کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەوڵە تازەکانی دەوڵەت بۆ گۆڕینی یاسای کار

ئەحمەد موشیریان جێگری وەزیری کاری ڕژیم، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی مانگی پووشپەڕ لە وتووێژێک لەگەڵ هواڵنێریی مێهر، وێڕای ئاماژە بە ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی “گۆڕینی یاسای کار” لە لایەن مجلیسی شوڕای ئیسلامییەوە بۆ دەوڵەت، وتی، ” گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی یاسای کار هێشتا لە لایەن دەوڵەتەوە بە وەزارەتی کار ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، بەڵام هەر کاتێک بە شێوەی ڕەسمی ڕابگەیەندرێت، بە دڵنیاییەوە ئامادەکاری و سیاسەتگوزاری پێویستی تایبەت بە ئەنجامدانی گۆڕینی یاسای کار بەڕێوەدەچێت.”

جێگری وەزیری تەعاون، کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتیی بە دڵنیا بوون لە ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەربە ڕژیم و بە جەختکردنەوە لەسەر ڕه‌چاونه‌كردنی سێ لایەنه‌ گەرایی لە ئەنجامدانی گۆڕانكاریی لە یاسای کاردا وتی، “بە دڵنیاییەوە، لەم بوارەدا یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان ناسینی خاڵە جێی ناکۆکییەکانە لەباری نەزرییەوە لەگەڵ شەریکە کۆمەڵایەتییەکانمان لەسەر ماددە گرنگەکانی ئەم یاسای کارە، وێڕای ئەوەیکە دەبێ سەرنجی زیاتر بخەینە سەر چەند ماددەی کلیدی.”

هەڵسوڕاوان و بزوتنەوەی کرێکاری ئێران کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە هەستیارییەوە هەوڵەکانی دەوڵەتی حاکمیان بۆ گۆڕینی ئەم یاسای کارە لەژێر چاودێریدا بووە و بە ڕیکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکاری بەریان بە گۆڕینی لە ڕاستای بەرژەوەندی زیاتری خاوەنکاران و دەوڵەتدا گرتبوو، بە باشیی ئاگاداری مێژووی ئەم هەوڵانەن. ” گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی یاسای کار” یەکەمجار لە لایەن دەوڵەتی ئەحمەدی نیژادەوە بۆ پەسند کران ڕاده‌ستی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیی كرا، بەڵام لەگەڵ پەرەگرتنی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ بۆ پێداچوونەوە گەڕێندرایەوە بۆ دەوڵەت. بە گەڕاندنه‌وه‌ی ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامییەوە، ئەمجار میراتی هەڵسەنگاندنی “گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی یاسای کار” گەیشتە دەوڵەتی یازدەهەمی ڕووحانی. بەڵام زۆری پێنەچوو کە دەوڵەتی ڕووحانیش گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی یاسای کاری لە بایەگانی وەزاڕەتی کاری دەوڵەتی ئەحمەدی نیژاد دەرکێشا و بەبێ ئەوەیكه‌ دەستکاری بکات، سەرلەنوێ بۆ پەسندکران ڕاده‌ستی مەجلیسی كرده‌وه‌. بە شوێن ئەم کارەی دەوڵەتدا، ناوەند و رێکخراوە کرێکارییەکانی سەربەخۆ لە دەوڵەت و چالاکان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری بە شێوەی جۆراوجۆر سیاسەتی دەوڵەتیان دایە بەر ڕەخنە و تووشی گرفتیان کرد. هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری بە ڕیکخستنی دەیان کۆبوونەوەی کرێکاری لە بەردەم مەجلیس، بە ئامادە کردنی تۆماری ناڕەزایەتیی و بە ڕەسانەیی کردنی بەیانییەکانی ناڕەزایەتی خۆیان بابەتی گۆڕینی یاسای کاریان کردە یەکێک لە مەیدانەکانی چالاكی وشیاركردنه‌وه‌ی سیاسی و چینایەتی لەنێو کرێکاراندا و بەریان بە پەسندکرانی لە مەجلیس گرت. لەژێر گوشارەکانی بزوتنەوەی کرێکایدا حەسەن ڕووحانی لە سەروبه‌ندی نزیک بوونەوە لە شانۆگەری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری وەک یەکێک لە بەرنامەکان و ئەوەلەوییەتەکانی کاری خۆی لە دەوڵەتی دوازدەهەمدا به‌ڵێنی دا کە ” گه‌ڵاڵه‌ی یاسای کار” لە مجلیس وەربگرێتەوە. سەرئەنجام و دوای ئەوەی کە کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیسی شوڕای ئیسلامیش لەم ڕۆژانەی دواییدا بە هۆی ڕەچاونەکرانی سێ لایەنە گەرایی کولیاتی ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ی ڕەت کردەوە، ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌ گەڕێندرایەوە بۆ دەوڵەت.172

