شه‌پۆلێك له ڕاپه‌ڕین و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، له گۆشه و كه‌ناری جیهان كه‌وتووه‌ته ڕێ. هێشتا چه‌ند حه‌فته له ڕووداوه‌كانی وێنێزۆیلا تێپه‌ڕ نه‌ببوو كه له هائیتی، ئێكوادۆر و شیلی ناڕه‌زایه‌تی ملیۆنی ده‌ستی پێكرد. ئه‌گه‌رچی له وێنێزۆیلا شكستی ئه‌وه‌یكه به سوسیالیسمی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك و شۆڕشی بۆلیواری ده‌ناسرا، ڕێگای بۆ ده‌ست تێوه‌ردان و سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزیسیۆنی لایه‌نگری ڕۆژئاوا خۆش كرد، به‌ڵام له هائیتی، ئێكوادۆر و شیلی، ئه‌وه هێرشی وه‌حشیانه‌ی ئێئۆلیبڕالیسم بوو كه جه‌ماوه‌ری هه‌ژار و برسیی له ئاستێكی ملیۆنی دا هێنایه سه‌ر شه‌قامه‌كان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه ته‌نیا له چوارچێوه‌ی جوگرافیایی ئه‌مریكای باشوور مابایه‌وه، ڕه‌نگبێ ناچار بوایه‌ین كه ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌وێ له‌به‌رچاو بگرین. به‌ڵام هێشتا وێنه‌ی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی ناڕازی له ئه‌مریكای باشوور له ناو میدیاكاندا كه‌م ڕه‌نگ نه‌ببۆوه كه ئه‌مجاره‌یان چه‌ند هه‌زار كیلۆمیتر دوورتر، خه‌ڵك له سوودان، ئه‌لجه‌زایه‌ر، پاكستان، لۆبنان، عێراق و سه‌ره‌نجام له ئێران له ئاستێكی ملیۆنی دا هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. لێره‌دا ئیتر ته‌نیا كاریگه‌ریی فه‌لاكه‌تباری سیاسه‌تی نێئۆلیبڕاڵی له وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر نه‌بوو كه هه‌ژارانی ناچار به ڕاپه‌ڕین كردبوو، به‌ڵكوو هاوكات سه‌ركوتی وه‌حشیانه‌ی خه‌ڵك له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته دیكتاتۆره‌كان بوو كه ماشه‌ی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی كێشابوو. لێره‌دا ئیتر هه‌موو دار و نه‌داری خه‌ڵك له مه‌یدانی شه‌ڕی گرووپه قه‌ومی و ئایینیه‌كان، له مه‌یدانی شه‌ڕی نیابه‌تی و له مه‌یدانی دواكه‌وتووترین بیروبۆچوونه‌كان و له گۆڕه‌پانی ده‌وڵه‌تانێك كه وه‌حشیگه‌ری سه‌رمایه‌یان له‌گه‌ڵ كۆنه‌په‌رستی تۆخی ئیدێئۆلۆژیی ئیسلامی تێكه‌ڵ كردبوو، كه‌وتبووه ژێر پرسیاره‌وه.
له ڕۆژی شه‌ممه‌وه ئه‌و هانده‌ره‌ی كه خه‌ڵكی له ئێكوادۆر و شیلی هێنابووه سه‌ر شه‌قامه‌كان، ئه‌مجاره‌یان بوو به پاڵنه‌ر و هۆكاری خۆپیشاندانی خه‌ڵك له كۆلۆمبیا. له هائیتی پتر له دوو مانگ و نیوه كه خه‌ڵكی هه‌ژار هه‌موو ڕۆژێك دێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. له ئێكوادۆر گه‌ڵاڵه‌ی په‌سه‌ندكراوی ده‌وڵه‌ت سه‌باره‌ت به هێنانه خواره‌وه‌ی ماڵیاتی سه‌رمایه‌داران و هاوكات گوشار بۆسه‌ر كرێكاران و حقووق وه‌رگرانی كاتی و دایمی، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له شیلی چوونه‌سه‌روه‌ی قیمه‌تی بلیتی مێترۆكان، خه‌ڵكی به‌ره‌و ڕاپه‌ڕین هان دا. زیاتر له ٢٥٠ هه‌زار كه‌س له ئه‌ندامانی یه‌كیه‌تی كۆلۆمبیا، گرووپی خوێندكاری و ڕێكخراوه ناوخۆییه‌كان و چالاكانی ژینگه پارێز له ناڕه‌زایه‌تی به سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی ڕاست ڕه‌وی “دۆكه”، دژبه گه‌ڵاڵه‌ی