رۆژی شەممەی ڕابردو شاری کابول پێتەختی ئەفغانستان یەکێک لە خوێناوی ترین رۆژەکانی خۆی لە ساڵی ڕابردوودا. تەقینەوەی ئامبولانسێک کە بومبی تێدا چێندرا بوو، مەرگی ١٠٣ کەس و بریندار بوونی ١٥٨ کەسی بەشوێنەوە بوو. تالیبان بەرپرسیاریەتی ئەم حەرەکەتە تیرۆریستیەی وەئەستۆ گرت. زۆربەی ئەو فیلم و ویدۆیانەی سەبارەت بەو رووداوە بڵاو بوونەتەوە، گریان و هاواری دایکان و منداڵان و خەڵکێک کە بەو ناوچەیەدا تێپەڕ دەبوون و خەڵتانی خوێن لێرە و لەوێ کەوتبون، دڵی هەموو ئینسانێک ئازار ئەدات. جەنایەتی لەم شێوەیە لە ئەفغانستان رووداوێکی تازە نییە. ڕەنگە هەر بەم هۆکارە بێت هەواڵەکەی، سەرەڕای هەژێنەر بوونی، سەرنجی ڕاگەیەنەرە جیهانیەکان زۆر بۆلای خۆی ڕاناکێشێ و دوای ماوەیەکی کورت لەبیر دەچنەوە، تا جارێکی تر و لە جێگایەکی دیکە و هەر جارەو لە جاری پێشو جەنایەتکارانە تر تێکرار بێتەوە.
لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردودا رۆژ نەبووە کە خەڵکی ئەفغانستان ماتەمباری کەسەوکاریان نەبن. جەنایەتەکانی تالیبان لە ئەفغانستان یەکێک لە هەژێنەر ترین و دزێو ترینەکانن و تەقویمی رۆژ ژمێری ئەم ڕەوتە جهنایهكاره، پڕە لە جەنایەت لەدژی بەشەریەت. بەڵام تالیبان کە لەمرۆدا کەوتۆتە گیانی خەڵکی بێ دیفاع لە ئەفغانستان، هەمان ئەو هێزەیە کە لە داوینی سازمانە ئیتلاعاتیەکانی ئەمریکا و پاکستاندا پەروەردە کراوە و سەردەمانێک لەژێر ناوی جۆراو جۆردا وەک ئامرازێک لەدژی حوزوری یەکێتی سۆڤیەتی پێشو بەکار دەهێندرا. ئەوە یارمەتیە بێدریغەکانی دەوڵەتانی ئەمریکا و پاکستان بوو کە سەرئەنجام ڕێگای ئەوانی بەرەو بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ئەفغانستان خۆش کرد. سیاسەتێک کە لە رۆژی ١١ ی سیپتامبری ٢٠٠١ دا بوو بە هۆی مەرگی بە هەزاران کەسی بێدیفاع لە قوڵایی و نێودڵی ئەمریکادا کە کوشتارەکانی ئەمرۆ لە خیابانەکانی کابولدا درێژەی ئەوە. لەمرۆدا و دوای ئەو گشتە کارەساتە هێشتا ئەڕتەشی پاکستان لە باری تەداروکاتی و لۆجێستیكهوه ئەوان تەیار دەکات و پشتی جەبهەی بۆیان فەراهەم کردوە. لەپاڵ تالیبان و دەوڵەتی گەندەڵی حاکمدا، مافیاکانی بەرهەمهێنەر و بڵاو کەرەوە و هەناردەکاری مادەی هۆشبەر، وەک ئاڵقەی بە یەکەوە گرێدانی نێوان حکومەت و تالیبان دەجوڵێتەوە و لە کاناڵە حکومەتیەکانەوە بۆ ئەنجامدانی کرداری تیرۆریستی تالیبان هاسانکاری پێویست فەراهەم دەکات.
