هەموو ساڵێک لەم رۆژانەدا لەنێو مەحافلی کریکاری، مەحافلی خاوەنکاران، ئۆرگانە دەوڵەتی و ڕاگەیەنەرەکانی نێوخۆی وڵاتدا، قسە و باس سەبارەت بە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی داهاتو زیاد دەکات و هاوکات لە لایەن تەشەکولە زەردەکانی سەر بە دەوڵەتەوە بازاڕ گەرمی بۆ ” شوڕای باڵای کار” کە گۆیا چەنە لێدان لەسەر حەقدەست تێیدا لەئارا دایە، دەست پێدەکات.
” شوڕای باڵای کار لە ئێران تێکەڵەیەکە لە: نوێنەرانی دەوڵەت کە خۆی وەک سەرمایەدارێکی گەورە بە حیساب دێت و تا ئەو جێگایەی کە ئیمکانی هەیە بە درێژایی ساڵ داخوازی و داواکاریەکانی کرێکاران بە هەڕەشە و دەرکردن و گرتن و زیندانی کردن و شهلاق وهڵام دەداتەوە و لە هەر جێگایەک و هەر قۆناغێکدا بە هەموو هێزیەوە پشتیوانی لە سەرمایەداران دەکات. نوێنەرانی خاوەنکاران، کە بە شێوەی سروشتی تا ئاستێک كه دەتوانن حەقدەستی کەمتر بە کرێکاران ئەدەن تا خۆیان بە سود و قازانجی زیاتر بگەن، و بەناو نوێنەرانی کرێکاران، کە لە لەیەن خانەی کارگەر و کانونی باڵای شوڕا ئیسلامیەکانی کارەوە دیاری دەکرێن، کە تەشەکولهایهكی زەردی سەربە دەوڵەتن و هەموو ساڵێک لە داسەپاندنی لانیکەمی حەقدەستی، چەند قات لەژێر هێڵی هەژاریدا، یارمەتی دەری سەرمایەدارانی، خسووسی و دهوڵهتین. سێ گوروپ کە لەم شوڕایەدا بۆ دیاری کردنی حەقدەستی کرێکاران لە دەوری یەک کۆدەبنەوە هیچکامیان پارێزەری بەرژەوەندی و یان هاو بەرژەوەند لەگەڵ کرێکاران نین. تەنانەت ئەگەر بە جێگای نوێنەرانی خانەی کارگەر و شوڕای ئیسلامی کار، نوێنەرێک بە هەڵبژاردنی کرێکاران لەم شوڕایەدا هەبێت، دیسانیش هیچ کارێکی لەدەست نایەت. لەبەر ئەوەی کە دوو دەنگی نوێنەرانی دەوڵەت و خاوەنکاران، بەسەر دەنگێکی نوێنەرەکەی ئەواندا دەشکێتەوە.
رۆژنامەی مەردوم سالاری چاپی تاران لە ژمارەی رۆژی یەکشەممە ٢٩ ی مانگی ڕێبەندانیدا لە بواری لانیکەمی حەقدەستدا وتارێکی لەژێر ناوی ” لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە ئێران نزمتر لە ئێڕاقە”، چاپ کردوە کە تێیدا دەستی داوەتە بەراورد کردنی لانیکەمی حەقدەستەکان لە ئێران لەگەڵ چەند وڵاتی ناوچەکەدا. ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی:” لانیکەمی حەقدەست لەم ساڵدا ٩٣٠ هەزار تمەن بوو. ئەگەر بمانەوێ نرخی دۆلاری ٤٦٠٠ تمەنی بە پێوانە بگرین، لانیکەمی حەقدەست لە ئێران، شتێکی نزیک بە ٢٠٢ دۆلارە لە مانگدا. ئهمه لهحاڵێكدایه كه لانیكهمی حهقدهست له عێراق لهكاتی شهڕ لهگهڵ داعش ٢٩٥ دۆلار له مانگدایه. لانیکەمی حەقدەست لە تورکییە بڕی ٤٧٢ دۆلارە لە مانگدا. ( لە حاڵێکدا بەپێی ئامارەکان ئیستانبول نزیکەی ٤٠ لەسەد هەرزان ترە لە تاران.) ئەم رۆژانامەیە لە درێژەدا دەنووسێ:” زیاتر چین وەک وڵاتێک کە حەقدەستی کەمی هەیە دەناسرێت و بۆچوونی گشتی وایە کە هێزی کاری هەرزان لە چێن، گەورە ترین هۆكاری بەرەوپێش چوونی ئابووری ئەو وڵاتەیه. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە هێندێک لە پیشەسازی ترین و پێشکەوتو ترین ناوچە ئابووریەکانی چین لانیکەمی حەقدەست گەلێک زیاترە لە ئێران. لە دراوسێکانمان گەڕێین، لە وڵاتانی ئەروپاییدا لانیکەمی حەقدەست بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ مەبلەغێک كه لە ئێراندا پەرداخت دەکرێت، شیاوی بەراورد کردن نییە. وەک نمونە، لە ئیسپانیا، لانیکەمی حەقدەست بڕی یەک هەزار و ٥٠٠ دۆلارە لە مانگدا.”
ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی توێژینەوەکانی گۆڤاری ئابووری ئێکۆنۆمیست کە هەموو ساڵێک بڵاوی دەکاتەوە، نرخی مەسکەن و کالا ئەساسیەکانی جێی نیازی خەڵک لە شارێكی وەک تاران، جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ نرخی کالاکان لە وڵاتێکی وەک کانادا نییە. واتە هەزینەکانی بەڕێچوونی ژیانی خەڵک نە تەنیا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری ئێران بەڵکو تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ پێشکەتو ترین وڵاتانی دنیاشدا گرانترە.
لە وەها بارودۆخێکدایە کە لە حەفتەکانی داهاتودا لانیکەمی حەقدەست بۆ ساڵی ١٣٩٧ دیاری دەکرێت. بەڵام لە ئێستاوە روون و ئاشکرایە کە ناکرێ هیوایەک بە بڕیارەکانی شوڕای باڵای کار هەبێت. لە حاڵێکدا کە هێڵی هەژاری لە شارێكی وەک تاران ٥ ملیۆن تمەن لە مانگدایە، چەند سەد تمەنێکیش زیاد بوون بە لانیکەمی حەقدەستەکانی ساڵی پارەوە دەردێک دەوا ناکات. کەوایە بۆ چینی کرێکاریش ڕێگایەک بێجگە لە پەنا بردنە بەر خەباتی رووبەروو لە کارخانە و کارگاکان و شوێنی ژیان و سەر شەقام بۆ دابین کردنی ژیانێکی ئینسانی نامێنێتەوە. تەنیا بە مانگرتن و خەباتی سەرتاسەری، وەها ئامانجێک دەستەبەر دەبێت. دەبێ خەوی خۆش و ئاسودەی بونگا و دامەزراوەکانی سەرمایەداران بە نرخی داسەپاندنی ژیانێکی کۆیلە ئاسا بەسەر چینی کرێکاردا لە چاویان بزڕێت. سەرەڕای هەموو ئەو گرفت و دژواریانەی کە لەسەر ڕێگای خەباتی چینی کرێکار بوونی هەیە، تەنیا ڕێگای داسەپاندنی حەقدەستێکی گونجاو بۆ دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی، لە گرەوی یەکپارچەیی و خەباتی یەکگرتوانە و سەرتاسەری چینی کرێکار، بە لەسەرکار و بێکارەوە، لە گشت ڕشتەکانی شوغڵیدا، بە بەرینایی سەرجەم جەغڕافیای ئێران دایە.
ناڕەزایەتی جەماوەری مانگی بەفرانباری ئەمساڵ ڕژیمی تا ئەو جێگایە نوقمی نیگەرانی کردوە کە تەنانەت خامنەیشی وادار کردوە کە دوێنێ لە سوخەنڕانیەکی ڕیاکارانەدا، دان بە بەڵایەکدا بنێ کە ڕژیمی ئیسلامی بەسەر ژیان و بەڕێچوونی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم وڵاتەیدا هێناوە. بەڵام ئیتر کار لەکار ترازاوە و کەس ڕەخنە بێ نرخەکان و وەعدەکانی سەر خرمانی بە هەند وەرناگرن.
ئاست و قەبارەی تا ڕادەیەک گەورەی خەباتی رۆژانەی کرێکاران لە سەرتاسەری ئێراندا، حیکایهت لهوه دهكات کە زەرفییەتەکانی ئەم خەباتە تا ئێستاش ئەوەندە لەسەرەوەیە کە ئەگەر یەکبخرێن و یەکگرتوانە بهێندرێتە مەیدان، دەتوانێ لە بواری حەقدەستەکاندا ڕژیم وادار بە پاشەکشەی جیدی بکات و هاوکات سەرجەم بزوتنەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانیش گەشە پێبدات.