یەکسەد و شەشەمین ئیجلاسی ساڵانەی ڕێكخراوی جیهانیی کار، ئەم حەفتەیە ڕۆژی دووشەممە ٥ ی مانگی ژوئهن، بەرابەر لەگەڵ ١٥ ی مانگی جۆزەردان لە ژئنێڤ، بە شێوەی ڕەسمی دەست بەکارەکانی دەکات. ئەم ئیجلاسە قەرارە تا ڕۆژی ١٦ ی ئەم مانگە، بەرابەر بە ٢٦ی جۆزەردان بەردەوام بێت. ڕێكخراوی جیهانیی کار دامەزراوەیەکی سەر بە ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكانه کە کاروباری پێوەندیدار بە کرێکارانی لە ئەستۆیە. ئەم ڕێكخراوهیه لە ساڵی ١٩١٩ و دوای کۆتایی هاتنی شەڕی دووهەمی جیهانیی و پێکهاتنی ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان وەک ڕێكخراوێكی سەربەو رێکخراوەی لێهات. ناوەندەکەی لە شاری ژێنێڤ لە وڵاتی سوئیسە و هەموو ساڵێک لە مانگی جۆزەرداندا کۆنفڕانسێکی جیهانی بەڕێوەدەبات. ئەم ڕێكخراوهیه لە سێ ناوەند پێکهاتوە. یەکێک لەم ناوەندانە، کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی “کار”ە کە تێیدا هەموو ساڵێک نوێنەرانی دەوڵەتەکان، خاوەنکاران و کرێکاران کۆدەبنەوە تا یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی بۆ کار دیاری بکەن. ناوەندێکی دیكه ئەرکی پێڕاگەیشتن بە پەروەندەکانی پێوەندیدار بە ڕەچاونەکرانی مێعیار و پێوانەکانی پەسند کراوی کۆبونەوەی ساڵانەی لە ئەستۆیە و ناوەندی سێهەمیش نووسینگهی نێونەتەوەیی کار، دەبیرخانەی دائیمی ئەم ڕێكخراوهیهیه.
کۆبونەوەکانی ڕێكخراوی جیهانیی کار لەسەر بنەمای سێ لایەنە گەرایی بەڕێوەدەچن. بەم واتایەی کە هەیئەتەکانی نوێنەرایەتی هەر وڵاتێک پێکدێت لە نوێنەرانی دەوڵەت، نوێنەرانی خاوەنکاران و نوێنەرانی کرێکاران. لەم پێكهاتەیەدا نوێنەرانی دەوڵەتەکان و نوێنەرانی خاوەنکاران بە کردەوە لە بەرەیەکدان و سەبارەت بە حاڵەتەکانی وەک کۆماری ئیسلامی، کە ڕژیم کاربەدەستەکانی خۆی وەک نوێنەرانی کرێکاران دەنێرێت بۆ ئەم ئیجلاسە، لە ڕاستیدا هەموو پێکهاتەی هەیئەتەکە لە بەرەی دژی کرێکاریدان.
سەد و شەشەمین ئیجلاسی ساڵانەی ڕێكخراوی جیهانیی کار، لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە یاسای کارێک کە پارێزەری قازانج و بەرژەوەندیەکانی سەرمایەیە و بە زیانی هێزی کارە، لە وڵاتانی پێشکەوتوشدا، دیسان خەریکە گۆڕانی بەسەردا دێت. دەوڵەتانی سەرمایەداری بە پەسند و دیاری کردنی چهندین یاسای دژه کرێکاریكه لە پێشتر، خزمەتگوزارییە خۆشبژیوی و کۆمەڵایەتییەکانی جەماوەری خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگای دابەزاندوە بۆ ئاستی مومکین. حقوقی خانەنشینی کەم دەکاتەوە و تەمەنی خانەنشینی دەباتە سەرێ. ئاماری مەرگ و میری سەرچاوەگرتوو لە هەژاری و لە نەخۆشییە واگیردارەکان، ڕوویان لە زیاد بوونە و موسیبەتە کۆماڵایەتییەکانی سەرچاوەگرتوو لە هەژاری و بێکاریی، بەردەوام بەرەو زیاد بوونن.
ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو هەیئەتێکی چوار کەسی لە ئێرانەوە، دوو کەس وەک نوێنەرانی دەوڵەت و کەسێک وەک نوێنەری خاوەنکاران و کەسێکی دیكهش وەک نوێنەری کرێکاران، لەگەڵ کۆمەڵێک وەک ڕاوێژکار، بەشداری ئەم ئیجلاسە دەکهن. نوێنەری کرێکاران لەنێو کەسانی سەربە ڕێکخراوە کرێکارییەکانی دەست سازی حکومەت، لە لایەن وەزارەتی تەعاون و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دیاری دەکرێت. ئەگەرچی بەپێی پێشینەی ڕێكخراوی جیهانیی کار چاوەڕوانییەکی زۆر لەم ڕێكخراوهیه ناکرێت، بەڵام بهشداری ئەم کاربەدەستە دژی کرێکاریانەی کۆماری ئیسلامی لە کۆبونەوەی ڕێكخراوی جیهانیی کار لە حاڵیکدایە کە ئەم ڕژیمە بە هیچ یەک لە بهڵێنهکانی لە چوارچێوەی جاڕنامه و ستانداردەکانی پەسند کراوی ڕێكخراویی جیهانیدا پێبەند نەبووە و نییە، جێگای شەرمەزاریی ئەو ناوەندەیە. مافی پێکهێنانی ڕێكخراوی کرێکاری، مافی مانگرتن و خۆپیشاندان، مافی بەهرەمەند بوون لە یاسای، کارێکی دێمۆکراتیک، لە زومڕەی بنەما سەرەکییەکانی پێکهاتنی ئەم ڕێكخراوهیه. ئەوە لە حاڵێکدایە کۆماری ئیسلامیی کە ئەندامی ئەم ڕێكخراوهشه، هیچکام لەم بنەمایانە ڕهچاو ناکات.
ئەو کەسانەی کە بە ناوی نوێنەری کرێکاران دەنێردرێن بۆ ئەم کۆنفرانسە، نە تەنیا نوێنەری کرێکاران و داکۆکیکاری مافەکانی چینی کرێکار لەم ئیجلاسەدا نین، بەڵکوو لە زومڕەی کاربەدەستانی حکومەتێکن کە هەوڵ دەدەن بێبەش بوونی چینی کرێکار لە مافە سەرەتاییەکانی، مافی پێکهێنانی ڕێكخراوی سەربەخۆی کرێکاری و مافی مانگرتن حاشا لێبکەن و پەردەپۆشی بکەن.
لەگەڵ ئەوەی کە سازمانە جیهانییە کرێکارییەکان، بە حوکمی هاوپشتی جیهانیان، کۆماری ئیسلامیی بەهۆی پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران، مەحکووم دەکەن، بەڵام لەبەرانبەردا، ڕێكخراوی جیهانیی کار بێ گوێدانە ئەم هەموو ناڕەزایەتییە نێونەتەوەییانە، وەک ڕەواڵی ساڵانەی تاقمێک لە کەسانی حکومەتی لەگەڵ ژمارەیەک خاوەنکاری سەرمایەدار وەک نوێنەری کرێکاران لە ئیجلاسەکەیدا قەبوڵ دەکات.
لەم پێوەندەدا و لە ناڕەزایەتیی بە ئامادە بوونی کەسانی سەربە ڕژیم لەم کۆبونەوەیەدا لە لایەن ڕێکخراوە سیاسییە جۆراوجۆرەکان و گوروپ و ناوەندەکانی پارێزەری مافی کرێکارانی ئێران خۆپیشاندانێک لە ژێنێڤ بەڕێوە دەچێت. کۆمیتەی بەڕێوەبەری ئەم خۆپیشاندانە لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوای لە سەرجەم مرۆڤه ئازادیخواز، یەکێتییە کرێکارییەکان، ڕیکخراوەکانی کرێکاری، هەڵسوڕاوان و داکۆکیکارانی بزوتنەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، هەڵسوراونی مافی پەنابەران، ڕێكخراو و ناوەندە چەپ، دێمۆکراتیک و پێشکەوتنخوازەکان”، کردووە تا لە خۆپیشاندانێکدا کە لەدژی بهشداریكردنی هەیئەتی دژی کرێکاری کۆماری ئیسلامیی، هەروەها سەرمایەداران و هاودەستە نێونەتەوەییەکانیان، لە ڕۆژی هەینی ٩ی مانگی ژوئهن لە “مەیدانی نهتهوه”ی شاری ژێنێڤ لە سوئیس بەڕێوەدەچێت، ئامادە بن و پشتیوانی لە داخوازی و خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران بکەن. تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێڕان له ڕێگهی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، پشتیوانی لەم خۆپیشاندانە کردووە و ڕایگەیاندوە کە چالاکانە بەشداری تێدا دەکات.