یەکسەد و شەشەمین ئیجلاسی ڕێكخراوی جیهانیی کار لە ژێنێڤ، دوێنێ کۆتایی بە کارەکانی هێنا. ڕێكخراوی جیهانیی کار لەسەر بنەمای سیستمی سێ لایەنە گەرایی زاڵ بەسەریدا واته، “دەوڵەت، خاوەنکار و کرێکار”، تەنانەت لە ئەگەری ئامادهبوونی نوێنەرانی ڕاستەقینەی چینی کرێکاریشدا، بە کردەوە ناتوانێ لە چواچێوەی بەرژەوەندی دەوڵەتانی ئەندام دەربچێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەگەر نوێنەرانی ڕاستەقینەی چینی کرێکاری ئێران لەم کۆبوونەوەیەدا حوزوریان هەبوایە، لانیکەم دهیانتوانی لەم تریبونەوە دەنگی خۆیان بگەیەننە گوێی هاوچینەکانیان لە باقی شوێنەکانی دنیا. هەر لەم پێوەندەدا و بەهۆی ئامادە نەبوونی نوێنەرانی کرێکارانی ئێران لەم كۆبوونهوهدا، چەند ڕێكخراوی سەربەخۆی کرێکاری، سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئۆتۆبوسڕانیی تاران و دەورووبەر، کانونی سێنفی مۆعەلیمانی تاران، سەندیکای نەیشەکەری حهفت تەپە، سەندیکای کرێکارانی نەقاشی ئوستانی ئەلبۆرز، لە نامەیەکدا بۆ ئەم ئیجلاسە، ڕاپۆرتێکیان لەسهر بارودۆخی چینی کرێکار لە ئێران پێشکەش کردووە. لەم راپۆرتەدا هاتووه:
“دڵەڕاوکێی کرێکارانی بێکاری چەند میلیۆنی لە لایەک و حەقدەستی چەند قات لەژێر هێڵی هەژاری لە لایەکی دیکەوەیە، بەشێوەیەک کە زۆرێك لە نیازە ئینسانییەکانی وەک خواردنی باش، پهروهرده، بێهداشت، سهفهر و هیتر بۆ کرێکاران بونهتە کالایەکی لۆکس و دوور له دهستڕهس.
هێرش بۆسەر حەقدەستی کرێکاران بە دیاری کردنی ههقدهستی چەند قات لەژێر هێڵی هەژاریدا کۆتایی نایەت و دەوڵەت بە دانی گهڵاڵه و پەسند کردنی ئاییننامەی وەک گەڵاڵەی وەستا و شاگردی و ئاییننامەی کاروەرزی هەوڵ ئەدات بە بیانووی ڕەونەقی ئابووریی و ڕەخساندنی هەلی کار، نرخی هێزی کار تەنانەت کەم بکاتەوە بۆ یەک لەسەر سێی لانیکەمی حەقدەستی ئێستا، لەگەڵ ئەوەدا کە حەقدەستی کرێکار بەشێکی کەم لە نرخی تەواو بووی کالاکان و خزمەتگوزاری پێکدێنێت. هێرشهكان دەوڵەت بۆسەر بەڕێچونی کرێکار هەروا لە ڕێی بە ئیختیاریی کردنی بیمەی کرێکار لە لایەن خاوەنکاران و گونجاندنی لە گهڵاڵه و ئاییننامەکاندا بەشێوەی بەردەوام بهڕێوهدهچێت. ئاستی ئیمنی و بێهداشتی کار زۆر لەخوارەوەیە و ڕچاو نەکرانی ڕێوشوێنی ئیمنی لە کارگا سەنعەتییەکان و بیناسازیدا زۆر واوەتر لهوهیكه ڕاپۆرت دهدرێ ڕۆژانە تەلەفاتی گیانی لە کرێکارانی ئەم بەشە دەستێنێ.
حەقدەستی کەمی کرێکاران مانگانە دوادەکەوێ و بهڵگه ههیه کە دانی حەقدەستی کرێکاران تهنانهت زیاتر لە ساڵێک دوا خراوە و ژیانی هەژارانەی کرێکارانی توشی تەباهی کردووە. ڕەوتی دواخستنی حەقدەستی کرێكاران سەبارەت بە ساڵانی ڕابردوو بە داخەوە گەشەیەکی بەرچاو زیادی كردووه.
لەپاڵ هەموو ئەمانەدا ڕێگای سازماندانی کرێکاران بۆ دیفاع لە مافەکانیان داخراوە. لەگەڵ ئەو کرێکارانەی کە سەندیکا و ڕێكخراوی سەربەخۆی خۆیان دروست کردووە ههڵسووكهوتی توند کراوە و کرێکاران و مۆعولیمانی پێشڕەوی چالاک لە سەندیکاکاندا زیندانی کراون و یان لەکار دەرکراون. هەڵسوڕاوانی کومیتە کرێکارییەکانیش لەم قاعیدەیە بەدەر نەبوون. تەنانەت لەگەڵ ئەو کرێکارانەشدا کە کۆبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەدەبەن ههڵسووكهوتی پۆلیسی و قەزایی دەکرێت. کرێکارانی مەعدەنی بافق و مەعدەنی چادر ملوو، مەعدەنی ئاق دەرە نمونەکانی قوربانیانی ههڵسووكهوتی توندووتیژی دهڵهت به كرێكارانی ناڕازییه. بۆ نمونە کرێکارانی مهعدهنی ئاق دەڕەیان مەحکوم بە لێدانی شهلاق کرد.
