له ئیسفه‌هان ژماره‌یه‌ك كچی لاو به به‌رنامه‌ی پێشووه‌وه به قه‌مه و مشت و پێ له ڕۆژی ڕووناكدا له‌به‌رچاوی خه‌ڵك له گیانی یه‌كتر به‌رده‌بن. به‌شێك له لاوان و پیاوان نه ته‌نیا به‌ر به‌م تێكهه‌ڵچوونه ناگرن، به‌ڵكوو به فیتوولێدان و ده‌ربڕینی شادی، هانده‌ری توندوتیژیی زیاتر ده‌بن.
له جه‌ره‌یانی دۆڕاندنی تیمی ئینگلیس به‌هۆی سه‌رنه‌كه‌وتنی یاریكه‌رێكی ڕه‌شپێست له لێدانی گۆڵی پناڵتی له دوایین ساته‌كاندا، ناسیۆنالیسته توندڕه‌وه‌كان، هۆڵگێن و لۆمپهنهكانی لایه‌نگری تیمی ئینگلیس له گیانی ئیتالیاییهكان و ڕه‌شپێسته‌كان به‌رده‌بن و له هیچ توندوتیژییه‌ك دژبه‌وان ده‌ریغ ناكه‌ن.
توندوتیژی، بابه‌تێكی تایبه‌ت به وڵاتێك یان به مرۆڤ نییه و له دنیای زینده‌وه‌ره‌كانی دیكه‌شدا ده‌بیندرێ. توندوتیژی به درێژایی مێژووی كۆمه‌ڵگای مرۆڤ بوونی هه‌بووه و ئه‌وه‌یكه ئه‌مڕۆ توندوتیژی جیاواز ده‌كات به‌رینایی، ئاڵۆزی و هاتنهدری ئه‌م دیارده‌یه له ئینحساری چینی ده‌سه‌ڵاتدار و كێشرانی به‌ره‌و گرووپه مافیاییه‌كان و شكڵ گرتن و ڕه‌ونه‌قی “سه‌نعه‌تی” توندوتیژییه.
سه‌نعه‌تی فیلمی تیجاری، كارتۆنی منداڵان كه په‌ره‌پێده‌ری توندوتیژییه، ڕاهێنانی ناوه‌ند و ڕێكخراوه میللی گه‌را توندڕه‌وه‌كان، بۆچوون و سیاسه‌تی ڕاسیستی و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه، تاقم و گرووپه توندڕه‌وه مه‌زهه‌بییه‌كانی وه‌ك داعشی سوننی و شیعه، ته‌نیا چه‌ند نموونه‌ی زیندووی ده‌زگای به‌رهه‌مهێنان و به‌رز ڕاگرتنی توندوتیژیی ڕێكخراوه.
له‌گه‌ڵ ئاڵۆز بوونه‌وه‌ی توندوتیژی، تێكنۆلۆژیی توندوتیژی، تێكنۆلۆژیی خوڵقاندنی خۆف و ئه‌شكه‌نجه، هاتنه مه‌یدانی ڕۆژ له‌دوای ڕۆژی پێشكه‌وتووترین ئامرازه‌كانی كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ و ته‌نانه‌ت به‌كارهێنانی هۆشی ده‌ستكرد و په‌ره‌پێدانی ئه‌و ڕۆباتانهی كه ده‌توانن بێ هه‌ڵه‌تر و كارامه‌تر له مرۆڤ ده‌ست بده‌نه توندوتیژی، قازانجی یه‌كجار به‌رین ده‌خوڵقێنن. توندوتیژی، به‌كرده‌وه، سه‌نعه‌تێكی زۆر گه‌وره‌تر له ده‌زگاكانی سه‌ركوتی ده‌وڵه‌ته.
نیزامی سه‌رمایه‌داری و ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆر و كۆنه‌په‌رسته‌كانی وه‌ك كۆماری ئیسلامی بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و درێژه‌ی چه‌وساندنه‌وه، توندوتیژی له ئاستی كۆمه‌ڵگادا جێ ده‌خه‌ن و به‌ئانقه‌ست له‌ناو خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگادا توندوتیژی په‌ره‌پێده‌ده‌ن.
