ئەمرۆ پێنجشەممە ٢٦ ی ڕێبەندان رۆژی کۆمەڵەیە. خەڵکی چەوساوە و ستەمدیتو لە کوردستان لە رۆژی کۆمەڵەدا پارێزگاری لە ئاوات و ئارەزو و ئامانجێک دەکەن کە لە چەند دەیەی ڕابردودا شان بە شانی کۆمەڵە لە پێناویاندا خەباتیان کردوە و لەم ڕێگایەدا باشترین ئازیزانیان لە دەست داوە.
کۆمەڵە وەک سازمانێکی سیاسی بە ئامانج، بەرنامە، ئیستراتیژی و ئاڕمانە کومونیستی و کرێکاریەکانی، کە لەمرۆدا لەگەڵ ژیان و خەبات و هەستی بە ملیۆن ئینسانی زەحمەتکێشدا ئاوێتەی یەک بوون و دڵیان لەگەڵ دڵی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشانی کۆمەڵگادا لێئەدات، ساڵانێکی پڕ لە خەبات، خۆڕاگری و سەرسەختیەکی کەم وێنەیان ناوەتە پشت سەر. کۆمەڵە ٤٨ ساڵ لەوە پێش لە پائیزی ساڵی ١٣٤٨ لە ناخی بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی تایبەتدا پێکهات. بارودۆخێک کە زاڵ بوونی مناسباتی سەرمایەداری و لێک هەڵوەشانی نیزامی دەرەبەگایەتی، کۆچی زەحمەتکێشانی دێهاتەکان بەرەو شارەکانی ئێران و گەشە کردنی چەندایەتی چینی کرێکار کە بەغەیرەز فرۆشتنی هێزی کارەکەی هیچ شتێکی تری بۆ دابین کردنی ژیانی نەبوو، دیاری دەکرێت. گەشە کردنی ئەم چینە کۆمەڵایەتیە و کۆبوونەوەی لە شارەکاندا ڕواڵەتی سیاسی کۆمەڵگای گۆڕی. سەرجەم بابەتە کۆمەڵایەتیەکانی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە و کۆمەڵێک کێشمەکێشی نوێی لە هەموو سوچ و قوژبنەکانی کۆمەڵگادا بەدی هێنا، کێشمەکێشی کرێکاران لەگەڵ سەرمایەداران لەسەر حەیاتی ترین مەسایل، لەسەر سەرەتایی ترین مافەکانی، لەسەر نەفسی ژیانبەسەر بردن، لەسەر چلۆنایەتی دابین بوونی نان و مەسکەن وجلوبەرگ، لەسەر پشودان و بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتی ژیانی شایستەی ئینسان. وەها کێشمەکێشێکی بەرینی کۆمەڵایەتی کە لە شار و دێهاتەکاندا لە ئارادا بوو، وڵامی شۆڕشگێڕانەی خۆی و خەباتێکی نوێی دەویست. هەستە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە و ئەو روناکبیرە شۆڕشگێڕانەی کە لەو دەورانەدا، سەبارەت بە مەسایلی کرێکاران و زەحمەتکێشان هاودڵ و هەستیان بە بەرپرسیاریەتی دەکرد؛ هەوڵیاندا تا وڵامی گونجاو بە مەسایل و نیازەکانی خەباتی ئەوە دەورەیە بدەنەوە.
لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی ٥٧ دا کادر و هەڵسوڕاوانی نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە لە نێو زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادی خوازدا، بوونە سیمای ناسراو و پێشڕەو و جێی متمانەی خەڵکی ڕاپەڕیو و ڕێبەری خەباتی جەماوەری لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان. کۆمەڵە لە وڵام بەو بابەتە تازە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە لە سەرەتای شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ ی هەتاویدا هاتبوونە گۆڕێ، یەکەم کۆنگرەی سازمانیی خۆی لە پائیزی ساڵی ١٣٥٧ دا بەڕێوە برد. هەرچەند دیکتاتۆڕی شا دەرفەتی ئامادەکاری سیاسی و تەشکیلاتی پێویستی بۆ وڵامدانەوە بە بابەتەکانی ئەو دەورەیەی بە کۆمەڵە نەدابوو، بەڵام کۆمەڵە لێبڕاوانە بڕیاریدا کە بە گشت هێز و تاوانایی خۆیەوە خەباتی جەماوەری لە کوردستان لە ڕاستای بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەرتاسەری ئێراندا بەرێتە پێشێ.
