قەیرانی ئابووری لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی، رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر دەبێت و ئاسەوارەکانی سەرجەم بوارەکانی ژیانی خەڵکی دانیشتوی ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە. ڕێکارەکانی ڕژیم بۆ دەرچوون لەم قەیرانە، کە بە تایبەت ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و جەماوەری بێبەش و کەم داهاتی زیاتر خستۆتە ژێر هەڕەشەوە تا ئێستا بێ ئاکام بووە. یەکێک لە شاخسەکانی قەیرانی ئابووری لە هەر وڵاتێکدا دابەزینی خێرای ئەرزشی پوڵی ڕەسمیە. ئەگەرچی ئەرزشی پوڵی ئێران لەبەرانبەر ئەرزە جیهانیەکاندا لە ماوەی ساڵانی حەیاتی کۆماری ئیسلامیدا بەردەوام لە حاڵی دابەزیندا بووە. بەڵام لە چەند مانگی ڕابردودا ئەرزشی تمەن لەبەرانبەر باقی ئەرزەکاندا دابەزینێکی ٢٠ لەسەدی هەبووە کە ئەمە خۆی بێوێنەیە.
نرخی دۆلار لە ئاخری حەوتوی ڕابردودا لە بازاڕی تاران گەیشتە سنوری ٥ هەزار تمەن. هەڵبەت حەسەن روحانی و سەرۆکی بانکی ناوەندی چەند حەفتە لەوە پێش و لە کاتی ناڕەزایەتیەکاندا ڕایانگەیاند کە :” بەرز بوونەوەی ئەرز لە مانگەکانی ڕێبەندان و ڕەشەمەدا ئاساییە و دواتر دادەبەزێت.” بەڵام درێژەی ڕەوتی دابەزینی ئەرزشی تمەن هەڵە بوونی پێش بینیەکەی روحانی نیشاندا و بشێوی زیاتری خستە بازاڕ و ئابووری ڕژیمەوە.
کاربەدەستانی ڕژیم کە لە بەرەوروو بوونەوە لەگەڵ قەیرانی ئابووریدا گەیشتونەتە بونبەست، ئەم جارەش دابەزینی ئەرزشی تمەنیان بە ئەمنیەتی ڕاگەیاندوە و ئەوە بە پیلانی دوژمنان دەزانن و وڵامی ئەمنیەتییان بەم گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتیە داوەتەوە. هەڵبەت دوو حەفتە لەوەپێش هێندێک لە ڕاگەیەنەرەکانی ئێرانیش باسیان لە ئەمنیەتی بوونی بازار کردبوو. رۆژی چوار شەممە ٢٥ ی ڕێبەندان حسێن ڕەحیمی سەرۆکی پۆلیسی تاران ڕایگەیاندبوو کە:” بە ئامانجی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئیخلال گەرانی ئابووری لە عەمەلیاتێکی بەریندا تا کاتژمێر ١٠ ی شەو، ١٠ سەڕافیان پلۆم کردوە و هۆشداریشیان داوەتە ١٦ سەڕافی دیکەش، ٧٥٥ ژمارە حیسابی بانکیان بەستوە و ٩٠ کەسیشیان لەو پێوەندەدا گرتوە.” ئەو بەڵێنیدا کە پۆلیسی ئاگاهی بە ئامادە بوونی خۆی هەوڵی دەڵالان و تێکدەران پوچەڵ دەکاتەوە. هەڵبەت تا ئیستا دخاڵەتی هێز و ناوەندە ئەمنیەتیەکان و گرتن و زیندانی کردن تەنیا لەدژی سەرافەکانی وردە فرۆش و کەسانی دەست گێڕیان لە شەقامەکاندا بووە کە دەڵاڵی و سەڕافیان وەک پیشەیەک بۆ بەڕێچوون هەڵبژاردوە، دەنا پۆلیس و هێزە سەرکوتگەرەکان لەدژی ئەوانەی کە ئەهرومەکانی سەرەکی ئابووریان لە دەستدایە، واتە ئاغازادەکانی کەڵان سەرمایەدار و سپای پاسداران و ناوەندە مەزهەبی و ئەمنیەتیەکان و بەیتی ڕێبەریی، ناتوانن و نایانەوێ، کارێک ئەنجام بدەن.