ناردنەوەی ” گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی یاسای کار” لە مەجلیسی سەرمایەدارانەوە بۆ دەوڵەتی سەرمایەداران، سەرەتای پرۆسەیەکی تازەیە بۆ گۆڕینی یاسای کار. لە قسەکانی جێگری وەزیری تەعاون، کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتیەوە دیارە کە گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی یاسای کار دەدرێتە هەیئەتێکی سێ لایەنەی پێكهاتوو لە نوێنەرانی دەوڵەت وەک گەورەترین سەرمایەدارانی وڵات، نوێنەرانی خاوەنکارانی کەرتی تایبەت و نوێنەرانی بەناو رێکخراوە کرێکارییەکانی سەربە دەوڵەت تا بە هەڵسەنگادنێکی بەناو کارناسانە و بە به‌ڕێوه‌بردنی بۆچوونەکانی ئەم شەریکە کۆمەڵایەتییانە، لە ڕاستای پەسند کردن و کردنی بە گه‌ڵاڵه‌یه‌كی یاسایی ئامادە بکرێت. بەڵام دەوڵەتی ڕووحانی و سەرمایەداران و سپای پاسداران وەک گەورەترین خاوەنکاری ئێران، قەت چاوەڕێی بە یاسایی بوونی ئەو گوشارانە نەبوون کە ڕۆژانە دەیخەنە سەر چینی کرێکار. لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا سەرکوتی ڕاستەخۆ و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران و بێبەشانی ئەم کۆمەڵگایە، بەردەوام درێژەی هەبووە. درێژەی هەوڵدان بۆ بە یاسایی کردنی توند بوونەوەی بێ مافییە کرێکارییەکان لە ڕێگای پەسندکرانی ” گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی یاسای کار”ەوە، لە ڕاستیدا پەیامێکە بۆ سەرمایەدارانی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ ئەوەی بزانن، بە بێ پەروا دەتوانن خەریکی بەهرەکێشی لە سفرەی پڕ لە نێعمەتی هێزی هەرزانی کار لە ئێران بن.