بارودۆخی بەڕێچوون و مافی مۆعەلیمانیش قهیراناوییه. ژمارەیەک لە مۆعەلیمانی چالاکی سێنفی لە شارە جۆراوجۆرەکان بە تایبەت لە تاران بەرەوڕووی کۆمەڵێک تهمهت بە دوور لە ڕاستی کردووهتهوه و مەحکووم بە هەموو جۆرە سزایەک لە زیندانی درێژ ماوەوە گرتویەتی تا دوور خرانەوە لە شوێنی نیشتەجێ بوون یان لە شوێنی کار دەرکران و هیتر کراون.
ئاستی چۆنایەتی بارهێنان لە ڕوانگەی مۆعەلیمانی دڵسۆزەوە گەلێک نزمە. لە نێوان بارهێنانی مهدرهسهكان و زانکۆکان و هەروەها ژیانی ڕۆژانەدا هیچ هاوسەنگی و پێوەندیەک بوونی نییە. مەدرەسە دەوڵەتییەکان خوێندكاران بە شێوازی جۆراوجۆر وادار بە دانی پارە دەکەن و کراون بە مهدرهسهی ئازاد. شەهریەی مەدرەسەی ئازاد “غەیرەدوڵەتی” زۆرە و بەکردەوە کەلێنی چینایەتی لەنێو کۆمەڵگادا گوازراوەتەوە بۆ بەشی پهروهرده. مۆعەلیمانی ڕۆژمۆزد بە شێوەی جۆراوجۆر و حەقدەستی کەم، دەخرێنە سەر کار کە هەمان حەقدەستیش بە درەنگییەکی زۆرەوە دەیاندرێتێ؛ وێڕای ئەوەی کە خاوەنی هیچ چەشنە چەترێکی بیمە، خانەنشینی و ئەمنیەتی پیشەیی نین.
لە ئێران زیاتر لە ١٣ جۆر مهدرهسه درووست کراوە کە هەرکامەیان بە شێوەیەک سیستمی بارهێنان کردووهتە بونگایەک بۆ دەستەبەر کردنی داهات. حقوقی مۆعەلیمان زۆر کەمترە لە مامناوەندی هەزینەکانی بنەماڵەیەکی ئاسایی لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا؛ بە شێوەیەک کە مۆعەلیمەکان بۆ دابین کردنی هەزینەی بنەماڵەکانیان ناچارن خەریکی کاری لاوەکی ناڕەسمی دیكه بە دوور لە جێگا و شوێنی مامۆستایەتی بن.
دەوڵەت تەنیا ڕێكخراوهكانی دەست ساز بە ناوەکانی ” شوڕای ئیسلامی کار”، ” ئەنجومەنی سێنفی” و نوێنەری کرێکار” بە ڕەسمیەت دەناسێت. ئەم ناوەندانەی سەربە دەوڵەت بە هیچ شێوەیەک ڕێكخراوی ڕاستەقینەی کرێکاران نین و بە گشتی لە پرۆسەی نا دێمۆکراتیکدا زۆر جار بەبێ بەڕێوەچوونی كۆبوونهوهی گشتی پێکهاتوون و گرێدراوی دەسەڵات و باڵە دەوڵەتییەکانن. ههر بۆیه له چوارچێوه بهرژهوهندییهكانی دهوڵهت دهرناچن. ئەم ڕێكخراوه فەرمایشیانە خۆیان کۆسپێکی جیددین بۆ پێکهاتنی سەندیکا و ڕێكخراوه سەربەخۆ کرێکاری و سێنفیەکان.”
لە بەشی کۆتایی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە:
“وێرای گشت ئەم ئاستهنگیی و گوشار هێنانانەی سەرەوە، ناڕەزایەتی کرێکاری لە ئێران گەشەیەکی بەرچاوی لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە بینیوه، تا ئەو جێگایەی کە بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان کێشڕاونەتە ئاستی شارەکانەوە یان بە حوزوری بنەماڵەکان بەڕێوەچوون. ساڵی ڕابردوو شایهتی هەزاران ناڕەزایەتیی کرێکاری لە هەموو بەشەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاری و دەوڵەتی بووین. بەڵام پێویست بە جەخت کردنەوەیە، سەرجەمی ئەم ناڕەزایەتیانە بەبێ بوونی ڕێكخراوهیهكی سەربهخۆ و پاشەکشە کردن بە گشت ئەم ئاستهنگییانه كه دهوڵهت دایناوه، ناتوانێ داخوازییە كرێكارییهكان بهدی بێنێت و ئهو بارودۆخە سەرکەوتوانە تێپهڕبكات.”