نومایشیدژه مرۆیی گه‌ڕاندنی تاوانباران له ئاستی شاره‌كان و به‌تایبه‌ت له گه‌ڕه‌كه‌كانی شوێنی ژیانیان، كه ماوه‌یه‌ك بوو به‌ڕێوه‌نه‌ده‌چوو، له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، له چوارچێوه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی دژه ئینقلابیی “ئه‌منییه‌تی مه‌حه‌له میحوه‌ر“، بۆ جارێكی دیكه ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه. له‌و نومایشه قیزه‌ونه‌دا، كه‌سانێك له‌ژێرناوی “ئه‌رازێل و ئه‌وباش” بێڕێزی و سووكایه‌تییان پێده‌كرێت و له به‌رچاوی خه‌ڵك ده‌درێنه به‌ر شهللاق. هێزه ئینتزامیه‌كانی تاران، ڕۆژی سێشه‌ممه ١٥ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، كه‌سێكیان به شه‌قامه‌كانی شاردا گێڕا و میدیاكانی ئێران ئه‌ویان به “شه‌ڕه‌نگێزی گه‌ڕه‌كی مۆشیریه” پێناسه كرد. له‌و گرته ویدێئۆیانهی كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڵاوكراونه‌وه، هێزه ئینتزامییه‌كان ده‌بیندرێن كه سواری ئۆتۆمبێل و به ڕووپۆشه‌وه له په‌نا كه‌سه‌كه ڕاوه‌ستاون و له سه‌ر و چاوی ده‌ده‌ن. جهمعیهتێكیش خه‌ریكی ته‌ماشا كردن و گرتنی ویدێئۆن. به‌ر له‌وه‌ش، نۆمایشێكی له‌م چه‌شنه له ڕه‌شت به‌ڕێوه‌چووبوو و هێزه ئینتزامیه‌كان چه‌ندین كه‌سیان له ئاست شاردا گێڕابوو. به پێی ڕاپۆرته‌كان، ئه‌مجۆره نومایشانه له چه‌ندین شوێنی دیكه‌ش به‌ڕێوه‌چووه.
سیاسه‌تی خوڵقاندنی ترس و تۆقاندن له‌ناو كۆمه‌ڵگادا كه ڕژیم به‌م كرده‌وانه‌ی، به‌دواوه‌یه‌تی، سیاسه‌تێكی شكست خواردوویه. كۆماری ئیسلامی هه‌رچه‌ند بیهه‌وێ لاوازی خۆی له ڕێگه‌ی هێزنواندنی درۆیینه‌وه، له خه‌ڵك بشارێته‌وه، زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران به وردبینی و وشیاریه‌وه، به‌م ڕاستییه ده‌گه‌ن. خه‌ڵك باش ده‌زانن كه ئه‌م ڕژیمه، به‌هۆی خه‌باتی ئه‌وان، به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری و سیاسی و به‌هۆی په‌راوێز كه‌وتنی نێونه‌ته‌وه‌یی، لاواز بووه و ته‌نانه‌ت نفووزیشی له‌سه‌ر ڕه‌وته كۆنه‌په‌ره‌سته‌كانی ناوچه‌كه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له ده‌ست داوه. خه‌ڵك بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه هاوسه‌نگیی هێز به قازانجی ئه‌وان گۆڕاوه. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه كه ئامانجی ڕژیم له وه‌ڕێخستنی ئه‌مجۆره نومایشانهی سه‌رشه‌قام چییه؟
له ڕاستیدا، كۆماری ئیسلامی به باشی ده‌زانێ كه له‌سه‌ر چ گڕكانێك له تووڕه‌یی خه‌ڵك ڕاوه‌ستاوه و هه‌موو ڕۆژێ چاوه‌ڕوانی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تیی به‌رینی كۆمه‌ڵایه‌تییه له هه‌موو شوێنێكی ئه‌م وڵاته. كه‌وابوو وه‌ك هه‌وڵێكی به‌رگرانه، به‌خه‌یاڵی خۆی، ده‌یهه‌وێ هێز و توانای خۆی به‌مجۆره نومایشه بێزراوانه، به ڕووی خه‌ڵك دابدا. ڕژیم به به‌ڕێوه‌بردنی گه‌ڵاڵه‌ی “ئه‌منییه‌تی مه‌حه‌له میحوه‌ر“، به‌نیازه له‌ژێر ناوی “به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌رازێل و ئه‌وباش” واته كه‌سانێك كه به‌رهه‌می هه‌ر ئه‌م ڕژیم و كلتوور و نیزامه‌ن، بارگه و بنه‌ی سهركهوتگهریی خۆی له هه‌موو گۆشه و كه‌ناری ئێران بڵاوبكاته‌وه. كۆماری ئیسلامی به ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ئه‌م قوربانییانه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌رداری و دواكه‌وتوویی ئیسلامی و گه‌ڕاندنی ئه‌وان له سه‌ر شه‌قامه‌كان و سووكایه‌تی پێكردنییان، له ڕاستیدا، سووكایه‌تی به مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی ده‌كات. ئامانجی وه‌ها هێزنواندنێكی درۆیین، هیچ شتێك نییه بێجگه‌له توند كردنه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وای سه‌ركۆت له ئاستی كۆمه‌ڵگادا.