به‌ناو “چاكسازیی ئابووری”، له ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌وه ده‌ستیان داوه‌ته ناڕه‌زایه‌تی. ئه‌وان به باشی ده‌یانزانی كه گه‌ڵاڵه‌ی “چاكسازیی ئابووری” ناسناوی ئه‌و هێرشه‌یه كه ده‌وڵه‌تانی نێئۆلیبڕاڵی به فه‌رمانی ناوه‌نده ماڵیه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان دژبه خه‌ڵك له باقی وڵاته‌كان، به‌كاریان هێناوه. له ڕۆژی ئه‌وه‌ڵی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانه‌وه له كۆلۆمبیا، به‌هۆی هێرشی پۆلیس بۆ سه‌ر ناڕازیان نزیك به ٨٠ كه‌س برینداربوون و به ده‌یان كه‌سی دیكه‌ش ده‌ستبه‌سه‌ركران. به‌ڵام له ڕۆژی دووهه‌می ناڕه‌زایه‌تیه‌كاندا ده‌وڵه‌تی كۆلۆمبیا به ڕاگه‌یاندنی یاسای ڕێگری له هاتووچۆ له پێته‌ختی ئه‌و وڵاته نیشانی دا كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بڕیاری داوه كه هێزی سه‌ركوت له‌دژی خه‌ڵك به كار بێنێت و به‌مجۆره له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا كۆلۆمبیاش بوو به ئاڵقه‌یه‌كی دیكه له زنجیری ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له ئه‌مریكای باشوور.
له ئۆرووپاش ئه‌گه‌رچی شایه‌دی ڕاپه‌ڕینی هاوشێوه‌ی ئه‌مریكای باشوور و ئه‌فریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نین به‌ڵام له‌وێش ده‌وڵه‌تانی سه‌رمایه‌داری ناتوانن به ئارامی سه‌ر بنێنه‌وه. بێ گومان له یه‌كیه‌تی ئۆرووپادا ئه‌وه ته‌نیا بۆشایی نێوان سیاسه‌ته‌كانی وه‌ك پاراستنی قه‌ڵای ئۆرووپا، چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی بڕیتانیا و سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌وته ڕاست و فاشیست و نیوه فاشیسته‌كان نین كه سه‌رانی ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپاییان تووشی سه‌رلێشێوان كردووه به‌ڵكوو له ئێستادا له به‌رامبه‌ر ده‌ستدێرێژی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه بۆسه‌ر حه‌قده‌ست وه‌رگرانی كۆمه‌ڵگا به ئامانجی قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئاستی گه‌شه‌ی ئابووری، خه‌ڵكی ناڕازی دێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. له ئێستادا فه‌ڕانسه بووه‌ته دڵی بهخورپهی ئۆرووپا. له ١٧ی نوامبر له ساڵڕۆژی بزووتنه‌وه‌ی جلیقه زه‌رده‌كان ته‌نیا له پاریس ٤٠ هه‌زار كه‌س ده‌ستیان به ڕێپێوان كرد. سه‌دان بریندار و ده‌ستبه‌سه‌ركراو له ماوه‌ی یه‌كساڵی ڕابردوودا و ته‌نانه‌ت پاشه‌كشه‌ی ده‌وڵه‌تی ماكڕۆنیش نه‌یتوانیوه بزووتنه‌وه‌ی جلیقه زه‌رده‌كان له مه‌یدان بخاته ده‌ر. له ڕۆژی شه‌ممه‌وه ئه‌مجاره‌یان به له‌به‌رچاوگرتنی ناڕه‌زایه‌تی و ڕاپه‌ڕینی جیهانی له قامه‌تی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جیهانیدا خۆیان نیشان دا. ئه‌وان له پاریس پلاكاردێكی گه‌وره‌یان به‌ده‌سته‌وه گرتبوو و له سه‌ریان نووسیبوو “فه‌رانسه، ئێران، عێراق، لۆبنان، شیلی، … به یه‌ك خه‌بات، كۆتایی به نێئۆلیبڕالیسم بێنن.” ئه‌وان به درووستی نێئۆلیبڕالیسم واته نه‌زمی به كۆیله كێشانی ملیۆنان ئینسانیان كرده ئامانجی هێرشه‌كه‌یان. به‌ڵام ڕۆژی شه‌ممه ئه‌وه ته‌نیا جلیقه زه‌رده‌كان نه‌بوون