دەوری شەشەمی وتووێژەکان بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سورییە لە ژنێو لەسەر بانگهێشتی دیمستۆرا نێردەی ئاشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی سێ شەممە ٢٦ ی مانگی گوڵان بە بەشداری نوێنەرانی حکومەتی بەشار ئەسەد و هەیئەتێک لە لایەن ئوپوزسیۆنی تەبعیدیەوە دەستی پێکرد، رۆژی هەینی دوای چوار رۆژ بەبێ ئاکامێکی هەست پێکراو کۆتایی هات. پێویست بە ئاماژەیە کە نوێنەرانی جەریاناتی چالاک لە گۆڕەپانی نێوخۆی سوریە لەوانە نوێنەرانی ڕەوتی سەرەکی لە کوردستانی سورییە “پهیهده” بە هۆی دژایەتی دەوڵەتی تورکیە بۆ بەشداری کردن لەم وتووێژانەشدا بانگ نەکران. لەم دەورە لە وتووێژەکانیشدا، نوێنەرانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان چەندجار و بەشیوەی جودا لەگەڵ هەردوو هەیئەتی دەوڵەت و ئوپوزسیۆن، دانیشتن و وتووێژیان کرد.دەستور جەلەسەکانی پێشنیارکراوی دیمستۆرا بریتی بوون لە قسە و باس سەبارەت بە حکومەتی ئینتیقالی، هەڵبژاردن، یاسای بنەڕەتی و خەبات لەدژی تیرۆریزم. بەڵام هەریەک لە لایەنەکانی وتووێژکار، ڕەخنەیان لە هێندێک بەندی ئەم دەستور جەلەسانە گرت. دەوڵەتی بەشار ئەسەد و پشتیوانەکانی کە لە ئێستادا لە هاوسەنگی هێزی مەوجوددا، هەست دەکەن لە مەوقعیەتێکی گونجاوتردان، هەوڵ ئەدەن نەخش و قورسایی ئامریکا و عەرەبستان لە وتووێژەکاندا لاواز بکەن. لەم رووەوە، مەیلێکیان بۆ بەشداری کردن لە وتووێژەکانی ژنێڤ نییە و تەنیا بۆ خاڵی نەبوونی عەریزە بەشداری تێدا دەکەن. بەشار ئەسەد لە سەرودەمی بەڕێوەچوونی دەوری شەشەمی گوفتوگۆکاندا، ئەوی تەنیا وەک دیدارێکی تەبلیغاتی و بێ سەمەر ناوبرد. ئەوان درێژەی وتووێژەکانی ئاستانە کە خۆیان تێیدا دەستی باڵایان هەیە لە بەرانبەر وتووێژەکانی ژنێڤدا بە باش دەزانن. لەبەر ئەوە بە تەرح کردنی دەستور جەلەساتی وەک قسە و باس لەسەر ئامادە کردنی قانونی ئەساسی و خەبات لەدژی تیرۆریزم، کۆسپ دەخەنە بەردەم وتووێژەکان. هەیئەتی ئوپوزسیۆن خوازیاری دیاریکرانی دەستور جەلەساتی وەک ئاتەش بەس لە هەموو ناوچەکانی سورییە، ئازاد کرانی زیندایەکان، هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر ناوچەکان و ناردنی یارمەتی و قسە کردن لەسەر قۆناغی گواستنەوەی حکومەتی بەشار ئەسەدن. ئەوان لەگەڵ هەر چەشنە حوزور و دەخاڵەتێکی کۆماری ئیسلامی دژایەتیان هەیە لە وتووێژەکاندا. نەسرالحەریری سەرۆکی هەیئەتی وتووێژکاری ئوپوزسیۆن ڕایگەیاند کە رۆژی هەینی ٢٩ ی مانگی گوڵان، دوو یادداشتی ڕادەستی ئێستێفان دیمستۆرا کردوە کە یەکێکیان لە پێوەند لەگەڵ گیراوەکان و ئەویتریان لەپێوەند لەگەڵ دەورو نەخشی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی سورییەدا هەیە.
ئەوەی کە تا ئێستا بینیومانە چ شەش دەور وتووێژی ژنێڤ کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە دەستی پێکردوە و چ چوار دەور وتووێژی ئاستانە کە لە مانگی بەفرانباری پارەکەوە بە پێشنیاری “پووتین” یەکەم کۆبونەوەی بەڕێوەچوو، هیچ بەرەوپێش چوون و دەستکەوتێکی نەبووە. لەبەر ئەوەی گۆڕەپانی دیپلۆماسی نێونەتەوەیی بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سورییەش، وەک گۆڕەپانە نیزامیەکەی لە بازنەی ڕقابەتی بلۆک بەندیەکانی دەوڵەتانی سەرمایەداریدا، گیری خواردوە و توشی بونبەستیان کردوە. دەوڵەتانی روسییە، رژیمی کۆماری ئیسلامی و حکومەتی بەشار ئەسەد لە لایەکەوە و ئامریکا، تورکییە و عەرەبستان لە لایەکی دیکەوە بە قیمەتی گیان و ماڵی خەڵکی زۆرلێکراوی سورییە لەسەر مەسڵەحەت و بەرژەوەندیەکانیان، خەریکی قایم کردنی پێگەی خۆیان و حیساب لەیەک دەرکردنن.