ئه‌م هێز نواندنه درۆیینه، شێوازی جۆراوجۆری دیكه‌شی هه‌یه. بۆ نموونه، ده‌توانین ئاماژه به تاقی كردنه‌وه‌ی مووشه‌كه‌كانی كۆماری ئیسلامی بكه‌ین. ڕژیم، هه‌ر چه‌ند وه‌خت جارێك، ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك له بیابانه‌كانی ئێران تاقی ده‌كاته‌وه. ئاشكرایه كه ئه‌مجۆره نومایشانه بۆ ترساندنی ئه‌رته‌شی ئه‌مریكا و زلهێزه جیهانییه‌كان نییه، چونكه هه‌موویان ده‌مێكه تێكنۆلۆژیی كۆن و دواكه‌وتووانه‌ی ئه‌مجۆره چه‌كانه‌یان شناسایی كردووه و شێوازه‌كانی پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌مجۆره نومایشانه له ئاستێك دا نین كه ده‌وڵه‌ته‌كانی ڕۆژئاوا له هێز و توانای نیزامیی كۆماری ئیسلامی بترسێنێ، لێره‌شدا ئامانجی ڕژیم هیچ شتێك نییه بێجگه‌له ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كه چاو له تێلێویزیۆنهكان ده‌كه‌ن و ئه‌م دیمه‌نانه ده‌بینن.
كاتێك به‌ندكراوێك به زه‌بری ئه‌شكه‌نجه‌ی وه‌حشیانه، دێننه به‌ر شاشه‌ی تێلێویزیۆن و وتووێژی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، هیچ گومانێكیان نییه كه هه‌مووان ماهییه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی نومایشی ئیعتراف وه‌رگرتنی تێلێویزیۆنی ده‌ناسن. كه‌وابوو ئامانجی واقعییان، نه ته‌بلیغ و فریو، به‌ڵكوو هێزنواندن و چاوترسێن كردنه. ئه‌وان له‌م ڕێگه‌وه به‌نیازن، توانای خۆیان له تێكشكاندنی ئیراده‌ی مرۆڤه‌كان، نومایش بده‌ن. له هه‌مووی ئه‌م نومایشانهدا، ئامانجه‌كه، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكه. قه‌راره ئه‌وان ناچار به ته‌سلم و ملكه‌چ بوون و سه‌ردانه‌واندن بكه‌ن. ئه‌وان به‌م جۆره نومایشانه به‌نیازن سووكایه‌تی به خه‌ڵك بكه‌ن و نیشانی بده‌ن كه گۆیا ئه‌م ڕژیمه هه‌ر كارێك كه بیهه‌وێ، له‌ده‌ستی دێ.
كاتێك كه خه‌ڵك، له‌وانه منداڵ و پیر و لاو، ده‌كێشنه پای ته‌ماشای دیمه‌نێكی ئێعدام، ئامانجیان نومایش دانی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م به‌ناو عه‌داڵه‌ته نییه، به‌ڵكوو له ڕوانگه‌ی كۆماری ئیسلامییه‌وه، هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی هاتوون و سه‌یری ئه‌م دیمه‌نانه ده‌كه‌ن، دوژمنی ڕژیم به‌ئه‌ژمار دێن، كه‌وابوو ده‌بێ چاوترسێن بكرێن.
كاتێك مه‌سه‌له‌كه تا ئه‌و ڕاده‌یه ڕوونه، كه‌وابوو پێویسته، به‌كاری وشیارانه، ئه‌مجۆره نومایشانه بێ ڕه‌ونه‌قتر كه‌ین. پێویسته به خه‌ڵك بوترێ كه نه‌بنه ئامرازی ڕه‌ونه‌ق به‌خشین به‌م جۆره هێزنواندنانهی ڕژیم. ئه‌وان ده‌بێ بزانن كه ئامانجی ئه‌م نومایشانه، خۆیانن. ئامانج ئه‌وه‌یه كه ئیراده و متمانه‌به‌خۆیی هه‌ر ئه‌م خه‌ڵكه‌ی كه دێنه سه‌یری ئه‌مجۆره نومایشانه، تێكبشكێنن و ناچار به ئه‌نجامی كارێكیان بكه‌ن كه هه‌گیز له دڵه‌وه خوازیاری نین. ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕژیمه له چاره‌نووسی دیكتاتۆره‌كانی جیهان ده‌رسی وه‌رنه‌گرتووه و چاره‌نووسی حه‌تمیی خۆی نه‌ناسیوه و له بێ ئاكام بوونی ئه‌م شێوازانه، له درێژماوه‌دا، تێنه‌گه‌یشتووه، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك كه ئامانجی ئه‌م نومایشانهن، نابێ ڕێگه بده‌ن كه ئه‌م ڕژیمه دیكتاتۆره، به‌م نومایشانهی، چه‌ند ساتێكی دیكه به ته‌مه‌نی نگریسی خۆی زیاد بكات.