بەشوێن ئەم کردارەدا رۆژی پێنجشەممە بانکی ناوەندیش بە دەرکرنی ڕاگەیاندنێک بەرز بوونەوەی نرخی ئەرزی بە چاوەروان نەکراو ناوبرد و ڕایەگەیاند کە ئەم بانکە نیگەرانی خەڵک هەست پێدەکات. لەم ڕاگەیەندراوەدا داوای لەخەڵک کردوە کە پارە نەغدەکانیان نەکەنە ئەرز و پوڵەکانیان لە بانکەکاندا دابنێن. تەنیا ڕێگا چارە و سیاسەتی بانکی ناوەندی بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم دابەزینی زیاتری نرخی تمەنە لەم ڕاگەیاندنەدا، هاندانی خەڵکە بۆ کڕینی ” گەواهی سپوردەی ڕیاڵی” بە نرخی سودی ٢٠ لەسەدی. بەڵام بانکەکانی ئێران بە پێشینەیەک کە لە ئیختیلاس و دزیدا هەیانە متمانەیەکیان بۆ نەماوەتەوە. بەم هۆیەوە نە ڕێگا چارەی بانکی ناوەندی و نە ئێقداماتی پۆلیسی و ئەمنیەتی هێزە سەرکوتگەرەکان ناتوانێ یارمەتی ڕاکێشانی متمانەی خەڵک سەبارەت بە سیستمی بانکی کۆماری ئیسلامی و ئابووری وەرشکست بووی ڕژیم بدات. لەبەر ئەوەی، یەکەم، سیستمی ئابووری کۆماری ئیسلامی وەک بەشێک لە سیستمی ئابووری نیئۆلیبڕاڵی جیهانی لەژێر کاریگەری قەیرانێکی ١٠ ساڵەی سەرمایەی جیهانیدایە و لە ڕاستیدا ڕێگا چارەی جیاواز و جوداگانەی نییە. دووهەم، دزی و ئیختیلاسە هەزران میلیاردیەکانی کاربەدەستانی ڕژیم و کەسانی سەربەوان و گەندەڵی نیهادینە بوو لە سەرجەم سیستمی کۆماری ئیسلامیدا گورزێکی گرانی لە ئابووری ئێران داوە. سێهەم، هەزینەی کەمەر شکێنی سیاسەتی دخاڵەت لە ڕقابەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامیش قەیرانی ئابووری ئێرانی قوڵتر کردۆتەوە. لەگەڵ ئەوانەشدا مەوقعیەتی لاواز و پەڕاوێز خراوی کۆماری ئیسلامی و هەروەها چوونە ژێر پرسیاری بەرجام، هیوای روحانی بۆ ڕاکێشانی سەرمایە گوزاری دەرەکی لە ئێران و دەست ڕاگەیشتن بە گەشەی ئابووریشی بەرەو رووی نا هومێدی کردۆتەوە.
بێ متمانەیی خاوەنانی سەرەکی سەرمایە و ڕانت خۆرانی دەوڵەتی و نا دەوڵەتی سەبارەت بە بانکەکان ئەوانی نیگەرانی ئەمنیەتی سەرمایەکانیان کردوە. بەم هۆیەوە ئەوان پارەکانیان لە بانکەکان وەردەگرنەوە تا بیکەنە ئەرزێکی خاوەن متمانە و زێڕ. ئەمەش خواستی لەسەر کڕینی ئەرز زیاتر کردوە و بۆتە هۆی ئەوەی کە نرخەکان بەرز ببنەوە. بەڵام گرفتی سەرەکی لێرەدایە کە بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار و باقی ئەرزەکان لەبەرانبەر تمەندا بە تایبەت لە ئابووری دەوڵەتێکی وەک کۆماری ئیسلامیدا کە پشتی بە هاوردە لە دەرەوە بەستوە، بە خێرایی دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی نرخی کالاکانی جێی پێداویستی خەڵک و تەوەڕوم. زیاد بوونی نرخەکانیش دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتیش نرخی کالا ئەساسیەکان و خزمەتگوزاری دەوڵەتی بەرز بکاتەوە. کەوایە بەرز بوونەوەی نرخی ئەرزیش بۆ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش بە واتای دابەزینی توانایی کڕین، زیاد بوونی هەژاری و برسیەتییە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا ” ڕێگا چارەیەک” کە شکی ئەبات و دەستەودامێنی بووە ئه وه یه که دەیەوێ داروپەردوی نا بەسامانی و شکستی سیاسەتە ئابووریەکانی بەسەر جەماوەری خەڵکی زۆر لێکراوی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێراندا بشکێنێتەوە. لە لایەحەی بوجەی ساڵی داهاتوشدا نە تەنیا نیشانەیەک لە کرانەوەیەک لە ژیان و بەڕێچوونی خەڵکی ئێران بەرچاو ناکەوێ، بەڵکو ڕکود، بێکاری، گرانی، هەژاری و برسیەتی زیاتری جەماوەری خەڵکی تێدایە. بەم بارودۆخەوە دیمەنگای سەرهەڵدانی شپۆلێکی بەهێزتر و ڕێکخراو تری ئاخێز و ناڕەزایەتی جەماوەری وەگیان هاتوو لە داهاتویەکی نزیکدا لەبەردەم دایە.