کۆمەڵە لە دوای ٩ ساڵ و چەند مانگ هەڵسوڕانی بە نهێنی، بە دوای گیانبەختکردنی هاوڕێ محەممەد حسێنی کەریمی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە کە لە گەرماوگەرمی ڕاپەڕین و ئاخێزی خەڵکی ئێراندا لەدژی ڕژیمی شا، لە پێشه وەی ڕیزی خەڵکی ڕاپەڕیو و شۆڕشگێڕی شاری سەقزدا بوو لە رۆژی ٢٣ ی ڕێبەندان لە هێرش کردنە سەر شارەوانی ئەو شارە بە گۆله ی بەکرێگیراوانی ڕژیمی شا پێکرا و لە رۆژی ٢٦ ی مانگی ڕێبەنداندا بە دڵێکی پڕ لە ئەوین بە ڕزگاری کرێکاران و زەحمەتکێشان گیانیبەخت کرد، چالاکی ئاشکرای خۆی دەست پێکرد. لەو کاتەدا ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کۆمەڵە بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، کۆمەڵێک سیمای نەناسراو نەبوون. هەمان ئەو یارانی قەدیمییان و تێکۆشەرانی دەورەی قیام و شۆڕشی ئەوان بوون.
کۆمەڵە لە دوای روخانی ڕژیمی شا و هاتنەسەر کاری ڕژیمی ئیسلامی، بە سازماندانی خەباتێکی گشتگیر و جەماوەری و ڕێبەری بزوتنەوەی خۆڕاگری لە بەرانبەر هێرشی دژی شۆڕشی ڕژیمی نوێدا، و هەروەها خۆڕاگری سەرسەختانە لەبەرانبەر کۆنەپەرستانی ناوچەییدا، دیفاع لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەم دیتوی کۆمەڵگایان کردە گرنگ ترین ئەرکی چالاکی و هەڵسوڕانی خۆیان. دیفاع لە جوتیاران لە بەرانبەر دەرەبەگەکاندا، دیفاع لە زەحمەتکێشانی دێهاتەکان لە دەست بەسەردا گرتنی زەویدا، دیفاع لە ژنان لە بەرانبەر کۆنەپەرستی و فەرهەنگ و سوننەتی داڕزیوی پیاوسالارانە، دیفاع لە کرێکاران لە بەرانبەر سەرمایەداران، دیفاع لە چەکدار مانەوەی خەڵک و هەوڵدان بۆ چەکدار کردنی زەحمەتکێشان، پێکهێنانی جەمعیەتە دیموکراتیکەکان، پێکهێنانی یەکێتیەکانی جوتیاران، دروست کردنی شوڕاکانی ژنان و قوتابیان، هەوڵدان بۆ هێنانە مەیدانی بەرینی جەماوەری خەڵک لە بەرانبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە ٢٨ ی مانگی پوشپەڕی ١٣٥٨ دا بوو بە لەشکرکێشیەکی سەرتاسەری، سازماندانی حەرەکەتی جەماوەری گەورەی وەک کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان و سازماندانی خۆپیشاندان و ڕێپێوانی تر کە هێمای دەخاڵەتدانی ڕاستەخۆی خەڵک لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسیدا بوون، ئەم ئیستراتیژیە بوو کە چارەنووسی ئەم تەشکیلاتەی بە چارەنووسی بە ملیۆن ئینسانی ستەم دیتو و تینوی ڕزگارییەوە گرێدا. ئەم سیاسەتە و ئەم ئاڕاستە گرتنانە بوون کە بوونە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵە بتوانێ دوای هێرشی نیزامیی ڕژیمی ئیسلامیش ئاڵاهەڵگری خۆڕاگری جەماوەری و چەکدارانەی خەڵکی کوردستان بێت لە بەرانبەر هێرشی داگیرکارانە و سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامیدا.
لەمرۆدا بەرهەمی ٤٨ ساڵ هەڵسوڕانی کۆمەڵە و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە ڕێژەی وشیاری و توانایی، کارامەیی و نفوزی کۆمەڵایەتی ئەم جەریانەدا دەتوانین ببینین. بەرهەمی ئەم هەموو ساڵە لە کارو تێکۆشان لە پەرەگرتنی نفوزی ئەفکار و سوننەتە کومونیستیەکان لەنێو کرێکارانی کوردستان، لە ئاشنا بوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی تێکۆشەر لەگەڵ مافە بنەڕەتیەکانیان، لەگەڵ ئاڕمانی ئازادی خوازانە و بەرابەری تەلەبانەدا، ڕەنگی داوەتەوە. بەم بۆنەیەوە و لەم رۆژەدا ڕێز دەگرین لە یاد و بیرەوەی سەرجەم تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری بەشەریەت و گیانبەخت کردوانی نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کومونیستی ئێران، لەسەر تەعەهود و پەیمانمان بۆ درێژەدان بەم ڕێگایە تا سەرکەوتنی یەکجارەکی پێداگری دەکەین و سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی ئازیز و خۆڕاگر و سەرفەرازەکانیان.