ئێعدام به‌گشتی و ئێعدام له‌به‌رچاوی خه‌ڵك كه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به‌شێوه‌ی به‌رین به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، نموونه‌یه‌ك له په‌ره‌پێدانی توندوتیژیی ئاگاهانه له‌ناو كۆمه‌ڵگا دایه. ئێعدام هه‌ستی تۆڵه كردنه‌وه و توندوتیژی به‌هێز ده‌كات. كاتێك كوشتن له به‌رامبه‌ر كوشتندا یاسایی و ڕێگه‌پێدراوه، بۆچی كه‌سانێكی دیكه‌ش هان نه‌درێن و هه‌ر ئه‌م به‌ناو عه‌داڵه‌ته به‌كرده‌وه ده‌رنه‌هێنن؟ به‌ڕێوه‌بردنی سزای ئێعدام نه‌ته‌نیا ڕۆڵێكی له هێنانه خواره‌وه‌ی ئاستی جه‌نایه‌تدا نییه به‌ڵكوو كاتێك ده‌وڵه‌ته‌كان به‌یاسایی ده‌ست ده‌ده‌نه كوشتنی مرۆڤه‌كان، له ڕاستیدا به هێنانه خواره‌وه‌ی ئه‌رزشی گیانی مرۆڤ، ڕێگا بۆ دووپات بوونه‌وه‌ی له ئاستی كۆمه‌ڵگادا خۆش ده‌كه‌ن. ئه‌و پاساوانه‌ی كه له‌م بواره‌دا بۆ سزای ئێعدامی دێننه‌وه، ته‌نیا درۆیه‌كی ئاشكران و هیچیتر. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه مرۆڤه‌كان تاوانبار، قاتڵ، قاچاخچی و جه‌نایه‌تكار و توندوتیژیخواز به دنیا نایه‌ن به‌ڵكوو له لێكدانه‌وه‌ی نیهاییدا ئه‌وه باروودۆخی ماددی و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه ئه‌وان به‌ره‌و تاوان و خراپه‌كاری ده‌بات و ده‌وڵه‌ته‌كان و چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، به‌رپرسی داسه‌پاندنی ئه‌م باروودۆخه ماددییه به‌سه‌ر زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ن. پێویسته كه‌سانێك سزا بدرێن كه به‌ستێنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ڕوودانی تاوانیان خوڵقاندووه.
دوو نموونه‌ی ئاشكرا له ماوه‌ی حه‌فته‌ی ڕابردوودا، واته توندوتیژیی كچانی لاو له ئیسفه‌هان دژبه یه‌كتر و توندوتیژیی هۆڵگێنهكان و ڕاسته توندئاژۆكانی ئینگلیس دژبه ڕه‌ش پێسته‌كان و ته‌نانه‌ت سپی پێسته ئیتالیاییهكان له جه‌ره‌یانی كێبه‌ركێی فووتباڵی جامی ئۆرووپا، ده‌توانێ ده‌رخه‌ری دیارده‌ی نگریس و دژه‌مرۆیی توندوتیژیی به‌ڕواڵه‌ت غه‌یره ده‌وڵه‌تی بێت.
بێگومان ئه‌م توندوتیژییانه له ئاسمانه‌وه نه‌هاتوون و له سرووشتی مرۆڤ دا نین. به‌ڵكوو نه‌خشه‌مه‌ند و ئامانجدار، به بیانووی دژه بیانی بوون، دژه ژن بوون، ڕه‌گه‌زپه‌رستی، ستایشی توندویتیژی، له لایه‌ن سیاسه‌تمه‌داران و حاكمان و سیستمێكی سیاسییه‌وه شكڵ ده‌گرێت و به‌هێز ده‌كرێت كه جێكه‌وتنی توندوتیژی له پێناو ئامانجی سیاسی و مانه‌وه‌یان له ده‌سه‌ڵات دایه.
داكۆكیكاران و پاساوكهرانی توندوتیژی به‌رده‌وام ده‌ڵێن كه توندوتیژی به‌شێك له جه‌وهه‌ر و سرووشتی مرۆڤه. توندوتیژی ناكرێ له‌ناوبه‌رین و زۆرترین كارێك كه له‌ده‌ستمان دێت ئه‌وه‌یه كه توندوتیژی سنووردار بكه‌ین و به‌یاسا ده‌ریبێنین. ئه‌وان ده‌ڵێن كه ئینحساری توندوتیژی ده‌بێ له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ت دا بێت و به‌مجۆره به‌ربه بشێوی بگرێت.
توندوتیژی و ئامانج و كاركردی دیاریكراوی له كۆمه‌ڵگادا هه‌یه. توندوتیژی له خزمه‌ت نیزامی چینایه‌تیی ئێستا، خوڵقاندنی ترس و تۆقاندن، داسه‌پاندن و سه‌قامگیر كردنی بێمافی به‌سه‌ر جه‌ماوه‌رێكی هه‌رچی زیاتر له ئاستی كۆمه‌ڵگا دایه.
هه‌بوونی كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌دوور له توندوتیژی و ژیان به‌سه‌ر بردن له فه‌زایه‌كی به‌دوور له ترس و خۆف، به بێ نیگه‌رانی له ده‌ستبه‌سه‌ربوون و ئه‌شكه‌نجه، به‌بێ ترس له ته‌قه و كوژران له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و بانده مافیاییه‌كان، مافی سرووشتی و سه‌ره‌تایی هه‌ر مرۆڤێكه له كۆمه‌ڵگادا.