كه هاتببوونه سه‌ر شه‌قامه‌كان، به‌ڵكوو زیاتر له ١٥٠ هه‌زار كه‌س له شاره جۆراوجۆره‌كانی فه‌ڕانسه به بۆنه‌ی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی جیهانی ڕێگری له توندوتیژی دژبه ژنان ده‌ستیان دایه ڕێپێوان. له‌بیرمان نه‌چێ كه له دڵی ئۆرووپادا، له‌و جێگایه‌ی كه كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت ئه‌گه‌ر شه‌و و ڕۆژ باسی ئه‌رزشه ئۆرووپاییه‌كان بكه‌ن، ماندوو نابن، ته‌نیا ئه‌مساڵ له فه‌ڕانسه لانیكه‌م ١١٦ ژن و له ئاڵمان نزیك به ١٠٠ ژن به ده‌ست هاوسه‌رانی ئێستا یان پێشوویان كوژراون و ئاشكرایه كه ئه‌مه‌ش خۆی ته‌نیا گۆشه‌یه‌كی زۆر چكۆله‌یه له سه‌پاندنی توندوتیژی دژبه ژنان له‌م وڵاتانه. ڕۆژی هه‌ینی له ئاڵمان پتر له ١٥ هه‌زار كه‌س له كرێكارانی سه‌نعه‌تی ماشێن سازی له ناڕه‌زایه‌تی به گه‌ڵاڵه‌ی بێكاركردنی به‌رینی كرێكاران ده‌ستیان دایه ڕێپێوان. له ئاتێن زیاتر له ٢٠ هه‌زار كه‌س له ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٦ی سه‌رماوه‌ز به بۆنه‌ی ٤٠مین ساڵڕۆژی كوژرانی خوێندكارانی پۆلی تێكنیك له جه‌ریانی هێرشی نیزامیه‌كان ڕێپێوانێكی به‌رینیان به‌ڕێوه‌برد. بۆ ئه‌وان ئه‌م ساڵڕۆژه ده‌رفه‌تێك بوو كه ڕق و تووڕه‌یی خۆیان دژبه سیاسه‌تی نێئۆلیبڕالی و دواهاته كاره‌سات باره‌كانی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك له ناو دڵی قه‌یرانی جیهانی سه‌رمایه‌داریدا ڕاگه‌یه‌نن. له كۆماری چێك ٢٠٠ هه‌زار كه‌س دژبه گه‌نده‌ڵی ماڵی سه‌رۆك وه‌زیران و هه‌ڕه‌شه‌كانی، ده‌ستیان دایه ڕێپێوان. له بریتانیا كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن، ماموه‌ستا و كارمه‌ندانی ده‌یان زانكۆ چه‌ندین بانگهێشتیان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی مانگرتن له مانگی داهاتوودا هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ڕاگه‌یاند. له ئه‌لجه‌زایه‌ر و لۆبنان و عێراق ناڕه‌زایه‌تی له‌وانه مانگرتنی گشتی هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه.
ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی ناڕازی له ئێران به‌دوای گران بوونی سێ به‌رابه‌ری بێنزین نیشانی دا كه شۆڕشێك كه له لۆبنان و عێراق ده‌ستی پێكرد و یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كیه‌كانی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی بوو، ئه‌مجاره‌یان له‌ناوه‌وه‌ی ئێران سه‌ری هه‌ڵداوه. شۆڕشی خه‌ڵك له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا درێژه و پێگه‌یشتنی ئاخێزی ناڕه‌زایه‌تی مانگی به‌فرانبار بوو. له‌خۆڕا نه‌بوو كه سه‌رانی ڕژیم باسیان له گۆڕه‌پانی شه‌ڕ ده‌كرد. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش ته‌نیا قۆناخێكه له‌و شه‌ڕه‌ی كه له كۆتاییدا كۆماری ئیسلامی به ته‌واوی له‌ناو ده‌بات. له ڕاستیدا به‌ده‌ر له تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازیی ئه‌م شۆڕش و ناڕه‌زایه‌تیانه، ئه‌وه‌یكه پێكه‌وه‌یان گرێ ده‌دات، ته‌وه‌ری ڕاپه‌ڕینه دژبه نه‌زمی ئاوه‌ژووی زاڵ. بێ گومان سه‌ركه‌وتنی ئه‌م شۆڕش و ڕاپه‌ڕینانه پێویستیی به هاوپشتیهكی جیهانیه.