” تەجزیە تەڵەبی” و ” تەمامیەتی ئەرزی” ناوی ڕەمزی سیاسەتی سەرکوتی خەڵکی کوردستان و پێشێلکرانی مافە ئینسانی و سەرەتاییەکانی نەتەوەی کورد و باقی نەتەوەکانی دانیشتوی ئێرانە. لە ماوەی یەک سەدەی ڕابردودا و لە دوو نیزامی پاشایەتی و ئیسلامیدا بەم بیانوانەوە، داسەپاندنی هەڵاواردن و بێ مافی، زەوتی ئازادی، هەژاری و دواکەتو ڕاگرتنی ئابووری، پێشێلکرانی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ، سیاسەتی ڕەسمی حکومەتەکانی دەسەڵاتدار لە ئێراندا بووە.
لەگەڵ شکڵ گرتن و قوڵبوونەوەی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” کە لە کوردستان و خەباتی پڕ لە شانازی چوار دەیەی تێکۆشانی ژنان و پیاوانی خەباتکار و عەداڵەت خوازەوە سەرچاوەی دەگرت، کوردستان جارێکی تر کەوتە سەردێڕی هەواڵ و کاردانەوە سیاسیە جۆراوجۆرەکانەوە، چ لە لایەن ئوپوزسیۆن و چ لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە.
لەلایەک بە ملیۆن کەس لە خەڵکی شەریف و ئازادیخوازی ئێران، ناوچەکە و جیهان پشتیوانیان لە خەبات و سوننەتە شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتوەکانی خەڵکی کوردستان کرد. لەلایەکی دیکەوە لە کۆماری ئیسلامیەوە بیگرە تا ناسیۆنالیزمی توندڕەوی ئێرانی هەرکامە و بە زمانی تایبەت بە خۆی ئەم چەمک و مەزمونە ناسراوە کۆنەیان بە شەیپوری تەبلیغاتیان لێدایەوە. بەشێکی بەرچاو لەم ئوپوزسیۆنەی ڕاست و ناسیۆنالیزمی توندڕەو کە لەوە پێشتر پشتیوانی ئەم یان ئەو باڵی کۆماری ئیسلامی بوون و تاریفیان لە سپای پاسداران بۆ پاراستنی سنورەکانی وڵات دەکرد، بە بینینی زەرفیەتەکانی ئەم شۆڕشەی ئێستا ” لە کۆمەڵگای کوردستاندا، نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە” یەکپارچەیی خاکی” ئێران کردە سەدێڕی پلادفۆڕمە سیاسیەکانیان.
ناسیۆنالیزمی توندڕەوی ئێرانی لە میللی– مەزهەبیەوە تا وتەبێژانی دوێنێی ئەم یان ئەو باڵی حکومەتی ئیسلامی، لە لیبڕاڵەکان و بەشێک لە هەڵسوڕاوانی کۆنە چەپ تا سیلیبریتیە هەڵ پەرستەکان و تا مەئمورانی تەبلیغاتچی کۆماری ئیسلامی بە گشتی لەدژی خەڵکی کوردستان بەسیج بوون. ڕژیم بە ئامانج گرتنی ناوەندەکانی ئەحزابی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان و کوشتاری خەڵکی بێدیفاعی کردە چاشنی درۆپەردازیەکانی و کەڵکەڵەی ئوپوزسیۆنی ڕاستی کۆماری ئیسلامیش گوڵی کرد و شەرت و مەرجی خۆیان لەم بوارەدا خستە بەردەم هاوپەیمانەکانیان لە کوردستان و داوای تەعەهودی کەتبی و ڕەسمی بۆ” پاراستنی یەکپارچەیی” خاکی ئێرانیان لێ کردن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی کورد و تورک و بهلوچ، ژنان و لاوان، کرێکاران و خوێندکاران لەسەر شەقامەکان دروشمی وەحدەت و هاوپشتییان دەوتەوە و سینگیان کردبووە قەڵغانی گوللەکانی دوژمن.
پێناسە و هاوبەشی سەرجەم ئەم تەیفە کۆنەپەرستە دژایەتی لەگەڵ بزوتنەوە و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستانە. ئەم تەیفە زۆر بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەیە. دروشمی سەرەکی ئەوان” یەکپارچەیی خاکی” ئێرانە. دروشمێک کە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ یەکسانی، دادپەروەری و مافەکانی خەڵکی کوردستان بە جوداییخوازی لێک ئەداتەوە.
ڕەزاشا و محەممەد ڕەزاشا، خومەینی و خامنەیی لەژێر ناوی دیفاع لە” یەکپارچەیی خاکی” ئێراندا هەرکامە و بە نۆبەی خۆی کوردستانی خەڵتانی خوێن کرد. ئێستا منداڵەکانی دیکتاتۆڕی پێشوی ئێران کە وەک دۆنکیشۆت خۆی بە جێنشینی باوکی و فەرمانڕەوای ئێران دەبینێ، هەمان ئەو دروشم و سیاسەتانە بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە تێکرار دەکاتەوە!
ئوپوزسیۆنی ڕاست کە ڕەزا پەهلەوی کوڕی شای پێشوی کردۆتە وەکیلی خۆی، سەرەڕای ئەوەیکە لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات خاوەنی کهمترین پێگەی کۆمەڵایەتیش نیین، لەمڕۆدا بۆ خەڵکی کوردستان و ئەحزابی سیاسی ئەو خەڵکە شەرت و مەرج دیاری دەکات.
دەبێ بە گشت ئەوانەی کە گۆیا نیگەرانی لەدەستچوونی” یەکپارچەیی خاکی” ئێرانن بتوترێت کە ئەگەر دەتانەوێ خەڵکی کوردستان بژاردەی سەربەخۆبوون لە ئیران نەگرێتە بەر، پێویستە مافەکانی بە کامڵی و یەکسان لە چوارچێوەی وڵاتێکدا بەناوی ئێران بە ڕەسمیەت بناسرێت.
لە ڕاستیدا دەبێ لەبەرچاو نەگیرانی ئەم مافانە وەک جوداییخوازی ناو ببرێت. ئەزمونی مێژوویی نیشانی داوە لە ئەگەری پێشێلکرانی مافە ئینسانی و سەرەتاییەکانی نەتەوە ژێردەستەکان، جوداییخوازی دەبێتە داخوازی و هێزی یەکەم و سەرەکی کۆمەڵگا. دەستەبەربوونی بە تەواوەتی بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریەتی جەماوەری لە کوردستان، زامنی مانەوەی خەڵکی کوردستانە لە چوار چێوەی وڵاتی ئێراندا.
لە دنیای ئەمڕۆدا ناکرێت بە شێوەی سەرکوت و ڕەدکردنەوەی مافەکانی خەڵک بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لەسەر کورسی دەسەڵات بمێنیتەوە. خەڵکی کوردستان تا گەیشتن بە سەرجەم مافە ئینسانیەکانی درێژە بە خەبات ئەدات شان بە شانی ژنان، کرێکاران، لاوان و سەرجەم خەڵکی هاوچارەنووسی لە سەرتاسەری ئێراندا. سەرکەوتن و دەستەبەربوونی هیوا و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان لەم مەسیرەدا حەتمی و بێگەڕانەوەیە.