ئەفغانستان یەکێک لە هەژار ترین وڵاتانی دنیایە. تەقریبەن هەموو ژێرخانی کۆمەڵگا لە جەریانی زیاتر لە ٤٠ ساڵ شەڕدا لەنێو چووە. مامناوەندی تەمەن لە ئەفغانستان ٤٤ ساڵە و لە ئوروپا ٨٠ ساڵە، زیاتر لە ٥٠ لەسەدی جەمعیەت بە داهاتی کەمتر لە یەک دۆلار لە رۆژدا ناچار ژیان بەسەربردنن. لە هەر ٥ منداڵ، یەکێکیان بەرلەوەی بگاتە تەمەنی ٥ ساڵی دەمرێت. تهنیا کەمتر لە ٥٠ لەسەدی منداڵان ئیمکانی چوون بۆ قوتابخانەیان هەیە، و مابەقی یان لە کارگاکانی قالیبافیدا چرای تەمەنیان دەسوتێ و دەکوژێتەوە، یان لە مەکتەبخانە سوننەتیەکاندا دەخرێنە ژێر تەعلیماتی دواکەوتو ترین ئیدئۆلۆژی و جەهل و خورافاتی مەزهەبیەوە، و یان وەک ئەو ١٠ کچە منداڵەی کە لە کاتی کۆکردنەوەی چڕوچێلکە بۆ گەرم کردنەوەی ماڵە لاروخاوەکانیان بوونە خۆراکی تەقینەوەی مەیدانەکانی مین، دەمرن.
ڕزگار بوون لەم دۆزەخە و قوتار بوون لە چنگ کۆنەپەرستانی ئەفغانستان، چ تالیبان و چ ئیئتیلافی ڕژیمی گەندەڵی ئەشڕەف غەنی و عەبدواللە عەبدواللە کە لەژێر سێبەری ناتۆدا بەسەر خەڵکی ئەفغانستاندا حکومەت دەکەن، ئەگەرچی دژوارە بەڵام نا مومکین نییە. چاوێک لە بارودۆخی ئەمرۆی ئەفغانستان بە تایبەت لە شارەکانی ئەم وڵاتەدا نیشانی ئەدات کە هێزێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئاڵوگۆڕ لەم بارودۆخەی کۆمەڵگای ئەفغانستاندا بوونی هەیە. ڕواڵەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەی ئەمرۆی ئەفغانستان نابێ تەنیا لە کارەکانی جەنایەتکارانەی ئوپوزسیۆن و لە حاکمیەتی ڕژیمێکی گەندەڵی دەست نیشاندەدا ببیندرێت. لەمرۆدا تەنانەت تەبلیغاتی ئاڕاستە کراوی دەزگا رۆژئاواییەکان بوونی ئەم هێزە کۆمەڵایەتیەی کە بەرە بەرە خەریکە وەخەبەر دێت و ڕێگای خۆی سەربەخۆ لە دەخاڵەتە ئیمپڕیالیستیەکان ئەدۆزێتەوە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا دەروازەکانی سەردەمێکی نوێ کە بەرووی ژیانی بەشەر لە ئاستی دنیادا کراوەتەوە، کۆمەڵگای ئەفغانستانیشی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.
روون و ئاشکرایە کە بەهێز بوونی تالیبان ناتوانێ داخوازی و ئاواتی خەڵکی ئەفغانستان بێت، ناتۆش شتێکی بێجگە لە وێرانی و نائەمنی لەم وڵاتەدا پێشکەش نەکردوە. حکومەتی دەست نیشاندەی ئێستاش لەنێو خەڵکدا خاوەنی پێگەیەکی ئەوتۆ نییە و نوقمی گەندەڵیە. لە ئاوا بارودۆخێکدا ڕزگار بوون لە فەلاکەتی مەوجود پێویستی بە شکڵ گرتنی ئاڵترناتیوێکی تر هەیە. هێزێکی کۆمەڵایەتی بۆ دروست بوونی وەها ئاڵتر ناتیوێک لە ناخی کۆمەڵگادا بەدی هاتوە. ئەم هێزە بیلقوە مەوجودە ئەگەر بڕوای بە توانایی ڕاستەقینەی خۆی هەبێت و بۆ ڕزگار بوون لە فەلاکەتێک کە بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا هاتووە وەجوڵە بەکەوێت، بێگومان ئاسۆی نوێ بەرووی کۆمەڵگای ئەفغانستان دەکرێتەوە. سۆسیالیست و هێزە پێشڕەوەکانی ئەفغانستان بە هەست کردن بەم مەوقعیەتە نوێیە دەتوانن کۆمەڵگای ئەو وڵاتە لە بونبەست دەربێنن. بۆ پێوانی سەرکەوتوانەی وەها ڕێگایەک هاوکاری و هاوڕێیەتی بەشەریەتی پێشکەوتن خواز و ڕادیکاڵ لە ئاستی نێونەتەوەییدا پێویستە.