هەموو ماددەکانی گه‌ڵاڵه‌ی گوڕینی یاسای کار بە رۆحێکی خزمەت بە سەرمایەداران و داسەپاندنی بارودۆخی کۆیلە ئاسا بەسەر کرێکاراندا ئامادە کراوە. ئەو بەشە لەو ماددانەی کە لە ساڵەکانی سەرەتای دوای ڕاپەڕینی ٥٧ لەژێر گوشاری ناڕەزایەتی کرێکاریدا خراونەتە نێو یاسای کارەوە، بە زیانی کرێکاران گۆڕاون. وەک نمونە لەم گه‌ڵاڵه‌یه‌دا دەستی خاوەنکاران بۆ دەرکردنی کرێکاران کراوەتر بووە. خاوەنکاران دەتوانن قەراردادی کاریی یەکلایەنە هەڵوەشێننەوە، بەبێ ئەوەی لە بەرانبەر کرێکارانی بێکار کراودا هیچ تەعەهودێک قەبوڵ بکەن. لە حاڵێکدا بەڕواڵەت قەراردادی سپی ئیمزا هەڵوەشاونەتە، بەڵام لە ڕاستیدا کراونەتە یاسایی. لەبەر ئەوەی بە بێ شەرتومەرج هەروا لە ئیختیار خاوەنکاراندایە. لە بواری حەقدەستەکاندا، بەپێی ئەم گه‌ڵاڵه‌یه‌، دەوڵەت هیچ تەعەهودێک لەم بارەیەوە قەبوڵ ناکات و خاوەنکاران دەتوانن، حەقدەستەکان بە هاسانی بەبێ لەبەرچاو گرتنی ڕێژەی تەوەڕوم و ئاوسان و لانیکەمی حەقدەستی پەسند کراو، یەکلایەنە دیاری بکەن. بەربەستی تەمەن بۆ کاری منداڵانی تەمەن ١٥ ساڵ بە بیانوی کار ئاموزی لابراوە و بەو پێیە بە ئاشکرایی بەهرەکێشی لە کاری منداڵان لایەنی یاسایی وەردەگرێت. ئەم گه‌ڵاڵه‌ تازەیەی یاسای کار بەشێک لە سیاسەتی گەشەی ئابووری دەوڵەتی ڕووحانییە بە پێوانەی ئۆلگوی نیئۆلیبڕالی ئابووری بازاڕی ئازاد. ئەم سیاسەتە بەبێ گرتنە پێشی بێڕەحمانە ترین شێوازەکان لەدژی چینی کرێکار دەچێتە پێشێ.

درێژەی هەوڵە دژی کرێکاریەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ گۆڕینی قانونی کار بێگومان ئەمجارەش بەرەوڕووی دژە کردەوەی بزوتنەوەی کرێکاری دەبێتەوە. له‌ ڕاستیدا بزوتنەوەی کرێکاری خۆی خاوەنی هێز و تواناییەکی زۆرە. بەڵام نەبوونی رێکخراوەی جەماوەری و چینایەتی کرێکاران ئیجازەی نەداوە، ئەم هێز و تواناییە بێتە بواری کردارییەوە. ئەگەر دەوڵەت و سەرمایەداران وەها ئیجازە بە خۆیان دەدەن کە هێرش بکەنە سەر کار و ژیانی چینی کرێکار لە ئێران بەو هۆكاره‌یه‌ کە کرێکاران ئامرازی دیفاع لە خۆیانیان نییە. کەوایە، ڕێکخراو نەبوونی کرێکاران لە ئاستێکی جەماوەری و سەرتاسەریدایە کە بەم شێوەیە ئەوانی ئاسیب پەزیر کردووە. دەوڵەتی سەرمایەدارانیش لەسەر ئەم ناڕێکخراو بوونە حیساب دەکەن و بەم شێوەیە هێرش دەکەنە سەر سفرەی بەتاڵیان. بەڵام رێکخراوبوونی کرێکاران لەسەر ناوەرۆکی خەباتێک کە ڕۆژانە لە ئارادایە و لەسەر بەستێنی گەشە و پەرەسەندنی خەباتی کرێکاری، ڕێگای خۆی لە بزوتنەوەی کرێکاریدا دەکاتەوە. گومانی تێدا نییە کە یەکێتیی و هاوپشتی بزوتنەوەی کرێکاری لەگەڵ بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی خوێندکاری، بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و باقی بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکان و پاشەکشە کردن بە خەفەقانی سیاسی حاکم، هاوسەنگی هێزێکی گونجاوتر بۆ پێکهێنانی رێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکان پێک دێنێت و ئاسۆیەکی هیوابەخش پیشانی کۆمەڵگا دەدات.