“كاكه، لاقی مریشكت هه‌یه؟“، پرسیارێكه كه ساڵانێكه له سه‌رپرستی بنه‌ماڵه كرێكار و زه‌حمه‌تكێشه‌كانی ئێران له كاتی كڕیندا ده‌بیسترێ. ڕسته‌یه‌ك كه ڕه‌نگبێ ئه‌مڕۆ بیستنی بۆ هه‌مووان ئاسایی بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه ڕژیم خه‌ریكه بێ ڕه‌ونه‌قتر بوونی هه‌رچی زیاتری سفره‌كانی خه‌ڵك به‌تایبه‌ت له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو، ده‌كاته نۆڕمێكی ئاسایی. هه‌ر وه‌ك چۆن فرۆشتنی گورچیله‌ی بۆ دابین كردنی ژیان، ئاسایی كردووه‌ته‌وه. ڕژیم به‌ته‌مایه ده‌رد و ژان و هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی كه خۆی خوڵقاندوونی، بیانكاته نۆڕمێكی ئاسایی له ژیانی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا. له ڕاستیدا كاتێك حه‌قده‌ستی كرێكار، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر له باردووخی ئێستادا كارێكی وه‌گیر كه‌وتبێ، ٥ به‌رابه‌ر له ژێر هێڵی هه‌ژاری دایه، سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌مجۆره دیاردانه دوور له چاوه‌ڕوانی نییه. هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه كه له مانگی ئه‌وه‌ڵی ساڵدا بوترێ كه هه‌موو كاڵاكانی ناو سه‌به‌دی مه‌عیشه‌ت چه‌ندین به‌رابه‌ر گران بووه. كرێكارێك له وتووێژ له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێریی “ئیلنا” ده‌ڵێ: “هه‌ر كات بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ٢٠ له‌سه‌د به لانیكهمی حه‌قده‌سته‌كانمان زیاد بێت، ته‌وه‌رۆمیش ٤٠ له‌سه‌د زیاتر ده‌بێت و كرێكاران دیسان ناتوانن ژیانێكی لانیكه‌م بۆخۆیان دابین بكه‌ن“.
به پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵنێری ئیلنا، تا مانگی كۆتایی ساڵی ڕابردوو، چارتی ته‌وه‌رۆم، چارتێكی ڕوو له زیادبوون بووه. بانكی مه‌ركه‌زی ڕێژه‌ی تهوهرۆمی یه‌ك ساڵی داهاتووی ٢٢ له‌سه‌د دیاری كردووه. به‌ڵام ڕێژه‌ی تهوهرۆمی ٢٠ تا ٢٤ له‌سه‌دی له ساڵدا ته‌نیا ده‌رخه‌ری گۆشه‌یه‌كه له‌م حه‌قیقه‌ته. ژیانی ئێستای خه‌ڵكی ئێران نیشانی ده‌دات كه ڕێژه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ته‌وه‌رم له ئێران زۆر له‌م ڕه‌قه‌مانه له‌سه‌رتره. كه‌وابوو له وڵام به‌م پرسیاره پێویسته بوترێ كه “ساڵی خۆش هه‌ر له بههارهكهیهوه دیاره”. له لایه‌كی دیكه‌وه، ناوه‌ندی ئامار له ڕاپۆرتێكی ڕه‌سمیی خۆیدا وێڕای لێكدانه‌وه‌ی گۆڕاكارییهكانی ده‌ركه‌وته‌ی قیمه‌تی كاڵا و خزمه‌تگوزارییه پێویسته‌كان له مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٣٩٩، ڕێژه‌ی مامناوه‌ندی تهوهرۆمی له كۆتایی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌دا پتر له ٣٦ له‌سه‌د به‌رئاورد كرد و گوشاری تهوهرۆمی له كۆتایی مانگی ڕه‌شه‌ممه له‌چاو كۆتایی ئه‌م مانگه‌ی ساڵی ڕابردوو، نزیك به ٥٠ له‌سه‌د ڕاگه‌یاند. به‌ده‌ر له‌م داتا ڕه‌سمییانه‌ی مانگی ڕه‌شه‌ممه، له مانگی خاكهلێوهشدا، ده‌ركه‌وته‌كانی ته‌ورۆمی غه‌یره ڕه‌سمی، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی دووباره‌ی قیمهتهكانمان پێ نیشان ده‌ده‌ن.
