌ملێكراو و خه‌باتكاری ئه‌م وڵاتانه، كۆماری ئیسلامی و حیزبه گه‌نده‌ڵه ئیسلامیه‌كانی نزیك به‌و ڕژیمه، به یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی شه‌ڕ و كوشتار و فهلاكهتی ئابووری خۆیان پێناسه ده‌كه‌ن و ده‌ستیان داوه‌ته ناڕه‌زایه‌تی.
كرێكاران، هه‌ڵسووڕاوانی پێشڕه‌و وكۆمۆنیست!
كۆماری ئیسلامی له ئێستادا له باروودۆخێكدایه كه هه‌موو بنه‌ما ئابووریه‌كانی لێكبڵاوبووه و یه‌كڕیزیی ناوخۆیی له‌ده‌ست داوه و هێوایهكی به مانه‌وه‌ی خۆی نه‌ماوه. له وه‌ها باروودۆخێكدا، به درۆ و فریو وسه‌ركوت، ده‌یهه‌وێ باری گرانی قه‌یران و شپرزه‌بوونی ئابووریه‌كه‌ی بخاته سه‌رشانی ئێمه كرێكاران و هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵ. له باروودۆخێكدا كه گرانی به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشتووه، ئه‌رزشی پووڵی ئێران یه‌كجار هاتووه‌ته خوار و توانای كڕینی خه‌ڵك ته‌نانه‌ت بۆ توێژی مامناوه‌ندی كۆمه‌ڵگاش نه‌ماوه، بۆچی دبێ ڕێگه بده‌ین، ژیانمان به‌مجۆره بخه‌نه تهنگناوه؟
له باروودۆخی ئێستادا ئه‌وه‌یكه ده‌بێ له لایه‌ن هه‌ڵسووڕاوانی كۆمۆنیستی ناو بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و باقی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیكه له‌به‌رچاو بگیرێ ئه‌و ڕاستیه‌یه كه پاش ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ڕه‌وتی باروودۆخهكه به‌ره‌و گۆڕانكاریه‌كی شۆڕگێڕانه ده‌ڕوات. ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر و مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی و ڕووداوه‌كانی ئه‌و ده‌وره‌یه به ڕوونی پێمانی نیشان دا كه ڕووحیاتی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی ئێران گۆڕاوه و گه‌یشتووه‌ته قۆناخی هێرش بردن. پێویسته بۆ پێكهێانی كۆمیته‌كانی نهێنیی مانگرتن، كۆمیته‌كانی كارخانه و كۆمهیتهی گه‌ڕه‌كه‌كان هه‌وڵ بده‌ین. پێویسته به‌ستێنه‌كانی به‌ڕێوه‌چوونی مانگرتنی سیاسیی جه‌ماوه‌ری و سه‌رتاسه‌ری ئاماده بكه‌ین. پێویسته یه‌كگرتوویی و هاوپشتی له‌ناو جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشدا، به‌هێزتر بكه‌ین. له‌و ده‌وره‌یه‌دا یه‌كجار حه‌یاتیه كه جه‌ماوه‌ری كرێكار له جه‌ره‌یانی كێشمه‌كێشه چینایهتیهكاندا، به‌و ناوه‌رۆكه ڕابێن كه ڕێگای ده‌ربازبوونیان له‌و هه‌مووه هه‌ژاری و به‌دبه‌ختیه، نه‌ك له چواچێوه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی سه‌رمایه‌داریی زاڵ، به‌ڵكوو له مه‌سیری ڕاپه‌ڕینێكی شۆڕشگێڕانه دژبه كۆماری ئیسلامی و نه‌زمی سه‌رمایه‌داریی زاڵدا ببینن. ڕێكخستنی هێزی گه‌وره و به‌رینی ئێمه كرێكاران له‌گه‌ڵ باقیی جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش له ئاست سه‌رتاسه‌ریدا، توانایه‌كی وه‌ها مه‌زنی هه‌یه كه ده‌توانێ له درێژه‌دا، كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی و نیزامی سه‌رمایه‌داری بێنێت.
به هیوای ئه‌وه‌یكه ساڵی تازه به هه‌وڵێكی ماندوونه‌ناسانه‌وه بۆ ڕێكخستنی به‌ره‌ی به‌هێزی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و سته‌ملێكراوی ئێران، له پێناو ئه‌و نه‌به‌رده چاره‌نووس سازه‌ی كه به‌ڕێوه‌یه، ده‌ست پێبكه‌ین، جارێكی دیكه پیرۆزبایی نه‌ورۆز و ساڵی تازه له هه‌موو ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین.
كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران
٢٨ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٣٩٨ی هه‌تاوی
١٨یمارسی٢٠٢٠یزایینی