دهخاڵەتی زل هێزە جیهانی و ناوچەییەکانی سەرمایەداری تا ئێستا بۆتە هۆی درێژە کێشان و توند بوونەوەی شەڕی ٦ ساڵەی سورییە. گاڵتەی رۆژگار لەم پێوەندەدا ئەوەیە، ئەم شەڕ و دخاڵەتانەی کە تا ئێستا نیو ملیۆن کەسی کردۆتە قوربانی و یازدە ملیۆنی لە ماڵ و حاڵیان ئاوارە کردوە و وێرانیەکی زۆری توشی شار و ئاواییەکان کردوە، بەگشتی لەژێر ناوی “خەبات لەدژی تیرۆریزم”دا بەڕێوەدەچێت. بەڵام کێ هەیە کە نەزانی خودی ڕژیمی ئەسەد و هەموو ڕەوتە وەحشی و کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان بە پشتیوانی و چەکدارکردن و تەئمینی ماڵی ئەو دەوڵەتە سەرمایەداریانە، خەریکن درێژە بە ژیانی جەنایەتکارانیانە ئەدەن. کێیە کە نەزانی هەموو تەرح و پێشنیارەکانیان لەوانە، گەڵاڵەی دروستکردنی چوار ناوچەی بەناو “ئەمن” کە لە لایەن روسییە و ئێرانەوە لە کۆبونەوەی چواری ئاستانەدا پێشنیار کرا و بەرەورووی دژایەتی گروپە ئوپوزسیۆنەکان بۆوە، نەک تەرحێک نییه بۆ دەرچوون لە قەیران و دانانی مەرهەمێک لەسەر جەستەی برینداری خەڵکی سورییە، بەڵکوو تەرحێکی ڕیاکارانە و حێسابگەرانەیە لە ڕاستای بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتانەدا. پەرەسەندنی پێگەی نیزامی روسییە و دروست کردنی پایەگای نیزامی فەڕانسە و ئامریکا لە باکوری سورییە، لەشکرکێشی دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بۆسەر کوردستانی سورییە بە ئامانجی زەربەدان لە حاکمیەتی خۆبەڕێوەبەری لەوێ و دەرگیری شەڕ کردنی هێزەکانی پاراستنی گەل “یهپهگه” و “یهپهژه” لە شارەکانی تەبقە و ڕەقەدا لەگەڵ داعش، ئەو سیاسەت و بەرنامانەن، نەک لەخزمەت کۆتایی هێنان بە شەڕی سورییەدا نین بەڵکوو بۆ بەرەوپێش چوونی ئامانجەکانی ئەو دەوڵەتانهیه.
ئامانجی روسییە و ئێران لە درێژەدان بە شەڕ و یاری دیپلۆماتیکی وتووێژی ئاستانە، گیڕانەوەی ئیقتیدار و حاکمیەتە بۆ دیکتاتۆریی بەشار ئەسەد لە خزمەت بەرەوپێش چوونی پرۆژەکانیان لە ناوچەکەدا. ئامریکا و باقی هاوپەیمانەکانیشی کە تا ئێستا نەیانتوانیوە، ئاڵترناتیوێکی گونجاو کە بەرژەوەندیەکانیان لە بەرانبەر ڕەقیبەکانیاندا لە سورییە دابین بکات بدۆزنەوە، دەیانەوێ بارودۆخی مەوجود و شەڕ و کوشتار ئەوەندە درێژە بکێشێ تا وەها بەدیلێک دروست دەکەن. لەم نێوانەدا ڕەوتە کۆنەپەرست و جەنایەتکارە ئیسلامیەکانیش لە هەوڵی ئەوەدان بە مانۆڕدان لەنێو ئەم دوو جەمسەرە ئیمپڕیالیستیە و هاوپەیمانەکانیاندا درێژە بە شەڕ و کوشتار بدەن تا بەڵکوو بتوانن حکومەتێکی ئیسلامی لە جۆری داعش و تاڵبان بۆ خەڵکی سورییە بە دیاری بێنن.
هەموو ئەمانە کە رۆژانە کۆنفڕانس و وتووێژ بەڕێوەئەبەن، دوژمنان و تاڵان کەرانی دەستکەوتەکانی خەبات و ڕاپەڕین و ئاخێزی پێشکەوتوانە و شۆڕشگێڕانەی جەماوەری خەڵکی سورییەن، کە لە مانگی ماڕسی ساڵی ٢٠١١ دا بە ناڕەزایەتی و خەباتی خۆیان لەدژی حکومەتی جەنایەتکار و دژه ئینسانی ئەسەد بەرپایان کرد. خەڵکی سورییە هیوادار بوون کە بە روخاندنی ڕژیمی سورییە و دامەزراندنی حاکمیەتی خۆیان لە هەژاری و فەلاکەت ڕزگاریان بێت و ژیانێکی شایستەی ئینسانی بۆ خۆیان دابین بکەن. ئێستاش تەنیا ڕێگای ڕزگار بوونی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی سورییە لە چنگ ئەو موسیبەتانەی کە ئەم جەنایەتکارانە بۆیانیان فەراهەم کردووە، هاتنە مەیدانی وشیارانە و ڕێکخراو و خەباتە بۆ دامەزراندنی وەها حاکمیەتێکە کە دەتوانێ ئاسایش و ئەمنیەت بۆ خەڵک زەمانەت بکات.