له وه‌ها باروودۆخێكدا پێویسته ئه‌م پرسیاره بكرێت كه ئایا چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی لانیكهمی حه‌قده‌ست به فه‌ڕزی پێدانی هه‌موو مهزایاكان، له مانگی خاكه‌لێوه و گوڵاندا كه به حیساب كردنی حه‌قی ئهولادیشهوه ده‌بێته ٤ ملیۆن و ٢٠٠ هه‌زار تمه‌ن، به‌ڕاستی به‌شی دابین كردنی ژیانێكی لانیكه‌م له ئێرانی ئه‌مڕۆدا ده‌كات؟ ئایا كرێكاران به‌له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌وتی ئێستای ڕێژه‌ی ته‌وه‌رۆم، ئاسۆیه‌كی ڕوونتریان له‌چاو ساڵی ٩٩ی هه‌تاوی له‌پێشه و ئایا به‌ڕاستی به‌قه‌د نووكه ده‌رزییه‌ك ده‌كرێ له‌ژێر دسه‌ڵاتی نگریسی كۆماری ئیسلامی‌دا، به باشتر بوونی ژیان هیوادار بین؟
به‌له‌به‌رچاوگرتنی ههوسارپساویی ته‌وه‌رۆم كه ته‌نانه‌ت خۆی له ئاماری ڕاگه‌یه‌ندراوی ناوه‌نده ڕهسمییهكانیشدا نیشان ده‌دات، بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌سته‌كان تا ئاستی ڕاگه‌یه‌ندراو بێگومان “ئه‌رزانتر بوونی هێزی كار“ی لێده‌كه‌وێته‌وه. به‌ده‌ر له كاربه‌ده‌ستانی باڵای ڕژیم، ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌تیش هیچ كات نیگه‌رانی گرانی و ته‌وه‌رۆم نین، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه حقووقه‌كانیان هه‌میشه چه‌ندین به‌رابه‌ری ڕێژه‌ی تهوهرۆمه. كه‌وابوو له نیزامی سه‌رمایه‌داریی كۆماری ئسیلامیدا هه‌موو فاكته‌ره ئابوورییه‌كان به‌جۆرێك له‌په‌نا یه‌كتر ڕیز كراون كه كرێكاران هیچكات نه‌توانن به باشتر بوونی باروودۆخی ژیانیان هیوادار بن و بڵێن: “ئه‌مساڵ ژیانمان باشتره له ساڵانی ڕابردوو“. كرێكار پێویسته هێزی كاره‌كه‌ی هه‌رزان بێت و له‌وه‌ش گرینگتر هه‌رزان بمێنێته‌وه تا سه‌رمایه بتوانێ قازانج وه‌سه‌ر یه‌ك بنێ. له ڕوانگه‌ی سه‌رمایه‌وه ئاستی ژیانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش پێویسته له كۆمه‌ڵگادا له‌خوارێ ڕابگیرێت و بكرێته بابه‌تێكی ئاسایی تا نه‌توانن به‌ره‌و گۆڕینی باروودۆخی نامرۆڤانه هه‌نگاو هه‌ڵگرن. هه‌ر بۆیه ئه‌مڕۆ نه كڕینی لاقی مریشك سه‌یره و نه گورچیله فرۆشتن و نه زبڵگه‌ڕی و نه هه‌زاران ده‌رد و موسیبه‌تی دیكه. چونكه هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له ڕێگه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌وه به نان و نه‌وایه‌ك گه‌یشتوون و هه‌موو ساڵێ حقووقه‌كانیان زیاتر ده‌بێت، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ٢٥ له‌سه‌دیی كرێی تاكسی و یان ٥ هه‌زار تمه‌ن گرانتر بوونی مریشك، به‌لایانه‌وه گرینگ نییه. ئه‌وان به شه‌ریك بوون له تاڵان كردنی سه‌روه‌تی كۆمه‌ڵگا، هه‌میشه پێداویستیی ژیانی خۆیانیان له ئیختیار دایه، به‌ڵام بۆ كرێكاران ده‌بێ چۆرتكه بخه‌ن و بۆیان حیساب بكه‌ن كه حه‌قده‌ست ده‌بێ چه‌ند بێت و ته‌وه‌رۆم چه‌ندی زیاد كردووه. له‌ناو بنه‌ماڵه كرێكارییه‌كاندا، ئه‌و كه‌سه‌ی كه پێداویستییه‌كانی ناو ماڵ ده‌كڕێ، له هه‌مووان باشتر ته‌وه‌رۆم و گرانی هه‌ست پێده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه هه‌موو ڕۆژێ زنبیلی ناو ده‌ستی به‌تاڵتر ده‌بێت.
هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه تا ڕێژه‌یه‌كی بێ بایه‌خ به لانیكهمی حه‌قده‌سته‌كان زیاد بێت تا له كه‌لێنه‌كانی ئابووریی شڵه‌ژاوی ئێرانه‌وه، “ته‌وه‌رۆم“ی زیاتر به‌سه‌ر ژیانی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشاندا ببارێ. ئه‌وكات چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی كرێی ماڵ و كرێی هاتووچۆ و قیمه‌تی خوارده‌مه‌نی و گه‌لێك گوشاری دیكه، تێكڕا ورووژم ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌ژاران و بێبه‌شان. سه‌رمایه‌داران به‌ته‌مان ئه‌و درۆیه جێ بخه‌ن كه گۆیا هۆكاری چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمهتهكان و ته‌وه‌رۆم، زیاد كردنی حهقدهستهكانه تا به خه‌یاڵی خۆیان ئه‌م بابه‌ته ئاسایی و چاره‌هه‌ڵنه‌گر نیشان بده‌ن. به‌ڵام بێگومان حه‌قیقه‌ت شتێكیتره. حه‌قیقه‌ت له‌و په‌یوه‌ندییه زاڵمانه‌یه دایه كه تێیدا یاسای قازانجپه‌ره‌ستی، نابێ سه‌رپێچیی لێبكرێ. یاسایه‌ك كه به‌قیمه‌تی له‌ناوبردنی ژیانی ئینسانه‌كان ده‌بێ بپارێزرێ. یاسایه‌ك كه به شێوازی جۆراوجۆر، به فروفێڵی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی پاساوی ده‌كه‌ن و وه‌فاداری و لهخوبردوویی و قه‌بووڵ كردنی ژان و ئازار و زه‌حمه‌ت ته‌نیا بۆ جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش ئاسایی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. خه‌ڵكی ئێران ده‌بێ ژیانێكی دژواریان بێت تا ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی بتوانێ درێژه به تاڵان كردنی حاسڵی ده‌ستڕه‌نجی ئه‌وان بدات. به‌ڵام له لایه‌كی دیكه‌وه واقعییه‌تی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگای ئێران، ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتێك كه جه‌سته‌ی حاكمانی جه‌نایه‌تكار و گه‌نده‌ڵی كۆماری ئیسلامیی وه‌له‌رزه خستووه، باس له‌وه ده‌كات كه قوربانیانی كۆماری ئسیلامی، قوربانی بێ ئازار نین و ملكه‌چی نه‌بوونی و هه‌ژاری و نه‌هامه‌تییه‌كان نابن. ئه‌وان ساڵه‌هایه ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تییان به‌رز كردووه‌ته‌وه و هه‌ر ڕۆژێك كه تێده‌په‌ڕێ خۆیان ئاماده‌تر ده‌كه‌ن و هه‌نگاوێك به‌ره‌و ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی كه پارێزه‌ری ئه‌م باروودۆخه نامرۆڤانه‌یه‌یه، هه‌ڵده‌گرن.